b_300_220_16777215_00_images_KOMALAYATI_rahman_sofizade.jpg( پێشکه‌شه‌ به‌ یادی 35 ساڵه‌ی شه‌هید بوونی هاوڕێی خۆشه‌ویستم ره‌حمان سۆفیزاده‌ ) ئەمڕۆ ٣٥ ساڵەی شەهید بوونی تێکۆشەری لێهاتوو ڕەحمان سۆفیزادەیە.

٥ ساڵ لەمەوبەر لە ٣٠ ساڵەی شەهید بوونی دا ئەم بابەتەم نووسیوە. یادی ئەم شەهیدە و مەحموود فەیزیی هاوڕێی بە دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم نووسینەم ڕێز دەگرم.

***

له‌ دوای 25ی گه‌لاوێژی 1363ی هه‌تاوییه‌وه‌ تا ئیستا، هه‌موو ساڵێ که‌ ده‌بێته‌وه‌ 25ی گه‌لاوێژ، که‌سێکی خۆشه‌ویستم، لێم میوان ده‌بێ‌و بۆ دوو شه‌ووڕۆژ له‌ لام ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌مساڵ که‌ ده‌بێته‌ 30ی ساڵه‌ی سه‌فه‌ری ئاوابوونی له‌ لوتکه‌کانی نیشتمانی ڕه‌نگین، زووتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ لام و ئیستا به‌رامبه‌رم دانیشتوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فه‌سڵێک له‌لاپه‌ڕه‌ نه‌خشینه‌کانی ده‌فته‌ری ‌ژینی کورتی خۆی له‌ گه‌ڵ‌دا هه‌ڵ بده‌مه‌وه‌، له‌ملا‌و ئه‌ولای بیره‌وه‌رییه‌کانی 4ساڵ هاوسه‌نگه‌ری، هاوڕێیه‌تی و دۆستایه‌تیدا نوقم بین‌‌و له‌ بنی ده‌ریای ئه‌م بیره‌وه‌ری و ناسینه‌، ئه‌و دوڕ‌و گه‌وهه‌رانه‌ بدۆزینه‌وه‌ که‌ بشێ نیشانی نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیان بده‌ین. ئه‌و میوانه‌ هه‌میشه‌ ئازه‌یزه‌م شه‌هید ڕه‌حمانی سۆفیزاده‌یه‌.

**
زۆر جار که‌ بیر له‌ هاوڕێ شه‌هیده‌کانم ده‌که‌مه‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌گه‌رئاوا زوو شه‌هید نه‌بوایه‌ن‌و زۆرتر ژیابان، ئه‌گه‌ر نه‌ هه‌موو‌شیان لانیکه‌م به‌ به‌شێک له‌ ئاوات و ئاره‌زووه‌ شه‌خسییه‌کانیان ده‌گه‌یشتن.وه‌ک مه‌مانان ژیانی هاوبه‌شیان پێک دێنا، منداڵیان ده‌بوون و گه‌وره‌یان ده‌کردن،باوکایه‌تی‌و دایکایه‌تیان ئه‌زموون ده‌کرد. له‌ باره‌ی نه‌ته‌وه‌که‌شیانه‌وه‌ ڕووداو‌و ئالوگۆڕی جۆراوجۆری ئه‌وتۆیان ده‌دیت که‌ پێشتر ته‌نیا له‌ خه‌ون و ئاره‌زوو‌و خه‌یاڵ دا، ده‌یانتوانی بیبینن.

کاک ره‌حمان که‌ شه‌هید بوو ته‌نیا 25ساڵی ته‌مه‌ن ‌بوو. ئه‌گه‌ر چی به‌ سه‌رو زمان‌و له‌ جێی خۆی دا ڕووکراوه‌ بوو، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا به‌ هۆی دیاربوونی له‌ ڕیزی کادر‌و پێشمه‌رگه‌‌و ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی ناوچه‌که‌ی خۆی دا‌‌، هه‌ر وه‌ها سه‌باره‌ت به‌ ناو وناوبانگ‌و هه‌ڵسووڕان‌و کۆمه‌ڵایه‌تیبوونییه‌وه‌،له‌ نیو خه‌ڵک به‌ گشتی‌و کوڕان‌و کچانی لاو دا خۆشه‌ویست بوو، به‌ڵام به‌ ناسیاوییه‌ک که‌ له‌ ئه‌خلاقی شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌مبوو، پێم وایه‌ پێوه‌ندیی تایبه‌تی به‌ ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ریشی، زیاتر پیوه‌ندییه‌کی خۆشه‌ویسیتی و عاتیفی بووه‌ تا جنسی و، له‌وانه‌یه‌ بڵێم له‌ ژیانی‌دا له‌ ماچێکی دڵدارانه‌ی تێنه‌په‌ڕاندبێ.

**
"ئه‌من ره‌حمانی سۆفیزاده‌م پێ ده‌ڵێن، کوڕی سۆفی ره‌سووی گاچۆله‌که‌ی"! ئه‌م ڕسته‌یه‌ که‌ کاک ره‌حمان جاروبار به‌ کاری دێنا، هه‌نووکه‌ش ده‌توانێ پاش سێ ده‌یه‌ له‌ شه‌هید بوونی، خوێندنه‌وه‌یه‌ک له‌ که‌سایه‌تیی ئه‌م لاوه‌ شۆڕشگێره‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بدا.ئه‌ویش شانازیکردنه‌ به‌ پێگه‌ی زه‌حمه‌تکێشانه‌ و هه‌ژارانه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ی، خۆلێنه‌گۆڕان‌و بڕواهه‌بوونه‌ به‌و ڕاستییه‌ که‌ له‌ جیهانی خه‌بات و تێکۆشانی شۆڕشگێڕانه‌‌و له‌حیزبێکی نه‌ته‌وه‌یی‌و دیموکرات‌و خه‌ڵکی دا، ده‌بێ ڕاده‌ی شۆڕشگێڕی‌و هه‌وڵدانی دڵسۆزانه‌‌و راستگۆیانه‌‌ی که‌سه‌که‌‌و موخلیس بوونی بنه‌ماله‌که‌ی بۆ بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێرانه‌و نه‌ته‌وه‌‌و نیشتمان، پێوه‌ر بن بۆ شانازی به‌ خۆکردنی تاکه‌کان، نه‌ک سامان و پێگه‌ی عه‌شایری و چینایه‌تی. کاک ره‌حمان حه‌قی بوو به‌ شانازییه‌وه‌ ناوی بنه‌ماڵه‌که‌ی بینێ. باوکی که‌سێکی نه‌خوێنده‌واری ئاسایی بوو که‌ ژیانی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌ی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌ ره‌نجی شانی خۆی دابین کردبوو. به‌ دوای ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستان، نه‌ک هه‌ر کاک ڕه‌حمان و کاک که‌ریمی براگه‌وره‌ی، به‌ڵکوو سۆفی ره‌سووی باوکی‌و دایه‌خه‌جیجی دایکی ‌و خوشکه‌کانیشی،چاره‌نووسی خۆیان به‌ خه‌باتی حیزبی دیموکراته‌وه‌ به‌سته‌وه‌. سۆفی ڕه‌سوو بوو به‌ پێشمه‌رگه‌، کچه‌کان تێکه‌ڵ به‌ کاری یه‌کیه‌تیی لاوان‌و په‌روه‌رده‌وفێرکردن له‌ قوتابخانه‌کانی شۆڕش بوون. دایه‌ خه‌جیج، بوو به‌ دایکی هه‌موو پێشمه‌رگه‌کان‌و ماڵه‌ پێشمه‌رگانه‌‌‌و سادده‌که‌ی، به‌ دڵی‌ گه‌وره‌‌و ڕووی خۆش کردبووه‌ ماڵی هه‌موو پێشمه‌رگه‌یه‌کی دووره‌ که‌س‌و دووره‌دایک.به‌ داخه‌وه‌ سۆفی ڕه‌سوو له‌ سه‌ره‌تای به‌هاری 1363 شه‌هید بوو. دواتر دایه‌ خه‌جیج، ره‌حمانی جوامێر و به‌وه‌جیشی له‌ ده‌ست دا. ده‌بێ ئه‌و کاته‌ی ئه‌و دایکه‌ گه‌وریه‌، چه‌ند پارچه‌یه‌کی جگه‌ری له‌چیا به‌ جێ هێشت‌و به‌ یک دوو منداڵی بچووکه‌وه‌ به‌ ناچاری گه‌ڕایه‌وه‌ پیرانشار، چ ئێشێکی پێگه‌یشتبێ‌و چ ئازارێکی چێشتبێ؟!

**
کاک ڕه‌حمانم بۆ یه‌که‌م جارله‌سه‌ره‌تای هاوینی 1360دا ناسی.ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب داوای کردبووله‌ هه‌رشارستانێک، یه‌کیه‌تیی لاوان، نه‌فه‌رێک وه‌ک نوینه‌ری خۆی ڕه‌وانه‌ی سمینارێک له‌ بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی بکا، سمینارێک که‌ ئه‌رکی دیاریکردنی به‌ڕێوه‌به‌رییه‌کی گشتی بۆ یه‌کیه‌تیی لاوانی دیموکرات‌و په‌سندکردنی پێڕه‌وێکی نیوخۆ بۆ ئه‌و یه‌کیه‌تییه‌ی له‌ سه‌ر شان بوو. له‌ یه‌کیه‌تیی لاوانی شنۆ،هاوڕێیه‌کی خۆم بۆ ئه‌و سمیناره‌ و مانه‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌ریی گشتیی یه‌کیه‌تیی لاوان، دیاری کرا، به‌ڵام چونکه‌ زۆری حه‌ز له‌ دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ شنۆ‌و جیبه‌جێکردنی ئه‌و مه‌ئموورییه‌ته‌ نه‌بوو، وه‌ک هاندان، له‌م سه‌فه‌ره‌ دا هاوڕێیه‌تیم کرد. به‌ڵام پێش له‌ ده‌سپێکردنی سمیناره‌که‌ گه‌ڕامه‌وه‌. ده‌سکه‌وتی من له‌و سه‌فه‌ره‌، ناسینی سه‌رپێیی کاک ڕه‌حمان سۆفیزاده‌ بوو. نزیکه‌ی دوو مانگ دواتر، کاک ره‌حمان به‌ سه‌رپه‌رستیی هه‌یئه‌تێکی به‌ڕێوه‌به‌ریی گستیی یه‌کیه‌تیی لاوان، هاته‌ ناوچه‌ی شنۆ. به‌و هۆیه‌وه‌ که‌ ئه‌رکی به‌رپرسایه‌تیی یه‌کیه‌تیی لاوانی ناوچه‌ی حه‌سه‌ننوورانم له‌ سه‌ر شان بوو، له‌ گه‌ڵ کاک ڕه‌حمان‌و هه‌یئه‌تی هاوڕێی به‌رده‌وام پێکه‌وه‌ بووین. ئه‌گه‌رچی 3 ساڵ بوو تێکه‌ڵ به‌ کاری ڕێکخراوه‌یی و حیزبی ببووم، به‌ڵام یه‌که‌م جار بوو که‌سێکم له‌ ته‌نیشت خۆم ده‌دیت که‌ به‌رپرسیاره‌تی‌و توانایه‌کی زۆری بۆ ڕێبه‌ریکردن تێدا ده‌بینرا. له‌و په‌ڕی ساده‌یی و خۆمانه‌بوون دا هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌کرد، به‌ دوور له‌ خۆگرتن‌‌و په‌نابردن بۆ ئاماژه‌ به‌ ئاستی پله‌‌و پایه‌ی خۆی له‌ به‌ڕێوه‌به‌ریی یه‌کیه‌تیی لاوان‌دا، به‌ ئیستیدلال‌و باسکردن، بوونی خۆی ده‌سه‌لماند‌و هه‌موانمانی وا لێ ده‌کرد ڕێزی بگرین‌‌و بکه‌وینه‌ ژێر کاریگه‌ریی بۆچوون‌و پێشنیار‌و ڕاسپارده‌کانی.

مرۆڤی گه‌وره‌، خه‌ڵکی دیکه‌یان له‌ لاگه‌وره‌یه‌. من که‌ به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئه‌زموون وتواناکانی ئه‌و لاوه‌، دنیایه‌ک سه‌رسام ببووم،له‌ ناکاو خۆشم دۆزیبۆوه‌، یا له‌ راستیدا کاک ڕه‌حمان- له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی پێکه‌وه‌ بوونمان‌دا له‌ منی دا دۆزیبۆوه‌‌‌‌و ئه‌وه‌نده‌ به‌ گرنگیه‌وه‌ باسی ده‌کرد، ته‌واوێک به‌ خۆم و تواناکانم دلخۆش ببووم. بۆ نموونه‌ ئه‌و شێعر‌و نووسینه‌ ئه‌ده‌بییه‌ کرچ‌و کاڵانه‌ی هه‌مبوون‌و له‌ ده‌فته‌رێک دا نووسیبوومنه‌وه‌، کاک ره‌حمان بایه‌خی زۆری پێدان. به‌رامبه‌ره‌که‌ی، با به‌ته‌مه‌ن و خوێنده‌واری‌و ئه‌زموون، له‌ خواره‌وه‌تری خۆی با،شه‌خسییه‌تی پی ده‌دا و به‌سه‌نگینی له‌ گه‌ڵی ده‌جووڵایه‌وه‌. له‌ گه‌ڵ لاوه‌کانی دیکه‌ش هه‌ر وا بوو،هه‌وڵی ده‌دا تواناکانیان تێدا بدۆزێته‌وه‌، بۆ پتر هاتنه‌ پێش و شاندانه‌ به‌ر مه‌سئولیه‌ت، هانیان بدا و ترس و دوودڵییان تیدا بڕه‌وێنێته‌وه‌.

**
کۆتایی هاوینی1360کاتێک ناوچه‌ی شنۆ گیرایه‌وه‌، منیش وه‌ک هه‌موو کادر‌و پێشمه‌رگان په‌ڕیوه‌ی ناوچه‌ی لاجان بووم. ئه‌و کات بنکه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی یه‌کیه‌تیی لاوانی دیموکرات له‌ دۆڵی خدراوێ بوو. بۆ سه‌ردانی هاوڕێیه‌کی خۆشه‌ویستم‌و بۆ حه‌سانه‌وه‌ و هه‌واگۆڕین،بڕیارم دا چه‌ن ڕۆژێک بچمه‌ دۆڵی خدراوێ.له‌ ساکه‌که‌مدا وتارێکی خۆشم له‌ باره‌ی ڕووداوه‌ سیاسییه‌کانی ئه‌و کاتی کوردستان که‌ به‌ ناوی کۆمیته‌ی حه‌سه‌ننوورانی حیزبی دیموکرات بڵاو ببۆوه‌، پێ بوو. له‌ بیرمه‌ ناوی وتاره‌که ‌"زره‌شۆڕشگێڕه‌کان له‌ مه‌یدانی خۆناساندن دا" بوو. هه‌ر که‌ گه‌یشتمه‌ بنکه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی‌و لای کاک ره‌حمان‌و هاوڕێیانی دیکه‌، زوو داوای خویندنه‌وه‌‌و نیشاندانی شێعر‌و نووسینی تازه‌ی لێکردم. چه‌ند شێعرێکی تازه‌ی خۆم بۆ خوێندنه‌وه‌. وتاره‌که‌شم که‌ تایپ کرابوو و ناوی کۆمیته‌ی حه‌سه‌ننوورانی له‌ سه‌ر بوو، نیشان دان‌و وتم دیاره‌ ئه‌وه‌ش نووسینی منه‌. کاک ره‌حمان، لێی وه‌رگرتم‌و کوتی کارم پێیه‌تی. گوتم چی لێ ده‌که‌ی؟ گوتی جارێ با لای من بێ. یه‌ک دوو ڕۆژان ون بوو.دیار بوو چووبۆوه‌ سه‌ردانی کۆمیته‌ی شارستانی پیرانشار‌و سه‌ردانی بنکه‌ی یه‌کیه‌تیی لاوانی پیرانشاریشی کردبوو. که‌ گه‌رایه‌وه‌ لامان، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م دیت وتاره‌ گۆرینه‌که‌ی منیشی به‌ تایپکردنه‌وه‌یه‌کی نوێ له‌ ساکه‌که‌ی ده‌رهێنا که‌ وه‌ک به‌یاننامه‌ به‌ ناوی کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی یه‌کیه‌تیی لاوانی دیموکرات له‌ پیرانشار بڵاو ببۆوه‌! گوتم چۆن شتی وا ده‌بێ؟‌ ئه‌وه‌ نییه‌ پێشتر به‌ ناوی شوێنێکی دیکه‌ بڵاو بۆته‌وه؟! گوتی: "پێت وایه‌ چه‌ند که‌س، ئه‌وی پێشووی دیوه‌؟ وتاره‌که‌م هێنده‌ پێ جوان بوو پێم حه‌یف بوو، خه‌ڵکێکی‌ دیکه‌ش نه‌یبینن." به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستا‌و کاتێک بۆ کاروباری ته‌شکیلاتی‌و یه‌کیه‌تیی لاوان چووبووه‌ سه‌ردانی ده‌فته‌ری سیاسی، وتاره‌که‌می دابوو به‌ رادیۆی ده‌نگی کوردستانی ئیران. ئێواره‌یه‌ک که‌ به‌ عاده‌تی هه‌موو ڕۆژان گوێم دابووه‌ به‌رنامه‌کانی رادیۆ، کاتیک نۆره‌ی خوێندنه‌وه‌ی لێکدانه‌وه‌ی سیاسی هات‌و نووسینه‌که‌ی من خوێندرایه‌وه‌، له‌ خۆشیان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوو باڵم لێنه‌ڕوا. هه‌ر له‌م سه‌فه‌ره‌ دا، کاک ڕه‌حمان‌و هاوکارانی، له‌ گه‌ڵیان باس کردم که‌ به‌ڕێوه‌به‌ریی گشتیی یه‌کیه‌تی لاوانی دیموکرات له‌ سمیناری هاوینی ڕابردووی خۆی دا بڕیاری داوه گۆڤارێکی مانگانه‌ وه‌ک ئۆرگانی خۆی بڵاوبکاته‌وه‌. داوایان لێ کردم واز له‌ ئه‌ندامه‌تیی کۆمیته‌ی حیزبی بێنم و بێمه‌ نێو به‌ڕێوه‌به‌ریی گشتی یه‌کیه‌تیی لاوان‌و خۆم بۆ کارکردن له‌و گۆڤاره‌ ته‌رخان بکه‌م که‌ دیاره‌ به‌ هۆی هۆگریم به‌ کاری نووسین، پێشنیارێکی وام له‌ خوای ده‌ویست‌و به‌ قسه‌م کردن.

**
به‌شی زۆری پاییز‌و زستانی1360، شانسی هاوکاری له‌ گه‌ڵ کاک ره‌حمانی سۆفیزاده‌ له‌ به‌ڕیوه‌‌به‌ریی گشتیی یه‌کیه‌تیی لاوانم دا هه‌بوو.هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌ دا کلاسێکی سیاسیشمان بۆ پێک هات که‌ جگه‌ له‌ ئه‌ندامانی به‌ڕیوه‌به‌ریی گشتی، ژماریه‌کی به‌رچاو له‌ لاوانی ئه‌ندامی به‌ڕیوه‌به‌ریی شارستانه‌کان تێی‌دا به‌شدار بوون. ده‌مانزانی کاک ڕه‌حمان سۆفیزاده‌‌و کاک که‌ریم ئه‌ڵلاوه‌یسی(به‌رپرسی گشتیی یه‌کیه‌تیی لاوان)، دواڕۆژه‌کانیان له‌ یه‌کیه‌تیی لاوان تێپه‌ڕ ده‌که‌ن‌و ده‌چنه‌ نێوکار‌و مه‌سئولیه‌تی حیزبی و ئیمه‌مانان ده‌بێ جێگایان پڕ بکه‌ینه‌وه‌. ئه‌م چه‌ند مانگه‌ ده‌ر‌فه‌تی چاک بوو بۆ من بۆ ناسینی کاک ره‌حمان، بۆ لێ فێربوونی. کاک ڕه‌حمان،کاتێک باسی کاری ته‌شکیلاتی ده‌کرد، باسی ته‌رکیبی دانیشتوانی شار و دێ،عاده‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیان، ڕێگاکانی نفووزکردن‌و دروستکردنی ته‌شکیلات له‌ نێویانی دا ده‌کرد. هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر دوو شت پیداگر بوو: ڕێزگرتن له‌خه‌ڵک،ڕێزدانان بۆ پیرۆزییه‌کان‌و کولتووری خه‌ڵک له‌ لایه‌ک‌و پێشڕه‌وبوونی کادری حیزب‌و لاوی دیموکرات له‌ شکاندنی کۆت‌وبه‌نده‌ دواکه‌وتوانه‌کان‌و خه‌بات به‌ دژی دابونه‌ریتی پاشکه‌وتوانه‌. له‌ گه‌ڵ خه‌ڵک ئه‌وه‌نده‌ ساده‌ و خۆمانه‌ بوو که‌ به‌ ته‌واوی جێگای متمانه‌یان بوو به‌ جۆرێک که‌ مه‌سه‌له‌ شه‌خسییه‌کانی خۆشیان لێ نه‌ده‌شارده‌وه،‌ به‌ تایبه‌تی ئه‌و کچانه‌ی له‌ بنه‌ماڵه‌ دا به‌ره‌وڕووی به‌ زۆربه‌شوودران ده‌بوونه‌وه‌. له‌ ماڵان‌دا وه‌ک میوان هه‌ڵسوکه‌وتی نه‌ده‌کرد،وه‌ک ئه‌ندامێکی ماڵه‌که‌ ده‌جووڵایه‌وه‌،به‌ هاو‌کاری کردنی کابانی ماڵ به‌ قه‌ندشکاندن و چادێمکردن‌و چاتێکردن، سوفره‌دانان‌و قاپوکه‌وچک کۆکردنه‌وه‌‌و جێوبان راخستن‌و کۆکردنه‌وه‌یان، کووره‌ تێهاویشتن‌و کووره‌ ده‌ردان، ئێمه‌ی هاوڕێی خۆی ناراسته‌وخۆ فێرده‌کرد که‌ نابێ کارمان هه‌ر زگشێلانی خه‌ڵک بێ، ده‌بێ هاوکار‌و یارمه‌تیده‌ریشیان بین. ده‌بێ جێی متمانه‌یان بین و به‌ یه‌کێک له‌ خۆیانمان بزانن.

**
به‌ زه‌حمه‌ت ده‌تتوانی بڵێی ره‌حمانی سۆفیزاده‌، کادرێکی سیاسی و ته‌شکیلاتییه‌، یا پێشمه‌رگه‌یه‌کی چه‌له‌نگ‌ و به‌ مایه‌ بۆ کاری نیزامی؟ به‌رپرسێکی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ که‌ به‌ باشی ده‌توانێ به‌ کێشه‌و گرفته‌کانی نیو خه‌ڵک را بگا، یا کادرێکی به‌ توانا بۆ بانگه‌شه‌‌و ته‌بلیغات؟ توانایه‌کی باشی هه‌بوو له‌ راکێشانی خه‌ڵک‌وهاندانیان بۆ هاوکاریی هێزی پێشمه‌رگه‌و به‌ جێنه‌هێشتنی ڕۆله‌کانیان له‌ کاتی هێرشی دوژمن‌دا. ‌ده‌چووه‌ هه‌ر دێیه‌ک، هه‌واڵێکی قوتابخانه‌‌و قوتابییه‌کان و مامۆستای شۆڕشی ئه‌وێی ده‌پرسی. ئه‌گه‌ر دێیه‌ک، فه‌قێی هه‌بان،سه‌ری قسه‌ی له‌ گه‌ڵ ده‌کردنه‌وه‌‌و بۆ کوردایه‌تی هانی ده‌دان. له‌ نێو ئه‌و هه‌مووه‌ سه‌رقاڵی‌و ماندووبوونه‌ی ڕۆژانه‌ی دا، ده‌رفه‌تی بۆ خوێندنه‌وه‌ له‌ ده‌ست نه‌ده‌دا. هه‌موو شه‌وێ یادداشتی له‌ باره‌ی کاره‌کانی ڕۆژی رابردووی خۆی ده‌نووسی. له‌ هه‌ر بۆنه‌‌و مراسمێک‌و بنکه‌یه‌ک پێویست بایه‌، کاری خۆشنووسیی ده‌گرته‌ ئه‌ستۆ. که‌م واهه‌بوو کامێرای وێنه‌گرتنه‌که‌ی له‌ خۆی جیا بکاته‌وه‌، سوژه‌ی جوان و شایانی تۆمارکردنی له‌ ژیانی خه‌ڵک و تیکۆشه‌ران‌دا ده‌دۆزییه‌وه‌.

‌‌**
ساله‌کانی 1361-1362له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کاک ڕه‌حمان، له‌ یه‌کیه‌تیی لاوان نه‌مابوو‌و کار‌و به‌رپرسایه‌تیی حیزبی که‌وتبووه‌ سه‌رشان، له‌ هه‌‌ر جێیه‌ک تووشی بباین،ڕاوێژمان له‌ گه‌ڵ ده‌کرد و ڕێنوێنیمان لێده‌خواست. ئه‌ویش بۆ هاوکاری له‌ گه‌ڵ یه‌کیه‌تیی لاوان و لاوه‌کان به‌ گشتی درێغی نه‌بوو.

**
ئه‌و کات له‌ به‌ر به‌ربڵاوی‌و گه‌وره‌یی حیزب،که‌سانی وه‌ک ره‌حمان سۆفیزاده‌ به‌ زه‌حمه‌ت بۆ کادر‌و پێشمه‌رگه‌کانی شوێنه‌ دووره‌کان ده‌ناسران،هه‌ر بۆیه‌ش هاتنیان بۆ نێو ڕێبه‌ریی حیزب به‌و هه‌مووه‌ توانایه‌شه‌وه‌، سه‌خت بوو. له‌ کۆنگره‌ی شه‌شه‌می حیزب که‌ ڕێبه‌ندانی 1362 پێک هات، کاک ره‌حمان بۆ پۆستی جێگری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کاندید کرا، به‌لام به‌ داخه‌وه‌ ده‌نگی پێویستی نه‌هێنایه‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدا بوو که‌ هێندێک که‌سی دیکه‌ که‌ نه‌ مایه‌ی شۆڕشگێڕی و نه‌ سه‌وادی سیاسییان له‌و زیاتر بوو،به‌ ڕاحه‌تی ده‌بوون به‌ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی‌و تێشیان دا هه‌بوو که‌ سه‌دی یه‌کی کاک ره‌حمان، خۆیان نه‌ده‌خسته‌ نێو مه‌ترسییه‌وه.

**
کۆتایی به‌هاری1363،کاتێک له‌ گه‌ڵ سوڵتان مام قادری(سۆران)‌و دوو هاوڕێی دیکه‌ ماڵاواییمان له‌ یه‌کیه‌تیی لاوان خواست و بۆ کار وه‌رگرتن ڕوومان کرده‌ کۆمیسیۆنی ته‌شکیلاتی حیزب، پێشنیاری کار له‌ کۆمیته‌ی شارستانی ره‌به‌تیان به‌ من و سۆران کرد، له‌ راستیدا هیچ پاڵنه‌رێکی دیکه‌ جگه‌ له‌ بوونی کاک ره‌حمانی سۆفیزاده‌ له‌ به‌رپرسایه‌تیی ئه‌و کۆمیته‌یه‌مان دا شک نه‌ده‌برد، هه‌ر بۆیه‌ زوو قبووڵمان کرد. ئه‌و کات هێزی پێشمه‌ر‌گه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌، هێزی مینه‌شه‌م بوو که‌ به‌ حه‌ق به‌ هیزی قاره‌مانان ناسرابوو. کۆمه‌ڵێک تێکۆشه‌ری دێرین‌و فه‌رمانده‌ی ناسراو له‌و‌ هێزه‌ هه‌بوون. ناوچه‌یه‌کی ته‌سک و بچووک، له‌ باری داهات و سه‌رچاوه‌ی ماڵییه‌وه‌،که‌م ئیمکان،به‌ هیزێکی پێشمه‌رگه‌ی پڕچالاکییه‌وه‌ که‌ کۆماری ئیسلامی داخێکی زۆری لێهه‌ڵگرتبوو.سپاردنی به‌پرسایه‌تیی کۆمیته‌یه‌کی ئه‌وتۆ به‌ کاک ره‌حمانی سۆفیزاده‌، هیچ مانایه‌کی نه‌بوو جگه‌ له‌ متمانه‌ی ڕێبه‌ریی حیزب به‌ تواناکانی ئه‌و لاوه‌ پێگه‌یشتوویه‌.

ئێستا که‌ یادی 30 ساڵه‌ی ئه‌و هاوڕێ خۆشه‌ویسته‌ ده‌که‌مه‌وه‌، جێی خۆیه‌تی بیدرکێنم که‌ سه‌ره‌تای به‌سه‌ردابڕانی ئه‌م ناوه‌ی ئیستاشم(قادر وریا) هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یه‌که‌م ڕۆژه‌کانی کارکردنم له‌ گه‌ڵ کاک ڕه‌حمان له‌ ناوچه‌ی ره‌به‌ت. داستانه‌که‌ به‌و جۆره‌یه‌ که‌ کاک ره‌حمان که‌‌ له‌ چه‌ند ساڵ پێشتره‌وه‌ ده‌یناسیم، ده‌یزانی نازناوی شێعریم و ناوی تیکۆشانم له‌ یه‌کیه‌تیی لاوان دا (ع.وریا) و "وریا" بوو. به‌لام من که‌ بۆ کار و تیکۆشانی حیزبی چوومه‌ ره‌به‌ت، له‌ ڕێگایه‌ دا بڕیارم دا هه‌ر به‌ ناو و شۆره‌ته‌ ئه‌سلییه‌ی خۆم(قادر ڕه‌حمانی) بچم. چونکه‌ پێم وابووموحیتی ئه‌وێ له‌ یه‌کیه‌تیی لاوان جیاوازه‌‌و ئه‌م جۆره‌ ناوله‌خۆنانه‌، هه‌ر بۆ یه‌کیه‌تیی لاوان ده‌ست ده‌دا و له‌وێ نه‌ک به‌ که‌لکم نایه‌، له‌وانه‌یه‌ لێم ببێته‌ ئه‌سبابی ده‌ردیسه‌رییش. هاوکارانی تازه‌ هه‌ر به‌ "قادر" ناویان دێنام‌ به‌لام کاک ره‌حمان هه‌ر کات پێم ده‌گه‌یشت به‌ "وریا"بانگی ده‌کردم. له‌م بێنه‌ و به‌ره‌یه‌ دا، له‌ جیاتی یه‌کێک له‌و دوو ناوه‌م له‌ کۆڵ بێته‌وه‌، تێهه‌ڵكێشێک له‌ هه‌ر دوویان، ناوی "قادر وریا"م به‌سه‌ردابڕا.

**
25ی گه‌لاوێژی 1363 له‌ جانداران، ڕێوره‌سمێکی زۆر ڕازاوه‌ و خۆشمان به‌ به‌شداریی خه‌ڵکی ئه‌و دێیه‌ و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ر به‌ڕێوه‌ برد. هیچمان نه‌مانده‌زانی سبه‌ینێ چ ڕوو ده‌دا، ته‌نانه‌ت شه‌وی 25 له‌ سه‌ر 26یش هه‌تا دره‌نگ هه‌لپه‌ڕکێ و شادیکردنی کادر و پێشمه‌رگه‌کان دریژه‌ی هه‌بوو.دیاره‌ ئێواره‌ دره‌نگانی ئه‌و رۆژه‌ش وه‌ک هێندیک ڕۆژی پێشتر خه‌به‌ر و ده‌نگۆی هێرشی دۆژمنمان بۆ هات، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ له‌م جۆره‌ خه‌به‌رانه‌مان بۆ هاتبوون‌و راست ده‌رنه‌چووبوون، به‌ جیددیمان نه‌گرت‌و کارقایمیی ئه‌و شه‌وه‌شمان به‌ راده‌ی پیویست نه‌بوو. به‌یانی 26ی گه‌لاوێژ که‌ له‌ خه‌و هه‌ستاین له‌ راستیدا له‌ چه‌ند لاوه‌، ده‌ورمان گیرابوو،بێ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌کانی که‌مینی ئێمه‌ هه‌ستیان پی بکه‌ن.

نامه‌وێ داستانی به‌ره‌نگاریی قاره‌مانانه‌ی ئه‌و رۆژه‌ی کادر و پێشمه‌رگه‌کانی کۆمیته‌ی شارستانی ره‌به‌ت که‌ ‌ شه‌هیدبوونی کاک ره‌حمان سۆفیزاده‌ وکادری ئازا مه‌حموود فه‌یزیی لێ که‌وته‌وه‌، بگێڕمه‌وه‌.13 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ نووسینێک له‌ ژیر ناوی" له‌ سه‌ر کانیی جانداران ڕا ‌تا نیو گۆڕستانی گه‌رۆر"، هێندێک لایه‌ن و دیمه‌نی ڕووداوه‌کانی ئه‌و ڕۆژه‌م گێڕاوه‌ته‌وه‌. یادی ئه‌م دوو لاوه‌ شۆڕشگێڕه‌ که‌ له‌م ڕۆژه‌ دا له‌ ته‌نیشت یه‌کتر گیانیان به‌خشی، لای من هه‌میشه‌ به‌ زیندوویی ده‌مێنێ.

**
زۆر له‌ قاره‌مانانی دنیای وه‌رزش‌و ناودارانی بواری هونه‌ر،ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌ک له‌ که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌کانیش، له‌و کاته‌ دا که‌ له‌ ترۆپکی سه‌رکه‌وتن و ناوبانگ‌وخزمه‌ت‌و خوڵقاندن دان، ده‌کشێنه‌وه‌. چونکه‌ ده‌یانه‌وێ وێنه‌یه‌ک له‌وان که‌ له‌ بیر‌و حافیزه‌ی خه‌ڵک دا به‌ جی ده‌مێنێ، وێنه‌ی هه‌ڵکشان‌و مانه‌وه‌یان له‌ به‌رزایی دابێ. ڕه‌حمان سۆفیزاده‌ش له‌ لووتکه‌ی پاکی، بوێری، خۆنه‌ویستی و شۆڕشگێڕی دا ماڵاوایی کرد. به‌ دڵنیایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر مابا‌‌‌و ئاوا زوو گیانی لێنه‌ستیندرابا،‌ به‌و هه‌مووه‌ توانا‌و لێوه‌شاوه‌یی‌و ئاماده‌ییه‌ی تێی‌دا بوو، له‌ تیکۆشانی حیزبه‌که‌ی و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌ی دا، ڕۆڵ‌و ئه‌رک‌و به‌رپرسایه‌تیی گه‌وره‌تری ده‌که‌وته‌ سه‌رشان،ناوبانگی زۆر زیاتر بڵاو ده‌بۆوه‌. له‌وانه‌ بوو یه‌ک له‌ جوانترین که‌سه‌کان بۆ ژیانی هاوبه‌ش هه‌ڵبژێرێ، ببێته‌ باوکی ژیرترین‌و شیرینترین کچ و کوڕ،زۆر شوێنی جوان ببینێ،زۆر خۆشیی ژیان که‌ پێشتر نه‌یدیون تاقی بکاته‌وه‌،له کار‌و به‌رپرسایه‌تیی حیزبی و‌سیاسییش دا، هه‌تا ئه‌و په‌ڕی بڕوا.به‌ڵام مه‌رجیش نه‌بوو ئه‌و سیما بێگه‌رد و بێخه‌وشه‌وی کاتی شه‌هیدبوون‌‌و ئه‌و کارنامه‌ پرسه‌روه‌رییه‌ی بۆ هه‌میشه‌ بۆ بپاریزرێ. ئه‌و، "هێمن" وته‌نی ژێنیێکی کورت به‌ڵام پڕاوپڕ له‌ شانازی و شه‌ره‌فی هه‌بوو، به‌ خۆبه‌ختکردنی ئاگایانه‌ی له‌ مه‌یدانی به‌ره‌نگاری له‌ گه‌ل دوژمنی داگیرکه‌ر له‌ هه‌ڕه‌تی لاوه‌تیدا، جوانترین وێنه‌ی خۆی له‌ بیره‌وه‌ریی هاونه‌سله‌کان‌و هاوسه‌رده‌مه‌کانی خۆی دا به‌ جێ هێشت.

یادی هه‌میشه‌ به‌ به‌رزی ده‌مێنێ.

سەرچاوە: لاپەرەی فەیسبووکی قادر وریا

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.