karzan koyiکارزان کۆیى. خاونى بەرهەمەکانى زەیتونى ئاوا

ئاى کە منداڵانى بەرپرسى وڵاتەکەم گوناحن، لەبەر نەبوونى زۆربەیان نەخوێندەوارن، بەیانیان زوو لەخەو هەڵدەسن، هێشتا تێر خەو نەبوون ئەو بەدبەختانە دەچن سەرەى نان دەگرن،

تا نانى گەرم بۆ دایک و باوکیان بکڕن، ساڵى جارێ لە نەورۆزدا سەیرانێ دەکەن، لەپشتى لۆریدا چەپڵەى خۆشى و شادى لێ ئەدەن ،، ناشکورى ناکەن بەدڵى خۆیان بەتەنیا سەفرى یونان و ئیسپانیا و ئەمریکا بکەن، منداڵانى بەرپرسى وڵاتەکەم بەقودرەتى قادر هەر بەمنداڵى لەخەم دەرەخسێن، یەکسەر دەمانچەى چواردە خۆرو کۆڵتى ئەمریکى هەڵدەگرن، نەک وەک منداڵانى هەژارى ولاتەکەم دەمانچەى مورو بکرن و چاوى یەکترى پێ کوێر بکەن و پۆلیس بیان گرێ دەمانچەکەیان لێ بشکێنێ. ئاى کە منداڵانى بەرپرسانى وڵاتەکەم بە بەرپرسانى ئۆپۆزسیونیشەوە بەدبەختن، ئەى ئەوە منداڵانى بەرپرسانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیونەکان نەبوو لە خۆپیشاندانەکانا خەڵتانى خوێن دەکران و بەباوەشى خەڵکەوە دەخرانە اسعافەکانەوە، ئەى ئەوە منداڵانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیون نەبون لە خۆپیشاندانەکانا سەرى یەکتریان دەشکان، ئەى خۆ شەهیدەکان هیچیان جەرگى مرۆڤى هەژار نەبون، ئەى ئەوە شەهید فلان و، و فلان .. نەبون، کورانى فلانە دەوڵەمەند و فلانە سەرکردەبوون!! هەر ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیانە بۆتە فاکتەرێ کە منداڵانى بەرپرسانى وڵاتەکەم ژیرو رۆشنبیرو کاراتربن لە منداڵانى ئێمە، ئەوەتا زۆربەى رۆژنامەنوسەکان منداڵانى بەرپرسەکانن، ماشاللایان لێ بێت فرسەتیان بۆ کەس نەهێشتۆتەوە یا شاعیرن یا رۆمان نووسن ئەگەر هەر نەبێ پەیامنێرى راگەیاندنەکانن یا کامێرەمانن، ئاخر ویژدانتان بێت، ناحەقم مەگرن کە دەڵێم منداڵانى بەرپرسى وڵاتەکەم بەدبەختن ئەوەتا چەند باخێکیان هەیە لە سیتەک و میرگەپان و ڕێگاى مەسیف و شەقلاوە هتد د.. بەڵام منداڵانى هەژارى وڵاتەکەم چاویان بە هیچ تێر نابێ هەمو باخە گشتیەکان باخى ئەوانە کەچى هەر تێر نابن ئەى تێبینى ئەوەتان نەکردوە جگە لە منداڵانى هەژار منداڵێکى بەرپرسم ئەوێ لەباخێکى گشتیدا بیبینى. وەى بە میوانى ئەو ویژدانەتان بم منداڵانى بەرپرسانى وڵاتەکەم، هەر ئێوەى بەویژدانن دابین کردنى شوێنى خوێندن بە ئەرکى حکومەت نازانن و ئەرک ناخەنە سەر خوێندنگا و زانکۆ میریەکان تەنها و تەنها لە خویندنگاو زانکۆ بیانیەکانا دەخوێنن بەپارەى خۆشتان، هەر ئەم هۆکارەشە واى کردوە زۆربەى منداڵانى بەرپرسى وڵاتەکەم بونەتە دکتۆرو پڕۆفیسۆر، ئەى نابینن زۆربەى مناڵانى بەرپرسەکانە لە زانکۆکان مامۆستان و وانە دەڵێنەوە، خۆ ئێوە باش دەیان بینن هەر ئەوان نین زۆربەیان پزیشکن و لە خەستەخانەکانى ئەم وڵاتە ئێشک دەگرن و شەونخونى دەکەن بەدیار نەخوشەکانمانەوە، خۆ قابیلە لە کولفە یەکونێکا ببنە ئەندامى سەرکردایەتى یاکار لە کۆمپانیا نەوتیەکاندا بکەن، لە کۆتایدا دەڵێم دەبێ کێ بێت بتوانێ ئەم دوو شێوازە پەروەردە تەریبیە تێکەڵ بکا و ژیانى هەموو منداڵانى وڵات وەک یەک دابین بکا و چیدى زوڵم لە منداڵانى بەرپرسان نەکرێ!!! خۆزگە بەرپرسێک دەبوە ماندێلا و یەک بە گاندى، ئەو کات نەمان دەدى ئەم جیاوازیى چیدى .

com.yahoo @awaolives

https://www.facebook.com/awaolives?ref=tn_tnmn

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد