b_300_220_16777215_00_images_KOMALAYATI_coronavirus.jpgو: کەماڵ حەسەن‌پوور
بیر لەو شانۆ پیرۆزە بەڵام پیسە بکەوە: زیارەتکەر لە دەرزەنێک وڵاتەوە لە شارێکی بچووک کۆ ببنەوە.

لە هوتێلی بەرتەسکدا دەمێننەوە، کەلک لە ئاودەستی هاوبەش وەردەگرن و ژەمەکانیان بەیەکەوە دەخۆن. بۆ ڕێوڕەسمی فەرمی، لەسەر گڵکۆی ژنێک، خوشکی پیاوێکی پیرۆز، کۆ دەبنەوە و لە کاتێکدا کە لە یەکتر نزیکتر دەبنەوە، هەست بە بەرزبوونەوەی پەژارەی مەرگی ناوبراو و کەسوکاری دەکەن. پەژارەکە بڕیارێکی ئایینی لە پشتە: بە گوێرەی نەریتێک، هەر فرمێسکێک لەدوای مردن دەبێتە مروارید و کاتێک کە خاوەنەکەی دەگاتە دەروازەی بەهەشت، فریشتەیەک وەک بەڵگەی خۆبەخت کردنی ناوبراو سەتڵێک مرواریدی پێدەدا. بەڵام ئێستا شلەمەنی دەڕژێ و جاروبار بە دەستی ڕووت دەیانسڕنەوە و حەشیمەتەکە زۆرتر و لێک نزیکتر دەبنەوە. گۆڕەکە لەنێو قەفەزەیەکی ئاسن‌دایە و زیارەتکەرەکان لەکاتی گریاندا دەستی پێوە دەگرن و قامکان لە چوارچێوەکەی قایم دەکەن و زۆربەیان ڕوخساری لێ دەخشێنن و بە هەناسەیان ئاسنەکە هەڵماوی دەکەن. هەندێک لەوان چەند خولەکیان پێ دەچێ و هەندێکیش چەند چرکە. لە تاکە ڕۆژێکدا بە هەزاران کەس بەو شوێنە بەرتەسکەدا تێپەڕ دەبن، هەمان هەوا هەڵدەمژن و دەست لە هەمان شوێن دەخشێنن و، بەو شێوەیە نەخۆشیی نوێ و نامۆ بۆ یەکتر دەگوازنەوە.

شارەکە ناوی قومە و لە ئێران هەڵکەوتوە و، دوو ڕۆژ لەمەپێش کاربەدەستێکی تەندروستی لە تەلەفزیۆنی ئێران ڕایگەیاند کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوێ بڵاو بۆتەوە. لە ٢٤٥ کەس کە گیرۆدە بوون، ٢٦ کەسیان بە نەخۆشیی ڤایروسی کۆرۆنا (کۆڤید-١٩) مردوون. هەموو زانیارییەکان دەیسەلمێنن کە قوم ناوەندی بڵاو بوونەوەی پەتاکەیە، بەڵام زۆر کەس گومانیان لە ڕاستیی ڕێژەی گیرۆدەبووانە. کاربەدەستێکی دیکە، ئەندام پارلمانێکی شاری قوم، حەوتووی ڕابردوو گوتی کە ٥٠ کەس لە شاری ناوبراو بە کۆڤید-١٩ مردوون. ئەو ڕێژەیە، ئەگەر ڕاست بێ، ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەگەر کۆڤید-١٩ لە ئێرانیش وەک شوێنی دیکە ٢ تا ٣ لەسەدی تووشبووەکان دەکوژێ، دەبێ تەنیا لە شاری قوم نزیکەی ٢٠٠٠ کەسی دیکە گیرۆدەی ئەو پەتایە بووبن.

زێدەڕۆیی لە ئاستی کارەساتباری ئەو ژمارانە شتێکی دژوارە، نە تەنیا بۆ ئێران بەڵکوو بۆ گشت شوێنێک. قوم پێگەی فێرکاریی شێعەیە، ناوەندی ئایینیی ئێرانە و، بۆیە دینداران لە چوار گۆشەی دنیا ڕووی تێدەکەن. من لە ٢٠٠٩ بابەتێکم لەسەر مەلایەکی شێعەی لوبنانی لە پاراگووە لە گۆڤاری ئاتلانتیکدا نووسی کە [پێش هاتن بۆ پاراگووە] لە ناوەندێکی زانستی ئایینی لە قوم ببوو. لە شەقامەکانی قوم تۆ گوێت لە فارسی قسە کردن بە گەلێک زاراوە دەبێ، لە ناویاندا تاجیکی و ئەفغانستانی. لە هەندێک لە ڕێستوورانەکان، خزمەتکارەکان بە عەرەبی دەتدوێنن و پۆستەری محەممەد ئەلسەدر، ئایەتوڵڵایەکی بەناوبانگی عێراقی دەبینی کە لە کاتێکدا کە تۆ کەباب دەخۆی چاوت لێدەکا.

قوم وەک دیزنی لەندی شێعە وایە، پڕە لە شوێنی سەرنجڕاکێشی شیعی (بە خواردەمەنی هەرزانبایی لە گشت کەلێن و قوژبنێک) و، ڕەنگبێ ئەو شوبهاندنە باشترین شت بێ تا ئەمریکاییەکان لە گرنگیی بڵاو بوونەوەی ئەو پەتایە تێبگەن. ئاخۆ هەستی ئێمە چۆن دەبێ ئەگەر بۆمان ئاشکرا بێ کە هەزاران کەس لە دیزنی وۆرڵد هەموویان تووشی نەخۆشییەک بن کە زۆر بە ئاسانی بڵاو دەبێتەوە و کە ئەو نەخۆشییە هەندێک جار کوشندەیە و، بۆمان ئاشکرا بێ کە ئەو خەڵکە چەندین حەوتوو هاتوون و ڕۆیشتوون، گەڕاونەوە شارەکانیان و لەگەڵ خەڵکی دیکە تێکەڵ بوون؟

زەینەب توفکەچی بابەتێکی لەبارەی باشی و خراپیی سیستمی دیکتاتۆر لە هەڵسوکەوت لەگەڵ کارەساتی ئەوتۆدا نووسیوە. چین دەتوانێ شارێک داخا، دەیان میلیۆن کەس بخاتە قەرەنتینەوە و لێهاتووترین پسپۆڕەکانی ڕێکخا، ڕێگایان پێ بدا کە هەڵمەتێک دژی ئەو نەخۆشییە بە دەسەڵاتی ڕەهای قەیسەرێکەوە دەست پێ بکەن. بەڵام ناتوانێ کەلک لە سوودەکانی متمانەی جەماوەر وەرگرێ، لە نێویاندا لە ڕێگای ڕاگەیاندنی شەفاف و ڕاستگۆیانەی ئاستی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و ڕێژەی قوربانییانی. لە ئێران، وێدەچێ کە دەوڵەت هەموو کەمایەسییەکانی کۆمەڵگایەکی نائازادی هەبێ و هیچکام لە لایەنە باشەکانی [سیستمێکی ئەوتۆ]. چاو لەو ڤیدیۆیە سەرسوڕهێنەرە بکەن، کە لە لایەک کۆمێدییە و لە لایەکی دیکەوە ترسناک، کە لەوێدا کاربەدەستێکی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ئیرەج حەریرچی، جەماوەر دڵنیا دەکاتەوە کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵ‌دایە، لە کاتێکدا کە ئارەقەی کردوە و بەسەر هاوکارەکانی و گوێگرانیدا دەکۆخێ، چونکە بۆخۆی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

ئەو تەنیا بەرپرسی پلەباڵا نییە کە تووش بووبێ: ئەمڕۆ، مەعسوومە ئیبتکار، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران و ئەندامی بێ‌بەبەزەیی ئەو تاقمە ئێرانییەی کە لە ١٩٧٩ دیپلۆماتەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانیان بە بارمتە گرت، ڕایگەیاند کە ئەویش تووشی نەخۆشی بووە. بە گوێرەی هەواڵەکان ئیبتکار دوێنێ چاوی بە سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن ڕۆحانی و کابینەکەی کەوتوە و، ئەگەری ئەوە هەیە کە سەرجەم بەڕێوەبەریی پلەبەرزی ئێرانی، تووشی نەخۆشییەکە کردبێ.

حەریرچی گوتی کە دەوڵەت لە سەپاندنی قەرەنتینە خۆ دەبوێرێ، چونکە ئەوە شتێکی ناکاریگەر و دواکەوتووانەیە. محەممەد سەعیدی، بەرپرسی زیارەتگای قوم و نوێنەری “ڕێبەری مەزن” لەوێ، نە تەنیا دژبە قەرەنتینە کردنی قومە بەڵکوو داوای لە خەڵک کرد کە زیارەتی ئەوێ بکەن و گوتی “ئەوێ شوێنی شیفا بەخشینە.”

لە ئاستێکدا، ناکارامەیی و بەدخوازیی لێک جیا ناکرێنەوە. هەست پێ‌دەکەم لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند جار لەو ئاستە تێپەڕ بووین و، بە تایبەتی ڕێبەریی ئێران جار لە دوای جار لەو ئاستە تێپەڕ دەبن، وەک چۆن ئوتۆمبیلێکی فۆرمول ١، خولەکان تێپەڕ دەکا. “بە هەڵە خستنە خوارەوەی” فڕۆکەیەکی سیڤیل لە مانگی ڕابردوودا و هەوڵەکانیان بۆ شاردنەوەی، یەکێک لە لایەنەکانی ناکارامەیی کوشندەی ئەوانی نیشان دا. ئێرانییەکان حەقیانە کە بیر بکەنەوە ئاخۆ ئەو کارەساتە بە هەمان چەشنە، تراژێدیایەکی ناکارامەیی بەدخوازانە کە لە توانای دەوڵەتدا نییە کۆنترۆڵی بکا.

ڕێکارەکانی قەرەنتینە کردن کە ئێران ڕەتیان دەکاتەوە بێ‌خەوش نین و، دەتوانن شاری قوم بە شێوەیەکی ناداپەروەرانە ناوزڕاو بکەن. بەڵام دۆخی هەنووکەیی کە وێدەچێ بڵاو بوونەوەی بێ‌کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە بگاتە ئاستی پەتایەکی بەربڵاو و، ئێستا بەنرخترین شت کاتە، کات بۆ کۆ کردنەوەی دەرمان، باشتر کردنی دۆخی دیاریکردنی نەخۆشی و پێڕاگەیشتن و، جیهان فێر بکرێ کە چۆن بەرپەرچی پەتایەک بدرێتەوە کە لەوانەیە بە میلیۆن خەڵک بکوژێ. قەرەنتینەی چین وێدەچێ کە کات بۆ ئێمە بە دیاری بێنێ. ئەو شتەی کە لە ئێران بە فیڕۆ دەدرێ.

قەرەنتینە وشەیەکی لاتینە و بە مانای ٤٠ ــە، چونکە لە کاتی پەرە ئەستاندنی پەتای تاعوونی ڕەش، ئەو پاپۆڕانەی کە دەگەیشتنە ڤێنیز دەبوو چل ڕۆژ ڕاوەستن پێش ئەوەی کە مەلەوانەکان و کاڵاکان ڕێگایان پێدرابا کە لە پاپۆڕەکە دابەزن. (ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە پەتای تاعوونی ڕەشیش کە بووە هۆی مردنی یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئورووپا، وەک نەخۆشی کۆڤید-١٩ بۆ یەکەم جار لە پارێزگای هووبەی چین سەری هەڵدا.) چل ڕۆژ ماوەیەکی دوورودرێژە، دوورودرێژتر لە هەر قەرەنتینەیەک کە ئێستا بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێندرێ کە لە شوێنی سەرهەڵدانی پەتایەکەوە هاتبن.

بەڵام چاوەڕوانی هەر ئەندازەیەک بێ دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ، تەنانەت لە شوێنی ئەوتۆ کە گەلێک لە ئێران لێهاتووتر بن. لە سەرەتای ئەم مانگە، سەردانی هۆنگ کۆنگم کرد. هەموو کەس دەمامکی بە ڕوخسارەوە بوو. لەنێو جەماوەر، هیچ کەس زۆر لێم نزیک نەدەبۆوە، لەنێو ئوتوبووس یا لە پیادەڕۆیە بەرتەسکەکان. دووکاندارەکان هەر چارەگەی جارێک لە دووکانەکانیان دەهاتنە دەر تا دەستگیرە و زەنگی دەرگاکان خاوێن بکەنەوە، نەوەک مشتەرییەکان ڤایرۆسیان لەوێ جێ هێشتبێ. لەوێ خەڵک بە گشتی هەستیان دەکرد کە ئەرکی کۆنترۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەسەر شانە. لە هۆنگ کۆنگ هەستی شوناسی جەماوەری و بەرپرسایەتی بەهێزە، ئەوە تا ئێستا بۆتە هۆی پاراستنی تەندروستیی گشتی. من تەنیا چەند ڕۆژێک توانیم دەمامکەکەم لێ بکەمەوە. تەنیا لە نیوەشەو، کاتێک کە کەس لێم نزیک نەبوو، هەستم بە دڵنیایی دەکرد، کە وەک دەعبایەکی پێشێلکاری نەریتی گشتی نیم و بێ‌دەمامک پیاسەم دەکرد.

ئێرانییەکان هەر ئێستا لە دڵەڕاوکەیەکی زۆر بەرچاودان، بە هۆی زەختی ئابووری، سیاسی و سەربازی. ئەوان متمانە بە دەوڵەت ناکەن. دڵەڕاوکە و نیگەرانیی ڕۆژانە هەرچەند خولەک جارێک بەرۆکیان دەگرێ، چ لەبەر ئەوە بێ کە بەهەڵکەوت دەست بۆ لووتیان دەبەن یا دەرگایەک دەکەنەوە، سەرەڕای هەموو شتێکی دیکە، ئەوە دەبێتە بارێکی زۆر قورس بۆ کۆمەڵگە. داوای زیارەتی قوم، بە بۆچوونی من، کاردانەوەی دەوڵەتێکە کە لە کۆتاییدا ددانی بە کوموکووڕییەکانی خۆیدا ناوە و باوەشی بۆ ڤایرۆسەکە کردۆتەوە. ئەو کاردانەوە سەرشێتانە ئەگەری ئەوەی زیاد کردوە کە تۆش بەم زووانە لەباوەشی بگری.

***

* ئاتلانتیک – گرایام وود

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد