b_300_220_16777215_00_images_KOMALAYATI_joval_nooh.jpgئەو باهۆزە تێدەپەڕێ. بەڵام ئەو بژارەیانەی کە ئێستا هەڵیان دەبژێرین دەتوانێ ژیانەکان بۆ ساڵانی داهاتوو بگۆڕێ.
مرۆڤایەتی ئەمڕۆ تووشی قەیرانێکی جیهانی بووە.

ڕەنگبێ مەزنترین قەیرانی جیلی ئێمە. ئەو بڕیارانەی کە خەڵک و دەوڵەتەکان لە چەند حەوتووی داهاتوودا دەیدەن، ڕەنگبێ فۆرمی دونیا بۆ ساڵانی داهاتوو دیاریی بکەن.ئەوان تەنیا شێوەی سیستەمی تەندروستی ئێمە دیاریی ناکەن بەڵکو ئابووری، سیاسەت و کولتوری ئێمەش دیاریدەکەن. ئێمە دەبێ خێرا و یەکلاکەرەوە بجووڵێینەوە. ئێمە بەهەمان شێوە دەبێ ئاسەوارە درێژخایەنەکانی بڕیارەکانیشمان لەبەر چاو بێ. کاتێک لە نێوان بژارەکان هەڵدەبژێرین، دەبێ نە تەنیا لەخۆمان بپرسین کە چۆن بەسەر هەڕەشە هەنووکەییەکەدا زاڵ بین، بەڵکو هەروەها کاتێک کە ئەو باهۆزە تێپەڕی، دەمانهەوێ لە چ جۆرە دونیایەکدا بژین. بەڵێ، باهۆزەکە تێپەڕ دەبێ، مرۆڤایەتی زیندوو دەمینێتەوە، زۆربەی ئێمە هەروا دەژین، بەڵام لە دونیایەکی جیاوازدا دەژین.
گەلێک لە ڕێگاچارە کورتخایەنە نائاساییەکان دەبنە بەشێکی جیانەبۆوە لە ژیان. ئەوە سروشتی شتە نائاساییەکانە. ئەوان پرۆسەی مێژوویی خێرا بەرەو پێشەوە هەڵدەسوڕێنن. ىڕیاراتێک کە لە دۆخی ئاساییدا دەتوانن چەندین ساڵ لێوردبوونەوە بخوازن تا پەسەند بکرێن، لە ماوەی چەند کاتژمێردا بڕیاریان لەسەر دەدرێ. تەکنەلۆژی کاڵ و مەترسیدار پاڵیان پێوە دەنرێ بۆ کەڵک لێوەرگیران، چونکە مەترسی بێکردەوەیی مەزنترە. وڵاتان بە تەواوی دەبنە مشکی تاقیگا لە تاقیکردنەوەی زەبەلاحی کۆمەڵایەتیدا. چ دەقەومێ ئەگەر هەموو کەس لەماڵێڕا کار بکەن و تەنیا لەدوورەوە پێوەندی لەگەڵ یەکتر بگرن؟ چ دەقەومێ ئەگەر هەموو قوتابخانە و زانکۆکان بە شێوەی ئانلاین [لەسەر ئینتەرنێت] بەڕێوە بچن؟ لە کاتی ئاساییدا، دەوڵەتان، ناوەندە پیشە سازییەکان و کۆڕی پەروەردە هەرگیز بۆ بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەی ئەوتۆ ڕەزامەندیی نادەن. بەڵام ئێستا کاتێکی ئاسایی نییە.
لە کاتی قەیرانی وەک ئێستادا، ئێمە بەرەوڕووی دوو بژارەی گرینگ دەبینەوە. یەکیان لە نێوان چاودێریی سەڕەڕۆیانەیە و خاوەن دەسەڵات بوونی شارۆمەندان. ئەوی دیکە لە نێوان تەریک کەوتنەوەی ناسیۆنالیستی و هاوپشتیی جیهانی.
چاودرێریی لە ژێر پێستەوە
بۆ وەستاندنی پەتایەکە، پێویستە سەرجەم دانیشتووان ملکەچی هەندێک ڕێنمایی بن. دوو ڕێگا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هەن. یەکیان ئەوەیە کە دەوڵەت خەڵک بێنێتە ژێر چاودێریی، و ئەو کەسانە سزا بدا کە یاساشکێنی دەکەن. ئەمڕۆ، بۆ یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤدا، تەکنەلۆژی ئەو دەرفەتەی ڕەخساندووە کە هەموو کەس لە هەموو کاتدا بکەونە ژێر چاودێریی. پەنجا ساڵ لەوەپێش، کەی جی بی نەیدەتوانی ٢٤٠ میلیۆن شارۆمەندی سۆڤیەت ٢٤ کاتژمێری شەو و ڕۆژ لە ژێر چاودێریی بگرێ، کەی جی بی نەشێدەتوانی هیوادار بێ کە بە شێوەیەکی کاریگەر زانیاریی کۆکراوە وەرد بداتەوە. کەی جی بی پشت ئەستوور بە مرۆڤی سیخوڕ و شیکاریکەرەوە بوو و نەیدەتوانی بۆ هەر شارۆمەندێک مرۆڤێکی سیخوڕ تەرخان بکا. بەڵام ئێستا دەوڵەتان دەتوانن لەجیات جندۆکەی خاوەن گۆشت و خوێن پشت بە تۆمارگەری بێتەل کە لە گشت شوێنیک هەن و ئەلگۆریتمی بەهێز ببەستن.
لە خەباتیان دژی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند دەوڵەت هەر ئێستا کەڵکیان لە ئامرازی نوێ وەرگرتووە. یەکێک لە بەرچاوترینیان لەو بوارەدا چینە. بە چاودێریی موبایلی زیرەکی خەڵک لە نزیکەوە، بە کەڵکوەرگرتن لە سەدان میلیۆن کامێرای ڕوخسارناس، و ناچار کردنی خەڵک بە کۆنترۆڵکردن و ڕاگەیاندنی گەرمای لەشیان و دۆخی تەندروستییان، کاربەدەستانی چینی نەتیا دەتوانن خێرا هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشان بکەن، بەڵکو شوێنپێی هاتووچۆی ئەوان هەڵگرن و ئەو کەسانە دەستنیشان بکەن کە پێوەندییان پێوە هەبووە. تاقمێک ئاپی موبایل شارۆمەندان لەبارەی نەخۆشی گیرۆدەبوو لە نزیکی ئەوان وریا دەکەنەوە.
ئەو جۆرە تەکنەلۆژییە تەنیا تایبەتی ئاسیا نییە. سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل، بنیامین ناتانیاهو، لەو دواییانەدا ئیزنی داوە بە دامودەزگای سیخوڕیی ئیسڕائیل کە کەڵک لە تەکنەلۆژی چاودێریی بۆ دیتنەوەی نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرێ کە لە دۆخی ئاساییدا بۆ خەبات دژی تەرۆریستان تەرخان کراوە. کاتێک کە کۆمیسیۆنی پارلمانیی پێوەندیدار خۆی لە پەسەند کردنی کەڵکوەرگرتن لەو ڕێکارە بوارد، ناتانیاهو خێرا بە کەڵکوەرگرتن لە "بڕیاری دۆخی نائاسایی" پەسەندی کرد.
لەوانەیە بڵێی هچکام لەوانە شتی تازە نین. لەو چەند ساڵەی دواییدا هەر دوو دەوڵەتان و کۆمپانیاکان کەڵکیان لە تەکنەلۆژی هەرە پێشکەوتوو بۆ شوێنهەڵگرتن، چاودێریی و دەستکاریکردنی خەڵک وەرگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر وریا نەبین، لەوانەیە پەتایەکە ببێتە هێڵێکی جیاکەرەوە لە مێژووی چاودێرییدا. تەنیا لەبەر ئەوەی نا کە لەوانەیە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازی چاودێریکردنی جەماوەریی لە وڵاتانێک کە ڕەتیان کردۆتەوە ئاسایی بکا، بەڵکو تەنانەت زۆرتر لەبەر ئەوەی کە نیشاندەری گواستنەوەی دراماتیکی چاودێریی "سەر پێست" بۆ چاودێریی "ژێر پێست"ــــــــــــە.
تا ئێستا، کاتێک کە تۆ قامکت لە بەستەڕێک لە سەر موبایلە زیرەکەکەت دەدا، دەوڵەتەکەت دەیهەویست بزانێ دەقاودەق قامکت لە سەر چی داوە. بەڵام لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا، خاڵی جێگای سەرنج دەگوازرێتەوە. ئێستا دەوڵەت دەیهەوێ گەرمای قامکت و زەختی خوێنی ژێر پێستەکەی بزانێ.
محەلـلەبی بواری نائاسایی
یەکێک لەو گیروگرفتانەی کە لە هەڵسوکەوت لەگەڵ هەڵوێستی ئێمە لە پێوەندیی لەگەڵ چاودێریی بەرەوڕووی دەبینەوە ئەوەیە کە هیچکام لە ئێمە نازانین کە چۆن چاودێریی دەکرێین، و لە ساڵانی داهاتوودا بەرەوڕووی چی دەبینەوە. تەکنەلۆژی چاودێریی بە خێراییەکی بەرچاو گەشە دەکا، و ئەوەی کە١٠ سال پێش ئێستا وەک ساینس-فیکشن (چیرۆکی خەیاڵیی) دەهاتە بەرچاو ئەوڕۆ هەواڵی کۆنە. وەک تاقیکردنەوەیەک، بیر لە دەوڵەتێکی گریمانەیی بکەوە کە داوا لە سەرجەم شارۆمەندانی دەکا کە بازنەیەکی بایۆمێتریکی لە دەستی بکەن کە گەرمای جەستە و ڕێژەی لێدانی دڵ ٢٤ کاتژمێری شەو و ڕۆژ بخاتە ژێر چاودێریی. ئاکامی زانیارییەکە لەسەر یەک کەڵەکە دەکرێ و بە ئەلگۆریتمەکانی دەوڵەت لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێ. ئەلگۆریتمەکان تەنانەت پێش ئەوەی کە بۆخۆت بزانی دەزانن کە ئاخۆ تۆ نەخۆشی یانا ، و ئەوان هەروەها دەزانن کە لە کوێ بووی و چاوت بە کێ کەوتووە. زنجیرەی تووشبووەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کورت دەکرێنەوە و تەنانەت بە تەواوی لێک هەڵدەبڕێن. سیستەمی ئەوتۆ دەتوانن بە پێی بەڵگە لە ماوەی چەند ڕۆژدا پەتاکە بوەستێنن. ئەوە گەلێک خۆشە، وانییە؟
هەڵبەت، لایەنی خەراپی ئەو شتە، ئەوەیە کە دەتوانێ ڕەوایی بداتە سیستەمێکی چاودێریکەری ترسناک. بۆ وێنە، ئەگەر تۆ بزانی کە من لە جیات کرتە کردن لەسەر بەستەری "سی ئێن ئێن"، لەسەر بەستەری "فاکس" کرتەم کردووە، ئەوە دەتوانێ شتێک لە سەر ڕوانگەی سیاسی من و ڕەنگبێ تەنانەت کەسایەتی منیش فێری تۆ بکا. بەڵام کاتێک تۆ بتوانی چاودێریی گەرمای جەستەی من، زەختی خوێن و ڕێژەی لێدانی دڵی من، لە کاتێکدا کە چاو لە گرتە ڤیدییۆیەک دەکەم، بکەی، دەتوانی بزانی چ شتێک من وەپێکەنین دەخا، چ شتێک دەمگریێنێ، و چ شتێک من زۆر زۆر تووڕە دەکا.
ئەوە گەلێک گرینگە کە لەبیرت بێ کە تووڕەیی، خۆشی، وەڕەزیی و ئەوین دیاردەی بایۆلۆژیکین هەر وەک تا و کۆخە. ئەو تەکنەلۆژییەی کە کۆخە دەستنیشان بکا دەتوانێ پێکەنینیش دەستنیشان بکا. ئەگەر کۆمپانیاکان و دەوڵەتەکان دەست بە دروێنەی زانیاریی بایۆمێتری بەسەر یەکەوە بکەن، دتوانن ئێمە زۆر لە خۆمان باشتر بناسن، و نە تەنیا دەتوانن پێشبینی هەستەکانمان بکەن بەڵکو دەستکاریی هەستەکانمان بکەن و هەر شتێکی بیانهەوێ پێمانی بفرۆشن، جا بەرهەمێک بێ یا سیاسەتوانێک. چاودێریی بایۆمێتریک، تاکتیکەکانی هاک کردنی زانیاریی لە لایەن کەمبریج ئانالیتیکا* وەک شتێکی سەردەمی چاخی بەردین دەنوێنێ. بێر لە کۆرەی باکوور لە ٢٠٣٠ بکەوە، کاتێک کە هەر شارۆمەندێک ناچارە ٢٤ کاتژمێر لە شەو و ڕۆژدا بازنەی بایۆمێتری لە دەستی بکا. کاتێک کە گوێ لە وتاری ڕێبەری مەزن دەگری و بازنەکە وەک شۆفارە هەموو نیشانەکانی تووڕەیی تۆ بگوێزێتەوە، ئیتر ڕزگاریت نابێ.
هەڵبەت تۆ دەتوانی بڵێی چاودێریی بایۆمێتری وەک ڕێگاچارەیەکی کاتیی لە دۆخی نائاساییدا شتێکی باشە. کاتێک کە دۆخی نائاسایی تێپەڕ بوو ئەویش نامێنێ. بەڵام رێگاچارەی کاتیی نەرێتێکی خراپیان هەیە کە پاش دۆخی نائاسایی دەمێننەوە، بەتایبەتی کە هەمیشە دۆخێکی نوێی نائاسایی لە ئاسۆدا خۆی مەڵاس داوە. بۆ وێنە زێدی من ئیسڕائیل، لە کاتی شەڕی سەربەخۆیی لە ١٩٤٨دۆخی نائاسایی ڕاگەیاند، کە ڕەوایی بە ڕێزێک ڕێگاچارەی کاتی وەک سانسۆڕی چاپەمەنی و داگیرکردنی خاک تا یاسای تایبەتی بۆ دروستکردنی محەلـلەبی (گاڵتە ناکەم) دا. شەڕی سەربەخۆیی زۆر دەمێکە براوەتەوە، بەڵام ئیسڕائیل هەرگیز کۆتایی دۆخی نائاسایی ڕانەگەیاند و لە کۆتاییهێنان بە زۆر لە ڕێگاچارە "کاتییەکان"ی ١٩٤٨ شکستی هێناوە (بڕیاری دۆخی نائاسایی محەلـلەبی بە میهرەبانییەوە ٢٠١١ کۆتایی پێهات).
تەنانەت کاتێک کە گیرۆدەبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بگاتە سیفر، هەندێک دەوڵەتی برسی بۆ زانیاریی دەتوانن دەلیل بێننەوە کە پێویستییان بە هێشتنەوەی سیستەمی چاودێری بایۆمێتری هەیە چونکە ئەوان لە شەپۆلی دووهەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەترسن، یا چونکە جۆرێکی نوێی ئێبۆلا لە ناوەندی ئەفریقا هەیە، یا چونکە ... تۆ دەزانی مەبەسم چییە. شەڕێکی مەزن لەو ساڵانەی دواییدا لەسەر سەروەریی کەسایەتیئێمە لە ئارا دابووە. قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانێ خاڵی یەکلاکەرەوەی شەڕەکە بێ. چونکە کاتێک کە خەڵک لەبەرامبەر بژارەی سەروەریی کەسایەتی و تەندروستیدا دەبێ یەکیان هەڵبژێرن، زۆر جار تەندروستی هەڵدەبژێرن.
پۆلیسی سابوون
داوا لە خەڵک کردن کە لە نێوان سەروەریی کەسایەتی و تەندروستی یەکیان هەڵبژێرن، لە ڕاستیدا، ڕیشەی کێشەکەیە. چونکە ئەوە هەڵبژاردنێکی ساختەیە. ئێمە دەتوانین و دەبێ خاوەنی هەردوو سەروەریی کەسایەتی و تەندروستی بین. ئێمە دەتوانین هەڵبژێرین کە پارێزگاریی لە تەندروستی خۆمان بکەین و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بوەستێنین، نە بە دامەزراندنی ڕێژیمی سەرەڕۆی چاودێریکەر، بەڵکو بە خاوەن دەسەڵاتکردنی شارۆمەندان. لەو حەوتووانەی دواییدا، هەندێک لە سەرکەوتووترین هەوڵەکان بۆ سنووردار کردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لایەن کۆرەی باشوور، تایوان و سینگاپورەوە بەڕێوە چوون. لە کاتێکدا کە ئەو وڵاتانە تا ڕاددەیەک کەڵکیان لە ئاپی شوێنهەڵگر وەرگرتووە، ئەوان زۆرتر پشتیان بە تاقیکاریی بەرچاو، باسکردنی ڕاستگۆیانە و ویستی هاریکاریکردنی جەماوەرێکی خاوەن زانیاریی بەستووە.
چاودێریکردنی ناوەندگەرا و سزادانی توند تەنیا ڕێگای ناچار کردنی خەڵک بۆ ڕەچاو کردنی ڕێکاری بەسوود نین. کاتێک کە بەڵگەی زانستی پێشکەشی خەڵک بکرێ، و کاتێک خەڵک متمانە بە دامودەزگا حکوومییەکان بکەن کە ئەو زانیارییەیان دەدەنێ، شارۆمەندا دەتوانن تەنانەت بێ چاودێریی براگەورە کاری دروست بکەن. جەماوەرێکی خاوەن ویستی خۆڕسک و پۆشتە بە زانیاریی پێویست، زۆر لە دانیشتووانی نەزان و بە هێزی پۆلیس بەڕێوەچوو بەهێزتر و بە بڕشتترن.
بۆ وێنە، بڕوانە شۆردنی دەست بە سابوون. ئەوە یەکێک لە مەزنترین پێشکەوتنەکانی پاک و خاوێنی مرۆڤ بووە. ئەو کارە ساکارە هەموو ساڵێ گیانی میلیۆنان کەسی رزگار کردووە. لە کاتێکدا کە ئێمە بە شتێکی ئاسایی دەزانین، ئەوە تەنیا لە سەدەی ١٩ دابوو کە زانایان گرینگی شۆردنی دەست بە سابوونیان بۆ دەرکەوت. پێشووتر، تەنانەت پزیشک و پەرستاران لە نەشتەگەرییەکەوە دەچوونە سەر نەشتەرگەرییەکی دیکە بێ ئەوەی کە دەستانیان بشۆنەوە. ئەوڕۆ بە میلیارد خەڵک ڕۆژانە دەستانیان دەشۆن، نە لەبەر ئەوەی کە لە پۆلیسی سابوون بترسن، بەڵکو زۆرتر لەبەر ئەوە کە ئەوان لە ڕاستییەکان تێگەیشتوون. من بۆیە دەستانم بە سابوون دەشۆم چونکە شتم لە بارەی ڤایرۆس و باکتریدا بیستووە، من تێدەگەم کە ئەو زیندەوەرە ورتکەڵانە دەبنە هۆی نەخۆشی، و دەزانم کە سابوون ئەوان لەناو دەبا.
بەڵام بۆ گەیشتن بە ئەو ڕاددە لە گوێڕایەڵی و هاوکاری، پێویستیت بە متمانەیە. خەڵک پێویستیانە متمانە بە زانست بکەن، متمانە بە دامودەزگا حکوومییەکان بکەن، و متمانە بە ڕاگەیاندنەکان بکەن. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، سیاسەتوانی ناپەرپرس بە ئانقەست متمانە بە زانست، دامودەزگا حکوومییەکان و ڕاگەیاندنەکانیان بنکۆڵ کردووە. ئێستا هەر ئەو سیاسەتوانە نابەرپرسانە لەوانەیە خولیای گرتنە بەری ڕێبازی سەرەڕۆیانە بن، و دەلیل بێننەوە کە ناکرێ متمانە بە جەماوەر بکرێ کە کاری دروست بکات.
ئاساییە کە متمانە کە بە درێژایی چەند ساڵان بنکۆڵ کراوە ناتوانێ بە شەوێک وەدەست بێتەوە. بەڵام ئێستا کاتێکی ئاسایی نییە. لە کاتی قەیراندا، بۆچوونیش دەتوانێ خێرا بگۆڕدرێ. تۆ دەتوانی چەندین ساڵ لەگەڵ خوشک و برات شەڕە دندووکەی تاڵت هەبێ، بەڵام کاتێک دۆخی نائاسیی دێتە پێش، لەناکاو دەریایەکی شاراوەی متمانە و دۆستایەتیت بۆ دەردەکەوێ و ئێوە بریار دەدەن کە یارمەتی یەکتری بکەن. لەجیاتی دروستکردنی ڕێژیمێکی چاودێریکەر، هێشتا درەنگ نەبووە متمانەی خەڵک بە زانست، بە ناوەندە حکوومییەکان و بە ڕاگەیاندنەکان پتەو بکەنەوە. بێگومان ئێمە دەبێ یارمەتی لە تەکنەلۆژی نوێش وەرگرین، بەڵام ئەو تەکنەلۆژییانە دەبێ شارۆمەندان خاوەن دەسەڵات بکەن. من بە تەواوی لەگەڵ ئەوەم کە چااودێریی گەرمای جەستە و زەختی خوێنم بکرێ، بەڵام ئەو زانیارییە نابێ بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی فرە بەهێز کەلکی لێوەرگیرێت. لەجیاتان، ئەو زانیارییە دەبێ من وا لێ بکا کە بژارەی پشبەستوو بە زانیاریی زۆرتر هەڵبژێرم، و هەروەها دەوڵەتیش بۆ بڕیارەکانی خۆی بەرپرسیار بکا.
ئەگەر من بتوانم ئاستی بواری تەندروستی خۆم لە ٢٤ کاتژمێری شەو و ڕۆژدا بزانم، نە تەتیا دەزانم کە ئاخۆ بوومە جێگای مەترسی بۆ خەڵکی دیکە، بەڵکو هەروەها ئەوەشم بۆ دەردەکەوێ کە کام نەریتانە یارمەتی بە تەندروستی من دەکەن. و ئەگەر بتوانم دەستم بە ئاماری جێ متمانە لە بارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕا بگا و بتوانم شەنوکەوی بکەم، دەتوانم بڕیار بدەم کە ئاخۆ دەوڵەت ڕاستییەکان بە من دەڵێ و ئاخۆ سیاسەتی دروست بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ پەتایەکە دەگرێتە بەر. هەرکات خەڵک باسی چاودێریی دەکەن، لەبیرمان بێ کە هەمان تەکنەلۆژی چاودێریی زۆر جار دەتوانێ نە تەنیا بۆ چاودێریکردنی تاکەکان لە لایەن دەوڵەتەوە کەڵکی لێوەرگیرێت، بەڵکو لە لایەن تاکەکانەوە بۆ چاودێریکردنی دەوڵەتەکان کەڵکی لێوەرگیرێت.
بۆیە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا تاقیکارییەکی مەزنی شارۆمەندانە. لە ڕۆژانی داهاتوودا، هەرکام لە ئێمە دەبێ هەڵبژێرین کە ئاخۆ متمانە بە زانیاریی زانستی و پسپۆڕانی بواری تەندروستی دەکەین یا تیۆرییە بێ بنەماکانی پیلان و سیاسەتوانە خۆویستەکان. ئەگەر ئێمە لە بڕیرادانی دروست شکست بێنین، لەوانەیە بەڵگەی بەخشینی بەنرخترین ئازادییەکانمان واژۆ بکەین، لەو باوەڕەدا کە ئەوە تەنیا ڕێگای پارێزگاریی لە تەندروستیمانە.
ئێمە پێویستیمان بە پلانێکی جیهانیی هەیە
دووهەمین بژارەی گرینگ کە ئێمە بەرەوڕووی دەبینەوە ئەوەیە کە لە نێوان تەریک کەوتنەوەی ناسیۆنالیستی و هاوپشتی جیهانیی یەکیان هەڵبژێرین. ئەوە یەکێک لە لایەنە باشەکانی مرۆڤ لە بەرامبەر ڤایرۆساندایە. ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین ناتوانن لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتە یەکگرتووەکان ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە بارەی چۆنیەتی گیرۆدە کردنی مرۆڤەکان بکەن. بەڵام چین دەتوانێ زۆر وانەی بەنرخ لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و شێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵیدا فێری وڵاتە یەکگرتووەکان بکا. ئەوەی پزیشکێکی ئیتالیایی لە میلان لە سەرەتای بەیانی بۆی دەردەکوێ لەوانەیە ئێوارێ ببێتە هۆی ڕزگار کردنی گیان لە تاران. کاتێک کە دەوڵەتی بریتانیا لە نێوان چەند سیاسەتدا بە گومانە، دەتوانێ لە لایەن کۆرەییەکانەوە ڕاوێژی بدرێتێ کە مانگێک پێش ئێستا ڕووبەڕووی هەمان کەلکەڵە بوونەوە. بەڵام بۆ ئەوەی کە ئەو شتە ڕوو بدا، ئێمە پێویستیمان بە ڕووحی جیهانیی هاوکاری و متمانەیە.
وڵات٣کان دەبێ بیانهەوێ بە ئاشکرا زانیاریی لەگەڵ یەکتر بگۆڕنەوە و بە دڵئاواڵاییەوە داوای ڕاوێژ لە یەکتر بکەن، و دەبێ بتوانن متمانە بەو زانیاریی و تێگەیشنانە بکەن کە پێیان دەدرێ. ئێمە بەهەمان شێوە پێویستمان بە هەوڵێکی جیهانیی بۆ دروستکردن و بڵاو کردنەوەی کەرەستەی پزیشکی، لە هەمووان گرینگتر ئامێری تاقیکاریی وهەناسە کێشان هەیە. لەجیاتی ئەوەی کە هەر وڵاتە بۆخۆی هەوڵی کۆکردنەوەی ئەو کەرەستانە بدا کە دەستی پێیان ڕادەگا، هەوڵێکی هاوئاهەنگی جیهانی دەتوانێ بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی بەرهەمهێنان بەرز بکاتەوە و دڵنیایی بدات کە ئامێری ڕزگاریدەری گیان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بڵاو بکرێنەوە. بە هەمان شێوە کە وڵاتان ناوەندە پیشەسازییە ستراتێژیکییەکان لە کاتی شەردا بە نەتەوەیی دەکەن، شەڕی مرۆڤایەتی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوانەیە پێویست بکا کە هێڵی بەرهەمهێنانی [ئامێری] یەکلاکەرەوە "مرۆڤانە" بکرێ. وڵاتێکی دەوڵەمەند کە ڕێژەی تووسبووانی کۆرۆنای کەمە دەبێ خوازیار بێ کە کەرەستەی بەنرخ بۆ وڵاتانی هەژارتر کە خەڵکێکی زۆرتری گیرۆدە بوون بنێرێ، و دڵنیا بێ کە ئەگەر ئەویش پێویستی بە یارمەتی بوو، وڵاتانی دیکە یارمەتی دەکەن.
لەوانەیە ئێمە بەهەمان شێوە بیر لە ستافی کەرتی پزیشکی وەک سامانی جیهانی بکەینەوە. وڵاتانێک کە ئێستا کەمتر گیرۆدەبوون دەتوانن ستافی کەرتی پزیشکی بۆ ئەو ناوچانەی دونیا بنێرن کە بە تووندی تووشبوون، هەم بۆ ئەوەی کە ئەوان لە کاتی تەنگانەدا یارمەتی بکەن، و هەر وەها بۆ ئەوەی کە ئەزموونی بەنرخ وەدەست بێنن. ئەگەر پاشان ئاراستەی پەتایەکە گۆڕا بۆ شوێنی دیکە، یارمەتییەکە بگوازرێتەوە بەرەو ئەو ناوچەیە.
هاریکاریی جیهانیی لە بواری ئابووریش گەلێک پێویستە. بەلەبەرچاو گرتنی سروشتی جیهانیی ئابووری و زنجیرەی دابینکردن، ئەگەر هەر وڵاتێک تەنیا لە فکری خۆیدا بێ و بە تەواوی ئەوانی دیکە پاشگوێ بخا، ئاکامەکەی دەبێتە هۆی قووڵتر بوونەوەی قەیران. ئێمە پێویستیمان بە پلانێکی کردەوەی جیهانیی هەیە و زۆر خێرا ئەوەمان پێویستە.
پێویستییەکی دیکەش گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی جیهانیی لەبارەی سەفەر دا هەیە. هەڵپەساردنی سەرجەم سەفەرە ناونەتەوەییەکان بۆ چەند مانگ دەبێتە هۆی دۆخێکی گەلێک دژوار، و پێش بە شەڕ دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرێ. وڵاتان پێویستیان بە هاوکارییە تا لانیکەم ڕێگا بە مسافیرە پێویستەکان بدەن کە لە سنووری وڵاتان تێپەڕ بن: زانایان، پزیشکان، هەوڵنێران، سیاسەتوانان و بازرگانان. ئەوە دەتوانێ بە گەیشتن بە رێكکەوتنێکی جیهانیی لەبارەی تاقیکاریی پزیشکی مسافیران، پێش سەفەر، لە وڵاتی خۆیان بێتە ئاراوە. ئەگەر بزانی کە تەینا مسافیری باش کۆنترؤڵکراو ڕێگای سواربوونی فڕۆکەیان پێدراوە، تۆ زۆرتر خوازیاری وەرگرتنی ئەوان لە وڵاتی خۆتی.
بەداخەوە، هەنووکە زۆر کەم ئەو کارانە دەکەن. ئفلیجییەکی گشتیی کۆمەڵگەی ناونەتەویی داگرتووە. وێدەچی هیچ گەورە ساڵێک لە ژوورەکەدا نەبێ. مرۆڤ چاوەڕوان بوو کە چەند حەوتوو پێش ئێستا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە نێوان ڕێبەرانی جیهان بۆ گەیشتن بە پلانێکی هاوبەش بۆ هەڵسوکەوتکردن بەڕیوە چووبا. تەنیا ئەو حەوتوویە بوو کە ڕێبەرانی G7 توانییان کۆنفڕانسێکی ڤیدیۆیی بەڕیوە بەرن، کە نەبووە هۆی پلانێکی ئەوتۆ.
لە قەیرانە جیهانییەکانی پێشوو، وەک قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ و پەتای ئێبۆلا لە ٢٠١٤، وڵاتە یەکگرتووەکان دەوری ڕێبەری جیهانی گرتە ئەستۆ. بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی هەنووکەیی وڵاتە یەکگرتووەکان وازی لە کاری رێبەریی هێناوە. ئەو زۆر بە ئاشکرا نیشانی داوە کە مەزنایەتی ئەمریکای گەلێک پێ لە داهاتووی مرۆڤایەتی بەلاوە گرینگترە.
ئەو بەڕیوەبەرایەتییە تەنانەت پشتی لە نزیکترین هاوپەیمانەکانیشی کردووە. کاتێک سەرجەم سەفەرەکانی لە یەکیەتی ئوروپاوە ڕاگرت، تەنانەت خۆی لە وریا کردنەوەی یەکیەتی ئوروپاش بوارد، جا چ بگا بە ڕاوێژ کردن لەگەڵ یەکیەتی ئوروپا لە بارەی گرتنە بەری ڕێگاچارەی کاریگەر. ئەو لە ئاڵمان بۆتە هۆی ئابڕووچون چونکە دەڵێن پێشنیاری دانی ١ میلیارد دۆلاری بە کۆمپانیایەکی دروستکەری دەرمان لەوێ کردووە تا مافی پاوانی پێوکتەیەکی نوێی کۆڤید-١٩ بکڕێ. تەنانەت ئەگەر ئێستا ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە کۆتاییدا هەڵوێست بگۆڕێ و پلانێکی جیهانیی پێشنیار بکا، کەم کەس وەدوای رێبەرێک دەکەون کە هەرگیز بەرپرسیاریی وەئەستۆ ناگرێ، کە هەرگیز پێ لە هەڵەکان نانی، و کە بەردەوام هەموو شانازییەکان بۆخۆی دەگێڕێتەوە و هەموو تاوانەکان داوێتە ئەستۆی ئەوانی دیکە.
ئەگەر بۆشایی بەجێماو لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە لە لایەن وڵاتانی دیکە پڕ نەکرێتەوە، نەتەنیا گەلێک دژوارتر دەبێ پێش بە پەتای هەنووکەیی بگیرێت، بەڵکو میراتەکەی دەبێتە هۆی ژاراویکردنی پێوەندییە ناونەتەوەییەکان بۆ ساڵانی داهاتوو. لەگەڵ ئەوەشدا هەر قەیرانێک، دەرفەتێکیشە. ئێمە دەبێ هیوادار بین کە ئەو پەتایە یارمەتی مرۆڤایەتی بکا کە لە مەترسی بەرچاوی ناتەبایی جیهانیی تێبگا.
مرۆڤایەتی پێویستی بە بڕیاردانە. ئاخۆ بە ڕێبازی ناتەباییدا دەڕۆین، یا ڕێگای هاوپشتی جیهانی هەڵدەبژێرین؟ ئەگەر ناتەبایی هەڵبژێرین، ئەوە نەتەنیا قەیرانەکە درێژمەوداتر دەکا، بەڵکو لەوانەیە ببێتە هۆی کارەساتی خراپتر لە داهاتوودا. ئەگەر ئێمە هاوپشتی هەڵبژێرین، ئەوە نەتەنیا دەبێتە سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا، بەڵکو دژی سەرجەم پەتا و قەیرانانەی کە لەوانەیە لە سەدەی بیست و یەکەمدا مرۆڤایەتی گیرۆدەی بێ.
* کەمبریج ئانالیتیکا کۆمپانیایەکی بریتانیایی بوو کە بە کۆکردنەوەی زانیاریی (یەکێک لە سەرچاوەکانی زانیاریی فەیسبوک بوو)، خزمەتگوزاریی پێشکەشی کڕیاران دەکرد تا کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردن لە وڵاتانی جیاواز بێ.

وەرگێرانی: کەماڵ حەسەن‌پوور

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد