kamal_hassanpour.jpgوەرگێران: کەماڵ حەسەنپوور
کاتێک کە سەرۆک کۆمار بینیامین نەتانیاهو درەنگانێکی شەوی سێشەممە ڕایگەیاند کە سەرۆکی موساد،

یوسی کۆهەن بەرپرسایەتی هەوڵەکان بۆ کڕینی کەرەستەی پزیشکی لە دەروەی وڵات دەگرێتە ئەستۆ، نەبووە هۆی سەرسوڕمانێکی زۆر.

هەر حەوتووی ڕابردوو، کۆهەن لە هاوردە کردنی ١٠٠ هەزار ئامێری تاقیگەییدا سەرکەوتوو بوو و نزیکەی چوار میلیۆنی دیکە بەڕێوەن.

ئورشەلیم پۆست ئەو کاتی بۆی دەرکەوت کە ئامێرەکان لە وڵاتانێک کڕاون کە پێوەندیی دیپلۆماتیکیان لەگەڵ ئیسڕائیل نییە (دوایە ئەلجەزیرە ئاشکرای کرد کە وڵاتانی عەڕەبی میانڕەوی کەنداوی فارسن)، یەکێک لەو هۆیانە بووە کە بۆچی موساد ئەو ئەرکەی بەڕێوە بردوە.

لەو کاتییەوە، کڕینی سەرسوڕهێنەری دیکەی کەرەستەی پزیشکی لە لایەن کۆهەن و موساد بەڕێوە چوون، چونکە ئەو ڕێکخراوە هەواڵگرییە دەستی بە گشت دونیا ڕادەگا و بەربەستەکان لە هەموو ڕێکخراوەکانی دیکەی ئیسڕائیلی باشتر دەبڕێ. هەر بۆیە جێی سەرسوڕمان نییە کە نەتانیاهو بۆچی بۆ ئەرکێک کە گرینگییەکی لە ڕاددەبەدەری هەیە ڕوو لە کۆهەن دەکا، چونکە سەرۆکی موساد چەند ساڵە کاری دراماتیک و سەرسوڕهێنەری دژی ئێران بەڕێوە بردوون.

تەنانەت کاتێک کە کۆهەن بەرەوڕووی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتەوە، وێدەچێ ئەو ئامادە بوون بۆ “ڕۆژی دواتر” و پێشهاتەکانی ئەوکاتی پاشگوێ ناخا، چونکە هەموو ئالنگارییەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی کە بەرەوڕووی ئیسڕائیل دەبنەوە، بە تایبەتی ئێران، مەترسی جیددین. وا مەزەندە دەکرێ کە ڕوانگەی سەرۆکی موساد ئەوە بێ کە تەنانەت هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دێنە ئاراوە، زۆربەی ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی هەڵسوڕانی دونیا و ڕکەبەرییە درێژخایەنەکان لە نێوان نەتەوەکاندا بەردەوام دەبن.

شوێنهەڵگرتن و پێشگرتن بە پرۆگرامی ئەتۆمی و چالاکییە تێرۆریستییەکانی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناڤین، هەروا ئامانجە سەرەکییەکانی کۆهەن دەمێننەوە.

هەنووکە هەڕەشەی کۆماری ئیسلامیی لەسەر ئیسڕائیل چەندە؟ ژمارەکان و بەروارەکان بۆ ئەو باسە یارمەتیدەرن.

لە ١٤ی ژانوییە، سەرۆکی هێزە بەرگریکارەکانی ئیسڕائیل، فەرماندەی گشتیی ژەنڕاڵ ئاڤیڤ کۆچاڤی گوتی کە ئێران تا پێش مانگی دێسامبر ئۆرانیۆمی پیتێنراوی پێویست بۆ موشەکێکی ئەتۆمی (نزیکەی ١٠٠٠ کیلۆ) نابێ، و پێویستی بە ساڵێکی دیکەیە تا بتوانێ موشەکەکە باوێ.

لە ٤ی مارس، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە ئایەتوڵڵاکان هەرئێستا هێندە ئۆرانیۆمی پیتێنراو بە پلەی نزمیان هەیە کە بتوانن ۵،١ بۆمبی ئەتۆمی پێ دروست بکەن، ئەگەر بیانهەوێ ئەو ئۆرانیۆمە بۆ ئاستی چەکی ئەتۆمی بپیتێنن. پێشگۆیی هێزە بەرگریکارەکانی ئیسڕائیڵ چەندە هەڵە بوو، و بۆ ئیسڕائیل لە ئاست تێپەڕ بوونی ئێران لە هێڵێکی سەرەکیی هێندە بێدەنگە؟

جوابی ئەو پرسیارە لە چەند بەش پێک هاتوە.

پێشتریش، کۆهەن و بەشێکی دیکە لە کاربەدەستانی ئاسایشی نەتەوەیی باسی ئەوەیان کردووە کە هێزە بەرگریکارەکانی ئیسڕائیل پێی وایە کە ئێران هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە، بەڵام ئێرانی ئەتۆمی کەمتر لە موساد و نەتانیاهو وەک هەڕەشەیەکی دەستبەجێ دەبینێ. ئەوە لەگەڵ وتارە یەک لە دوای یەکەکانی بەرپرسانی هێزە بەرگریکارەکانی ئیسڕائیل یەک دەگرێتەوە کە حیزبوڵڵا وەک مەزنترین هەڕەشە لە کورتخایەندا ناو دەبەن.

لە پێوەندیی لەگەڵ هاوتەریبی لەگەڵ نەتانیاهودا، کۆهەن وێدەچێ زۆر ڕوانگەی سەربەخۆ و تاکەکەسی هەبن، بەڵام وا هەڵکەوتوە کە ئەو و نەتانیاهو لەبارەی هەڕەشەی ئێران بۆچوونی هاوبەشیان هەبێ. کۆهەن لە وتاری گشتییدا گوتویەتی کە ئێران دەیهەوێ کاریگەریی لەسەر دونیا هەبێ و هێژمۆنی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە دەستەوە بگرێ، و هەندێک نیشانە هەن کە دەریدەخەن کە کۆهەن پێی‌وایە لەوانەیە قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو هەڕەشەیەی وەدوا خستبێ، بەڵام کەمی نەکردۆتەوە.

بەشێک لە جیاوازیی هێزە بەرگریکارەکانی ئیسڕائیل و موساد لە بارەی ئێران لەوە دایە کە موساد، تەنانەت لە کاتێکدا کە ئەرکی جیهانیی هەیە، جەختی سەرەکیی و سامانەکانی بۆ شوێنهەڵگرتن و بەربەرەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی تەرخان کردوە (لە ناویاندا لە سووریە). بە پێچەوانە، سامانەکانی هێزە بەرگریکارەکانی ئیسڕائیل لە نێوان حەماس، حیزبوڵڵا، کەرتی خۆرئاوا و هەڕەشەی جۆراجۆری دیکە لە گەڵ ئێران دابەش بووبن. بەشێکی دیکە لە جوابی ئەوەی کە بۆچی نە تەنیا هێزە بەرگریکارەکانی ئیسڕائیل لە تێپەڕ کردنی هێڵی پیتاندنی ئۆرانیۆم بە پلەی نزم لە لایەن ئێران بێدەنگ بوو، بەڵکوو نەتانیاهوش بێدەنگ بوو ئەوەیە کە هیچکام لە دامودەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسڕائیل پێیان‌ وانییە کە ئێران، تا ئێستا، گەیشتبێتە ئەو بڕیارە کە بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێ.

وێدەچی کۆهەن بڵێ کە بڕیارێکی ئەوتۆ خاڵێکی وەرسووڕانی یەکلاکەرەوە دەبێ بۆ ئیسڕائیل، تەنانەت ئەگەر ئێران ئامادەی هاویشتنی موشەکێکی ئەوتۆش نەبێ. بە ڕاستی ئیسڕائیل چۆن، بە لەبەرچاو گرتنی ئەوە کە ئایەتوڵڵا فێڵبازەکان ئەو شتە بە ئاشکرا ڕاناگەیەنن، دەتوانێ هەڵسەنگاندن بۆ کاتی بڕیاری ئێران بکا؟ وا دێتە بەرچاو کە موساد تەنیا نەڕوانێتە نیشانەیەک.

لەجیاتان، جگە لە چاودێریی و کۆکردنەوەی زانیاری، چەند جۆر فاکتەری دیکەش هەن وەک گۆڕینی ئورانیۆم لە پلەی نەزمی پیتێنران بۆ پلەی بەرزتر، یا وەدەرنانی پشکێنەرانی ئاژانسی ناونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی و شتی دیکە، کە وێدەچی موساد بگەیەنێتە ئاکامی مەبەستەکانی ئێران.

لە هەندێک ڕوانگەوە، پرسی دەستنیشانکردنی ئەو ساتەوەختە لە وانەیە بۆ کۆهەن کەمتر لە خۆ ئامادە کردنی پێشوەختە گرینگ بێ.

بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە، وێدەچێ ڕوانگەی موساد ئەوە بێ کە بۆ سەرکەوتوویی هێرشێکی پێشگیرانەی ئەوتۆ لە بواری ئۆپەراسیۆنی و سیاسییەوە، لە پێشدا پلاندانانی پێشکەتووی بەربڵاو و ڕاهێنان پێویست بێ. کاتێک کە ئێران بڕیاری کۆتایی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بدا، ئیسڕائیل ساڵێکی تەواوی بۆ ڕێکخستنی هەموو شتێک نابێ.

ئەو لەوانەیە ددان بەوە دابنێ کە هەڵوێستی ناوبراو هێرشبەرانەیە، بەڵام ئەو پێت دەڵێ کە هەڕەشەکە لە خەڵکی دیکە ئاشکراتر دەبینێ و وا نانوێنێ کە دۆخەکە سەقامگیرە.

کۆهەن پشتگەرمە و هەست بە سەلمێنرانی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووی لە لایەن ڕاپۆرتی مانگی مارسی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی دەکا. بەڵگەی ئەو مەسەلە ئەوەیە کە ئاژانسی ئەتۆمی هەموو ئەو زانیارییە سیخوڕییانەیان لەبەرچاو گرتن کە موساد لە ئۆپەراسیۆنی مێژوویی ژانوییەی ٢٠١٨ لە نێو جەرگەی تاران گەلێک لە نهێنییەکانی ئەتۆمییان وەدەست هێنا. ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی ئاشکرابوونی ئەوە کە ئێران هەوڵی شاردنەوەی کام لایەنی بەرنامەی مۆشەکی ئەتۆمی لە ئاژانسی ناونەتەوەیی وزە ئەتۆمی داوە. ئەو بە هەمان شێوە ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامیی کەرەستەی ئەتۆمی لە شوێنێک بە نێوی تورقوزاباد شاردۆتەوە. وێدەچێ کۆهەن ببینێ کە ئەو ئاشکرا کردنانە شتێکی دەست پێکردوە کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە و تاران بخاتە سەر ڕێگای پێکدادان. یەکتر تۆمەتبار کردنە ئاشکراکانی ئەو دواییانەی ئاژانسی ناونەتەوەیی وزە و ئێران، دوای خۆبواردنی ئایەتوڵڵاکان لە ڕێگەپێدانی ئاژانس بۆ دەستڕاگەیشتن بە هەندێک شوێنی جێگەی گومان کە موساد ئاشکرای کردبوون، چڕتر بوونەوە.

لە سێپتامبری ٢٠١٩، ئورشەلیم پۆست ئاشکرای کرد کە مەزنترین دەستکەوتی موساد لە ئۆپەراسیۆنی ژانوییەی ٢٠١٨، ئەوە بووە کە نەخشەی ئەو پێگەیانە ئاشکرا بکا کە ئێران ویستوویەتی لەوێدا لایەنەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بشارێتەوە. لەوانەیە کۆهەن بڵێ کە سەرۆکی نوێی ئاژانسی ناونەتەوەیی وزە، ڕافائێل ماریانۆ گرۆسی، بۆ زەخت خستنە سەر ئێران تا ئەرکە نێونەتەوەییەکانی بەجێ بێنی، زۆرتر لە سەرۆکی پێش خۆی، یوکییا ئامانۆ، شایانی پێزانینە.

گرۆسی ئامادەیە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی بەرپرسیارییەکانی پێشێل بکا، دژکردەوەی هەبێ. بە پێچەوانە، ئامانۆ هەوڵی دەدا خۆ لە کێشە لەگەڵ ئێران لەسەر ڕێککەوتنی بەرجام، تا ئەوکاتەی کە ئێران ڕێگا بە پشکنینەکانی ئاژانس بدا، بپارێزێ. هەرچۆنێک بێ، ئامانۆ بۆخۆی ڕێککەوتنەکەی واژۆ کردبوو.

کۆهەن وا بیر دەکاتەوە کە لەبەر قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێران ناتوانێ بە هەمان خێرایی لە پیتاندنی ئۆرانیۆم و بەشە پێوەندیدارەکانی دیکەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەردەوام بێ. ئەو وێدەچێ پێی وابێ کە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە تووندترین شێوە گیرۆدەی ئەو قەیرانە بووبێ و هیچ شوێنێکی ئەو وڵاتە و بەڕێوەبەرییەکەی، لە نێویاندا پسپۆڕە ئەتۆمییەکانی ئێران، نییە کە لەوە پارێزراو بن. بە گوێرەی ئەو بیرۆکەیە، تێکەڵاوی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ گەمارۆ بەربڵاوەکان کە پێش سەرهەڵدانی ئەو قەیرانە ئێرانیان چەماندبۆوە، توانایی ئەوەی هەیە کە ببێتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر سەقامگیریی ڕێژیم کە تا ئێستا بەرەوڕووی بۆتەوە. کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئیسڕائیل لەسەر ئەو بڕوایەیە کە قەیرانەکە لەوەی خراپترە کە کاربەدەستان باسی دەکەن، لە کاتێکدا کە ئەوان هەر ئێستا وێنەی مەرگەسات و گیرۆدەبوونێکی مەترسیداریان باس کردوە. بەڵام، موساد بۆ هەر شێوە هەڕەشەیەکی ئێرانی کە لە قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا سەرهەڵدا ئامادەیە.

کوشتنی سولەیمانی

ناکرێ باسی شتی پێوەندیدار بە ئێران، بێ ئاماژە کردن بە کاریگەریی کوشتنی قاسم سولەیمانی سەرۆکی سپای قودس لە ١٣ی ژانوییە لە لایەن ئەمریکاوە بکەی. بەڵام بۆچی هەر وڵاتە یەکگرتووەکان؟

لە نێوەڕاستی ژانوییە، ئێن بی سی ڕایگەیاند کە ئیسڕائیل لە بە ئامانجگرتن و کوشتنی “قاسم سولەیمانی”دا یارمەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی داوە، ڕاپۆرتێک کە ناڕاستەوخۆ لە لایەن وەزیری بەرگریی پێشوو، ئاڤیگدۆر لیبەرمەن، پشتڕاست کرایەوە.

ئورشەلیم پۆست تێدەگا کە زۆر شتی دیکەش، جگە لەوەی کە ئەو ڕاپۆرتانە ئاشکرایان کردوە هەن، بەڵام لە بەرژەوەندیی ئیسڕائیلدایە کە تێوەگلانی خۆی لەو مەسەلەدا کم نیشان بدا، هەر وەک ئەو کارەی کە نزیکەی ١٠ ساڵ لەبارەی هێرشی خۆی بۆ سەر ڕێیاکتۆرە ئەتۆمییەکەی سووریە کردی. لەگەڵ ئەوەشدا، بێ ئەوەی کە شتی زیاتر ئاشکرا بکا، نیویۆرک تایمز باسی ئەوەی کردوە کە دەزگای هەواڵگڕیی ئیسڕائیل لە ٢٠١٨ بە وڵاتە یەکگرتووەکانی گوتوە کە سولەیمانی خەریکی کۆکردنەوەی موشەکی دوورهاوێژ و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کوشندە لە عێراق کۆ کردوونەوە تا بەرەیەکی نوێی بەوەکالەت دژی ئیسڕائیل بکاتەوە. ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکا کە کاربەدەستانی ئیسڕائیل لە پێوەندیی لەگەڵ سولەیمانی زۆر پێش ٢٠٢٠ لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان کاریان کردووە.

سپای پاسداران دوای سولەیمانی

هەڵوێستی ئیسڕائیل بەرامبەر بە سوپای قودسی دوای سولەیمانی چییە؟ جێگرەوەی سولەیمانی، ژەنڕاڵ ئیسماعیل قائانی، وەک ئەستێرەیەک یا هەڕەشەیەکی وەک سولەیمانی سەیر ناکرێ، هەم لەبەر پێشینەی ناوبراو وەک کەسێکی پشت شانۆ و یاریدەدەری سولەیمانی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ و لەبەر ئەوە کە شارەزایی کەمتری لەسەر ئیسڕائیل و ئۆپەراسیۆنەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. قائانی بەشێکی بەرچاوی تەمەنی کاریی خۆی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران لە پاکستان و ئەفغانستان تێپەڕ کردوە، ئەگەرچی ئەو زۆر سەرقاڵی گواستنەوەی میلیشیا شیعەکانی ئەفغانستان بۆ شەڕی سووریە و یەمەن بووە. بەپێچەوانە، سەید محەممەد حوسێنزادە حیجازی، کە پلەکەی بۆ جێگرەوەی قائانی بەرز کراویەوە، وەک هەڕەشەیەکی زۆر جیددیتر سەیر دەکرێ. هۆیەکەی هەم ناوبانگی ناوبراو وەک کەسێکی چالاکتر لەناو سپای پاسداراندا و هەر وەها تێوەگلانی قووڵی ناوبراو لە بەرزکردنەوەی ئاستی هەنگێویی موشەکەکانی حیزبوڵڵا بۆ کەڵکوەرگرتن دژی ئیسڕائیلە. لەگەل ئەوەشدا، سولەیمانی وەک کەسێک سەیر دەکرێ کە کەس ناتوانێ جێگای بگرێتەوە، و بوونی قائانی وەک سەرۆکی نوێ، چاوەڕوان دەکرێ دەسەڵات و توانایی سپای قودس، لە هەلومەرجی مەترسیداردا کەم کردبێتەوە.

بۆ پشتیوانی لە دانی پارە لەلایەن قەتەر بە حەماس دەکرێ؟

شوێنێکی سەرەکیی دیکەش کە ناوی کۆهەن دێتە بەرباس زانیاریی ئاشکرابوو لە لایەن لیبەرمەن لەبارەی تێوەگلانی کۆهەن لە ڕێکخستنی بەردەوامیی چوونی پارە لە قەتەر بۆ پێشگرتن لە تێکڕمانی ئابووری غەززەیە. لەوانەیە کۆهەن بە درکاندنی لیبەرمەن سەرسام نەبووبێ، بەڵام پرسیارەکە لە جێی خۆیدایە کە بۆچی موساد وا ڕاستەوخۆ لە وتووێژەکان بۆ دابینکردنی پارە بۆ غەززە، کە لە لایەن حەماسەوە بەڕێوە دەچێ، تێوەگلاوە.

سێ وشە بۆ جوابی ئەو پرسیارە هەن: ئیسڕائیل بێدەنگیی دەوێ. پارەی قەتەر بۆ ئەوە نییە کە لەگەڵ حەماس وەک هەڕەشەیەکی سەربازی مامەڵە بکرێ. پارەکە پێوەندی بە ئابووری غەززە بە شێوەیەکی بەربڵاوتر هەیە، تا پێش بەوە بگیرێت کە حەماس هێندە بێ دەرەتان نەبێ کە بە هۆی زەختی ئابووری دەست بە شەڕ بکا، تەنانەت لە کاتێکدا کە شەڕی نەوێ.

سەرۆکی موساد وێدەچێ لایەنگری بۆچوونێک بێ کە پارەی قەتەر بە هەڕەشەی سەربازیی حەماس نەبسترێتەوە، هەڕەشەیەک کە تەنیا بە هێزی سەربازیی ئیسڕائیل جێبەجێ نابێ. هەرکەسێک کە ڕوانگەیەکی دیکەی هەبێ لەوانەیە موساد وەک کەسێکی عەوداڵی ئەفسانە سەیری بکا. وێدەچێ کۆهەن لایەنگری درێژەپێدان بە ڕێککەوتنی هێمنی-لەبەرامبەر-هێمنی لەگەڵ حەماس دابێ، کە هەر شێوە توندوتیژییەک لە لایەن ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە بە تووندی وەڵام بداتەوە، هاوکات تا ئەو کاتەی هێمنی بەردەوامە دەرفەتی ئابووری زیاتر بۆ غەززە بڕەخسێنێ.

سودان

موساد لە ڕادەبەدەر شانازی بە پێشوەچوونە مێژوویی و سەرسوڕهێنەری پێوەندیی سیاسی نێوان ئیسڕائیل و سودان دەکا. ئەگەرچی نەتانیاهو زۆربەی پێزانینە گشتییەکانی بە نسیب بووە و شیاویشیەتی، بەڵام سەرکەوتنەکە بەرهەمی دوو فاکتەری دیکەش بوو. هەوڵی بەردەوامی کۆهەن، کە تا دوایین هەوڵی سەرکەوتوو، بێ ئاکام مابوونەوە و باسیان لێوە نەکرابوو هۆی سەرەکیی بوو. شیاو بوونی کات بۆ لایەنی سودانی هۆیەکی مەزنی دیکە بوو. بەڵام جارێکی دیکە، کۆهەن وەک کلیلەی جێبەجێ کردنی پرسێکی ئاڵۆز بۆ وڵات دەرکەوت.

کاریگەریی کۆرۆنا لەسەر ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکان

لەو کاتەدا زەختێکی نائاسایی کەوتۆتە سەر دەزگا هەواڵگرییەکان بە موسادیشەوە. چونکە هەموو لێوەشاوەیی و تاکتیکە ژیرانەکانی دونیا ناتوانن لە بەرامبەر هەڕەشە بایۆلۆژیکییەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پارێزگاریی لە سیخوڕان لە چوار گۆشەی جیهان بکەن. هەڵبەت، سیخوڕ دەبێ زۆرتریش لەبارەی چوونە دەر لە ماڵەوە وریا بێ، بەڵام هەندێک چالاکیی سیخوڕیی پێویستە هەڵپەسێردرێن.

لەوانەیە کۆهەن بڵێ کە موساد خۆی وەک هەر دەزگا هەواڵگرییەکی باش لە کاتی دۆخی ئالنگاریکەردا دەگونجێنێ، و لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێ دەوری خۆی ببینێ.

هاوکاریی هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل

موساد لە ئاڵوگۆڕەکانی ئەو دواییانەی کۆمەڵگەی هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان، دوای ئەوەی کە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دۆنالد ترامپ، جۆزەف مەکگوایەری لەسەر کار لابرد و ڕیچارد گرەنەلی وەک بەرێوەبەری کاربەڕێکەری هەواڵگریی نەتەوەیی دەستنیشان کرد، لە کاتێکدا کە جان ڕاتکلیفی وەک جێگرەوەی گرەنەل ناوزەد کرد نیگەران نییە. هەردوو گرەنەل و ڕاتکلیف لە لایەن ڕەخنەگرە ئەمریکاییەکانی ترامپ لە نێو کۆمەڵگەی هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکاندا کەوتوونە بەر هێرشی ڕەخنەی وەک لێنەهاتوو، دەستنیشانکراوی سیاسی کە بە ئاشکرا خۆ لە پرۆسە هەواڵگرییەکان هەڵدەقوتێنن کە بەپێی نەریت ئەرکی کاربەدەستە ناسیاسیەکانی دەزگای هەواڵگرین.

بۆ کۆهەن، کە پێوەندیی تاکەکەسی گەلێک باشی لەگەڵ سەرۆکی سی ئای ئەی جینا هاسپەل، وەزیری کاروباری دەرەوە مایک پۆمپێئۆ و تەنانەت خودی ترامپ هەیە، بەو مانایەیە کە بەرژەوەندی هەواڵگریی دوولایەنە لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕووبەڕووبوونەوە ناوخۆییە سیاسییەکانی واشینگتۆن دەپارێزرێ. کۆهەن هەروەها لە چەند پلاتفۆرمی جیاوازدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە ئاشکرا گوتوویەتی کە خولیای کاری سیاسی لە داهاتوودا هەیە.

لە نێوان ئێران، سودان و ئێستا دەوری بەرچاوی لە شەڕ دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاتێک کە نۆبەی بێ، ئەو کارنامەیەکی دوورودرێژی پێدەبێ بۆ هەر کارێک کە داوای بکا.

***

ئورشەلیم پۆست – یوناح جێرێمی باب