7shimiabarani sardasht1 ی پووشپه‌ڕه‌، ئێواره‌یه‌ ، ورده‌ ، ورده‌ سێبه‌ری گرده‌ سوور خه‌ریكه‌ به‌ سه‌ر شاردا ده‌كشێ و، نه‌رم، نه‌رم كزه‌ی فێنكی شنه‌ بای شه‌ماڵ دێ و، گه‌رووی مندڵه‌كان پڕ ،پڕ له‌ قاقای پێكه‌نینه‌و،له‌خۆشی و شادیان مه‌لایكه‌ سه‌یریان ده‌كه‌ن .ئێواره‌یه ، پۆل، پۆل لاوانی شار، كوڕو كچ له‌ سه‌رچاوێ دێن و

ده‌چن و له‌ ماسیه‌ سه‌ر باڵ سپیه‌كان راماون و، هه‌موویان چاویان له‌ چاوی تیژی یه‌كتر و ماسیه‌كان بڕیوه‌ و، رازو نیازی دڵیان له‌ گه‌ڵ ده‌كه‌ن و. ماسیه‌كانیش له‌ شادی ئه‌وان له‌نگه‌ریان گرتوه‌ و گوێیان بۆ راز نیازه‌كانیان راداشتووه‌ و، ده‌یانهه‌وێ به‌قه‌درجوانی كیژ و كورانی ده‌م سه‌رچاوی جوان بن.

ئێواره‌یه‌، هێدی، هێدی داره‌كانی دۆڵی مه‌سێس و، ره‌زی جۆلا و، شیوه‌ برایمه‌، ده‌لارێن و، بۆ ‌ جوانی شار، زكری ده‌كه‌ن. ئێواره‌یه‌، باڵنده‌كان له‌ لانه‌یان هاتوونه‌ ده‌ر و ده‌ڵێی هه‌واڵێكیان پییه‌ و به‌ ده‌یان زمان ده‌خوین و به‌ سه‌ر ئاسمانی سه‌ر شاردا دین و ده‌چن و كه‌سیان تی ناگات. ئێواره‌یه‌ ، كابانی ماڵ چاوه‌ روانی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆشه‌ویستانیه‌تی كه‌ به‌ره‌ و ماڵ بگه‌ڕێنه‌وه‌ و، كۆڕی خۆشه‌ویستی ببه‌ستن. ئێواره‌یه‌ و، شار له‌ خه‌ڵك مه‌وجان ده‌دا و، ده‌نگی خه‌ڵك و په‌ڵه‌وه‌ره‌كان تێكه‌ڵ به‌ یه‌كتر بووه‌ و، شار به‌ گشتی بۆته‌ به‌هه‌شتێكی ته‌واو.

ئێواره‌یه‌، بووكی تازه‌ به‌مراد گه‌یشتوو چاوه‌روانی خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌تی و چركه‌كان ده‌ژمیرێ وهه‌ر چاوه‌، چاویه‌تی كه‌، كه‌ی به‌ره‌ و ماڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و تاسه‌ی چه‌ند سات دووریه‌كانی ی پێ بڕه‌وێنێ . ئێواره‌یه‌، كاكی كرێكار به‌ ماندوویی ونێو چاوان و شان و شه‌پیلكی ئاره‌قاوی به‌ره‌و ماڵ ومنداڵی ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ تا بێ خه‌م لای خۆشه‌ویستانی ماندووبوون له‌ گیانی ده‌ركات وتێر، تێر ، بۆی وه‌حه‌سێ. ئێواره‌یه‌، ده‌رگای مه‌كته‌به‌كان كراوه‌نه‌وه‌ و مامۆستا و قوتابیه‌كان ماڵاوایی له‌ یه‌ك ده‌خوازن و، هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ سه‌دان ئاوات و خۆزگه‌وه‌ وئارزۆو ئومیده‌وه‌ به‌ره‌و ماڵیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌. ئێواره‌یه‌، برای دوكاندار متره‌كه‌ی داناو وده‌رابه‌ی دووكانه‌كه‌ی داخستوه‌ و،كاكی جوتیاریش جووت به‌ردا و، پاڵه‌ به‌ره‌و ماڵ خۆیان ساز داوه‌ و، هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ هه‌زار خایله‌وه‌ رێگه یان‌ گرتۆته‌به‌ر و، نه‌رم نه‌رم هه‌نگاو ده‌نێن و به‌لێوی پڕ له‌ زه‌رده‌وه‌ بۆ ناو كۆڕی بنه‌ماله‌كانیان راده‌خوشن.

ئێواره‌یه‌ ، شادی له‌ شار نیشتوه‌ و، شار هێنده‌ جوانه‌ گوڵی لێده‌باری و ،په‌ریزاده‌ پێده‌كه‌ن و، سه‌رچاوی ده‌نگ ده‌داته‌وه‌ و،گرده‌ سوور چۆپی گرتوه‌. ئێواره‌یه‌، كیژانی چاوبه‌ڵه‌كی شارپیكه‌نین له‌ ده‌میان ده‌بارێ و، زه‌رده‌ له‌ سه‌ر لێویان هه‌ڵپه‌ڕكه‌ی گرتوه‌.ئێواره‌یه، چاو له‌ ئاستی جوانی شار كز و داماوه‌ و، سه‌رچاوێ پێده‌كه‌نێ و، له‌ خۆشیانیش گرده‌ سوور قاقایه‌تی. ئێواره‌یه‌، شێخ مه‌ولانه‌ له‌ گۆڕ هاتۆته‌ ده‌ر و، له‌ جوانی كوڕ و كچانی شاره‌كه‌ی ده‌ڕوانی و، به‌ پێكه‌نینی منداله‌ ساواكانی ناو لانكه‌ی شاره‌كه‌ی، مه‌ست مه‌سته‌.

ئێواره‌یه‌، رووحی ئاواره‌ له‌ كه‌نكان هه‌ستاوه‌و ، به‌ سه‌ر شاردا ده‌گه‌ڕێ و، له‌شادی و خۆشی خه‌ڵك و ره‌شبه‌ڵه‌كی كیژ و كوڕه‌ به‌ ئاوات گه‌یشتوه‌كانی شاره‌كه‌ی شاده‌ و، ورده‌، ورده‌ ده‌روانی و بیری ئازادیخوازی و مرۆڤ دۆستی به‌ سه‌ر شار و لاوانی دا ده‌چینی. به‌ڵام،نه‌ك جارێك، هه‌زار جارداخه‌كه‌م، له‌و ئێواره‌دا، بیرێكی ره‌ش، بڕیارێكی كۆنه‌ په‌رستانه‌ و دوور له‌ ئه‌خلاقی مرۆڤایه‌تی دا و ، چه‌ند فرۆكه‌ی شه‌ركه‌ری و بۆمب هه‌لگرتووی كیمیایی رێژیمی به‌عثی عیراق ، گه‌یشتنه‌ سه‌ر شار و، وه‌ك هه‌ورێكی ره‌ش و چڵكن، گرماندیان و، زۆر بی رووحمانه‌، شار، شاری سه‌رده‌شت، شاری سه‌وزیان، كیمیا باران كرد .

له‌م ئێواره‌ دا، منداڵه‌ ساواكان له‌ باوه‌شی دایكان فڕیندران ، بزه‌ی سه‌ر لێوی منداڵانی سه‌ر لانكه‌، تاراندرا. له‌و ئێواره‌ دا، دڵی ماسیه‌ باڵ سپیه‌كانی سه‌ر چاوی هه‌ڵدڕ هه‌ڵدركرا، له‌م ئێواره‌ دا، بزه‌ی پیكه‌نینی كیژ و كورانی شاری سه‌رده‌شت كوژرا.

له‌م ئێواره‌ دا، خه‌ون و خه‌ێالی پێك گه‌یشتنی كچ و كوڕانی شار نارده‌ ژێر گڵ و، په‌نجه‌ شلك و نه‌رمه‌كان وئاڵقه‌ی زاواو بووكێنی به‌ چه‌كه‌ كیمیایه‌كانی دوژمنانی هه‌ڵوه‌رین و، سه‌ر روومه‌ت و پاك جه‌سته‌ی كیژ و كوڕ و منداڵ و پیر و په‌ك كه‌وتوه‌كانی شار، داخ و كون كون كران.

له‌و ئێواره‌ دا، جه‌سته‌ی كرێكار و، مامۆستاو، دووكاندار و، بازاری و، پاڵه‌ وجووتیار و سه‌پان وسێكبه‌ران، سووتێندرا وجه‌رگیان كون كون كرا و ئاگر له‌ گشت شار به‌ردرا و،جه‌سته‌ شلك و ناسكه‌كان كه‌وتنه‌ سه‌ر زه‌وی و سووتان.

له‌و ئێواره‌ دا، به‌ هه‌زاران، هه‌زار دڵ خه‌میان رێنیشت و،داخورپان و،كه‌س ئاگای له‌ كه‌س نه‌ما، كوچه‌ و كۆلان و شه‌قامه‌كانی شار پڕ بوون له‌ جه‌نازه‌ی شیواو و، سووتاو و، بێ گیان و، هه‌زار گوڵ هه‌ڵوه‌رین و، به‌ هه‌زارانیش برینیان هه‌ڵگرت كه‌ ئێستاش زۆر له‌وان برینیان ساریژ نه‌بوونه‌وه‌ و، به‌و زامانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

له‌و ئێواره‌ دا، شاری سه‌رده‌شت گریاو، ره‌شی پۆشی و، گرده‌ سوور له ‌تاونی چه‌می و، سووجده‌ی بۆ ته‌رمی بێ گیان و سووتاوی گشت منداله‌ ساوا و، نه‌باڵقه‌كان و،جوانه‌كان وگشت خه‌لكی سووتاو و، غه‌مینی شار برد.

له‌و ئێواره‌ دا، داره‌كانی دۆڵی مه‌سێس سه‌ریان بۆ كه‌شكه‌شان هه‌ڵبڕی و، شكایه‌تی ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یان گه‌یانده‌ كۆر و كۆمه‌ڵه‌ به‌شه‌ر دۆسته‌كان و،مه‌زلوومیه‌تی خه‌ڵكی شاری سه‌رده‌شتیان نیشانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی دا وكزه‌ له‌ دڵی ئینسان دۆسته‌كان هه‌ستا .

shimiabarani sardasht4له‌و ئێواره‌ دا، سه‌رچاوێ بانگی گریانی لێداو، بانگی له‌ كچانی رووسوورو، كوڕانی به‌ هیمه‌ت و، پیرانی به‌ ساڵدا چووی گاز گرتوو كرد و، گوتی: هۆ ئازیزانم ، ئێوه‌ نه‌مردوون ونامرن و،تا من زیندوو بم، ناهێلم ناوتان ون بێت و ئه‌م تاوانه‌ له‌ مێژووی شار و نه‌ته‌وه‌ی كورد دا بسڕێته‌وه‌ و، سه‌رئه‌نجام دوژمنانتان به‌و ئاوه‌ی من كه‌ ئێوه‌ی پێ شۆردراوه‌، ده‌خنكێنم وناهێلم ئه‌و كوڕ و كچانه‌ی به‌ ته‌ڕی من لێویان ته‌ر كردوه‌ و تینوه‌تیان شكاندوه‌، ئێوه‌ له‌ بیر بكه‌ن.

له‌م ئێواره‌ دا، چۆمی كه‌ڵوێ له‌ تاوی شاری سه‌رده‌شت له‌نگه‌ری گرت تاجه‌ستی گیان ده‌رچوه‌كان بشوات و، ژه‌هری زام هه‌ڵگرتوه‌كان بسڕێ ، له‌و كاته‌ دا بانگی له‌ مه‌شغه‌ڵ به‌ ده‌ستانی بیری مرۆڤ په‌روه‌ری كرد كه‌ سه‌یری تاوانی ده‌ستی دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌و شاره‌دا بكه‌ن و....؟؟؟

له‌و ئێواره‌ دا، گرده‌سووربانگی له‌ باژاڕ و، نۆڕی و، هۆمل و، ته‌رخان و، مه‌یدان چۆغه‌ و، گه‌رده‌نه‌ی زمزیران و، برایم جه‌ڵاڵ و، چوار به‌رده‌ و ، قوتكی كاكه‌ ره‌شی و، خاڵه‌باد و، فێره‌گ و، سپی ریز و،سه‌ری گۆمی و، سه‌رچاوه‌ی ره‌سوه‌ شیتی و، دووكانان و ،لانك و، گیار ه‌نگ كرد و، هه‌واڵی بریندار بوونی شاری سه‌رده‌شتی پێدان و، رووداوه‌ تاڵه‌كه‌ی له‌ داردرانی مامۆستا مه‌لا ئاواره‌ی نه‌مر و هاورێیانی و كۆچی سووری رێبوار و گشت شه‌هیده‌كانی سه‌رده‌شتی بیر هێنانه‌وه‌ .

له‌و ئێواره‌ دا، دڵ سووتان، فرمێسك رژان، گۆشتی مرۆڤه‌كان برژا ، گریان و ناڵه‌ی خه‌ڵكی شار، گه‌یشته‌ ئاسمان و، دوژمنی خوێڕی پیكه‌نی. له‌م ئێواره‌ دا، رووناكی شار نه‌ماو، گوڵۆپه‌كان كوژانه‌وه‌ و، شار تاریكی به‌ سه‌رداهات و ، چاو چاوی نه‌دی.

ئه‌م ئێواره‌ چه‌ند ناخۆش بوو، دایك ده‌گریا بۆمنالی و، منداڵ ده‌گریا بۆ دایكی، دایك ده‌گریا بۆ كوڕی گه‌نجی و، لاوان ده‌گریان بۆ دایكیان و، هه‌ر كاكه‌ رۆ و، بابه‌رۆ بوو.له‌وكاته‌ دا، فرمێسك به‌ لێشاو ده‌هاتن و، چاوه‌كان سوور هه‌ڵگه‌ڕا بوون و، دڵه‌كان سست و ئه‌ژنۆ كان سستر بوون و، نازداره‌كان نازیان لی شیوا و، خۆشه‌ویستان لێك هه‌ڵبڕان و،هیچ ده‌نگێك جگه‌ له‌ گریان و رۆرۆ، نه‌ده‌هات و، شار زۆر غه‌ریب بوو و، كه‌س نه‌بوو ته‌رمه‌كان كۆ بكا‌ته‌وه‌ ومنداڵ و گه‌نج و پیر، له‌ جۆگه‌ و كۆڵان و شه‌قامه‌كانی شاردا كه‌وتبوون و، ناڵه‌ی زام هه‌ڵگرتوه‌كان ده‌چوه‌ عه‌رشی عه‌زیم.

ئه‌و ئیواره‌، شار هینده‌ غه‌ماوی بوو مه‌گه‌ر خوا بزانێ، ئه‌م ئێواره‌ بوو كه‌ سه‌رده‌شت بۆگریاوه‌كان ،گریا وگریاو گریا.

هۆدوژمن، ره‌بی كوێربیت ، چۆن دڵت هات ئه‌و هه‌موو چاو ره‌ش وچاوكاڵانه‌ كوێربكه‌یت؟ هۆ دوژمن، تۆ كویر بووی و، كوێرانه‌ ده‌ستت وه‌شاند ، چۆنت دڵ هات ئه و هه‌موو برینه‌ قووڵانه‌ بخه‌یه‌ جه‌سته‌ی ئه‌و منداڵه‌ جه‌سته‌ شلك و ناسكانه‌ی سه‌ر لانكه‌ و تازه‌ پیگرتوه‌كان؟

هۆ دوژمن، چۆنت دڵ هات ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستانه‌ لێك هه‌ڵبڕی و، نازداره‌كان بی ناز بكه‌یت و، ڵێقه‌وماوان لیقه‌وماوتر بكه‌یت؟

هۆ سه‌رده‌شتی سه‌ر سه‌وز ، شه‌هیدانت نه‌مردوون وزیندوون، مێژووی تۆیان كرده‌ مێژووی جیهانی . هۆ سه‌رده‌شتی له‌ گیران نه‌هاتوو ، به‌و ئێواره‌ خه‌ماویه‌ته‌وه‌، له‌ دونیا ده‌نگت دایه‌وه‌ و، جیهان تۆی ناسی و، ناوت كه‌وته‌ ناو ناوان و، له‌ ریزی هیرؤشیما و كازاكی و هه‌له‌بجه‌ وئیدی دای .

هۆ سه‌رده‌شت ، تۆ له‌ دونیا دا رۆژێكت بۆ خۆت تۆمار كردوه‌ و، تا دونیا مابێت شه‌هیدانت هه‌موو ساڵێ جارێك زیندوو ده‌بنه‌وه‌ و، له‌ سه‌رچاوی و گرده‌ سوور ئاگری یاد كردنه‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌ و، عاله‌م(دونیا)به‌ گشتی لیت ده‌روانن و ،له‌ خیالدا ده‌تبینن.

هۆ لاوانی كوردستان و، له‌ سه‌روویان لاوانی سه‌رده‌شتی سه‌ر سه‌وز، مه‌هێڵن ئه‌و ئێواره‌ تاریكه‌ی شاری سه‌رده‌شت له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا بسڕێته‌وه‌و، ناوو یادی ئازیزانی له‌ ده‌ست چوومان رێز بگرن و، تۆمارگه‌یه‌ك له‌و شاره‌ دا دابنێنن و ناوی هه‌موو شه‌هیدانی ئه‌و كاره‌ساته‌ دڵ ته‌زێنه‌ و، برینداره‌كانی تێدا بێنه‌ نووسین و، بیكه‌نه‌ بازده‌ و شوێنی بیانیه‌كان تا له‌ سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ی شاره‌ جوانه‌كه‌ی سه‌رده‌شت، شت بنووسن وزیاتر مه‌زلوومیه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ دونیا بناسێندرێت و زام هه‌ڵگرتوه‌كانیش له‌ به‌ر چاوان ون نه‌بن.

به‌ڵێ ، ئه‌مرؤ، پاش 26 ساڵ، گوڵه‌ هه‌ڵپڕووكاوه‌كان له‌ شێخ مه‌ولانه‌ سه‌ریان وه‌ده‌ر ناوه‌ و ، ده‌ڕوانه‌ هیمه‌تی كچ و كوڕه‌ لاوه‌كانی شاره‌كه‌یان و، ده‌یانهه‌وێت نوێنه‌ر بۆ ڵێپرسینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌كه‌یان دیاری بكه‌ن و، بینێرنه‌ كۆری رێكخراوی ماڤی مرۆڤ.

من لێره‌وه‌ و، له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌مدا و، له‌ دووره‌وه‌، سڵاو بۆ شه‌هیدانی كاره‌ساتی كیمیا بارانی سه‌رده‌شت ده‌نێرم و، هیوای چاك بوونه‌وه‌ بۆ برینداره‌كان ده‌خوازم و ،هیوا داریشم كه‌ سێبووری به‌ دڵی كه‌س و كاری شه‌هیده‌كان بێت و، داواشم له‌ تێكۆشه‌ر و، رووناكبیر و ،كوره‌ به‌ تواناكانی شاری سه‌رده‌شته‌ كه‌ هه‌تا بۆیان ده‌كرێت، واز له‌م په‌روه‌نده‌ نه‌هین وتا سه‌ركه‌تنی یه‌كجاری وه‌دوای كه‌ون كه‌بی شك سه‌ره‌نجام به‌ ئاكام ده‌گات.

بمرن دوژمنانی كورد و كوردستان و ، هه‌ر ئاوه‌دان بیت سه‌رده‌شت.

ئه‌حمه‌د مه‌كڵاوه‌یی،

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.