qelem.jpgماوەیەک لەمەوپاش دوستێکی بەڕیزم لینکی بەرنامەیەکی تەلەفزیونی "کوردکاناڵی" بۆ ناردم کە تایبەت بو بە بیرهێنانەوەی زیندەیاد کاک شاپور فیروزی. لەو بەرنامەیەدا زور شتی ناڕاست ، مێژووی ناڕاست و روداوی ناڕاست باس کران. مەبەستم ئەوە نیە کە بەشدارانی بەرنامەکە بە ئەنقەست هەوڵی ئەوەیان دابیت

ناڕاست باسی ئەو شتانە بکەن، بەڵکو کێشەکە لەوەدا بو کە ئەو بەڕیزانەی لەو بەرنامەیە دا بەشدار کرابون کە سەبارەت بە کاک شاپۆر قسە بکەن هەر ئەوەندەیان سەبارەت بەو فەرماندە خۆنەویستە دەزانی، لە راستیدا ڕەخنەکەی من لە تەلەفزیونی "کوردکاناڵ" و بەڕیوەبەران و بەرپرسانی ئەو بەرنامەیەیە.

لە سەردەمی خەباتی شوڕشگێڕانە و بەرخوەدانی ئازایانەی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە  ساڵی 1979 تا 1990 دەیان مروڤی ئازا و خۆڕسک پەیدا بون کەوا دەبێ لە مێژووی کورد و کوردستانا ببنە وانەی وتنەوەی قوتابخانەکان و نەوە دوای نەوە بیانناسن و ڕیزیان لێ بگرن و باسیان بکەن و دەرسیان لێوەرگرن.

کاک شاپور فیروزی یەکێک لەو کەسانە بو کە بە تەجروبە و لە سەر بنەمای بڕوا بە خۆبون توانی جوڵانەوەی بەرخوەدانی ئازادی کوردان لە ناوچەی کامیاران فەرماندەێی بکات و بە حەق لە ماوەی 5 ساڵ فەرماندەێی دا بە باشترین شێوە ئەرکی خۆی پێک هێنا و هێزی بیستونی فەرماندەێی کرد.

دیارە کاتێک باسی هێزی بێستون دەکەین ناکرێ پێمان وابێ تەنیا کاک شاپور روڵی گێراوە، بەڵکو دەیان کەس و کەسایەتی دیکە هەبون کە بەشێکیان شەهید و بەشئکیان زیندوون بەشدار و چالاک بوون لە سەرکەوتن و شەڕە بەناوبانگەکانی هێزی بیستون دا.

بەڵام باسی روڵ و کاریگەری  کاک شاپور، لە روڵ و تێکۆشانی ئەوانیتر کەم ناکاتەوە، مەبەستی من ئەوەیە ئێمە باس لە قۆناخێکی دیاریکراو دەکەین لە ناوچەیەکی دیاریکراو، کە کەسێکی بە تەدبیر پێشەنگایەتی سەردەمێکی زێڕینی لە خەباتێکی دەرەوشاوەدا هەبووە.

کاک شاپور فیروزی وەک مروڤ خاوەن دوو لایەنی باش و خراپ، سەرکەوتو و سەرنەکەوتو بووە. زور جار کە باس لە شەهید دەکەین هەوڵ ئەدەین تەنیا باسی لایەنە باشەکەی بکەین، بە باوەڕی من شەهیدەکان هەموو لایەنەکانیان باشە و شەهید بونەکەیان شاهیدی بۆ پاکی، فیداکاری و باشیەکەیان ئەدات، بەڵام کاتێک باسی فەرماندەیەک و باسی سەردەمێکی هەستیار لە خەبات و تێکۆشانی چەکدارانە دەکەین، باشترە هەول بدەین ئاماژە بە لاوازی و کەموکوڕیەکانی ئەو سەردەمە، ئەو خەباتە و ئەو قوناغە بکەین.

 ئێوارەی رۆژی 19-10-2013  "نەسرەدین"ی برام ئاگاداری کردمەوە کە لە "تیشک تیڤی"دا باسی کاک سالار ئەکرێ و ئەگەر ئەتوانی سەیری بکە. پاشان چاوملێکرد کاکە "ئاژوان رۆحانی" بەرنامەکەی لەسەر لاپەڕی فەیسبوکی خۆی دایناوە. منیش بە تاسە و تامەزروێیەوە چاوم لێکرد.

 وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێکردوە ڕێز گرتن لە شەهیدان بە ئەرکی هەموو تاکێکی کورد ئەزانم و پێم وایە هەرچی بڵێن و هەرچی بنوسین و هەر چەندە باسیان بکەین هێشتا لە پێدەشتی چیای سەرکەشی ئازایەتی، فیداکاری، پاکی و وەفادارای شەهیدان داین، بەڵام ئەوەی گرینگە ئەوەیە یادەوەریەکان لە تیڤیدا تەنیا بۆ پرکردنەوەی بەرنامەکە نەبێت بەڵکو ئامانجێکی گەورەتر پەیڕەو بکات.

 بەرنامەکەی "تیشک تیڤی" لەسەر کاک "سالار ئیبراهیمی" لە ئاست کاک سالار دا نەبوو. من نازانم مەبەستی پێشکەشکارانی بەرنامەکە چێە و بۆچی ئەو شێوازە لە پێشکەشکردنیان هەڵبژاردوە، بەڵام ئەزانم ئەتوانن و ئیمکانیان هەیە زور لەوە باشتر و زیاتر و سەرکەوتوانەتر بەرنامەکەیان پێشکەش بکەن.

 سەرەتای بەرنامەکە و ناوئاخنەکەی پڕاوپڕە لە هەڵەی جۆاراجۆر و زیاتر باسی ناوچەی کامیارانە تا کاک سالار. ژیان و یادکردنەوەی کاک سالار گریدراوە بەو سەردەمانەی کە کاک سالار لە تاران کرێکاری ئەکرد و هیچ پێوەندیان بەیەکەوە نیە.

سالار ئیبراهیمی مروڤێک بو لە جنسی ئاگر و هەتاو، کاک سالار لە بەهاری تەمەنیدا شەماڵێک بو لە تێکۆشان، قارەمان بو بە واتای قارەمانەتی، ئازا بو بە واتای ئازایەتی، ماندوویی نەناس بو بە واتای مەندووی نەناسی و مروڤێکی کەم تەماع، چاوتێر، نەفس بەرز، بە ئیرادە و خۆڕسک بو.

 بە باوەڕی من دەکرا لە جیاتی هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەی بەرنامەکە بە هیندێ دیمەن و سرودو گورانی و موسیقا، دەکرا بە وردی باسی کاک سالار بکرایە و ئەو هاوسەنگەرانەی کە ئێستا لە ژیاندا ماون بەشداری بەرنامەکە بکرایەن و تێگەیشتنەکانی خۆیان سەبارەت بە کاک سالار دەربڕیایە.

 هەم "تیشک تیڤی" و هەم "کورد کاناڵ" گیرخواردوی دنیای تەنگی حیزبایەتین و تەنیا هەوڵ ئەدەن رابوردوو بە چاوی خەڵک دا بدەنەوە، لە حاڵیک دا هیچ پێویستیان بەوە نیە و ئەتوانن بە شانازی و بێ ترس لاپەڕەکانی رابوردوو هەڵدەنەوە و باس و شروڤەی بکەن .

 خەڵکانێک هەن کە ئێستا لەگەڵ حیزبدا نین یان ئەندامی حیزب نین بەڵام هێشتا خۆیان بە قەرزداری ئەو شەهیدانە ئەزانن و شانازی بەو سەردەمانەوە ئەکەن کە هاوسەنگەر و هاوخەباتیان بوون و دەیان بیرەوەری باش و بە کەڵک و نەبیسراویان لایە و ئەتوانن باسی بکەن بە بێ ئەوە هیچ زەرەێکی بۆ حیزب تێدا بێت و بە بێ ئەوە هیچ لە پیروزی شەهیدەکان و شانازیەکانی حیزب کەم بکاتەوە.

 لایەنێکی دیکەی بەرنامەکان ئەوەیە کە بە تۆنی سەردەمی شەڕ ژیاننامەکان یان یادەوەریەکان پێشکەش دەکرێن و ئەوەش لاوازی کاری مێدیای بەڕیوەبەرانی تەلەفزیونەکانە. قسە کردن لە ڕادیو و قسە کردن لە تیڤی دا جیاوازە، هەروەها شێوەی خۆیندنەوەی دەقێک یان بابەتێک لە تیڤیدا جیاوازترە لە رادیو و سەردەمەکانیش جیاوازی دەدەنە شێوە و تۆنی خۆێندنەوەکە، بۆیە ناکرێ ئەگەر کەسێک بە دەنگی بەرز و هاوار هاوار کردنەوە بەرنامەیەکی پێشکەش کرد ئەوا سەرکەوتوترە. گرنگ ئەوەیە پێشکەشکار و بەڕیوەبەر، نوسەر و ئامادەکار چۆن مافی تەواو ئەدەنە بابەتەکە، روداوەکە یان ئامانجەکەیان ئەپێکن.

 کاک شاپور فیروزی و کاک سالار ئیبراهیمی دوو فەرماندەی ناسراوی دەڤەری کامیاران و ناوچەکانی باشوری روژهەڵاتی کوردستانن و کاتێک "تیشک تیڤی" و "کورد کاناڵ" یادیان ئەکەنەوە ئەبێ لەوە تێبگەن کەوا باسی دوو کەسی ناسراو دیاری ناوچەکە دەکەن و ناکرێ بە کەیفی خۆیان مێژوویان بوو دروست بکەن و روداوەکان و رابوردویان بشێوێنن.

 دەبا لە چەقبەستویی حیزبایەتی بینە دەرێ و وەک کورد و وەک نەتەوەیەکی بندەست و هاوچارەنوس بیربکەینەوە و هەوڵ بدەین هیج نەبێ لە بواری ڕیزگرتن لە شەهیدەکانمان پرس و را بە کەسانی ناحیزبیش بکەین و کەڵک لە زانیاریەکانیان وەرگرین.

ڕیزگرتن لە شەهیدەکان شتێکی پیروزە بەڵام بەو شەرتە راستگویانە بێت و مافی تەواو بە کەسایەتی و خەبات، تێکۆشان و فیداکاریەکانی ئەو شەهیدانە  بدرێ.

هیوا گوڵ محەمەدی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.