arm.jpgپشتیوانی له ‌هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رپرسانه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ین هێرش‌و په‌لاماری ئه‌م دوایانه‌ی چه‌کداره‌کانی گرووپی توندڕه‌وی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی عێراق و شام(داعش)

بۆ سه‌ر سوپا‌و دام‌و ده‌زگاکانی حکوومه‌تی له‌ پاریزگای نه‌ینه‌وا، ده‌ست به‌ سه‌رداگیرانی شاری مووسڵ‌و ناوچه‌یه‌کی به‌رین له‌ ڕۆژاوای عێراقی له‌ لایه‌ن ئه‌م گرووپه‌وه‌ لێ که‌وته‌وه‌. ئه‌م ڕووداوانه‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان‌و پاشه‌کشه‌ی سوپا‌و هێزه‌ حکوومه‌تییه‌کانی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ لایه‌ک‌و ئاواره‌بوونی سه‌دان هه‌زار له‌ خه‌ڵکی شار‌و ناوچه‌ شه‌ڕلێدراوه‌کانی به‌ دواوه‌ بوو.

وه‌ک ده‌زانین به‌شێکی به‌رچاوی هێرش و په‌لامار‌و ئاڵۆزییه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ له‌ دراوسێیه‌تیی خاکی هه‌رێمی کوردستان‌و به‌ تایبه‌تی له ‌نزیک ئه‌و ناوچه‌ کوردیانه‌ ڕوویان داوه‌ که‌ له‌ مێژساڵه‌ به‌ زۆر‌و داگیرکردن، له‌ کوردستان دابڕێندراون. باوه‌شکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک‌و حکوومه‌تی هه‌ریمی کوردستان بۆ ئاواره‌کانی شه‌ڕ‌و ئاڵۆزییه‌کانی چه‌ند رۆژی رابردوو له‌ لایه‌ک‌و چوونی هێزه‌کانی ئاسایش‌و پێشمه‌رگه‌ به‌ هانای دانیشتوانی ئه‌م ناوچانه‌و پارێزگارییان له‌ گیان‌و ماڵی پێکهاته‌ جۆراوجۆره‌کانی ئه‌وێ، هه‌ڵوێستێکی به‌رپرسانه‌ و نه‌ته‌وه‌یییه‌ که‌ حکوومه‌تی هه‌ریم گرتوویه‌ته‌‌ به‌ر.
حیزبی دیموکراتی کوردستان، ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ی ژیرانه‌‌‌‌‌‌، به‌رپرسانه‌و نه‌ته‌وه‌یی حکوومه‌تی هه‌رێم، هیزه‌ سیاسییه‌کان‌‌و دانیشتوانی کوردستان له‌ گه‌ڵ ڕووداوه‌کان‌و بارودۆخی هه‌ستیاری ئێستای ناوچه‌که‌، بە درووست دەزانێ. ئێمه‌ وێڕای ده‌ربڕینی پشتیوانیی خۆمان له‌م هه‌ڵوێسته‌، له‌ سه‌ر پێویستیی یه‌کگرتوویی هه‌ر چی زیاتری خه‌ڵکی کوردستان‌‌‌و یه‌کهه‌ڵوێستیی سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌کان له‌م هه‌لومه‌رجه‌ دا، پێ داده‌گرین. هه‌ر له‌م کاته‌دا بۆ جارێکی دیکه‌ش دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و خه‌باتکارانی گه‌لی کورد له‌ رۆژهه‌لاتی کوردستان، پشتیوانی‌و پارێزگاری له‌ ده‌سکه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی گه‌لی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستان به‌ ئه‌رکی خۆیان ده‌زانن.

حیزبی دیموکراتی کوردستان

ده‌فته‌ری سیاسی

24/3/ 1393

14/6/2014

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد