arm.jpgشەڕفرۆشتن‌و هێرشی چەکدارەکانی تاقمی تیرۆریستی داعش بۆ سەر شەنگال‌و ناوچەکانی دیکەی کوردستان‌و تاوانەکانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە دژی دانیشتووانی ناوچە پەلاماردراوەکان، بە تایبەتی خوشک‌وبرا مەسیحی‌و ئیزەدییەکان،

بووە هۆی نیگەرانیی هێزو لایەنەکانی نێو بزووتنەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان‌و ئەرکی بە پەلەی لە پێوەندی لە گەڵ پاراستنی دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان، خستە سەر شانیان. حیزبی دیموکراتی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی شەڕفرۆشی‌و هێرش‌و تاوانەکانی ئەم تاقمە تیرۆریستییە لە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانی له‌ خۆڕاگریی هیزی پێشمەرگە بە هەموو ڕێگایەکی گونجاودا، راگەیاند. هەر لەو کاتە دا هیزەکانی خۆی خستە حاڵەتی ئامادە باش‌و بۆ بەدەنگەوەچوونی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێم لە بەرەکانی شەڕ، ئامادەی کردن.

بە دوای راگەیەندرانی هەڵویستی رەسمیی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و بەردەوامیی شەڕفرۆشی‌و تاوانەکانی تاقمی داعش دژی نەتەوەی کورددا، کوردانی ڕۆژهەڵاتیی دانیشتووی هەرێمی کوردستان‌و وڵاتانی ئورووپا، هەر وەها  زۆر لە دانیشتووانی شارو ناوچە جۆراوجۆرەکانی رۆژهەلاتی کوردستان‌و لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانیش دا ئەندامان‌و لایەنگرانی حیزب، بە ڕێگای جیاوازدا پێوەندی‌یان پێوە گرتووین. ئەوان پشتیوانی‌یان لە هەڵویستی نەتەوەیی، نیشتمانی‌و بەرپرسانەی حیزبی خۆیان ده‌ربڕیوە، ئامادەیی‌یان بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان‌و پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌دا، راگەیاندوە‌و، داواکارن کە لەم هەلومەرجە هەستیارە‌دا ئەرکیان پێ بسپێردرێ تا بە  گیان‌و دڵ‌و بەشانازی‌یەوە بە جێی بگەیەنن. لە لایەکی دیکەوە ئەندامان‌و لایەنگرانی حیزب لە هەرێمی کوردستان‌و دەرەوەی وڵات، هەر وەها ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی بە هەڵویست‌و ئەرکناس لە نیوخۆی وڵات،‌ هەرەوەزی کۆکردنەوەی پێداویستییە سەرەتایی‌یەکان بۆ ئاوارەکانی شەڕی داعش‌‌و کۆڕ‌وکۆبوونەوە‌و کەمپەینی مەحکوومکردنی تاوانەکانی ئەم تاقمە تیرۆیست و دژەمرۆیی‌یەیان وەڕێ خستوە.

لەم بارەیەوە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین رابگەیەنین:

1-    پشتیوانیتان لە هەڵوێستی حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و ئامادەیی‌دەربڕینتان بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان لە ڕیزی هێزەکانی پێشمەرگەی ئەم حیزبەدا، نیشانەی وشیاریی سیاسی‌و نەتەوەیی‌‌‌و بەرزیی گیان‌وبیرو باوەڕی نیشتمانپەروەرانەی ئێوەیە و شانازیی پێوە دەکەین.

2-    وێڕای دەربڕینی ڕێز‌و سوپاسمان بۆ ئەم پشتیوانی‌و بە دەنگەوە هاتنەتان، داواتان لێدەکەین لە سەر بەهێزکردن‌و پەرەپێدانی یەکگرتوویی‌‌وهاوپێوەندیی‌نەتەوەیی بەردەوام بن‌وئامادەیی خۆتان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە چاوەڕوانکراوەکان بپارێزن تا هەر کات هەرێمی کوردستان پێوستیی پێ‌بوو، بە وەخت‌و بێ دواکەوتن سوودی لێ‌وەربگرین.

3-    خۆشحاڵین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان‌، هێزی خۆڕاگری پێشمەرگە‌و خەڵکی باشووری کوردستان، لە ئاستی نێودەوڵەتییش‌دا بەرەوڕووی شەپۆلی پشتیوانیی مرۆڤدۆستانە، سیاسی‌‌و تەنانەت بەرگریی هەوایی‌ویارمەتیی چەکوچۆڵ بوونەتەوە. لە گەڵ ئەمەش‌دا پێمان وایە ئێمە‌و هەموو هێز‌و لایەنەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، دەبێ بە دوور لە موزایەدەی حیزبی‌و سیاسی، لە سەر پشتیوانیی دڵسۆزانە‌‌و نەتەوەیی لە خەڵک‌و خاکی هەڕێمی کوردستان بەردەوام بین، بەرامبەر تەفرەقە‌و ململانێی ناوەخت‌و زیانبار بوەستینەوە، نەهێڵین لە ژێر هیچ ناو‌و بیانوو‌یەک‌دا‌و بۆ هیچ بەرژەوەندێک، پتەویی سەنگەری بەرگری‌و شکۆمەندیی  خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگە،  کەلێن وخەوشی تێ‌بکەوێ.

4-     ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران وەک دراوسێی هەرێمی کوردستان‌و عێراق‌و وەک دەوڵەتێکی خاوەن نفووز‌و بەرژەوەندی جۆراوجۆر لە عیراق‌دا، وەک هەمێشە هەوڵ دەدا لە لایەکەوە، لەم وەزعەی لە عیراق‌و هەرێم هاتووەتە پێش، بۆ بردنەپێشی نیازە شوومەکانی خۆی سوود وەربگرێ. لە لایەکی دیکەشەوە چاوەروان دەکرێ هەلەکە بۆ سەرکوتی چالاکانی کورد‌و پیلانگێڕی لە دژی هیزەکانی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بقۆزێتەوە. بە سەرنجدان بەم راستییە، پێویستە هەمووهیزە سیاسییەکانی کوردستان، وشیار و لە سەر هەست بن و ڕێگەی پیلانگێڕی به‌و ڕێژیمه‌ نەدەن. 

ئێمە جارێکی دیکە سوپاس و پێزانینی خۆمان بەرامبەر پشتیوانیی دۆستان و دڵسۆزان لە هەڵوێستی حیزبمان لە پێوەندی لە گەڵ رووداوەکانی هەرێمی کوردستان‌دا رادەگەیەنین. ئەم پشتیوانییەی ئێوە، حیزبی دیموکراتی کوردستان لە درێژەدانی سیاسەت‌و هەڵوێستی نەتەوەیی وسەربەرزانە دا، شێلگیرتر دەکا. هیوادارو دڵنیاشین هەرێمی کوردستان، پشت ئەستوور بە خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگە ودانیشتووانی ئەم هەرێمە‌و، دڵگەرم بە هاوپێوەندیی نەتەوەی کورد‌و، هاوکاری‌و پشتیوانیی دۆستانی ئەم نەتەوەیە لە جیهان‌دا، بە سەربەرزی ئەم تاقیکردنەوەیەش تێپەڕ دەکا‌.

 حیزبی دیموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

23ی گەلاویژی 1393

14ی ئاگۆستی 2014

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد