arm_pdk.jpgهەوڵەکانی پ ک ک  بۆ بە کانتۆنکردنی شەنگال و دابڕاندنی لە هەرێمی کوردستان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، نیگەرانیی گشتی و کاردانەوەی سیاسیی سەرۆکایەتیی هەرێم، حکوومەتی هەرێم، پارلمانی کوردستان و، هێزو لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردی بە دوای خۆیدا هێناوە.

ئەوە کە خوشک و برا ئیزەدییەکانمان لە دوای پەلاماری داعش بۆ سەر کوردستان، بە داخەوە زۆرترین کارەساتیان بە سەر هاتوەو گەورەترین قوربانیان داوە، ڕاستییەکی تاڵە کە هیچ کەس ناتوانێ حاشای لێ بکا. ئەم ڕاستییەش لە کەس شاراوە نییە کە هێشتا بەشێکی بەرچاو لە شەنگاڵ‌و ناوچە ئیزەدی نشینەکان هەروا بە دەست چەکدارەکانی داعشەوەن‌و گرنگترین ئەرک لەم هەلومەرجەدا، پاککردنەوەی ئەو چەکدارانە لەو ناوچانە و گەڕاندنەوەی ئاوارەو کارەساتلێدراوەکانی ئیزەدی بۆ سەر زید و نیشتمانی خۆیانە.
ئامادەیی دەربڕینی هێزە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بۆ ڕاوەستان لە بەرامبەر پەلاماری داعش‌و بەرگریان لە خاک‌و خەڵکی هەرێمی کوردستان،بە تایبەتی بەشداریی بە کردەوەی هێندێک لایەن لە بەرگری لە خەڵکی دەڤەری شەنگاڵ، هەڵوێستێکی جێگای ڕێزو پێزانین بوو. هەروا کە چوونی هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانەوە بە هانای خەڵکی کۆبانێ‌و شەڕڤانانی خۆراوای کوردستان، بە هەنگاوێکی بەرز نرخێندراوە. بەڵام ئەم جۆرە بەدەنگەوە هاتنانەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان‌و چوونیان بۆ پشتیوانی‌و بەرگری لە خەڵکی بەشێکی دیکە، ئەو کاتانە دروستن‌و بایەخی مێژوویی‌و سیاسیی خۆیان هەیە کە تەنیا بۆ پشتیوانیکردنی گەلی کورد لەو بەشەو، بە دوور لە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو بەشە یا دەستبەسەرداگرتنی ناوچەیەکی ئەو بەشە بە هەر ناوێک و بۆ هەر مەبەستێک بێت.
حیزبی دیموکراتی کوردستان هەر لە کۆنەوە باوەڕی بەم پرەنسیپە هەبووە کە بڕیاردان لە بارەی هەر بەشێکی کوردستان، حەقی بێ ئەملاو ئەولای خەڵکی ئەو بەشەو هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشەیە، نەک هێزێکی سیاسیی بەشێکی دیکە. لە ڕوانگەی ئێمەوە، شەنگال بەشێکە لە خاکی باشووری کوردستان‌و ئەو بەشەش، خاوەنی پارڵمان‌و سەرۆکایەتی‌و حکوومەت‌و دامودەزگای بەڕێوەبەرێتیی تایبەت بە خۆیەتی کە لە پڕۆسەیەکی قانوونی‌و دیموکراتیکدا، بڕیاریان لەسەر دراوە. ئەوەی ئارەزووی خەڵکی باشووری کوردستان و هەموو نەتەوەی کوردەو، پێویستە هەموو لا کاری بۆ بکەن، گەڕاندنەوەی شەنگال‌و زۆر شارو ناوچەی دیکەی باشووری کوردستان بۆ سەر هەریمی کوردستانە کە بە داخەوە هەتا ئێستاش لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم ماونەوە. هەڵبڕاندنی شەنگال لە هەرێمی کوردستان لە ژێر ناوی پێکهێنانی کانتۆنی تایبەت، نە دەگەڵ بڕیارو یاساکانی هەرێمی کوردستان‌و، نە لە چوارچێوەی قانوون‌و پەسندکراوەکانی عێراقدا دەگونجێ. هەر بۆیە جگە لەوەی لە داهاتوودا ڕەوتی گێڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێم ئالۆزتر دەکەن، هەر ئێستاش ئەم جۆرە نیازانە، کۆسپ و تەگەرە دەخەنە سەر هەوڵی پاککردنەوەی ناوچەداگیرکراوەکان لە چەکدارانی داعش. جگە لەمەش نیازی پێکهێنانی کانتۆنی شەنگال، دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی ناکۆکی‌و ململانێ لە نیوان هەرێمی کوردستان‌و هێزی سیاسیی سەرەکی لە باکوورو خۆراوای کوردستان. بەم جۆرە لە لایەک شارو ناوچە ئیزەدینشینەکان کە دەبێ لە سبەینێی ڕزگاربوونیان لە بەڵای داعش، چەقی ئارامی‌و خزمەتکردن‌و قەرەبووکردنەوە بن، دیسانەکە دەبنەوە بە مەیدانی کێشەو ناکۆکی‌و ململانێ. لە لایەکی دیکە لە سۆنگەی ئەم ناکۆکی و ململانێیانە، زیان بە هاوپێوەندیی نەتەوەیی‌و هاوکاریی سیاسیی نیوان هێزەکانی چەند بەشی کوردستان دەگا، ئەمەش بەستێنێکی لەبار بۆ نەیارانی پرسی کورد دەخوڵقێنی کە بە شێوەی جۆراوجۆر دژایەتیی بەرەوپێشچوونی ئەم پرسە ڕەوایە لە تەواوەتیی خۆی دا، بکەن.
ئێمە ئەو جۆرە دەستێوەردانانە بە نادروستو زیانبار دەزانین. داواو هیوای ئێمە ئەوەیە پ ک ک ،ڕێز لە سەروەری‌و ئیرادەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بگرێ‌و بڕیاردان لە بارەی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی هەموو یا هەر ناوچەیەکی باشووری کوردستان، بۆ خەڵکەکەی و دامەزراوە قانوونییەکانی هەرێمی کوردستان بێڵێتەوە.
 
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
01/20/2015

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.