arm_pdk.jpgپاش 133ڕۆژ خۆڕاگریی جانانه‌ی شه‌ڕڤانان و هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ شاری کۆبانێ له‌ به‌رامبه‌ر هێرشه‌کانی چه‌کدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ سه‌ر ئه‌م شاره‌، سه‌رئه‌نجام رۆژی 26ی ژانویه‌، کۆبانێ له‌ گه‌مارۆ و په‌لاماری داعش ڕزگار کرا.

کۆبانێ و خه‌ڵکه‌ خۆراگره‌که‌ی، ڕۆژانی زۆر سه‌خت و پڕ مه‌ترسییان تێپه‌ڕ کرد، ئه‌وان زۆرترین وێرانی و زیاترین ئاواره‌ییان به‌ خۆیانه‌وه‌ دیت. ته‌نانه‌ت به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌و شاره‌ بۆ ماوه‌یه‌ک له‌ لایه‌ن چه‌کدارانی داعشه‌وه‌، داگیر کرا. کۆبانێ چه‌ند جارێکیش له‌ سنووری ده‌ستبه‌سه‌رداگیرانی به‌ ته‌واوی له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌، نزیک بۆوه‌.به‌ڵام له‌ هه‌مووی ئه‌و ڕۆژ و شه‌و و ساتانه‌دا، دڵی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان و له‌ هه‌ر جێگایه‌کی جیهان، له‌ گه‌ڵ خۆڕاگریی پڕ سه‌روه‌ریی کۆبانێ و کۆبانێپارێزان دابوو. کۆبانێ به‌ هۆی ئه‌م خۆڕاگرییه‌ جێی شانازییه‌ی خه‌لکه‌که‌ی و ڕۆڵه‌کانی به‌رامبه‌ر تیرۆریستان و جه‌هاله‌ت پاریزان ، بوو به‌ ڕه‌مز و هێمایه‌ک که‌ ته‌عبیری له‌ به‌ره‌نگاریی نێوان رووناکی و تاریکی،ژیان و مردن، پێشکه‌وتن و جه‌هاله‌ت، خێر و شه‌ر و، مرۆڤایه‌تی ودڕنده‌یی ده‌کرد. هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کرد که‌ شه‌پۆلێکی جیهانی له‌ هاوپێوه‌ندی و پشتیوانیی مرۆڤایه‌تیی دادپه‌روه‌ر و پێشکه‌وتنخواز، هێزێکی گوشار‌ بۆ سه‌ر هاوپه‌یمانانی ‌ شه‌ڕی دژه‌ تیرۆر و وڵاتانی ناوچه‌ که‌ به‌ بیته‌فاوه‌تی و که‌مته‌رخه‌میه‌وه‌ سه‌یری په‌لاماری داعش بۆ سه‌ر ئه‌م شاره‌یان ده‌کرد، وه‌رێ بکه‌وێ. به‌ خۆشییه‌وه‌ گوشاره‌کان و هه‌وڵه‌کان له‌ کوردستان و له‌ ده‌ره‌وه‌ڕا، ده‌سکه‌وتیان هه‌بوو. هێرشی ئاسمانیی فرۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی ولاتانی رۆژاوا بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌کانی تیرۆریستانی داعش و، ڕێگه‌ پێدان به‌ چوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ و چه‌کی قورس له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ بۆ کۆبانێ، دوو له‌و ده‌سکه‌وتانه‌ بوون که‌ ڕۆڵێکی گرنگیان له‌ سه‌رخستنی خۆراگریی جێی شانازیی کۆبانی دا هه‌بوو.
حیزبی دیموکراتی کوردستان، به‌ بۆنه‌ی ڕزگاربوونی کۆبانێ له‌ داگیرکاری و په‌لاماری وێرانکه‌رانه‌ی داعش، گه‌رمترین پیرۆزبایی پێشکه‌شی کچان و کوڕانی شه‌رڤان، هیزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، خه‌ڵکی خۆڕاگی کۆبانێ و تێکڕای هێزه‌ خه‌باتکاره‌کان و خه‌ڵکی رۆژاوای کوردستان ده‌کا. له‌ کاتێک دا سڵاو ده‌نێرین بۆ گیانی هه‌موو ئه‌و شه‌هیدانه‌ی له‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشی تیرۆریستان بۆ سه‌ر نیشتمانه‌که‌یان دا گیانیان به‌خت کرد، هیوا ده‌خوازین که‌ کۆبانێ و هه‌موو گوند و ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان، به‌ هه‌وڵ و پشتیوانیی هه‌موو لایه‌ک، به‌ زوویی ئاوه‌دانی و بنیاتنانه‌وه‌ به‌ خۆیانه‌وه‌ ببینن. هه‌ر له‌م کاته‌ دا هیوادارین سه‌رکه‌وتنی کۆبانێ ببێته‌ هه‌وێنی سه‌رکه‌وتن له‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانی ڕۆژاوا و باشووری کوردستان.

جارێکی دیکه‌ سه‌رکه‌وتنی کۆبانێ له‌ هه‌موو ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان و دۆستان و دلسۆزانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ پیرۆز.

حیزبی دیموکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
27/01/2015
7ی رێبه‌ندانی 1393

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.