kdp_hdp.jpgده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌ پاڕڵمانییه‌کانی تورکیه‌ و به‌ده‌ستهێنانی رێژه‌یه‌کی زیاتری کورسییه‌کانی پاڕڵمان له‌ لایه‌ن کورده‌کانه‌وه‌

له‌ چاو هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوو. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پڕ به‌ دڵ پیرۆزبایی له‌ گه‌لی کورد له‌ باکووری کوردستان و تێکڕای نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ گشتی و HDP به‌تایبه‌تی ده‌که‌ین.
حیزبی دیموکراتی کوردستان به‌ده‌ستهێنانی رێژه‌یه‌کی زیاتر له‌ پێشووی ده‌نگه‌کان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌ لایه‌ن کورده‌وه له‌ چه‌ند رووه‌وه‌ به‌ گرنگ ده‌زانێ؛ ‌ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ یارمه‌تی به‌ قووڵبوونه‌وه‌ و سه‌قامگیرتربوونی دیموکراسی له‌ ناوچه‌دا ده‌کا که‌ گه‌لی کورد به‌شێکه‌ له‌م پرۆسه‌یه‌. له‌ روانگه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ رێگاچاره‌ی کورد بۆ کێشه‌کانی بریتییه‌ له‌ رێگای ئاشتییخوازانه‌ و به‌کارهێنانی میکانیزمه‌ دیموکراتیکه‌کان. ئاکامی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌ری ده‌خا که‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ گه‌لی کورد له‌ تورکیه‌ ده‌توانێ له‌ رێگای هه‌ڵبژاردن و‌ خه‌باتی پاڕڵمانییه‌وه‌ له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانیدا تێ بکۆشێ. ئێمه‌ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ له‌م قۆناغه‌دا به‌ ئاکامی خه‌باتی دوورود‌رێژی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌م به‌شه‌ له‌ کوردستان ده‌زانین. هیوادارین سەرجەم پڕۆسەو ئاکامی هەڵبژاردنەکە خزمەتی پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراسی و پێکەوەژیانی دادپەروەرانەی جۆراوجۆرییەکان لە وڵاتی تورکیە بکا.
حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی دووباره‌، سه‌رکه‌وتنی پاڕڵمانتارانی کورد له‌ پاڕڵمانی تورکیه‌دا له‌ پێناو خزمه‌ت به‌ ئامانجی نه‌ته‌وه‌که‌یان و بردنه‌ پێشی خه‌باتی دیموکراتیکی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌م‌ به‌شه‌ی کوردستاندا به‌ ئاوات ده‌خوازێ.
ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان
٨/٦/٢٠١٥

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.