arm_pdk.jpgکوردستان، جارێکی دیکە وەفای خۆی بەرامبەر ڕێبەری شەهیدی خەباتە پڕشکۆ‌و پڕ قوربانیدانەکەی خۆی، پێشان دایەوە. دیسان نزیکبوونەوەو هاتنی ٢٢ی پووشپەڕ، بۆوە بە دەرفەت بۆ ئەوەی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان،

دژی سەرکوت‌و تیرۆریزمی دەولەتی، دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بکەنەوە. ٢٦ ساڵەی بیرەوەریی تاڵی تیرۆری ١٣ی ژوئیەی ڤییەن، جارێکی دیکە خەڵکی کۆڵنەدەر‌و ئازادیخوازی کوردستانی هێنایەوە مەیدان تا بە هەموو شێوەیەکی مومکین، وەفاداریی خۆیان بە باوەڕە نەتەوەیی‌و ئینسانییەکانی ڕێبەری شەهیدی خۆیان د.قاسملوو دووپات بکەنەوە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەمساڵ لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ لە بانگەوازێک‌دا، داوای لە هۆگرانی باوەڕ‌و ئامانجەکانی قاسملووی شەهید‌و خەڵکی بێزار لە ستەم‌و تیرۆر کرد بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ بە تایبەتی بە بایکۆتی شەقام‌و بازاڕ، نارەزایەتیی خۆیان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن‌و یادی ڕێبەری هەڵکەوتوو د.قاسملوو بەرز ڕابگرن. بانگەوازی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە کاتێک‌دا بڵاو بۆوە کە کۆماری ئیسلامییش وەک سالانی رابردوو بە هەموو توانای پۆلیسی و ئەمنیەتیی خۆیەوە، بۆ رووبەروو بوونەوە لە گەڵ چالاکییەکانی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ، دەست بە کار ببوو. هەر لەو کاتە‌دا بە نیگەرانی لە بوونی هێزەکانی پێشمەرگەی دیموکرات لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات‌و لە سەر سنوورەکان، دەورێکی تازە لە لەشکرکێشی بۆ سەر شار‌و ناوچە سنوورییەکان‌و زیادکردنی پێگە‌و بنکە نیزامییەکان دەست پی کردەوە. شانبەشانی زاڵکردنی کەشوهەوایەکی پۆلیسی‌و ئەمنییەتی‌و تەنینی شارەکان بە گەشت‌و گەڕانی مۆرە جاسووس و خۆفرۆشەکانی، ئیدارەی موخابراتی بۆ دروستکردنی کێشە‌و گرفت بۆ تۆڕی ئەنترنیت‌و پیوەندیی تەلەفۆنی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و پارازیت خستنە سەر پەخشی بەرنامەکانی کوردکاناڵ راسپارد.
سەرەڕای هەموو هەڕەشە‌و بەربەستەکان، خەڵکی زۆر لە شار‌و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،بە پێشوازی بانگەوازی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە هاتن. هەموو پاریزگەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان بۆ جارێکی دیکە شایەدی هەڵمەتی کار‌و چالاکیی تەبلیغاتیی بەرینی لاوانی کورد بوون کە لە دروشم نووسین، بڵاوکردنەوەی تراکت‌و وێنە‌و پوستێری ڕازاوە بە وتەکانی د.قاسملوو‌و ناردنی کورتەنامەی تایبەت بەم یادە پیک هاتبوون. چڵەپۆپەی ئەم چالاکیانە لە ماڵ نەهاتنەدەر‌و بایکۆت‌و چۆلهێشتنەوەی شەقام‌و بازاڕ‌و شوێنە گشتییەکان لە بەشێکی بەرچاوی چەندین شار‌و شارۆچکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. شایانی باسە هەر چەند ڕووی بانگەوازەکەی ئێمە لە خەڵکی نابازاڕی و خاوەن دوکانەکان بوو، بەڵام لە هێندێک شار‌و شارۆچکە، ڕێژەیەکی شایانی سەرنج لە خاوەن دوکانەکان‌و بازاڕییەکان، دوکانەکانیان داخست‌و بەم جۆرە تێکەڵ بە خەڵکی خاوەن هەڵویست بوون. دیمەنێکی دیکە لە دووپاتبوونەوەی نارەزایەتی‌و بێزاریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێژیمی تیرۆریست‌و دژەکوری کۆماری ئیسلامی، ئەو خامۆشی‌و چراکوژاندەوەیە بوو کە ڕێژەیەکی بەرین لە ماڵەکان لە شارەکان‌و گوندەکان لە شەوی ٢٢ لە سەر ٢٣ی پووشپەڕدا بەڕێوەیان برد.
لێرە دا ناکرێ ئاماژە بە یەک یەکی ئەو شار‌و ناوچانە بکەین کە لاپەڕەیەکی زێڕین‌و پڕشکۆی دیکە لە وەفاداری بە ڕێگا‌و ئامانجەکانی د.قاسملووی شەهیدیان خستە سەر مێژووی خۆیان. هەر وەها ناشکرێ هەموو ئەو حەرەکەت‌و ئیبتکارانە ناوبەرین کە خەڵکی خەباتکار‌و ئازادیخواز بە نیشانەی هاوپیوەندی لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان‌و ڕێبەرە شەهیدەکەی‌و بە مەبەستی پێشانداری بیزاری لە کۆماری ئیسلامی ئەنجامیان داوە. شاراوە نییە کە لە هەرێمی کوردستان‌و لە وڵاتانی دەرەوەش، هەر وەها لە میدیاکان‌و تۆڕە کۆمەلایەتییەکانیش‌دا، وێرای تێکۆشەران‌و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکرات، خەباتکاران‌و ئازادیخوازان‌ بە بیروڕای جیاوازەوە، ڕێزیان لە ڕۆڵی بە نرخی شەهیدی مەزن د.قاسملوو لە بزووتنەوەی نەتەوەیی وئازادیخوازی‌دا گرت و جارێکی دیکە ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان وەک ماکەی سەرکوت‌و تیرۆریزم، مەحکووم کردەوە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، زۆر باش دەزانێ ئەم کار‌و چالاکی‌و هەڵوێستانە لە چ بارودۆخێک دا بەڕێوەچوون‌و خەڵک‌و تاکە بە هەڵویست‌و ئەمەگناسەکانی کوردستان چۆن لە کات‌و ئیمکانات‌و وزە‌‌و تەنانەت گیانی خۆیان، مایەیان بۆ بەشداریی دڵسۆزانە‌و بوێرانە لەم یادە دا، داناوە. هەر بۆیە بە پێزانینەوە دەروانێتە بە دەنگەوەهاتنی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان بە بانگەوازەکەی‌و، سەری ڕێز لە بەرامبەریان‌دا دادەنوێنێ.
ئێوە جارێکی دیکە سەلماندتان کە باشترین وەفاداری بە د.قاسملووی ڕێبەر‌و شیاوترین هەڵوێست بەرامبەر ڕێژیمێک کە ئەو ڕێبەرە لێوەشاوەیەی لە سەر مێزی وتووێژ‌و لە ڕێگای تێرۆرەوە لە خەڵکی کوردستان ئەستاند، هەر ئەوەیە لە هەموو بۆنە‌و دەرفەتێکی گونجاو دا، پەیمان لە گەڵ گیانی د.قاسملوو نوێ بکە‌نەوە کە ڕێگاکەی‌و خوێنە بەناحەق ڕژاوەکەی لە بیر ناکە‌ن‌و هەتا کۆتایی هاتن بە تەمەنی ڕێژیمی جەهل‌و سەرکوت‌و تیرۆر، لە سەر خەبات بەردەوام دەبن.
سڵاو لە هەڵوێستی ئەمەگناسانە‌و بوێرانەتان،
سڵاوو سوپاس بۆ پشتیوانی‌و هاوپێوەندیتان لە گەڵ خەبات‌و تێکۆشانی ڕێبوارانی ڕیگای د.قاسملووی شەهید،
بە هیوای وەدیهاتنی ئامانجە بەرزەکانی د.قاسملوو‌و هەموو شەهیدانی کوردستان.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٤
١٤ی جولای ٢٠١٥

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد