plnomi14.jpgچوارده‌هه‌مین پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی هه‌ڵبژێرده‌ڕاوی کۆنگره‌ی ١٥ی حیزب که‌ به‌ به‌شداریی ئه‌ندامانی ئه‌سڵی و جێگران و ڕاوێژکارانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ده‌فته‌ری سیاسی له‌ رۆژی ٣٠ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٤ی هه‌تاوی

به‌رامبه‌ر به‌ ٢١/١١/٢٠١٥ی میلادی ده‌ستی به‌کاره‌کانی خۆی کرد، دوای دوو رۆژکاری به‌رده‌وام کۆتایی به‌ کاره‌کانی هێنا.
ده‌ستپێکی کاری پلینۆم، به ساتێک‌ بێده‌نگی بۆ رێزگرتن له‌ شه‌هیدانی کوردستان بوو و به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌ستووری کاری پلینۆم له‌ لایه‌ن به‌شدارانه‌وه‌ په‌سند کرا.
یه‌که‌م بڕگه‌ی کاری پلینۆم باس له‌ ڕاپۆرتێکی سیاسی بوو که‌ له‌ لایه‌ن کاک خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزبه‌وه‌ ئاماده‌ کرابوو.
ناوه‌رۆکی ڕاپۆرته‌که‌ لێکدانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنێک بوو له‌ سه‌ر بارودۆخی ناوچه‌و ئێران‌و کوردستان و هه‌روه‌ها پێویستیه‌کانی ڕووبه‌روبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ی خه‌بات‌و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان. له‌ درێژه‌ی باسه‌کان‌دا به‌شدارانی پلینۆم چالاکانه‌ به‌شداری باسه‌کانیان کردو ڕاپۆرته‌که‌یان په‌سند کرد.
له‌به‌شی یه‌که‌می ڕاپۆرتی سیاسیی سکرتێری گشتیی حیزب‌دا، پاش ئاماژه‌دان به‌ نوێ‌ترین ئاڵوگۆڕه‌کانی هه‌لومه‌رجی نێونه‌ته‌وه‌یی، به‌تایبه‌تی باس له‌ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست و پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له‌ سه‌رده‌می ئیستادا کرا که،‌ پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی به‌گشتی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ته‌کان دامه‌زراوه‌و، یاساو رێسا نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌کانیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌نزیم کراون. هه‌ر بۆیه‌ پلینۆم پێی وابوو کورد به‌گشتی له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان به‌ تێگه‌یشتن ئه‌و ڕاستییه‌، ده‌بێ هه‌وڵ بدا پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌ پته‌وتر بکاو سه‌رنجی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر چاره‌نووسی ناوچه‌که‌ هه‌یه بۆ لای خۆی ڕابکێشی و هه‌وڵ بدا له‌ هه‌ر کام له‌ به‌شه‌کانی کوردستان و له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێک بۆ به‌ره‌وپێش چوونی دۆزی ره‌وای کورد که‌ڵك وه‌ربگرێ.
له‌ به‌شێکی دیکه‌ی باسه‌کانی پلینۆم‌دا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی‌و له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ هه‌لومه‌رجی نوێی نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی‌دا، ئه‌و به‌شه‌ له‌ سیاسه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستانی به‌رز نرخێندرا که‌ هه‌وڵی داوه‌ یارمه‌تی به‌ سازبوونی یه‌کیه‌تی‌و هه‌ماهه‌نگی له‌ سیاسه‌ت‌و هه‌ڵویستی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا بدا، به‌ جۆرێک که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی کورددا بێ، بۆیه‌ جارێکی دیکه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ لایه‌ن پلینۆمه‌وه‌ بۆ درێژه‌دان‌و به‌دواداچوون، پێداگری‌یان له‌سه‌ر کرایه‌وه‌.
له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران‌و کۆماری ئیسلامی‌دا، ڕاپۆرته‌که‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردبوو که‌ رێژیمی کۆماری ئیسلامی به‌ له‌ به‌رچاو گرتنی سیاسه‌تی قه‌یران‌سازی خۆی‌و که‌شی نائارامی ناوچه‌که‌، هه‌ر وا به‌ زێهنییه‌تی نیزامی و ئه‌منییه‌تی ده‌یهه‌وێ ڕووبه‌روی ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌کان بێته‌وه‌و له‌ژێر به‌رێوه‌بردنی سیاسه‌تی به‌ئه‌منییه‌تی کردنی پرسه‌کان، درێژه‌ به‌ سیاسه‌تی چه‌وسانه‌وه‌ و ئینکاری خه‌باتی گه‌لی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بداو رۆژانه‌ ده‌بینین خه‌ڵکی کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ لایه‌ک به‌ ده‌ست بێکاری‌و نه‌خۆشیه‌ کۆمه‌لایه‌تییه‌کانه‌وه‌و؛ له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ به‌ده‌ست سیاسه‌تی سه‌رکوت‌و گیران‌و ئێعدامه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ.
هه‌ر له‌و چوارچیوه‌یه‌دا پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاپۆرتی سیاسیی سکرتێری گشتی حیزب، پێداگری له‌سه‌ر چڕکردنه‌وه‌ی کارو تێکۆشانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی کادرو پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامانی حیزب کرده‌وه‌و، هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ دروست کردنی کۆده‌نگی و هاوخه‌باتی له‌ نێو ئازادیخوازانی ئێرانی بۆ رووبه‌رووبوونه‌ی سیاسه‌ته‌کانی رێژیم و ناساندنی روخساری ڕاسته‌قینه‌ی کۆماری ئیسلامی به‌ دونیای ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌ پێویست ‌زانی.
تاوتوێ کردنی ره‌شنووسی ڕاپۆرتی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ کۆنگره‌ی ١٦، بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی کاره‌کانی پلینۆم بوو، که‌ له‌ لایه‌ن سکرتێری گشتیی حیزب، به‌ڕێز خالید عه‌زیزیه‌وه‌ ئاماده‌ کرابوو. له‌و بڕگه‌یه‌دا دوایی باسێکی چڕوپڕ و ده‌ست‌نیشان کردنی خاڵه‌ به‌هێزو لاوازه‌کانی ئه‌و ڕه‌شنووسه‌، پلینۆم ڕای سپارد تێبینی‌و راو بۆچۆنی به‌شدارانی باسه‌که‌ له‌ راپۆرتدا بگونجێندرێ‌و بۆ په‌سه‌ندکردنی بدرێته‌وه‌ به‌ پلینۆمی داهاتووی حیزب.
بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی کاری پلینۆم بڕیتی بوو له‌ دانه‌وه‌ی ڕاپۆرتی “کۆمیته‌ی ئاماده‌ کردنی کۆنگره”‌ به‌ رێبه‌ریی حیزب که‌ دوای تێبینی‌و بۆچوونی به‌شدارانی پلینۆم، په‌سند کرا.
له‌دوایین بڕگه‌ی کاری پلینۆم دا کۆمه‌ڵێک باسی ته‌شکیلاتی و نێوخۆیی هاتنه‌ به‌رباس که‌ له‌ ئه‌نجام دا پلینۆم، ده‌فته‌ری سیاسی ڕاسپارد بۆ به‌دواداچوون و جێبه‌جێ کردنیان‌و، به‌ کۆتایی هاتنی باسه‌کانی ئه‌و بڕگه‌یه‌ که‌ دوایین بڕگه‌ی ده‌ستووری کاری پلینۆم بوو، پلینۆمی چوارده‌هه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێرد‌راوی کۆنگره‌ی ١٥ی کۆتایی به‌ کاره‌کانی هێنا.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
٢ی سه‌رماوه‌زی ١٣٩٤
٢٣ی نوامبری ٢٠١٥

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.