shehidani_jinge.jpgبەیاننامەی شووڕای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بۆ بۆنەی ساڵیادی شەهیدانی ژینگە
شووڕای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان بە

بۆنەی یەکەمین ساڵیادی چوار شەهید ژینگەپارێزی مەریوانی ڕوو بە خەڵکی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردووتەوە
لە سەرەتای ئەو بەیاننامەیە‌دا هاتووە؛
رۆژی ٣ی خه‌رمانانی ١٣٩٧ی هه‌تاوی هاورێیان کاک “شه‌ریف باجوه‌ر” و کاک “ئومێد کۆنەپۆشی” دو ئه‌ندامی لێهاتووی ئه‌نجومه‌نی چیای سه‌وزی مه‌ریوان و هه‌ر وه‌ها کاک “ره‌حمه‌ت حه‌کیمی نیا” و کاک “محه‌ممه‌د په‌ژوهی” دوو لاویتری دڵسۆزی شاره‌که‌مان له‌ کاره‌ساتێکی دڵته‌زێنی ئاگری دارستانه‌کانی مەریواندا گیانی بەرزیان فیدای ژینگه‌ و خاکی کوردستان کرد. ئه‌وان بۆ هه‌تاهه‌تایی ‌وه‌ک شه‌هیدانی سه‌وزی ژینگه‌ له‌ رۆح و زه‌ینی مرۆڤ دۆستان ده‌مێننه‌وه‌.
هاوڕێ شه‌ریف باجوه‌ر و هاوڕێ ئومێد کۆنەپۆشی‌ دوو ئه‌ندامی لێهاتووی ئه‌نجوومه‌نی چیای سه‌وزی مه‌ریوان و چالاکانی بواری مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵایه‌تیی شارەکەمان بوون. ئه‌م دوو هاوڕێ‌ نه‌ ته‌نیا بۆ مه‌ریوان، به‌ڵکو بۆ‌ کوردوستان و زاگرۆس بوونه‌ هێمای خۆشه‌ویستی ژینگه‌ و دارستان. ئه‌وان نه‌ک هه‌ر وه‌ک ژینگه‌ پارێز، به‌ڵکوو له‌ ته‌واوی پرسه مرۆیی، فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا پێشه‌نگ بوون و بوێرانه‌ به‌ره‌و ڕووی کاره‌ساته‌کان ده‌بوونه‌وه‌ و عه‌شق و خۆشه‌ویستییان بۆ مرۆڤ و نیشتمان به‌ دیاری ئه‌هێنا.
لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامەی شووڕای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان بە ئاوردانەوە لەو ڕووداوە دڵتەزێنە و گرینگی پرسی ژینگەپارێزی لە کوردستاندا هاتووە؛
ئێمه‌ له‌ کاتێکدا ساڵیادی شه‌هید بوونی ئه‌و هاورێیانه‌ پیرۆز و به‌رز راده‌گرین که‌ تا ئێستایش لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی پێویست بۆ سڕینه‌وه‌ی گومانی شێوازی گیان به‌خت کردنیان نەکراوە. هاوکات له‌ گه‌ڵ رێزلێنان له‌ یاد و رۆحی نه‌مری ئه‌م ئازیزانه‌ بە داخەوە سووتان و کاولکاری دارستانه‌کانی کوردستان و زاگرۆس بەردەوام له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌ و بێ به‌رنامه‌یی و
کەمتەرخەمیی ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌ مه‌ڕ ئه‌م کاره‌ساته‌، سروشت و کۆمه‌ڵگای کوردستانی تووشی قه‌یرانێکی گه‌وره‌ کردووه‌. بێگومان تا کاره‌ساتی سووتان و کاولکاری ژینگه‌ و دارستانه‌کان به‌رده‌وام بێت و ده‌سه‌ڵات و داموده‌زگای پێوه‌ندیدار له‌مه‌ڕ ئه‌م قه‌یرانه‌ که‌مته‌رخه‌م بن، ئه‌گه‌ری ڕوودانی کاره‌ساتی تری لەم چەشنە چاوه‌ڕوان ده‌کرێت.
شووڕای رێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کانی مه‌ریوان لە کۆتایی‌دا وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهید شەریف باجوەر و هاوڕێیانی لە ته‌واوی ژینگه‌ دۆستان و چالاکانی مه‌ده‌نیی کوردوستان داوای کردووە ، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له‌ مه‌ڕ که‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسان بۆ پاراستنی ژینگه‌ به‌رز بکه‌نه‌وه‌.
شیاوی باسە شووڕای رێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کانی مه‌ریوان لە نۆ ڕیکخراو و ئەنجومەنی مەدەنی پێکهاتووە کە بریتین لە ؛
– ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی- ئه‌ده‌بی مه‌ریوان
– ئه‌نجومه‌نی چیای سەو‌زی مه‌ریوان
– ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگی -هونه‌ریی ڤه‌ژین
– ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگی -زانستیی ڕۆنان
– ئه‌نجومه‌نی پیشه‌یی مامۆستایانی مه‌ریوان
– ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی، ئه‌ده‌بی و هونه‌ری رۆجیار
– یه‌کیەتی مامۆستایانی ئایینی مه‌ریوان و هه‌ورامان (یه‌مامه‌)
– ئه‌نجومه‌نی خه‌ڵکیی پێشگیری له‌ مادده‌ سڕکه‌ره‌کان (ژیانه‌وه‌)
– ئه‌نجوومه‌نی نمایشی مه‌ریوان

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.