b_300_220_16777215_00_images_SIASI_mstefa_mewlodi.jpgوشە/هەولێر.هیدایەت جان
مانگێكە حزبی دیموكراتی كوردستان چالاكییەكانی لە ناوخۆی رۆژهەڵات چڕ كردووەتەوە و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگەی میدیا فەرمی و سێبەرەكانییەوە،

هێرشی بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات و بەتایبەت ئەو حزبە دەست پێ كردووە و لە رووماڵكردنی هەواڵەكاندا باسیان لە شەڕ و پێكدادانی قورس و چەند كاتژمێری لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی دیموكرات كردووە.
ئەوەی تا ئێستە روون نییە پرسی راگەیاندنی شەڕی چەكدارییە دژ بە كۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن حزبی دیموكراتی كوردستان. مستەفا مەولوودی جێگری سكرتێری حزبی دیموكرات لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" دەڵێت: "حزبی دیموكرات هیچ كات شێوازە جۆراوجۆرەكانی خەباتی لە ناوخۆی خەڵكەكەیدا رانەگرتووە و ئەو چالاكییانەی لە ماوەی ئەو مانگەدا دەنگیان داوەتەوە، درێژەی ئەو خەبات و تێكۆشانە جۆراوجۆرانەن كە ئەندام و پێشمەرگە و دۆستانی حزبی دیموكرات لە مێژووی ئەو حزبەدا جێبەجێیان كردووە".
مەولوودی زیاتر روونی دەكاتەوە: "ئەو چەند شەڕ و پێكدادانەش كە لەو ماوەیەدا روویان دا، لە ڕاستیدا تێكۆشەرانی ئێمە كەوتوونەتە بۆسەی رژێمەوە و شەڕیان كردووە كە لە ئاكامدا هەم ژمارەیەك لە پاسدار و بەكرێگیراوانی رژێم كوژراو و بریندار بوون، هەمیش پێشمەرگەی ئێمە شەهید و بریندار بوونە و هەر ئەوەش وای كردووە كە دەنگدانەوەكەی زیاتر بێت، ئەگینا شتێك بەناوی خەباتی چەكدارانە دەستی پێ نەكردووەتەوە و ئێمە لە بنەڕەتەوە ئەو شێوازە خەباتەمان رانەگرتووە و هەركات دەرفەتێك بووە كەڵكمان لێ وەرگرتووە، كاتێكیش كە پێویست نەبووە ئەوا نەمان كردووە و ئێستەش لە پێوەندی لەگەڵ ئەو چەند پێكدادانەی دواییدا پێشمەرگەكانی ئێمە كەوتوونەتە بۆسە و بۆ بەرگریكردن لە خۆیان شەڕیان كردووە".
لە ماوەی چالاكییەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان لە ناوخۆی رۆژهەڵات، زۆربەی میدیاكان باسیان لەوە كردووە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی لایەنێكی سیاسیی هەرێمی كوردستانەوە داوای لێ كردوون چالاكییەكانیان بوەستێنن، مستەفا مەولوودی دووپاتی دەكاتەوە: "تا ئێستە هیچ لایەنێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یان لایەنێكی سیاسیی باشووری كوردستان بە رەسمی داوای لە حزبی دیموكراتی كوردستان نەكردووە چالاكییەكانی بوەستێنێت".
جێگری سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستان دەڵێت "ئێمە پێمان وا نییە حكوومەتی هەرێمی كوردستان یان هێزە سیاسییەكانی هەرێم داوایەكی لەم شێوەیە لە هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بكەن، لەبەرئەوەی رۆژهەڵاتی كوردستان دۆخی تایبەت بەخۆی هەیە و چالاكی هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵات و بەتایبەتی حزبی دیموكراتی كوردستان، كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر بزووتنەوەی سیاسی و ئەزموونی هەرێم نابێت".
دەڵێت: "بە خۆشحاڵییەوە هەرێمی كوردستان خاوەن پێگە و سەروەری تایبەت بەخۆیەتی، واتا بەشێوەیەك نییە هێز و توانا و دەسەڵاتی خۆی لە وەستاندنی بزووتنەوەی بەشێكی تری كوردستاندا بدۆزێتەوە، خۆی پلان و سیاسەت و دیپلۆماسی و بەرنامەی تایبەت بەخۆی هەیە و خاوەن هێز و توانایە. پێم وانییە داوایەكی لەم شێوەیە لە ئێمە بكەن و حزبی دیموكراتیش هەمیشە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و ئەزموون و دەستكەوتەكانی یارمەتیدەر بووە و لە بەرچاوی گرتووە".
ئەو ئەندامەی رێبەرایەتیی حزبی دیموكرات دەڵێت: "ئەگەر رۆژێكیش رێبەرانی سیاسی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە پرسیار لە حزبی دیموكرات بكەن، ئەوا حزبی دیموكرات روونكردنەوەی بۆ ئەم پرسیارانە هەیە".
گواستنەوەی كەمپەكان بەرەو سنوور
 ئامادەیی پێشمەرگە و ئەندامانی دیموكرات لە ناوخۆی رۆژهەڵات لە كاتێكدابوو كە زیاد لە ١٥ ساڵە ئەو بەشە لە كوردستان چالاكییەكی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەدیتبوو و تا رادەیەك بێ دەنگی باڵی بەسەردا كێشابوو، بەڵام لەگەڵ یەكەم پێكدادانی چەكداریی ئەو هێزە و سوپای پاسدارانی ئێران، دەنگدانەوەیەكی بەرچاوی میدیایی و جەماوەری لێ كەوتەوە و وای كرد تا رادەیەكی چاوەڕواننەكراو ئەو بێ دەنگییەی ناوخۆی رۆژهەڵات بشكێت.
بەپێی راگەیەندراوەكان و لێدوانی بەرپرسانی حزبی دیموكرات، پێ دەچێت چالاكییەكانیان لە ناوخۆ بەم شێوەیە بەردەوام بهێڵنەوە، بەڵام ئاخۆ دەكرێ لە ناوخۆی رۆژهەڵات چالاكییەكانیان چڕ بكەنەوە، بەڵام سەركردایەتیی حزب لە كەمپەكانی ناوەڕاستی باشووری كوردستان نیشتەجێ بن؟ بۆ ئەم پرسە مستەفا مەولوودی رای دەگەیەنێت كە كەمپەكانی باشوور شوێنی دانیشتن و حەوانەوەی بنەماڵەكانی دیموكراتە و پێی وایە ئەندام و پێشمەرگەكانیان زۆربەیان لە ناوخۆی رۆژهەڵاتدان".
ئەو ئەندامەی رێبەرایەتیی حزبی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "دەبێ فشاری كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر كوردستان چەندە بێت تا خەڵكی كوردستان بە چەند چالاكییەكی چەكداری كە ئەویش سوپای پاسداران بۆسەی بۆ پێشمەرگەكانی ئێمە دانابوون و بەرگرییان لە خۆیان كردووە، خەڵكی وا دڵخۆش كردووە و پێیان خۆشە بە هەموو جۆرێك و بە قورسترین شێوە لە ناویاندا بن و خەباتیان بۆ بكەن و ئەوانیش یاریدەر و هاوكار بن".
ئەوەش دەڵێت: "كەمپەكانی حزبی دیموكرات شوێنی نیشتەجێبوون و حەوانەوەی بنەماڵەكانی دیموكراتە و تێكۆشەرانی سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان زۆربەیان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و لەناو خەڵكدان و حزبی دیموكرات لێرەڕا هێز نانێرێتەوە، بەڵكو ئەو هێزەی كە لەوێ هەیەتی، لەباری رێكخستنەوە سەرپەرشتی دەكات و لەوێ تێكۆشانی سیاسی و پڕوپاگەندە و رێكخستن ئەنجام دەدەن".
مستەفا مەولوودی دەڵێت: "ئەو هێزانە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتدا بۆ ئەوەی بتوانن بجووڵێن و كار بكەن، دەبێ چەكیان پێ بێت بۆ ئەوەی ئەگەر فشاری بۆ هات بەرگری پێ لە خۆی بكات، لەبەرئەوەی مەبەستی كارەكە لە رۆژهەڵاتی كوردستانە و هێزەكەش هەر لەوێیە، ئێمەش پێمان وایە حزبی دیموكرات وەك تا ئێستە لە مێژووی خۆیدا هەركات دەرفەتی بۆ هاتبێتە پێش، كەڵكی لێ وەرگرتووە و خەباتەكانی پەرە پێ داوە، دەبێ ئێستەش درێژەی پێ بدات، بەڵام بە دڵنیاییەوە رێبەرایەتی حزبی دیموكرات ئەو تێگەیشتنەی هەیە كە بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پێوەندی سیاسیی ئەو هەرێمە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەبەرچاو بگرێت و بەشێوەیەك هەڵسوكەوتی سیاسی بكات كە زیان بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان نەگات".
هەروەها دەڵێت: "بۆ ئێمە خۆشتر دەبوو ئەگەر لوابایە هەموو ئەندامانی دیموكرات لەناو شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بان و بە شێوەیەكی یاسایی و ئازادانە خەباتی مەدەنی و رێكخستن و سیاسیی كردبایە، ئەگەر لە سنوورەكانیش دەرفەتی ئەوە بڕەخسێ ئەوە باشتر دەبوو بۆ پێوەندیكردنی راستەوخۆ لەگەڵ خەڵكەكەمان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە دڵنیاییەوە ئێمە كارێكی لەم شێوەیە ناكەین كە زیان بە ئەزموون و بەرژەوەندی كوردستان بگات".
مەولوودی بۆ بەردەوامبوونی چالاكییەكانیان لە ناوخۆ بەو شێوازەی كە ئێستە گرتوویانەتە بەر دەڵێت: "لە روانگەی حزبی دیموكرات خەبات و تێكۆشان یەك رەهەندی نییە بەڵكو چەند رەهەندییە، بەڵام ئەو جۆرە خەباتەی كە دەبێ ئامادەبوونی چالاكتری لەناو خەڵكەكەیدا هەبێ بۆ ئەوەی رۆڵ و كاریگەریت زیاتر بێت، لە پلان و بەرنامەی ئێمەدایە بە مەرجێك كێشەیەكی جدی كە لە توانای حزبی دیموكراتدا نەبێ بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵ بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە بەردەوام دەبێت".
بە تەنیا مانەوەی حزبی دیموكراتی كوردستان
 هەر پێنج لایەنی سەرەكیی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات، مانگێك لەمەوبەر لە بارەگەی سەرەكیی حزبی دیموكراتی كوردستان كۆ بوونەوە و لە ئەنجامدا لەسەر ئەم خاڵە رێك كەوتن كە رووی چالاكییەكانیان لە رۆژهەڵات بكەنەوە. هەر دوا بەدوای ئەم بڕیارە، گرووپی "پارێزەرانی رۆژهەڵات"ی سەر بە حزبی دیموكراتی كوردستان دەستیان كرد بە چالاكی لە ناوخۆدا، بەڵام ئەوا ماوەی مانگێكە ئەو گرووپە لە ناوخۆدان و تا ئێستە لە شەڕ و پێكدادان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا شەهیدێك و چەند برینداریان هەیە، بەڵام هیچ یەك لە چوار لایەنەكانی تری ئامادەبووی ئەم كۆبوونەوەیە نە بە رەسمی و نە بەشێوەی نارەسمی بەتەنگ ئەو دەستپێشخەرییە نەچوون.
جێگری سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌یش ده‌خاته‌ ڕوو "نزیك بە مانگێك لەمەوبەر ئەو 5 هێزە سیاسییەی رۆژهەڵاتی كوردستان دانیشتنێكمان لە بارەگەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران هەبوو، لەو دانیشتنەدا لەسەر بارودۆخی سیاسی گفتوگۆ كرا. یەكێك لە بابەتەكان چۆنیەتیی هاوكاری و هاوخەباتی هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵات بەیەكەوە بوو و هەر لەو كۆبوونەوەیەدا لیژنەیەكمان پێك هێناوە، ئەو لیژنەیە لە بارەگەی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان دانیشتوون و لەسەر جۆری هاوكاری و هاوپێوەندی و هاوخەباتی بەیەكەوە گفتوگۆ دەكەن، بەڵام هەلومەرجی كار و تێكۆشانی حزبەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان تا ئێستەش هەر حزبەی بەتەنیا و بە لەبەرچاوگرتنی توانای خۆی لە بوارەكانی رێكخستن و دیپلۆماسی و بەشداری لەناو خەڵكدا یان چالاكیی پێشمەرگانە كار دەكات، لەم پێوەندییەدا بەداخەوە هاوكاری ئێمە نەگەیشتووەتە ئەوەی لە ئاستە بەرزەكاندا بەیەكەوە بەرنامەیەكی هاوبەشمان هەبێت و حزبی دیموكراتی كوردستان لە توانایدا هەیە لە هەموو ئاستەكانی خەباتدا هێز و توانای خۆی وەگەڕ بخات و چالاك بێت".
ئەلتەرناتیڤ بۆ یارمەتی دارایی
 دوای ئەوەی بەغدا بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بڕی، تەنگژەی دارایی باڵی بەسەر هەرێمدا كێشا و ئەو تەنگژەیە داوێنی حزبەكانی رۆژهەڵاتیشی گرتەوە و حكوومەتی هەرێم ئەو بڕە بودجەیەی بڕی كە وەك یارمەتی دارایی بۆ ئەو حزبانەی دەنارد، ئەوەش وای كرد هەندێك لە حزبانە تووشی گرفتی دارایی بنەوە، مەستەفا مەولوودی دەڵێ كە ئەوان هەر لە سەرەتای دروستبوونی حزبەكەیان پشتیان بە یارمەتی خەڵكەكەیان بەستووە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتدا.
مەولوودی گوتی "حكوومەتی هەرێم لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە تووشی تەنگژەیەكی دارایی بووە و ئەو كەسانەش كە بە جۆرێك لە دارایی هەرێمی كوردستان سوودمەند بوون تووشی گرفت هاتوون، هەرێمی كوردستانیش زۆر و كەم یارمەتیی ئەو هێزانەی رۆژهەڵاتی داوە كە لە هەرێمن، ئێستەش كە وەك پێویست لە بەغداوە بودجەی بۆ نایەت، كاری كردووەتە سەر ئەو یارمەتییەی بە ئێمە دەكرێت".
ئاماژه‌ی دا "حزبی دیموكرات لە یەكەم رۆژی دامەزرانی لە خاڵی كۆتایی پێڕەوی ناوخۆییەكەیدا دەڵێت، سەرچاوەی دارایی حزب یارمەتی دۆستان و ئابوونەی ئەندامانی حزبە، بۆیە داواكردنی یارمەتی لە خەڵكی خۆی بەشێكە لە ئەركەكانی و حزبی دیموكرات ئێستەش هەر بەو داراییەوە كار دەكات و دەبێ بژی، حزبی دیموكرات پێی شەرم نییە داوا لە خەڵكی رۆژهەڵات بكات یارمەتی بدەن بۆ ئەوەی لە سەرجەم ئاستەكانی تێكۆشانیدا بەردەوام بێت و پێویستی بە ئەملا و ئەولا نەبێت".

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.