aso_hassanzadeh.jpgبوونی نزیكەی 10 ملیۆن كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بەلای ئاسۆ حەسەنزادە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموكراتی كوردستان، فاكتەرێكی گرنگە كە دەكرێ لە هاوكێشە ناوچەییەكاندا رۆڵی بەرچاو بگێڕێت.

حەسەنزادە كە هاوكات هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرای یاسای نێودەوڵەتییە لە زانكۆی جنێف، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی "وشە"، پەردە لەسەر هەندێ نهێنی لادەدا. ئەو دەڵێت، "ئێستە ئەمەریكا و فڕەنسا زۆر زیاتر لە رابردوو سەرنج دەدەن لە فاكتەری كورد لە ئێران و بۆیان گرنگە بزانن لە گشتیی هاوكێشەكەدا دەتوانین چ رۆڵێكیان بۆ بگێڕن".

* بەم دواییانە ئۆپۆزسیۆنی كوردی رۆژهەڵات بە گشتی و حزبی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی، باس لە رۆژهەڵات میحوەری دەكات. بۆ ئەوكاتە ئێوە بەو تەوەرە دەورووژێنن؟ بۆ پێشتر هیچتان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان نەكردووە؟

ئێمە كە ئەو چەمكەمان بەرجەستە كردەوە، بەو مانایە نییە تا ئێستە خەباتمان بۆ رۆژهەڵات نەكردووە و هاوكات بەو واتایەش نایەت كە لەمەودوا پارچەكانی تری كوردستانمان بۆ گرنگ نەبێ. كۆمەڵێك فاكتەری جیۆپۆلەتیكی و ئاڵوگۆڕی سیاسی لە ناوچە رووی داوە و جیا لەوەش، جێگە و پێگەی هەرێمی كوردستان و پرسی باكوری كوردستانیش بوونە هۆی ئەوەی لە دوو دەیەی رابردوودا، ناوەندی بارستایی پرسی كورد بۆ باشووری كوردستان و لەو دواییەشدا بۆ باكوری كوردستان بگوازرێتەوە. هاوكات كەمڕەنگبوونەوەی ئامادەبوونی مەیدانیی ئێمە و ئەو هۆكارانەش كە باسم كرد، بوونە هۆی ئەوەی پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا كەمتر لە رۆژەڤدا بێ و بە بەراورد لەگەڵ پارچەكانی تر، لە هەمووان كەمتر باسی لێوە دەكرێت. لەلایەكی ترەوە هەستمان بەوە كردووە كە نەك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بژاردەی كوردی سەرجەم كوردستان ئەو سەرنجەی شیاوی رۆژهەڵاتە پێی نادات، به‌ڵکوو زەینییەت و كاركردی سیاسیی كوردی رۆژهەڵات لە رادەبەدەر كەوتووەتە ژێر كاریگەریی ئەجیندا گەورە كوردییەكە كە ناوەندەكەی باشوور و باكوری كوردستانە. ئێمە بەو هۆكارانە رۆژهەڵاتی میحوەریمان هێنایە بەرباس. ئەوەش بە واتای هێنانی شتێكی تازە نییە، بەڵكو بە مانای هێنانە‌ی شتێكه بۆ جێگە‌که‌ی پێشووی خۆی..

* ئایا لەوەوە سەرچاوەی نەگرتووە كە پێتان وابێ رۆژهەڵاتی كوردستان بووەتە قوربانیی بەرژەوەندیی پارچەكانی تری كوردستان؟

من ناڵێم بووەتە قوربانی، چونكە هەموو پارچەكان قوربانییان بۆ یەكتر داوە، بەڵام قبووڵی ئەوە دەكەم لەو هاوپێوەندییەی دەبێ لە نێوان كوردی پارچەكانی تردا هەبێت، بێگومان ناهاوسەنگییەك رووی داوە. ئەو روانگە نەتەوەییە فراوانە و ئەو تێچووەی كە رۆژهەڵاتی كوردستان و حزبەكانی ئامادە بوون بۆ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی تایبەت بە باشووری كوردستان یان پارچەیەكی تر بیدەن، بەداخەوە بەرامبەرەكەیمان نەبینیوە..

* ئەو ناهاوسەنگییە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەكانی هەرێمی كوردستان یان هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان؟

پێش هەموو شتێك دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی نێودەوڵەتی كە بەداخەوە لە بەرژەوەندی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا تەواو بووە. هاوكات پێوەندی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستانیش، كاریگەری لەسەر هاتنەئارای ناهاوسەنگییەكە هەبووە. ئێمە چاوەڕوانیمان ئەوەیە هەرێمی كوردستان چۆن لەسەر پرسی كوردی باكوری كوردستان لەگەڵ توركیا سیاسەت دەكات، بەو شێوەیەش لە پێوەندی لەگەڵ پرسی كورد لە رۆژهەڵات لەگەڵ ئێران سیاسەت بكات.

* بەڵام بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە ناكات؟

بۆ نەبوونی دیدێكی یەكدەست لە نێو هێزە سیاسییەكانی باشووری كوردستان دەگەڕێتەوە و بەشێكیشی بۆ كاریگەریی دابەشبوونی هێزە كوردییەكان بەسەر هێزە ناوچەییەكاندا دەگەڕێتەوە.

* یانی یەكێتی هۆكارە بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ توركیادا دەكات، بەو شێوەیەش بەرامبەر بە ئێران نەبێت؟

ئێمە واقیعێكی ئیداریمان لە هەرێمی كوردستان هەیە كە سەرچاوە لە واقیعێكی سیاسی وەرگرتووە. من ناڵێم تاوانی یەكێتی یان پارتییە. بە قازانجی هیچ بەشێكی كوردستان نییە كە پرسی كورد لە پارچەیەكی تردا پەك بخرێت، بە پێچەوانەوە تا پرسی كورد لە پارچەكانی تری كوردستان بەهێزتر بێت، بەرژەوەندییە درێژخایەنەكانی باشووری كوردستانیش باشتر دەپارێزرێت.

* گوایە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو ماوەیەدا 3 جار لەگەڵ حزبی دیموكراتی كوردستان دانیشتووە و داوای كردووە كۆتایی بە جموجۆڵی ناوخۆیی بێنن و تەنانەت دووپاتی كردووەتەوە لە پاراستنی تەناهیی ئێوە و بنەماڵەكانتان بەرپرسیار نییە، ئەوە راستە؟

من ئاگەداری ئەوە نیم كە تا ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی گلەیی لە جموجۆڵی سەربازیی ئێمە لە رۆژهەڵاتی كوردستان كردبێت. ئەگەر ئەوەش روو بدات، به‌ شتێكی سروشتیی ده‌زانم، چونكە رەنگە ئەوانیش نیگەرانی كاردانەوەكانی جموجۆڵێكی لەو شێوەیە بن. ئێمە ئاگەدارین  که حكوومەتی ئێران، لە تاران و تەنانەت لە ئەمەریكاش نیگەرانی خۆی لەو جموجۆڵانە دەربڕیوە. گرنگ ئەوەیە ئێمە و هەرێمی كوردستان بتوانین لەوبارەیەوە بە چەشنێك دیالۆگ بكەین كە لە ئەنجامدا هەم بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و هەم بەرژەوەندی بووژانەوەی خەبات لە رۆژهەڵات، لەبەرچاو بگیرێن.

* پێشتر كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان پێنج حزبی سەرەكیی رۆژهەڵاتی كوردستان كرا و لەوێ بڕیار درا هێز بۆ ناوخۆ بنێرنەوە، ئەدی بۆ بەس ئێوە ناردتانەوە؟

ماوەیەكە كۆبوونەوەكان هەن و دەمانەوێ لە هەندێ پرسدا هاوئاهەنگی و هاوكاریی یەكتر بكەین، ئەوە زیاتر بواری سیاسی دەگرێتەوە. ئەمساڵ گۆڕانكاری نێودەوڵەتی و ناوچەیی رووی دا و قسەكانی سەرۆك وەزیرانی فڕەنسا و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا سەبارەت بە كۆبانی، نیشانی دا ئەگەر كورد یەكگرتووانە هەڵسوكەوت بكات و بە راشكاوی وەڵام بداتەوە، دەكرێ بازنەی هاوئاهەنگی و پشتیوانییان بەرفراوان بكەنەوە و تەنیا بۆ باشوور نەبێ و بۆ رۆژئاواش بێت. ئەگەر كورد یەكدەست و یەكگرتوو بێت، ئەوان دەتوانن وەك فاكتەرێك لە سەرجەم كورد و پارچەكانی كوردستان بڕوانن. هەلومەرجی نوێ بۆته هۆی ئەوەی زیاتر كۆ ببینەوە، بەڵام بڕیاری ناردنەوەی پێشمەرگە پێوەندی بەو كۆبوونەوانەوە نییە. ئێمە پێَش لە كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی، بڕیاری ناردنەوەی هێزمان دابوو.

* چوونەوەی پێشمەرگەكانی ئێوە بۆ رۆژهەڵات، هیچ پێوەندی بە بڕینی بودجەتان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە؟

ئێمە هیچ بودجەیەكمان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە و ئەوەی هەیە، تەنیا بۆ خزمەتگوزاری و پێداویستی ئیسانی کۆمه‌ڵێک خه‌ڵكی که‌مپه‌کانی رۆژهه‌ڵاته که به هه‌‌موو پێناسه‌یه‌ک پێڕاگه‌یشتنیان هه‌ر له عۆده‌ی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌بوو. حزب سەرچاوەی داهاتی تایبەتی بەخۆی هەیە. چوونەوەی پێشمەرگەكانمان پێوەندیی سەرەكی بەوە نییە، بەڵكو ئامانجمان خەبات لە نێو خەڵكی خۆماندایە. ئەگەر لە كاتی ئامادەبوونمان لە نێو خەڵكی خۆشماندا یارمەتی كۆ بكەینەوە، زۆر شتێكی ئاساییە.

* توانیوتانە سوود لە هاوسەنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی وەربگرن بۆ ئەوەی پرسی كوردی رۆژهەڵات بخەنە ناو رۆژەڤەوە؟

كورد هەمیشە لە كاری لۆبیدا لە پاش بووە. ئێمە بە تەواوی هەوڵ دەدەین لە دنیای دەرەوە، كار بۆ ناساندنی پرسی كورد بكەین، لەوانە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان باس بكرێ و روون بكرێتەوە كە چیمان دەوێ. ئێمە كاری زۆرمان كردووە، بەڵام پێویستیمان بە یەكدەستی هەیە و ئەگەر هەر حزبێك لەلایەن خۆیەوە كار بكات و لایەنەكانی دەرەوە ببینێت، وزەكە بڵاو دەبێ و لە ئەنجامدا نمایشێكی هێزی یەكدەستمان پێ ناكرێت. سەرووی هەموو ئەوانەش، رەخسانی هەلومەرجە.

* یانی دەتانەوێ دەست لەسەر دەست دانێن و چاوەڕێی رەخسانی هەول و مەرج و دۆخێكی تایبەت بن بۆ ئەوەی لە ئێراندا گۆڕانكارییەك روو بدات؟

هەموو شتێك لەسەر گۆڕانكاری نێودەوڵەتی پەك ناخەین و چاوەڕێی ئەوە نین هێزێك بێت و وڵاتمان بۆ رزگار بكات، چونكە ئەوكات هێزەكە بۆ خۆی دەكات نەك بۆ ئێمە، بەڵام ئەگەر هەلومەرجێكی نێودەوڵەتی بێتە پێش، دەبێ بقۆزرێتەوە. ئێمە دەبێ شتێک وەڕێ بخەین كە چاوەڕێی هاتنەئارای دۆخی تایبەت نەبێت. كاتێكیش دەبینە رۆژەڤ كە جموجۆڵمان لە نێو خەڵكی خۆماندا هەبێ و بەو شێوەیە دەبێت بە فاكتەر.
* ئەو هاوینە ئێوە پێشمەرگەتان بۆ ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان ناردووەتەوە، دۆخەكەتان پێ هەلە یان ئەوەی كە لایەن یان چەند لایەنێكی نێودەوڵەتی گڵۆپی سەوزیان بۆ داگیرساندوونە؟

ئێمە پێشتریش ئەو كارانەمان كردووە. ئێستە ئەجیندا و بەرژەوەندییەكان وەك یەك نین، بۆ نموونە فڕەنسا و ئەمەریكا بە یەك چاو سەیری ناوچە و دۆخەكە ناكەن. ئێستە هەموو لایەنەكان یاریی دووانه دەكەن و بەبێ ئەوەی ریسكی زۆر گەورە بكەن، دەیانەوێ بەرژەوەندییەكانیان بپارێزن. گڵۆپی سەوز یا سووری هیچ لایەنێكمان نییە بۆ ئەنجامدانی هیچ كارێك. پرسی كورد لە رۆژهەڵات، دروستكراوی دەرەوە نییە تا لە دەرەوە بەرنامەی بۆ دابندرێ.

* دنیای دەرەوە چاوەڕوانی لە ئێوە هەیە كە لە نێو ئەو فاكتەرەدا، رۆڵ بگێڕن؟

بەڵێ، ئێستە ئەمەریكا و فڕەنسا زۆر زیاتر لە رابردوو سەرنج دەدەن فاكتەری كورد لە ئێران و بۆیان گرنگە بزانن لە گشتیی هاوكێشەكەدا دەتوانین چ رۆڵێك بگێڕین.
* بەو پێیە ئەوان خەریكی چاودێری و لێكۆڵینەوە لە كوردی رۆژهەڵاتن؟

ئەگەر كوردی رۆژئاوا كێشە ناوخۆییەكانیان چارەسەر بكەن و لە پێوەندی لەگەڵ هاوپەیمانییە دەرەكییەكاندا خۆیان یەكلا بكەنەوە، ئەوكات تابلۆیەك دێتە بەرچاو كە سێ گۆشەی دیارە و تەنیا گۆشەیەكی دەمێنێتەوە كە ئەویش رۆژهەڵاتی كوردستانە كە لەو تابلۆ گشتییەدا دەبێ چالاك بكرێت. ئێستە كورد دەبێ ئاستی روانین و ئەنالیزی بۆ نێو هاوكێشە جیهانییەكان بگوازێتەوە. ئەو پەیامە بەروونی بە هەموو كوردەكان دراوە. دنیای دەرەوە دەبێ بە هەموو ئاڵۆزیی ناوخۆیی نێوان كورد، بەسەریەك چاو لە كورد بكات و لەو نێوەشدا رۆژهەڵاتی كوردستانی بۆ گرنگ بێ، چونكە لە تەواوی كێشە ناوچەییەكاندا، كۆماری ئیسلامیی ئێران رۆڵی گەورەی هەیە.

* ئێستە كام لەو دوو وڵاتە سەری ڕمەكەیە، ئایا سیاسەتی ئەمەریكا و فڕەنسا بەرامبەر بە كورد وەك یەكە؟

ئەوان سەرەڕای ئەوەی ئێستە لە بەرەیەكدان، بەڵام خوێندنەوە و پاشخانیان لەسەر پرسی كورد و ناوچەكە وەك یەك نییە. هەردوولا چاودێری پرسی كورد و رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن. پێم وایە فڕەنسا ئاماده‌یی باشی زۆر باشی بەرامبەر بە پرسی كورد هەیە و ده‌سپێشخه‌رییه‌کانی ئەم دواییەی پاریس، نیشاندەری ئەوەیە. فڕەنسا دەیەوێ لە پرسەكاندا هاوهەنگاوی لەگەڵ ئەمەریكادا هەبێت، بەڵام بە روانین و ئەجیندا و قورسایی خۆیەوە دەیەوێ بێتەوە ناو هاوکێشه‌كانن. ئێمە پێوەندیمان لەگەڵ هەردوو دەوڵەت هەیە.
* سەرنجەكەی ئەوان لەسەر چ لایەنێكە؟ دەیانەوێ چییان بۆ بكەن، لەوەدا مەبەستم ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات بە گشتییە؟.

من ناتوانم بەناوی هەموو ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتەوە قسە بكەم، چونكە ئێمە ئۆپۆزسیۆنێكی یەكگرتوومان نییە، بەڵام وەك حزبی دیموكراتی كوردستان ئێمە دەمانەوێ روانگەی خۆمان بۆ ئەوان روون بكەینەوە و هەست دەكەم ئەوانیش روانینی ئێمەیان بۆ گرنگە

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.