xalid_azizi2016.jpgکاک خالید عه‌زیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ کاناڵی ئاسمانیی “ڕووداو”دا که‌ بۆ باس له‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کانی مه‌جلیس له‌ ئێران ته‌رخان کرابوو،

سیاسه‌ت‌و خوێندنه‌وه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بۆ ئه‌و پرسه‌ خسته‌ڕوو.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای لێکدانه‌وه‌که‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ ئێران‌دا گوتی: نیزامی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ ئێران دێموکراتیک نین، به‌ڵام له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کان‌دا هه‌ندێ هه‌ڵ‌و ده‌رفه‌ت بۆ باس‌و هێنانه‌گۆڕێی ماف‌و داخوازی‌یه‌کان دێته‌ گۆڕێ‌و ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان‌دا کورد له‌ ئێران‌ بتوانێ به‌ باشترین شێوه‌ی ئه‌و هه‌ل‌و ده‌رفه‌تانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی‌و هێنانه‌ به‌ر باسی ماف‌و داواکانی بقۆزێته‌وه‌. هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراو له‌ شارو ناوچه‌کانی کوردستانیش له‌ مه‌جلیس بتوانن له‌ هه‌موو مه‌جال‌و که‌له‌به‌ره‌ قانونییه‌کان که‌لک وه‌ربگرن‌و به‌پێی ئه‌رک‌و ده‌روه‌ستی‌یه‌کانیان به‌دووی ماف‌و داواکانی خه‌ڵکی کوردستان‌دا بڕۆن.
کاک خالید عه‌زیزی له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی حیزبی دێموکڕات له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ ئێران گوتی ئێمه‌ له‌ ئێستادا به‌ دووی ئه‌وه‌دا ده‌ڕۆین خه‌ڵک له‌ بێ‌ته‌فاوه‌تی ده‌ربێنین. سیاسه‌تی به‌په‌له‌ی بایکۆت به‌ مانای ئه‌ستاندنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌کان له‌ خه‌ڵکه‌. له‌ نێوخۆی وڵات زۆر که‌س‌ هه‌یه‌ جۆرێکی دیکه‌ چاو له‌ سیاسه‌ت‌و به‌دواداچوونی ماف‌و ئازادییه‌کانیان ده‌که‌ن، ئه‌وان تێ‌ده‌کۆشن له‌ ده‌رفه‌ت‌و مه‌جاله‌ قانوونی‌یه‌کان که‌لک وه‌رگرن‌و؛ ئێمه‌ ده‌بێ هانده‌ریان بین‌و‌، هه‌ستی متمانه‌به‌خۆبوون له‌ نێو خه‌ڵکی خۆمان‌دا به‌رز که‌ینه‌وه‌و پشتیوانیان بین.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکی “هیوا جه‌ماڵ”، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی ” ڕووداوی ئه‌مڕۆ” له‌ بابه‌ت مێژووی هه‌ڵوێستی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی نه‌یشارده‌وه‌ که‌ گرفتێکی سه‌ره‌کیی حیزبه‌ کوردییه‌کان له‌ ماوه‌ی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا ئه‌وه‌ بووه‌ زۆر یه‌کلانه‌یه‌و ته‌ک‌ڕه‌هه‌ندی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی هه‌ڵسوکه‌وتیان کردوه‌و له‌ سیاسه‌تی بایکوت‌دا ماونه‌ته‌وه‌؛ قسه‌ی حیزبی دێموکڕات له‌ ئێستادا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ مه‌جال‌و ده‌رفه‌تی زیاتر به‌ خه‌ڵک بدا که‌ خۆیان له‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی مه‌ده‌نی‌دا ببیننه‌وه‌و ویست‌و داواکانی خۆیان بێننه‌ گۆڕێ‌و کۆماری ئیسلامی ناچار به‌ دانپێدانان به‌و مافانه‌ بکه‌ن، ئه‌وه‌ ده‌سکه‌وتێکی گه‌وره‌یه‌. به‌ڵام که‌ تۆ هاتی‌و بایکۆتت کرد ئه‌وه‌ یه‌کجێ ئه‌و په‌یامه‌ت به‌ خه‌ڵک داوه‌ که‌ نه‌چێته‌ نێو ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ و کورد له‌وه‌دا قازانج ناکا.
کاک خالید عه‌زیزی له‌ به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌و باسه‌دا لایه‌نێکی دیکه‌و تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌کی دیکه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ کوردستان به‌ تایبه‌ت له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌کی باس کرد که‌ کورد‌و ئازه‌ریی تێدا ده‌ژین. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌ ئاماژه‌ به‌ سیاسه‌تی کۆماری ئیسلامی بۆ گۆڕینی دێموگڕافیی هه‌ندێ ناوچه‌ی کوردستان، باسی که‌ ئیڕاده‌ی کورد بۆ به‌رگیری له‌و سیاسه‌ته‌ کردو هه‌ڵبژێرانی نوێنه‌رانی کورد له‌و ناوچانه‌ی له‌ ڕووی مێژوویی‌و گرینگیی سیاسی‌یه‌وه‌‌ به‌ پڕبایه‌خ ناوبرد.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌ به‌شێکی دیکه‌ی باسه‌کانی پێوه‌ندیدار به‌ گرینگیی هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆ کورد ئاماژه‌ی به‌ پێکهێنانی ” فڕاکسیۆنی کورد” له‌ مه‌جلیسی شه‌شه‌م‌دا کردو پێی وابوو که‌ نوێنه‌رانی شارو ناوچه‌کانی کوردستان ئه‌مجاره‌ش دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌توانن به‌دووی پڕۆژه‌یه‌کی ئاوادا بچن‌. به‌ڕێزیان داننان به‌ واقعێکی له‌و چه‌شنه‌و به‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی له‌و جۆره‌ی نوێنه‌رانی کورد له‌ مه‌جلیسی ئێران به‌ بابه‌تێکی گرینگ‌و ده‌سکه‌وتێک بۆ کورد ناوبرد.
کاک خالید عه‌زیزی پێی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داگرت که‌ ئه‌گه‌ر حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ ئێران قانوونی نین، ئازاد نین‌و رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان‌دا به‌شدار بن، به‌ڵام با ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ له‌ خه‌ڵکه‌که‌ نه‌ستێندرێته‌وه‌و له‌لایه‌ن حیزبه‌کانه‌وه‌ وایان له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوکه‌وت نه‌کرێ که‌ نه‌وێرن بچنه‌ نێو ئه‌و گۆڕه‌پانه‌.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرسی وتووێژ له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی‌دا تیشکی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ حیزبی دێموکڕات دانیشتن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی‌دا ڕه‌ت ناکاته‌وه‌. کاک خالید عه‌زیزی پێی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داگرت که‌ داواکانی کوردو حیزبی دێموکرات سیاسی، مه‌ده‌نی، قانوونی‌و حقووقین‌و هه‌ر له‌ رێگای وتووێژه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بن. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی کۆماری ئیسلامی داوای وتووێژ له‌گه‌ڵ حیزبی دێموکرات له‌سه‌ر پرسی کورد بکا‌، ده‌بێ حیزبی دێموکڕات‌و هه‌موو حیزبه‌ سیاسی‌یه‌کانی کوردستان وه‌ڵامی ئه‌رێنی به‌و داوایه‌ بده‌نه‌وه‌.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.