dimane_hassanzade.jpgدیمانە عەلی بداغی
نوێترین دیمانە لەگەڵ مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن‌زادە کە لە ژمارەی 754ی "کوردستان"دا بڵاو بۆتەوە:

عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە: لەوانەی دیومن کەسم لە سەرووی دوکتۆر قاسملوو نەدیوە

30 ساڵ لە تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوڕێیانی تێپەڕی کە لەسەر مێزی وتووێژ لەگەڵ نێردراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەلایەن ئەوانەوە درانە بەر دەستڕێژ. ناودارێکی کورد دەڵێ: «میللەتی کورد وەجاخ کوێر نییە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێ کورد کوڕی دیکەی نەبووە بڵێ قاسملووم.» خاوەنی ئەم وتە بەنرخە بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە تێکۆشەری دێرین، یاری غاری دوکتۆر قاسملوو، و هاوسەنگەری بەوەفای بەڕێزیانە؛ کە لە دیدارێکی تایبەتدا هاتووینەتە خزمەتی بۆ ئەوەی بە بۆنەی ساڵیادی تێرۆری دوکتۆر قاسملوو، لەگەڵ بەڕێزیاندا یادێکمان لە قاسملووی نەمر و باسێکمان لە کەسایەتی و تایبەتمەندییەکانی ئەم زاتە گەورەیە لە زمان بەڕێز مامۆستاوە کردبێ.

مامۆستا با لەو پرسیارەوە دەست پێبکەم کە جەنابت یەکەم جار دوکتۆر قاسملووت لە کوێ دیت؟
جارێ لە پێشدا با بڵێم سڵاو لە یادی دوکتور قاسملوو، سڵاو لە گیانی پاکی، سڵاو لە هەموو ئەوانەی کە لە پێناو بیروباوەڕەکەی دوکتور قاسملوودا شەهید بوون، سڵاو و ئاواتی سەرکەوتنیش بۆ ئەوانە کە ئێستاش هەر لە ڕێگەی دوکتور قاسملوو و پێشەوا و بەگشتی حیزبی دێموکراتدا خەبات دەکەن.
ئەمن لەمێژ بوو لەگەڵ ناوی دوکتور قاسملوو ئاشنا بووم، بەڵام دیتنم بۆ یەکەم جار دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٠ی زایینی کە دەبێتە ١٣٤٩ی خۆمان، ئەو وەختە کە ڕێککەوتن لە بەینی دەوڵەتی عێڕاق و بزووتنەوەی کورد بە سەرۆکایەتیی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانیدا هەبوو؛ دوکتۆر قاسملوو لە دەرێڕا هاتبوو بۆ پیرۆزبایی لە مەلا مستەفا و لە عەینی حاڵدا بۆ پێوەندی بە هاوڕێیانیەوە لە حیزبی دێموکراتدا. چونکی ئەو وەختی حیزبی دێموکرات زۆر پەرشوبڵاو بوو، بێجگە لەوانەی وڵات کە سابیتن، ئەوانی دیکە ژمارەیەکمان لە دەرێ بوون كه‌ پێکەوە پێوەندیی دۆستایەتییان هەبوو نەک پێوەندیی ڕێکخراوەیی. بەشێکمان لە مەنتەقەی شۆڕش لە کوردستانی عێڕاق بووین، بەشێکیش لە مەناتیقی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عێڕاق بوون. لەوێ لە زیمنی سەردانی مەلا مستەفادا، مەرحوومی دوکتور قاسملوو چاوی بە برادەرێکمان کەوتبوو بەناوی کاک ئەمیری قازی کە ئەندامی کومیتەی ناوەندی بوو؛ لەوێ باسی ئەوەی کردبوو کە پێم خۆشە یەکتر ببینین. ئێمەش بۆخۆمان کۆبوونەوەیەکمان کرد، بڕیارمان دا دەعوەت لە دوکتور قاسملوو بکەین بێتەوە نێو ڕێبەریی حیزب و تەنانەت وەکوو مەسئوولیش لە ڕێبەریی حیزبدا بێ. بەڵام ئیدی ئەو دیدارە ئەو وەختی نەکرا؛ وا دیاری کرا کە دوکتور قاسملوو بچێتەوە و پاش ماوەیەک بێتەوە. ڕاست تاریخەکەیم لەبیر نییە بەڵام لە مانگی ئاوریلی ساڵی ١٩٧٠دا بوو کە بۆ یەکەم جار لە بەغدا چاوم بە دوکتۆر قاسملوو کەوت و، دیدارێکی پێنج-شەش ڕۆژەمان هەبوو. کە لە جێی دیکەدا باسم کردوە، لەوێ شەش نەفەر کۆ ببووینەوە، حەوت کەسمان کردە ئەندامی کومیتەی ناوەندی[پێکەنین] لە حاڵێکدا نە کۆنگرە بوو نە کۆنفڕانس.

سەرەتایەکی گرینگ زۆر گرینگ بۆ بنیاتنانەوەی حیزبی دێموکرات، بۆ ڕێکخستنەوەی حیزبی دێموکرات کە بوو بە ڕفیقایەتییەکی پتەویش لە نێوان جەنابت و دوکتور قاسملوودا کە هەتا کاتی شەهیدبوونی ١٩ ساڵی خایاند. مامۆستا ئەدی دوادیدارت لەگەڵ دوکتور قاسملوو کەی بوو، لە کوێ بوو و، ئەوەندەی لە بیرتان مابێ باسی چیتان دەکرد؟
دوا دیدار لە کاتێکدا بوو کە ئەمن لە ڕێبەریی حیزبدا نەبووم، دوای کۆنگرەی هەشت بوو کە ئه‌من هەڵنەبژێرامەوە ببمە ئەندامی کومیتەی ناوەندی، بەڵام پێوەندییەکە هەر پێوەندییەکی مامۆستا و شاگردی بوو …

خۆت کاندید نەکردبوو مامۆستا!
موهیم نییە ئەوە، موهیم ئەوەیە نەبوومە ئەندامی ڕێبەری. دوکتۆر قاسملوو لە هەموو موناسه‌بەتێکدا زۆری لوتف لەگەڵ من دەکرد، تەنانەت لە مەسائیلی سیاسیدا دەکرێ بڵێم هیچ مەسەلەیەکی عومدەی سیاسی نەبووە، کە لەگەڵم باس نەکا و من ئاگادار نەکاتەوە هەرچەندە لە ڕێبەریدا نەبووم؛ ئەمە هەر تایبەت بەو دواییانە نەبوو پێشێش هەر وابوو. بەینی کۆنگرەی چوار و پێنجیش کە ئه‌من دیسان لە ڕێبەریدا نەبووم، ئەو پێوەندییەمان هەر هەبوو. ئاخر دیدار ئەوە بوو کە لەدوای ناردبووم بچم، بۆ یەکەم جار تەواوی قەزیەکەی لەگەڵ من باس نەکرد بەڵام بە شێوەیەکی سەربەستە لە واقیعدا ئەو داستانەی لەگەڵ باس کردم؛ کە بەداخەوە سەری تێدا چوو. پرسیاری کرد کە ئەگەر دەوڵەتی مەرکەزی ئامادە بێ وتووێژمان لەگەڵ بکا، ئەتۆ نەزەرت چییە؟ گوتم جا سیاسەتی ئەم حیزبە داڕێژراوە، ئەم حیزبە قەتی وتووێژ نەفی نەکردوە. بەڵام بەپێی ئەو زەوابیتە کە ئێمە پەسەندمان کردوە تەنانەت بۆخۆشت گەڵاڵەت کردوە؛ جا ئەووەڵ جار ئەو شرووتە دوکتور قاسملوو بۆخۆی گەڵاڵەی کردبوو و دوایە بەبێ شک ئەوانی دیکەش دەستکارییان تێدا کردبوو. ئەوە ئاخرجار بوو کە ڕۆیشت و بەداخەوە ئیدی یەکترمان نەدیته‌وه‌.

مامۆستا پێش ئەوەی بێمە سەر پرسیارە سیاسییەکان ڕەنگبێ بیرهێنانەوەی ئەو ڕۆژانەوە و ئەو کات و ساتانەش بۆ جەنابت زۆر ناخۆش بێ، بەڵام بێگومان بۆ بینەرانمان گرینگە کە ئەگەر بکرێ باس لەو ئانوساتەش بکەی کە هەواڵی تێرۆرەکەت بیست. لەو کاتەدا بیرت لە چی دەکردەوە؟
ئەو ئانوساتە ئانوساتێکی ناخۆش بوو بەڵام بۆ ئێمە وەک دەڵێ تەدریجی بوو، ڕۆژی هه‌ینی بوو، ڕۆژی جێژنی قوربانیش بوو، ئێمە شوێنی کاری دەفتەری سیاسیمان لە دێیەک بوو بەناوی «بۆڵێ» لە بناری قەندیل، بەڵام ماڵەکانمان لە دێیەکی دیکە بوو هەر لە بناری قەندیل بەناوی «ئێندزێ». ڕۆژانە هاتوچۆمان دەکرد بەڵام ڕۆژانی جێژن و تەعتیل نەدەچووین. دەوری سەعاتی نۆ و ئەوانە بوو ماشێنێکمان بەدوودا هات لەبیرم نییە کاغەزی لەگەڵ بوو یان نا، بەڵام پێویست نەبوو ئەگەر کاغەزیش نەبووبێ. گوتی: کاک دوکتور سەعید داوا دەکا بێن. کاک مستەفای هیجری ئەندامی دەفتەری سیاسی بوو، ئەو و من. کە چووین لە ڕێگادا ئەو کوڕە پێی گوتین: دەڵێن لە ئۆتریش تەقە لە هێندێک ئێرانی کراوە. گوتمان: باشە چ بووە چ نەبووە؟! گوتی: مەعلووم نییە، هەر ئەوەندە دەزانین تەقە لە هێندێک ئێرانی کراوە بەڵام کێن، کێ نین، بریندار بوون، کوژراون یان چی نازانین. هەتا چووینە لای شەهید دوکتۆر سەعید، دوکتۆر سەعید دیارە بە پارێزەوە بەڵام بە سەراحەت مەسەلەکەی لەگەڵ باس کردین. جارێ عەکسولعەمەلی من لە باری سیاسییەوە ئەوە بوو کە گوتم کاری عێڕاقێیە. چونکی دوکتۆر قاسملوو لەگەڵ ئەوەی پێوەندیی لەگەڵ عێڕاق هەبوو زۆری عێڕاق ئەزیەت دەکرد. هەر حیزبەکەمان وابوو چەند جار ئێمە دەوڵەتی عێڕاقمان بەتۆمەتی کاری فاشیستی لە بەیانییەی ڕەسمیدا سەرکۆنە کردوە. دوکتور سەعید گوتی: ئەوەی تۆ بۆی دەچی وایە بەڵام هەندێک شت هەیە ئەتۆ ئاگات لێی نییە. گوتم وەک چی؟ گوتی: وەڵڵا ئاوەهایە. دیارە کاک مستەفا ئاگای لێ بوو، ئه‌من ئاگام لە تەفسیلاتەکەی نەبوو. گوتم: جا کەوابێ موناقەشەی ناوێ، ئەوە وتووێژ بۆ مافدان نەبووە، وتووێژەکە بۆ ئەوە بووە کە ئەوی لەبەین بەرن. لەوێدا وەختی گریان نەبوو، چونکی لە سەعاتی وادا دوکتۆر قاسملوو شەخسی منی فێر کردبوو، کە دەبێ ڕووحییەمان لە شعوورمان بەقوەتتر بێ. چۆنی فێر کردم؛ یەکەم ئەندامی کومیتەی ناوەندیمان کە شەهید بوو مەرحوومی قادری ویردی بوو. ئێمە لە کومیتەی ناوەندی ١١ کەس بووین، ئەو شەهید ببوو، دوومان لە دەرێ بوون، هەشتیشمان لەوێ بووین. حەوت کەسمان دەگریاین زۆر سەیر دەگریاین؛ تەنانەت کەسێکی وەکوو مەرحوومی کەریمی حیسامی کە پیاوێکی هەم بەتەمەن، هەم بەئیستلاح کارکوشتە بوو. دوکتۆر قاسملوو تانەی لەمن دا، گوتی: هەستە وەختی گریانێ نییە وەرە با بچین بەیاننامە بنووسە. پیلی گرتم ژوورێک لەسەرێ بوو کە مەعموولەن بۆخۆم لەوێ کارم دەکرد؛ کاری نووسین و شت. گوتی: دانیشە بەیاننامەکە بنووسە، گوتم: دوکتۆر مێشکم هیچی تێدا نییە. گوتی: ئەوە ئەووەڵتە، سەت حاڵەتی وا دەبینی، لەو وەختانەدا ئەتۆ دەبێ ڕووحییەت بەقوەت بێ. یەک-دوو کەلیمە ڕێنوێنیی کردم و بەجێی هێشتم، مەجبوور دانیشتم ئەو بەیاننامەی کە دەبوو حیزب دەری بکا نووسیم. جا لەو لەحزەیه‌دا ئەوەم وەبیر هاتەوە کە دەبێ ئێمە ئەوەندەی دەکرێ ڕووحییە بدەین بە خەڵکی. پاش ماوەیەک هێندێک کارمان کرد، یەکێک لە کارەکان ئەوە بوو، شتێکمان گەڵاڵە کرد بۆ خەڵک کە بەرنامەی ڕادیۆ بڵاوی بکاتەوە: بەداخەوە خەبەرمان وەرگرت کە دوکتۆر قاسملوو لە ڤییەنێ تەقەی لێ کراوە، ئێمە لەگەڵ رەفیقەکانمان لە ڤییەن لە تەماس‌داین بزانین نەتیجەکەی چییە. بۆ ئەوەی یەکسەر خەبەرەکە نەدرابێ. کاری دووەم ئەوە بوو کە شتێکی چووکەڵەمان نووسی، بە بێسیم بیدەین بە تێکۆشەرانی حیزبی، ئیدی بۆ ئەوان ئاوا نووسرا: دوکتۆر قاسملوو شەهید بوو، بەڵام بیروباوەڕەکەی زیندوویە، حیزبەکەش زیندوویە؛ شتێکی ئاوا کورت. دواتر ئەمن بە مەرحوومی دوکتۆر سەعیدم گوت: ئەتۆ کارەکانت بکە، ئەمن دەچم بەیاننامەی دەنووسم بێ‌ئەوەی ئەو پێم بڵێ. چووم، دانیشتم بۆ بەیاننامەنووسین بەڵام ئیدی لەوێ نۆرەم بوو، چەند جار لە زیمنی نووسینەکەدا -خۆ ئەو وەختە کامپیۆتێر نەبوو-، کاغەز و قەڵەم بوو، مەجبوور دەبووم کاغەزەکەم لابەرم هه‌تا ئەوەی نووسیومە بە ئاوی چاوم ڕەش نەبێتەوە. بەهەرحاڵ ئەوە عەکسولعەمەلەکە بوو.

زۆر ناخۆش بوو وەبیرهێنانەوەی ئەوە. مامۆستا تێکەڵاوی و کاری هاوبەش و هاوڕێیەتی و هاوسەنگەر بوون لەگەڵ دوکتۆر قاسملوو، بێگومان هەر کەسێک کە لەگەڵی بێ کاریگەریی زۆری لەسەر دادەنێ؛ پێم خۆشە بزانین دوکتۆر قاسملوو لەسەر کام ڕەهەندی ژیانت جیا لە ڕەهەندی سیاسی کە باست کرد کاریگەریی داناوە؟ لەسەر چ لایەنێکی بیرکردنەوەی جەنابت زۆرتر کاریگەری هه‌بووە؟
هێمن لەبارەی مەلا ئەحمەدی فەوزییەوە دەڵێ: ئه‌من دروستکراوی دەستی مەلا ئەحمەدی فەوزیم. ئەگەر موبالەغە نەبێ ئەمنیش وا دەڵێم، هەم لە باری سیاسییەوە، هەم لە باری ئاداب و ڕەفتار و بەتایبەتی هێندێک شتی زۆر گەورەی هەبوو کە ئێمە هەر ڕەعایەتمان کردبێ و تۆزێک بەلایدا چووبین هەر زۆرە. ئەو ڕۆح‌گەورەییە، دێموکراتبوون، کەمتر بیرلە تۆڵەکردنەوە، نەزاکەتی کەلام لە نووسیندا، لە زۆر بارەوە ئەخلاقی دوکتۆر قاسملوو بۆ ئەوە دەبوو، پیاو ڕەچاوی بکا و لێی فێر بێ. ئەوەی کە لە موقەدەمەی قسەکاندا باست کرد، وا بوو. یەعنی لێی زیاد دەکەم ئەمن لەگەڵ دوکتۆر قاسملوو و لەگەڵ زۆر کەس دانیشتووم، هیچ کەسم لە سەرەوی دوکتور قاسملووی نەدی، هیچ کەس.

جوانترین وەسف بوو لە پەسنی قاسملوودا
هیچ لەبەر تەعەسسوبیش وا ناڵێم؛ واقعیەت دەڵێم.

بێینە سەر پرسیارە سیاسییەکانمان لەم دیدارە تایبەتەدا، زۆر جار دەبیستین: کە دەڵێن حیزبی دێموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی کورد هەتا ئێستاش بێ‌قاسملوویی پێوە دیارە. ئایا ئێوەش وا بیر دەکەنەوە؟
ئه‌من وا بیر دەکەمەوە کە چەند لایەنی هەیە، ئەوەڵەن جێی هیچ کەس پڕ نابێتەوە، نەک دوکتۆر قاسملوو بەڵکوو جێی خەڵکی دیکەش. چونکی ئێمە بەننایەک نیین ئیحتیاجیمان بە دە فه‌عله‌ هەبێ، ئەگەر یەکێکیان نەخۆش بێ یەکی دیکە لە جێگەی دادەنێ. ئێمە قەزیەیەکمان بە دەستەوەیە ئیحتیاجیمان بە هەمووان هەیە، کەوابێ جێی هیچ کەسمان بۆ پڕ نابێتەوە. شتێکی دیکە دووبارە دەڵێم، بە مردنی هیچ کەس نابێ جێیەکە بەتاڵ بێ، نابێ ڕەوتەکە بوەستێ. ئەسڵەن هونەری ڕێبەرێکی سیاسییش لەوەدایە کە وای کار کردبێ، وای خەڵک پێ گەیاندبێ کە دوای خۆی کارەکە بڕوا؛ دەنا هونەرێکی نییە فەقەت ئەو وەختە کار بڕوا کە بۆخۆی دەیکا. بەڵام ئەگەر ئەوەی لێ دەرچێ، بەڵێ ئەمنیش باوەڕم وایە کە بێ‌قاسملوویی بە حیزبی دێموکراتەوە هەتا ئێستا دیارە. چونکی بۆخۆی ئەو چەترە بوو کە هەمووی خڕ دەکردنەوە لە عەینی حاڵدا ڕێبەرێکی گەورە بوو.

بە دیوێکی دیکەی ئەم باسەدا، بەهەر حاڵ کۆمەڵێک ئەندامی ڕێبەری، کۆمەڵێک کادری تێکۆشەر، کۆمەڵێک پێشمەرگە هەن لەو نێوەدا، بەهەرحاڵ دوای قاسملوو ئەم حیزبە درێژەی بە ژیانی سیاسیی خۆی داوە؛ ئایا ئەمە غەدرێکیش لەم ڕێبەرییە نییە کە بەهەرحاڵ بە شەو و شەونخوونی بە قوربانیدان ئیدامەی کاریان داوە؟
عەرزم کردی، گوتم نابێ کارەکان ڕاوەستن، کارەکان ڕۆیشتوون و چاکیش ڕۆیشتوون. تەنانەت لەدوای شەهیدبوونی کە ئه‌من لە بەخاک سپاردنەکەیدا بەشدار بووم، هاتمەوە موساحەبەیەکی ڕادیۆییمان کرد؛ باسی ئەوەم کرد کە دوکتۆر قاسملوو تەمرینی نەمانی خۆی بە ئێمە دەکرد، ساڵێ لە سێ مانگەوە هەتا شەش مانگ بەجێی دەهێشتین، بۆ ئەوەی ئێمە کارەکانمان بکەین. تەنانەت جارێکی -ئەمن کەمێک سەریحم لەو شتانەدا- دەگەڵ خۆی قسەم ده‌کرد، گلەییم لە شتێکی کرد گوتم: لە کاری خۆیدا کاک دوکتۆر سەعید بەمشوورتر و مودیرترە تا تۆ. گوتی: چۆن وا دەڵێی دوکتۆر سەعید ڕادیۆی ئیدارە دەکا ئەمن حیزب ئیدارە دەکەم. گوتم: نا حیزب هەموومان ئیدارەی دەکەین، ئەتۆ بەتەنێ ئیدارەی ناکەی. فێعلەن هەرواش بووە. ئەمن لە پێشەوەش کە هەموومان لە بیرمانە ئەووەڵ قسەکانم ئەوە بوون کە سڵاوم لەوانە کرد کە ڕێگاکەی ئیدامە دەدەن، بەڵێ ئەوان فەزڵیان هەیە، هونەریان هەیە لە هیچی کەم ناکەمەوە، بەڵام ئەوە حەقیقەتێکی تاڵە و تەنانەت کەمێکیش تەقسیری ئەو خەڵکەیە، کە ئێستا دەڵێن قاسملوو جێی بەتاڵە، بریا قاسملوو دە کەسی لە جێ بایەن.

مامۆستا فاکتێکیش لە کەسانی غەیرەکورد بێنینەوە، مەسەلەن بۆ نموونە کریس کۆچێرا دەڵێ: «ئەگەر قاسملوو مابا ڕەنگبێ پرسی کورد لە شەرایەتی ئێستادا بەرەو ئاقارێکی دیکە چووبا» و ئەوەش هونەری قاسملوو بوو، یان جاناتان ڕەندڵ دەڵێ: «کەسم نەدیوە وەک قاسملوو لە دانیشتن لەگەڵ هەموو ڕێبەرانی دنیادا توانای ڕاگرتنی سەربەخۆیی فیکری و سیاسیی خۆی هەبووبێ.» ئەم وەسفانە، ئەم پێناسەکردنانە چ مەنتقێکی لەپشتە؟ ئەوانە قسەی کۆمەڵێک کەسی ئورووپایین کە ئێحساسی قسە ناکەن.
دوکتۆر قاسملوو جەززابترین ڕێبەری کورد بوو بۆ هەموو خاریجیەکی، ئەمن شتێک دیکە زیاد دەکەم؛ دوکتۆر کوشنێر لەسەر جەنازەکەی لە زیمنی قسەکانیدا گوتی: «هەتا دەمدی شتی تازەی لێ فێر دەبووم»، جا قسەکانیش دەقاودەق پێم خۆشە وەک خۆی بن. چونکی ئه‌من زۆرم پێ جالب بوو بڵێم؛ قسەی جاناتان ڕه‌نداڵ ئەوەیە کە دەقیقەن دەڵێ: «تەنیا ڕێبەری سیاسی بوو کە دەیتوانی لەگەڵ هەر دەوڵەتێکیش دابنیشێ قسەی خۆی بکا و ئازادیی سیاسیی خۆشی نەدۆڕێنێ.» ئەوە وەسفێکی زۆر گەورەیە. ئەو لەگەڵ دەوڵەتانیش (ئەوەندەی دەکرا، لەگەڵ وەزیری خاریجە، لەگەڵ دەوڵەت، جاری وا بووه‌ لەگەڵ ڕێبەری دەوڵەتیش دانیشتوە) بەڵام قاسملوو هەر قاسملوو بووە و حیزبەکەی هەر حیزبەکەی بووە. حیزبەکەشی فێر کرد کە بەبێ ویش هەر سەربەخۆ بمێنێتەوە و سەربەخۆیی سیاسیی خۆی بپارێزێ.

لە زیمنی قسەکانتدا ئاماژەیەکیشت بەوە کرد کە لەگەڵ ئەوەی ئێمە ئەو کات بەپێی شەرایەتی سیاسی، لەگەڵ مەسەلەن دەوڵەتی ناوەندیی عێڕاق پێوەندیمان هەبوو بەڵام دوکتۆر قاسملوو تەنانەت ئەزیەتیشی دەکردن.
ئائا. جارێکی پێکەوە سەفەرمان دەکرد، تازە زیندانی ئێمە لەلایه‌ن دەوڵەتی عێڕاقەوە بۆمباران کرابوو ، بەیاننامەیەکمان لەسەر نووسیبوو؛ زۆر توند. بە فاشیستمان ناو بردبوون و مەحکووممان کردبوون. کە سەفەرمان کرد لە کەرکووکێ نانی نیوەڕۆیان بۆ دوکتور قاسملوو ئامادە کردبوو، ئەمنیش لەو وەختەدا بەرپرسی ڕادیۆ بووم. هەر وەژوور کەوتین ئەو دەیناسی ئه‌من نەمدەناسی، دوكتۆر گوتی: «ئەوەش وەزیری ئێعلامی ئێمەیە»، هێشتا دانەنیشتبووین کابرا گوتی: «یانی بەیاننامەی دۆڵەتوو ئەوە نووسیویەتی؟» گوتم: «عەمەلیاتی دۆڵەتوو ئەتۆ دەستوورت دابوو؟» دانیشتین، چایان هێنا دوکتۆر قاسملوو گوتی: «بەیاننامەی دۆڵەتوو ئەمن نووسیومە.» نازانم نووسیبووی یان نا، چونکی ئەمن ئەو وەختی لە سنە بووم، ئەمن نەمنووسیبوو. گوتی: «ئەمن نووسیومە بەڵام ئەتۆ دۆستی منی حەق بەخۆت دەدەی بێی زیندانەکەم بۆمباران بکەی، زیندانییەکانم بکوژی، تەنانەت پێشمەرگەکانم بکوژی؛ حەق بەمن نادەی مەحکوومت بکەم؟ حیزبی دێموکڕات ئەو پێوەندییانە نازانێ.

مامۆستا دوکتۆر قاسملوو لە سیاسەت و لە کاری سیاسیدا هەلومەرجی دەخوڵقاند یان زیاتر لە هەلومەرجە ڕەخساوەکان بۆ بەرژەوەندیی حیزبەکەی و نەتەوەکەی باشترین ئیستفادەی دەکرد؟
دەکرێ بڵێین ڕێبەرێکی سیاسی بەتایبەتی ڕێبەری سیاسیی حیزبێک کە لە دەسەڵاتدا نییە، قەت ناتوانێ هەلومەرج بخوڵقێنێ، بەڵام ئیدە دەخوڵقێنێ و، مەرحەلەی دووهەمی کە باست کرد بەڵێ وا بوو. لە هەلومەرجی مەوجوود زۆر باش وەدەست دەهات و زۆر زوو ئیستفادەشی لێ دەکرد. تەنانەت جاری دیکەم گێڕاوەتەوە با تیکراریش بێ دەیڵێم؛ ساڵی ١٣٥٧ ئەو لە دەرەوە بوو ئێمە لە عێڕاق بووین، هاتەوە گوتی: «ئێمە ئیدی نابێ لێرە بین دەبێ بچینەوە، وڵاتی ئێمە دەگۆڕێ.» ئەو وەخت لە ئێران بە کەست گوتبا شا دەڕوا، ئیدی نازانم چی پێ دەگوتی! دەیگوت شێت بووە. بەڵێ ته‌وزیحی دا و بە قسەمان کرد و بڕیارمان دا، هێندێکمان بگەڕێینەوە. کاک حەسەنی ڕەستگار گوتی: «شا ڕۆیی!» گوتم: «بۆ؟» گوتی: «ئەو کابرایە وەک سوورەداڵه‌ی بەبن باڵی خۆیدا دەڕوانێ. پێشبینییەکانی وان.» بەڵێ فێعلەن وابوو.

هەر بەو پێیە ئەگەر دوکتۆر قاسملوو لە ژیاندا مابا، بەپێی ئەو هەلومەرجانەی کە لە دوای شەڕی کەنداو لە مەنتەقەی ئێمە دروست بوون، ئایا دوکتۆر قاسملوو لەگەڵ هەمان بڕیار و هەمان تەسمیم‌گیری دەبوو کە ڕێبەریی حیزب کردیان؟ (بە گشتی عەرزت دەکەم نەک لە مەوردێکی خاسدا) یان ڕەنگبێ ئەو کاتە بڕیارەکان جۆری دیکە بان؟
نا، ئەمن پێم وایە لەو باره‌یەوە، هەندێک موبالەغە لە توانای دوکتور قاسملوودا نه‌کەین؛ ڕەنگبێ لە ته‌کنیکدا ته‌کنیکی وردتر و جوانتر ڕەعایەت بکرێ بەڵام ئەو هەلومەرجەی خوڵقا ئەگەر دوکتۆر قاسملووش مابایە؛ ئێمەی تووشی ئەو حاڵەتە دەکرد. زۆر جار پێمان دەڵێن ئەوە کەمپ‌نشینییه‌ حیزبی دێموکراتی وا لێ کردوە. نا بابە کەمپ‌نشینی وای لێ نەکردوە؛ هەلومەرجی خەباتەکە وایە کە مەجبووری کردووی و کردووتی بە کەمپ‌نشین. کەمپ‌نشینی نەتیجەی هەلومەرجەکەیە، نەک هەلومەرجی ئێستامان نەتیجەی کەمپ‌نشینی بێ. ئەگەر هەلومەرجەکە وا نەبێ، لێرەڕا بە چوار سەعاتان ده‌چینه‌وه‌ وڵاتی خۆمان. کەوابێ دوکتۆر قاسملووش مابایە شتی وا هەر دەبوو، جاروبار هەندێک موبالەغە دەکەن لە توانای دوکتۆر قاسملوودا. ئاخر ئێستا هەر یەکە و بۆخۆی دوکتۆر قاسملوویەک دروست دەکا؛ بەتایبەتی ئەوانەی نەیاندیوە. دەڵێن ئەگەر دوکتۆر قاسملوو مابایە حیزبی دێموکرات دوولەت نەدەبوو، دوکتۆر قاسملوو مابوو ٣ ئینشعاب لە حیزبی دێموکراتدا کرا.

زیاتر مەبەستم ئەوە بوو کە دەڵێن ئەگەر دوکتۆر قاسملوو مابا ڕەنگبێ ئێمە لە قەندیل دانەگەڕاباین، ئەوەش نموونەیەک؟
ئه‌دی بۆ هاتینە قەندیل؟ بۆ چووینە گەڵاڵە؟ بۆ چووینە گەورە دێ، لە مەنتەقەی چوارتا؟ خۆ ئەودەم دوکتۆر قاسملوومان مابوو. لە مەنتەقەی چوارتاوە بۆ هاتووینە قەندیل؟ دوکتور قاسملوومان لەوێدا لەگەڵ بوو. هەندێک موبالەغەیە لە وەسفدا. دوکتۆر قاسملوو ئەوەندە گەورەیە پێویست ناکا بە قسەی خیلاف گەورەی بکەین!

بەڵێ. مامۆستا پێم خۆشە هەر لە زمان جەنابتەوە بڕێک زیاتر لایەنە جیاوازەکانی کەسایەتیی دوکتۆر قاسملوو باس بکەین، چی دوکتۆر قاسملووی لە بڕیارداندا، لە ڕێبەرانی دیکەی کورد جیا دەکردەوە؟
دەتوانم بڵێم ئەوەی لە هەموو خەسڵەتێکی دوکتۆر قاسملوو بارزتر بوو، دێموکراتبوون بوو. یەعنی دوکتۆر قاسملوو لە وەختێکدا کە بەتەنێ (هەر ئەوە تەعلیماتی حیزبیش بوو دەڵێ: «کادری حیزبی دەبێ لە وەختی زەروورەتدا بتوانێ بۆخۆی بڕیار بدا») تەنیا لەو وەختانەدا بڕیاری دەدا؛ دەنا ئەو وەختە کە ئیمکانی مەشوەرەت لەگەڵ هاوڕێیانی هەبوو هیچ وەختێک بەتەنێ بڕیاری نەدەدا. چەند جاریشم لەبیرە کە ڕەئییەکەی وی و نەزەرەکەی وی ڕەت کراوەتەوە، تەنانەت مەوریدێکم لەبیرە زۆر جاری دیکەش ڕەنگە گێڕابێتمەوە بەڵام دووبارە گێڕانەوەیم پێ خراپ نییە؛ مەسەلەکە زۆر ناکەمەوە. مەسەلەیەک هاتە گۆڕێ هەموومان نەزەرمان ئەوە بوو کە دەبێ سەفەرێکی بۆ بکرێ، دوکتۆر قاسملوو موخالیف بوو بەڵام تەسویب كرا کە دەبێ ئەو سەفەرە بکرێ، کە تەسویب بوو باسی ئەوە کرا کە سەفەرەکە کێ بیکا، گوتمان: «دوکتۆر قاسملوو!» گوتی: «کاکە ئەمن تەنیا موخالیفی ئەو بڕیارەم چۆن شتی وا دەبێ؟» گوتمان: «بەتۆ نەبێ ناکرێ.» هەستا چوو جێبەجێی کرد بە باشترین شێوەش جێبەجێی کرد، بەڵام مانگێکی نەخایاند هەموومان پەشیمان بووینەوە. دەرکەوت ڕەئیەکەی وی سەحیحترە، ئەو لە پێش ئێمەوە دەرکی کردبوو، ئێمە دەرکمان نەکردبوو؛ بەڵام بەو حاڵە چووە ژێر ڕەئیی ئەکسەریەتی کومیتەی ناوەندی و قبووڵی کرد. لەحاڵێکدا ڕێبەرانی سیاسیی دیکە زۆر جار بۆخۆیان بڕیار دەدەن.

بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ وتووێژ لەگەڵ نێردراوانی کۆماری ئیسلامیدا، ئەمەی ڕەعایەت نەکرد و بۆخۆی بریاری دا.
عەرزم کردی ئەوە لەو جێیانەیە کە دەبێ بەتەنێ بڕیار بدا. ئەووەڵ جار کە لە دەرێ بوو پێوەندییەکە گیراوە بە حوکمی ئەو بڕیارە سیاسییەی کە بوومانە واتە ئێمە وتووێژ ڕەت ناکەینەوە، ئەوەی کردوە. دوایە هاتۆتەوە لەگەڵ کومیتەی ناوەندی باسی کردوە، لەگەڵ دەفتەری سیاسی بەدرێژی باسی کردوە؛ هەمووی ئەوانە. بەڵام بەهەر حاڵ ئەوە یەکێکە لە مەواریدی هەڵەی دوکتۆر قاسملوو هەڵەیەکیش کە قەت قابیلی جوبران نییە و قەتیش قابیلی لێخۆش‌بوون نییە.

مامۆستا جیا لە دنیای سیاسەت جەنابت پێگە و جێگەی دوکتۆر قاسملوو لە ڕەهەندەکانی دیکەی ژیانی کۆمەڵایەتی، لە ئەدەبیاتدا، لە هونەردا چۆن دەبینی؟ ئەگەر باسێک لە عەلایەقی دوکتۆر قاسملوو بکەی لەو بوارانەدا.
دوکتۆر قاسملوو پیاوێکی زۆر جامێع بوو، باسی ئەدەبیات کرابا تێبینیی زۆر وردی ئەدەبیی هەبوو، شارەزایییەکی زۆر باشی لە ئەدەبی کوردی هەبوو. تەنانەت لەوەدا ساحەب‌نەزەر بوو کە شێعر یان وتاری ئەدەبییش هەڵسەنگێنێ؛ هەربۆیە ئەو مریدی دوو کەس بوو بە دەرەجەی یەکەم گۆران کە وەختی خۆی گۆران گەورەترین شاعیری دەوران بووە، باوەڕ کە تا ئێستاش خەڵکی دیکە نەیانگەیاندۆتە گۆران، هەموو کەس نەیتوانیوە خۆی لە قەرە بدا. لە شاعیرانی زاراوەی کرمانجییشدا قەدریجان. زۆری شێعری ئەو دووانە لەبەر بوو. باسی ئەدەبیاتی فەڕانسە دەکرا، لێی شارەزا بوو. باسی تاریخی ئێران دەکرا، لێی شارەزا بوو. باسی تاریخی وڵاتان دەکرا، لێی شارەزا بوو. تەنانەت لەبیرمە جارێکیان چەند فەڕانسەییەکی له‌لا بوون، باسیان کرد و لەبارەی کوردستانەوە ئیزهاری نەزەریان کرد، خیلافیان لەگەڵ وی هەبوو؛ لێیان تووڕە بوو گوتی: «ئەمن چەند ساڵم لە وڵاتەکەی ئێوە خوێندووە، تاریخی ئێوەم خوێندووەتەوە، لە وڵاتی ئێوە ژیاوم، زمانەکە وەک ئێوە دەزانم؛ ئەلعان لەسەر مەسائیلی فەڕانسە خۆم بە ساحەب‌نەزەر نازانم. ئێوە سەفەرێک هاتوونەتە کوردستان بۆ هەمووتان بوونە ساحەب‌نەزەر؟!» بەڕاستی بێدەنگ بوون، یەعنی لە زۆر بواردا، دوکتۆر قاسملوو لە حەددی ئینسانێکی مەعموولی بەولاوەتر بوو. هەموو سەمفۆنییەکانی دەناسی، سەمفۆنییە خاریجییەکان کە ئه‌من یەکێکیان ناناسم.

مامۆستا ئەگەر ئەوە گرێ بدەینەوە بە دنیای سیاسەت ئایا تواناکانی دوکتۆر قاسملوو، ئەو توانا زۆرانە ئەوی بێمنەت نەکردبوو لە هاوڕێیەتی، لە بڕیاری گشتی یان لە ئیجماعێک کە دەبوو بۆ شتەکانی دیکە ببایە؟
لەوباره‌یەوە ڕەئیی من و ڕەئیی ڕەفیقەکانی دیکەی دوکتۆر قاسملوو فەرقی هەبوو. جارێ با ئەوەی بڵێم ئەمن ڕەنگە دە جار، بیست جار لەگەڵ دوکتۆر قاسملوو شەڕم کردبێ. چونکی ئەمن شاگردی وی بووم. بەڵام لە عەینی حاڵدا ئەویش پێی خۆش نەبوو شاگردەکەی هەر بڵێ بەڵێ. پێی خۆش بوو ڕەئیی تازە ببیسێ. هێندێ کەس پێیان وابوو دوکتۆر قاسملوو ڕەئیەکانی خۆی دەسەپێنێ، بەڵام ئه‌من وام نەدەدی. دوکتۆر قاسملوو هیچ ڕەئیەکی خۆی نەسەپاندوە، بڵێن بۆخۆی دەیکا. بەڵام مەنتقی بەقوەت بوو کە لەسەر ویستەکان و بۆچوونەکانی خۆی ئیستدلالی دەکرد ئەوانی دیکە قسەیان پێ نەدەما، پەسەندیان دەکرد.

ئەدی دوکتۆر قاسملوو کاریگەریی هیچ کەسایەتییەکی کوردی لەسەر نەبوو؟ یان بۆخۆی باسی لە شتێکی کردبێ؟
لەباری سیاسییەوە، ئەووەڵەن با ئەوە بڵێم ڕێبەرێک کە لە هیچ کەس فێر نەبێ ڕێبەرێکی زیرەک نییە، هونەری ڕێبەرێکی گەورە ئەوەیە کە لە ئەندامەکان و عونسورەکانی خوارەوەی کۆمەڵیش شت فێر بێ و ئیلهام وەر بگرێ. شت هەیە ئەتۆ نایزانی ئەو دەیزانێ، دەبێ لێی فێر بی؛ کەوابێ لەو بارەیه‌وە ئەو وشک نەبوو، دەیویست لە خەڵکی فێر بێ. بەڵام وەکوو مامۆستا و موڕشید ئەو تەنیا خۆی بە شاگردی پێشەوا قازی محەممەد دەزانی؛ بەحەقیقەت پێشەوا قازی محەممەدیش لە دوکتۆر قاسملوو لەسەرتر بووه‌.

مامۆستا دوکتۆر قاسملوو جیا لە کوردستان و کورد کە تێزی دوکتۆراکەی بوو و، چل ساڵ خەبات لەپێناوی ئازادی و کورتەباس کە نامیلکەیەکی تێئۆری بوو؛ نووسینی دیکەی هەبوو؟
نووسینی دیکەی زۆر بوو، جارێ نامیلکەی نێو حیزبی و ڕاپۆرتی کومیتەی مەرکەزی و ئەوانە کە نووسیبوونی بەجێی خۆی. بەڵام بێجگە لەوە ئێستا دوو شتی دیکەیم لەبیرە، یەکێکیان مێژووی کوردستان بوو کە بە هاوبەشی نووسرا، بەشی تورکیە « د. کەنداڵ نەزان» نووسی، بە زمانی فەڕانسە نووسرا، بەشی عێراق «د. عیسمەت شەریف وانلی» نووسی، بەشی سووریەش هەر ئه‌و نووسی بەڵام بە ناوی مسته‌فا نازدار، بەشی ئێرانیش دوکتۆر قاسملوو نووسی. لە پاشان دوکتۆر قاسملوو وەکوو کارناس لە وەزارەتی بەرنامەڕێژیی عێڕاق کاری دەکرد، کتێبێکی زۆر عیلمی و جوانی نووسی بە ناوی بەرنامەڕێژیی درێژخایەن، بەعەڕەبی نووسی. دیارە عەڕەبی نەدەزانی بەڵام لە وەزارەت هەیئەتێكی پێک هێنابوو، دوو کەس لەبەر دەستیدا کاریان دەکرد کە هەر دووکیان دوکتۆرایان هەبوو، هەر دووکیان دۆکتورایان لەسەر دەستی وی وەرگرتبوو، هەر دووکیان لە چێکۆسلۆڤاکی ببوون، زمانی چێکی و سلۆڤاکییان دەزانی، بۆیە ئەو ئیدەکانی دەگوتن بە عەڕەبییەکی ناتەواو یان بە چێکییەکی سەحیح، ئەوان بە عەڕەبی دایاندەڕشت؛ کتێبێکی زۆر بەنرخە. دیارە چاپیان نەکرد بیدەنە دەست خەڵکی هەر لە ئیختیاری خۆیاندا بوو.

نەکراوەتە کوردیش؟
نەخێر نەکراوە، چونکی نەیانهێشت بکەوێتە بازاڕ.

بەڵێ. مامۆستا لە پرسیارەکانی کۆتایی نیزیک دەبینەوە. ئامانجەکانی قاسملوو بەشی زۆری وەدی نەهاتوون بەڵام پێت وایە کە دوای شەهیدبوونی دوکتۆر قاسملوو ڕێگای قاسملوو لە ئێستادا چۆن دەپێورێ؟ ڕێبوارانی ڕێگای قاسملوو چۆن لەم ڕێگایە هەنگاو هەڵدێننەوە؟ پێت وایە ئەو شەرایەتەی ئێستا ڕۆحی قاسملووی شاد کردوە یان لێمان ناڕەحەتە؟
ئیشارە بە قسەکەی کریس کۆچێرا بکەینەوە کە ئەو وەزعەی عێراق پێکهات دەڵێ: «ئەگەر قاسملوو مابایە، وەزع جۆرێکی دیکە دەبوو چونکی پیاوی ئەو مەیدانە بوو.» بەبێ شک ئەگەر قاسملوو مابایە تەئسیری لەسەر شتەکان زۆر دەبوو، بەڵام ناحەقی دەبێ، بێ‌ئەمەگی دەبێ کە ئێمە نەقشی ئەوانەی دوای قاسملوو نەفی بکەین. دوکتۆر قاسملوو مابایە شتەکان چاکتر دەبوون، بەڵام ئەو ڕەوتەی کە بووە زۆر سەریعتر نەدەبوو. پێم وایە خراپ نەبووە، هەڵەمان هەیە. لەباری ئیدئۆلۆژی و ئەفکاری سیاسییەوە کەمبوودمان هەیە. بەڵام خەباتەکەمان بەردەوامە، ئاڵایەکەمان بە شەکاوەیی راگرتوە، ئەوە زۆر موهیممە دەنا خۆ ئامانجەکانی پێشەوا قازی محەممەدیش نەهاتوونە دی. لە واقیعدا ئامانجی حیزبی دێموکرات و دوکتۆر قاسملوو، ئەوانە هەموویان بناغە دانەرەکەیان پێشەوا قازی محەممەدە. ئەوە ئەمن بە دوو جەنبە دەیبینم، جەنبەیەکی ئەوەیە کە زیرەکی و وشیاریی ڕێبەرانی دامەزرێنەری حیزبی دێموکرات ئەوەندە زۆر بووە ئیدەیەکی سیاسییان هێناوەتە سەر کاغەز کە پاشی حەفتا ساڵیش هەر نوێیە؛ ئەوە زۆر موهیممە. لایەکەی دیکەی ناکامییەکی زۆرە حەفتا ساڵ بەسەریدا تێپەڕیوە، کەچی بە شێوەی تەواو نەهاتوونە دی. ئەگەر ئینسان لە تاریخدا دەژی، تاریخ نابینێ، بەڵام ئەگەر یەکێک (دەڵێن فەڕزی مەحاڵ، مەحاڵ نییە) ساڵی ١٣٣٠ مردبێ و ئێستا زیندووی کەیەوە، هەر سەری سوڕ دەمێنێ کە حەتتا لە باری مەسەلەی نەتەوایەتییەوە کوردستان چەندە پێش کەوتوە؟ خۆ وا نییە هیچ وەدی نەهاتبێ. شتێک لەو ڕۆژانەدا هه‌بوو پێم خۆشە ئیشارەی پێ بکەم؛ ئەو کۆنگرەیە کە دوێنێ و پێرێ لە سنە گیرا، هەڵڵایەکی زۆری لەسەر ساز بوو، ئه‌من باسی ئەو هەڵڵایە ناکەم، بەڵام ئەوە نەتیجەی خەباتی میللەتی کوردە کە جمهووریی ئیسلامی وادار دەکا بە درۆش بێ، ڕێز لە ناودارانی کورد و گەورەپیاوانی کورد بگرێ. خۆ لە خۆڕا وەدی نەهاتوە. نا وا نییە کە ئامانجەکان بە هیچ جۆر وەدی نەهاتبن. لە وردەکارییەکاندا وەدی هاتوون لە عومدەکەش نیزیک بووینەوە. پێم وایە سبەینێ و دووسبەی نییە و ڕەنگە ئەمن نەیبینم بەڵام ئیشەڵڵا ئێوە حەتمەن دەیبینن؛ وەدی دێ بەڵام ئێستا وەدی نەهاتوە.

مامۆستا تەمەندرێژ دەبی ئیشەڵڵا. دوکتۆر قاسملوو لەسەر مێزی وتووێژ شەهید کرا، دوای ئەم ڕووداوە تاڵە ئەویش بەم شێوەیە ئایا دەکرێ وتووێژ و ئاشتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی مانایەکی هەبێ؟ یان با پرسیارەکەم جۆرێکی دیکە بکەم ئایا حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەر حاڵەتێکدا دەتوانێ لە تاوانی تێرۆری دوکتۆر قاسملوو خۆش بێ؟
ئەمن بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە قسە ناکەم بە ناوی خۆمەوە قسە دەکەم. عەرزم کردی کاری دوکتۆر قاسملوو لە خۆیدا دروست بوو، بەڵام ئەو ته‌کنیکە کە ئەو گرتیە پێشێ هەڵەیەکی گەورە بوو کە بە قیمەتی گیانی تەواو بوو. ئێستاش حیزبی دێموکراتی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی دیکە دروست نییە وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی یان هەر دەوڵەتێکی دیکە کە بێتە جێگەی کۆماری ئیسلامی نەفی بکا. بەڵام بەو شەرتە ئوسوولی وتووێژ ڕەعایەت بکا، پێداگر بێ لەسەر حەقیقەتەکان و حەقەکان، لە عەینی حاڵیشدا دەبێ ڕێبەرێکی سیاسیی حیزبێکی سیاسی ئینعتافیشی هەبێ، وا نییە کە یان سفر یان هەزار ڕەنگە لە پێنسەدی بە یەکتر بگەن. بەڵام -زۆر ناخۆشە پیاو ئەوەی بڵێ- بەش بە حاڵی خۆم هیچ ئومێدم بەوەی نییە کە لە بوونی جومهووریی ئیسلامیدا ماف و ئازادییەکانی میللەتی کورد و گەلانی دیکەی ئێران وەدی بێن؛ بۆ تاریخ دەبێ ئەوەی بڵێم.

مامۆستا دوا سەرنجت چییە لەسەر ئەم وتووێژە کە قسەیەکی نەگوتراو مابێ بە بۆنەی ئەم یادە کە ئاوڕێکمان لە مێژووی پێوەندییەکانی جەنابت و دوکتۆر قاسملوو دایەوە. ئەگەر پەیامێکت هەبێ بۆ لاوان و نەوەی نوێی کورد.
لە مێژووی پێوەندییەکاندا شت زۆرە و دەبێ ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئاییندەدا لە زیمنی کاردا فێری بن، ئەوە یەکێک بوو لە قسەکانی دوکتۆر قاسملوو ڕەنگە ئەویش ئی خۆی نەبێ، دەیگوت: «ئینسان لە نێو ئاودا فێری مەلەی دەبێ لە وشکانی فێری مەلەی نابێ.» بۆیە دیپڵۆماتێکی ئێمە دەبێ ئیستفادە لە تەجرەبەکانیش بکا، بەڵام شتێکی کە ڕێبوارانی ڕێی دوکتۆر قاسملوو دەبێ فێری بن، ئەوەیە كه‌ ئەو لە بێئومێدی، ئومێدی دەخوڵقاند بەو مانایە کە نەیدەهێشت خەڵکەکە نائومێد بێ. ئێمە ڕۆژی زۆر سەختمان دیوە، یانی ئەو حیزبەی کە لە دەورانی دوکتۆر قاسملوودا ببوو بە حیزبێکی یەک میلوێنی، دوکتۆر قاسملوو لە وەختێکدا هەوڵی زیندووكردنەوەی دا (دیسانەکە دەڵێم هەر بەتەنێ نەبوو خەڵکی دیکەشی لەگەڵ بوو)، کە ئەو حیزبە چەند دە نەفەرێک بوو. تەنانەت لە بارەی خۆشمانەوە نا لە بارەی سازمانەکانی دیکەشەوە، دەیگوت قەت حیزبێک، سازمانێک بە ژمارەی ئەندامەکانی هەڵمەسەنگێنن، بە ئەفکارەکەی هەڵیسەنگێنن، ڕەنگە ئێستا پێنج کەس بێ بەڵام ئەگەر ئه‌فكاره‌كه‌ی دروست بێ، ئەگەر سەرنجڕاکێش بێ؛ دەتوانێ لە ئایندەدا ببێتە بیروباوەڕی سەدان و هەزاران و میلوێنان.

مامۆستا سپاس بۆ بەشداریتان لەم دیمانەیەدا.
ئه‌من سپاستان دەکەم.