mamosta_gruppi_golnar.jpgدەمەتەقێی سی و هەشتەمینی گرووپی گوڵنار لەگەڵ عەبدوڵڵا حەسەن زادە "نوسەرو سیاسەتمەدار"
* ئەگەر بەویستی خۆم بایە ھەر لە سەرەتاوە

حەزم لەکاری مەلایەتی نەبوو
* ڕۆمانی حەمەدۆکم لە کەلیدەر پێ باشتر و سەرکەوتووترە
* ئیسلام ھەزار جار لەپێش زەردەشتەوەیە، ئەی بۆچی ڕۆشنبیرانی کورد داوای زەردەشتییەت دەکەن؟
* ئەوەندەی بە ھەژاری موکریانی دەڵێم زمانزان بە مەسعوود موحەممەد ناڵێم
* پەشیمانم لەوەی کە بوومە سکرتێری حیزبی دیموکرات، بریا نەمکردایە
* بەڕاستی دڵداری ھەر لە مەلایان جوانە
* حیزبی دیموکرات ھەر لە دامەزرانیەوە کاریگەریی حیزبی توودەی ئێران وەک حیزبێکی کۆمۆنیستی و یەکیەتیی سۆڤیەتی وەک وڵاتێکی سۆسیالیستیی لەسەر بوو
* کە دەستم کرد بە خوێندنەوەی بەرگی یەکەمی حەمەدۆک، تا تەواوم نەکرد دەستم لێ ھەڵنەگرت
* لە باری ئایدۆلۆژییەوە ھیچکات نەبووم بە کۆمۆنیست، و تازەش قەت نابم بە کۆمۆنیست
* بە موسوڵمانی گەورە بووم ئێستاش ھەر موسوڵمانم و باوەڕم بە خوا و پێغەمبەر و سەوابیتی ئیسلام ھەیە

عەبدوڵڵای حەسەن زادە یەکێکە لە ڕۆشنبیر و ڕووناکبیرە دیارەکانی کورد، دەتوانی بڵێی یەکێکە لە سیاسەتمەدارە ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەستەکانی کوردیش، چۆن وا نەبێ؟ ھەر کاتێک خوێنەرێک ناوی عەبدوڵڵای حەسەن زادە دەژنەوێ خەیاڵی خێرای بۆ لای شاکارە ڕۆمانی (حەمەدۆک) دەفڕێ و ھەرکاتێکیش ناوی (حەمەدۆک) دێتە نێو ناوانەوە خێرا عەبدوڵڵای حەسەن زادەت بیر دەکەوێتەوە، ئەگەرچی ئەو ڕۆمانە خاوەن و نووسەری ھەیە، بەڵام عەبدوڵڵای حەسەن زادە بە جۆرێک کورداندوویەتی، پێت وایە شاکار و دەستچنی خۆیەتی.. عەبدوڵڵای حەسەن زادە یەکێکە لە کەسە دیارەکانی حیزبی دیموکراتی ڕۆژھەڵات و بۆ ماوەی نزیک بە دەساڵ سکرتێری ئەو حیزبە بووە. گرووپی گوڵنار بۆ قسەکردن لەسەر بەرھەم و کار و چالاکییەکانی ئەم دەمەتەقێیەی بۆ ناوبراو تەرخان کرد.
گوڵنار: عەبدوڵڵای حەسەن زادە کێیە.؟
حەسەن زادە: سەرەتا ئەوە دەڵێم کە عەبدوڵڵای حەسەن زادە شتێکی سەیروسەمەرە نیە، وەک منداڵە کوردێک لە گوندێکی دوورەدەستی ناوچەی سەردەشتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووم، ئەو گوندە ناوی سیسێرە، ساڵی ١٩٣٨ گومانی تێدا نییە و بۆخۆم ڕۆژێکم داناوە تا لە نووسیندا بەکاری بھێنم، ئەویش ١٥ - ١١ - ١٩٣٨ـە کە بە ڕۆژی لەدایکبوونی خۆمی دادەنێم، بەو پێیە ئێستا ھەنگاوم ناوەتە ھەشتا ساڵییەوە، لەبەر ئەوەی گوندەکەی ئێمە خوێندنگەی دەوڵەتیی لێ نەبووە و تەنانەت بیست ساڵ دوای لە دایک بوونی منیش خوێندنگەی بۆ نەچووە.! بەڵام خوێندنگەی ئایینیی لێ بووە، لە ماڵی خۆمانەوە دەچوومە حوجرەی فەقێیان و لەوێ دەرسیان پێ دەگوتم. بەم جۆرە کەوتمە خوێندنی زانستە ئایینییەکان، بەڵام باشترە پێیان بگوترێ زانستی عەرەبی، چونکە ھەموویان ئایینی نەبوون، تەنیا بەشێک لەو زانستانەی مەلا دەیانخوێنن زانستی ئایینین. پاش ئەوە لەسەر خوێندن بەردەوام بووم و دێھاتەکانی دیکەش گەڕاوم.

گوڵنار: چۆنە خوێنەرێکی زانستە شەرعییەکان بوون و لە حوجرەکان خوێندووتانە و دواتر بوونەتە ئەندام لە حیزبی دیموکراتی کوردستان، بنەماڵەکەتان کاریگەریی ھەبووە لەسەرتان.؟

حەسەن زادە: پێش ئەوەی پێ بگەم لەگەڵ حیزبی دیموکرات ئاشنا بووم، چونکە ئەو دێیەی لێی لەدایک بووم و گەورە بووم، ھەر لە دەورانی کۆماری کوردستاندا کە زۆر کەمیم لەبیر دێ و ئەوەی دەیزانم دواتر بیستوومە و خوێندوومەتەوە، ئەوەندە دەزانم کە دێیەکەی ئێمە مەلا و فەقێی لێ بووەن، ڕووناکبیری ئەو وەختە مەلا و فەقێ بوون، پاشانیش مەرکەزێک بوو بۆ حیزبی دیموکرات، ئاغای دێیەکەمان فەقیر بوو، دەوڵەمەند نەبوو، بۆیە ناسراویش نەبوو، بەڵام ھەم حیزبی بوو ھەمیش ئەفسەری دێموکراتی بوو، بۆیە ھەر لە ئەوەڵەوە بیری سیاسی و ناوی حیزبی دیموکرات لە دێیەکەی ئێمە خەڵک دەگەڵی ئاشنا بوون، ئەمن ئەوەڵین شێعرەکانی کە فێریان بووم سروودەکانی زەمانی کۆماری کوردستان بوون، لە عومرێکی زۆر کەمدا لەگەڵ حیزبی دیموکرات ئاشنا بووم، تەنانەت ئێستا شتی وا ھەر ناگونجێ، ڕیعایەتی ئەوەیان نەدەکرد کە دەبێ ئەندامەکان بگەنە تەمەنی ئەوەندە ساڵی، منداڵ بووم و دەمخوێند و وەک دەڵێن لەسەر لاقیش بووم، تەمەنم سێزدە ساڵ بوو، ناویان نووسیم وەک ئەندامی حیزبی دیموکرات بە نھێنی، چونکە ئەو وەخت کۆماری کوردستان ڕووخابوو و دەورانی دەسەڵاتی پاشایەتی بوو، بەس لەھەمانکاتدا ئێمە لە ناوچەیەکی دێھاتی بووین، لە نفووزی مەئموورانی دەوڵەت کەمێک دوور بوو، بەجۆرێک لە جۆرەکان خەڵکی یەکتریان دەناسی و دەیانزانی فڵانە کەس سیاسییە، کاتێکیش کادیرانی حیزبی لە شارەکان قاچاخ دەبوون دەھاتن لەو دێهاتە دەحەوانەوە، لە بیرمە یەکێک لە ناسراوترین کادیرانی ئەوکاتەی حیزب ماوەی دوو ساڵان لە دێیەکەی ئێمە بوو، ناویان لێ گۆڕیبوو، ببوو بە میرزای ئاغایەکان، ئاغاکان خۆیان خوێندەوارییان ھەبوو و منداڵەکانیشیان لەگەڵ ئێمە لەکن فەقێکان دەیانخوێند. بەڵام ئەو ناوەیان لەسەر دانابوو.

گوڵنار: دوای تەواوکردنی فەقێیەتی دەبیتە مەلا، چەند ساڵ خزمەتی مەلایەتیت کردوە.؟ بەویستی خۆت وازت لە کاری مەلایەتی ھێنا.؟

حەسەن زادە: ئەمن ھەر لە دێ بووم، بەڵام لەو دێیە نا کە لێی گەورە بووم، شەش ساڵ لە کوردستانی ئێران مەلا بووم، بەڵام لە ئەنجامی کاری حیزبیدا قاچاغ بووم و نزیکەی ساڵ و نیوێک لە ناوچەی سەنگەسەر لە بناری مەنگوڕان مەلایەتیم کردوە. ئەگەر بەویستی خۆم بایە ھەر لە ئەوەڵەوە حەزم لە کاری مەلایەتی نەبوو، پاشانیش کاری حیزبی لێرە نەیدەتوانی لەگەڵ مەلایەتی ھەڵکا، ھەتا لە وڵات بووم وەک ئەندامێکی حیزبی ئەوکارەی بەمن دەسپێردرا وەختێکی وای لێ نەدەگرتم، بەڵام کە ھاتمە ئێرە پاش ساڵ و نیوێک کۆنفرانس بەسترا و بوومە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییش دەبێ سەفەر بکا، دەبێ لە مەقەڕ بێ و نەدەکرا وەک مەلا بمێنمەوە، ھەرچەندە خەڵکی ئاوەدانییەکەمان زۆریان تکا کرد کە تۆ وەک مەلایەک بمێنەوە و فەقێیەکانت وەک مەقەڕێکی حیزبی دابنێ، بەڵام گوتم شتی وانابێ.

گوڵنار: حیزبی دیموکرات حیزبێکی ئایدۆلۆژی نییە، بەڵام ئایا ھیچ کاریگەریی ھەبوو لەسەر ئایدۆلۆژیای تۆ کە واز بێنی لە مەلایەتی و گرنگی بدەی بە کاری حیزبایەتی؟

حەسەن زادە: حیزبی دیموکرات ھەر لە دامەزرانیەوە لە تەئسیراتی توودەی ئێران کە حیزبێکی کۆمۆنیستی بوو،و لە ھی یەکیەتیی سۆڤیەتیش کە وڵاتێکی سۆسیالیستی بوو، بەدوور نەبوو، کەواتە فکری چەپ تا حەددێک بەسەر حیزبی دیموکراتدا زاڵ بووە بەڵام لە باری ئایدۆلۆژییەوە ئەمن قەت نەبووم بە کۆمۆنیست و تازەش قەت نابم بە کۆمۆنیست، بەو حاڵەش حیزبەکە چەپە و ئەمنیش ئەفکاری چەپیم ھەیە، ئێستاش لەباری ئایدۆلۆژییەوە وەختی خۆی وەک منداڵی کەسێکی موسوڵمان لەدایک بووم، بە موسوڵمانییش گەورە بووم و ئێستاش ھەر موسوڵمانم و باوەڕم بە خوا و پێغەمبەر و سەوابیتی ئیسلام ھەیە، بە تەبیعەتی حاڵ (بە پێکەنینەوە) لە تاعەت و عیبادات کەمێک دوا دەکەوم، بەڵام لەباری فکر و ئایدۆلۆژییەوە ھەر وەک خۆمم، یەکێک پێی خۆشە یان پێی ناخۆشە کارم نیە، چونکە دەمەوێ بەو جۆرە بم کە ھەم.

گوڵنار: کەواتە دەتوانین بڵێین تاعەتەکە بە کەمی و نیوە ناچڵی ماوەتەوە؟

حەسەن زادە: بەڵێ لێی کەم دەبێتەوە ھی ھەموو کەس، ھەتا ئەو مەلایانەی ئێستاش مەلان و ڕێکخراوی ئیسلامییان ھەیە جاری وا ھەیە نوێژەکەیان دەچێ لەبەر کۆبوونەوەیەکی حیزبی.

گوڵنار: چۆن کتێبت ناسی.؟

حەسەن زادە: وەزعی کتێبم وەزعێکی زۆر خراپ بوو، وەک گوتم لە دێ خوێندوومە و ھاتوچۆی شارانم نەکردوە، ئەو کتێبانەی دەمخوێند عادەتەن یەک دوو دانە بوون وەک مەکتەب حەوت ھەشت دەرسمان نەدەخوێند، لە بەشێکی زۆریاندا کتێبە دەرسییەکەش ئی خۆم نەبوو، زۆرینەی جارەکان بە ئەمانەت وەرم دەگرتن، جگە لەزمانی عەرەبی کە دەرسەکانم پێ خوێندوون، زمانی دایک و پاشانیش فارسیم زانیوە کە لەوڵاتدا زاڵ بووە و لەسەرەتادا ھەندێ دەرسمان پێ خوێندوە، لە فارسیدا ئەوەڵ کتێب کە خوێندوومەتەوە ڕۆمانێک بوو کە ئێرانییەک نووسیبوی بە ناوی (موشفیقی ھەمەدانی) ڕۆمانەکە ناوی (تحصیلکردەھا) بوو، ئەودەم زۆرم پێ خۆش بوو و ئێستاش حەز دەکەم بیبینمەوە و بیخوێنمەوە کە ڕەنگە ڕۆمانێکی باش نەبووبێ، بێجگە لەوەش ھەندێ کتێبی فارسی کە بەدەرس دەمانخوێندن وەک (گلستان و بوستان)، ھیچکات لای مامۆستایەکم نەخوێندوون کە بیانزانێ، لە کوردییشدا شێعری زۆرم دەبیست و عیلاقەم پێی ھەبوو و پێم خۆش بوو، بەڵام یەکەم کتێب و ئاخیر کتێبی کوردی کە ھەتا ساڵانێکی زۆر لە تەمەنم دیومە دیوانی (تایەر بەگی جاف) بوو. وە ھەر ئەو کتێبەشم ھەبوو.!

گوڵنار: حەمەدۆکت لە چ زمانێکەوە کردە کوردی، ئەو پاڵنەر و ھۆکارانە چی بوون تا بیکەیتە کوردی.؟

حەسەن زادە: کەمێکم دە خۆم¬ڕا دەبینی و زمانی فارسی و کوردیم بەباشی دەزانی و کاری دیکەشم کردبوو، کتێبی گەورەتر یان قورستر لە حەمەدۆکم لە زمانی عەرەبییەوە کردبووە کوردی ئەویش (کوردستان و کورد)ی دکتۆر قاسملوو بوو، کە کتێبێکی مێژوویی، جوگرافیایی، ئابووری، سیاسییە... کە زۆر سەخت بوو، پاشانیش ڕۆمانی "گێلە پیاو"ی عەزیز نەسینم وەرگێڕابوو، لە بارەی حەمەدۆکیشە زۆریان وەسف بۆ کردبووم، دواتر بەدوایدا گەڕام و زۆریش بەزەحمەت دەستم کەوت، بەڵام کە دەستم کەوت و خوێندمەوە دیتم ئەوەندەی وەسفیان کردوە زۆرتریش ھەڵدەگرێ، ڕەنگە زۆریشتان لاسەیر بێ کە دەستم بە خوێندنەوەی بەرگی یەکەم کرد تا تەواو نەبووم دەستم لێ ھەڵنەگرت، وەرگێڕانەکەشی کەمتر لە حەفتا ڕۆژی پێچوو.

گوڵنار: زۆرکەس دەپرسن ئایا دەبێ ناوەڕۆکی حەمەدۆک باس لە چی بکات.؟ ئێوە وەک وەرگێڕی شاکاری حەمەدۆک ئەو لایەنە گرنگەی ھەندێ کەس درکیان پێنەکردوە، باسی بکەن؟

حەسەن زادە: کێشەی سەرەکیی حەمەدۆک پێوەندییەکانی نێوان ئاغا و ڕەعیەتە، بەڵام لە ئاخیرەکەیدا ئەو سنوورەش دەبەزێنێ، زۆر حاڵەتی سیاسی بەخۆوە دەگرێ، ھەستی نەتەوایەتیی بەو جۆرە تێدایە کە ڕووداوەکان لە کوردستانن، قارەمانەکانی ھەست دەکەی جل وبەرگی کوردییان لەبەردایە، ئەو ڕووداوانە کە ڕوو دەدەن ھەمان ئەو ڕووداوانەن کە ئێمە ڕۆژانە لەگەڵیاندا ئاشناین.

گوڵنار: بێگومان ڕۆمانی کەلیدەرت خوێندۆتەوە، چ جیاوازییەک دەبینی لە نێوان حەمەدۆک و کەلیدەردا؟

حەسەن زادە: وەک باس کراوە نووسەری کەلیدەر کوردە و قارەمانەکانیشی کوردن، ئەگەر حەق بەخۆم بدەم قسەیان لەسەر بکەم حەمەدۆکم لە کەلیدەر پێ باشترە.

گوڵنار: دەگوترێت حەسەن زادە یەکێکە لە کوردیزانە باشەکان، تا چەند لە زمانزانی و سەلیقەی وەرگێڕانی خۆت ڕازیت.؟!

حەسەن زادە: ئەمن بۆ خۆم لەگەڵ ئەو ڕەئیە نیم کە بەمن بگوترێ زمانزان، ئەوەندەی بە ھەژاری دەڵێم زمانزان بە مەسعوود موحەممەدیش ناڵێم زمانزان، چونکە ئەمن کە ھەر زمانی ناوچەکەی خۆم بزانم زمانزان نیم، ھیچ کەس بەتەواوی زمانی دێیەکەی خۆشی نازانێ، بەڵام ھەژار بە ڕادەیەکی باش ھەموو لەھجەکانی زمانی کوردیی دەزانی، بۆیە دەتوانین بەو بڵێین زمانزان، زمانزانیی من لەوەدایە کە وەک نەخوێندەوارێک فێری زمان بووم لە دانیشگا فێر نەبووم، زانستگا کەس فێری زمان ناکا، دەتوانێ زمانت لەبیر بەرێتەوە بەڵام ناتوانێ فێری زمانت بکا، چونکە ئەوەی لە ھەموو زمانەکانی دنیا موعتەبەرە زمانی خەڵکی نەخوێندەوارە، لە قەواعیدی عەرەبیدا چەند شت بە سەنەد دادەنرێن، یەکیان ئایەتی قورئانە، یەکیان ئەحادیسی سەحیحە، ئەوی دیکە شیعری زەمانی جاھیلییەت واتە شێعری شاعیرانی نەخوێندەوارە، چونکە زمانی فەسیح لەکن نەخوێندەوارە نەک ئەوانەی کە دەپازدە زمان دەزانن، جا ئەمن بۆ خۆم لە دێیەک بووم نەک بنەماڵەکەی من بەڵکوو بنەماڵەکانی دەوروبەریش خوێندەواریان تێدا نەبووە، ئەوەی فێری بووم لە بەکارھێناندا باشی بەکار دەھێنم.

گوڵنار: پێت وانییە شێوازی داڕشتن و زمانی مامۆستا ھێمن جوانتر بێت لە مامۆستا ھەژار، بەڵام مامۆستا ھێمن پێی نەنووسیوە.؟

حەسەن زادە: ھێمن زۆر لە ھەژار شاعیرتر بووە ، لە ڕووی دەقی ئەدەبییشەوە دیسان ھێمن لەسەرترە، بەڵام بۆ زمانزانین تۆزیشی ناشکێنێ.!

گوڵنار: پەیوەندیی خۆت لەگەڵ (ھەژار و ھێمن) چۆن بووە.؟

حەسەن زادە: پێش ئەوەی بیان بینم لەگەڵ ھەردووکیان ئاشنا بووم ، بەڵام لە نزیکەوە لەگەڵ ھەردووکیان نەژیاوم، تەنیالەگەڵ ڕەحمەتی ھێمن چوار پێنج ساڵان پێکەوە بووین.

گوڵنار: مردنی کامیان عەزێتی دایت و گریایت.؟ مردنی کامیان زۆر زەرەر بوو بۆ فەزای ڕۆشنبیری کوردی.؟

حەسەن زادە: بۆ ھیچیان نەگریاوم، بەبێشک بەمردنی ھیچ کەس نابێ کارەکان ڕاوەستن.! کاروانی ئەدەبی کوردی بە مردنی خانی و مەلای جزیری و گۆران... ھتد ڕانەوەستا، بۆیە بەمردنی ھێمن و ھەژاریش کارەکان ڕانەوەستان، بەڵام ئەگەر باسی زمان بکەین کەلێنی ھەژار پترە تا کەلێنی ھێمن.

گوڵنار: مردنی کێ تۆی ھێناوەتە گریان.؟

حەسەن زادە: ئەوەی منی ھێنابێتە گریان لە خزم و نزیکانم نەبووە، بەڵام کە د. قاسملوو شەھید بوو ھەم لەبەر خۆشەویستییەکەی ھەم لەبەر دەورێک کە ھەیبوو لە دیموکرات، ڕاستەوخۆ نەگریام، بەڵام لەکاتی نووسینێکدا چەند جار فرمێسکەکانم لێیان ڕەش دەکردمەوە و نەیاندەھێشت بنووسم.

گوڵنار: سۆزی نیشتیمان تا ئێستا نەیگریاندووی.؟

حەسەن زادە: مەسەلە نیشتیمان نییە، ھەندێ شت ھەیە پیاو دەگریێنێ، وەکوو ئەوەی لەمووسڵ و شەنگال ڕووی دا، دیم پیاو و ژنی کوردیان دەفرۆشت بە سەد دۆلار.! بزنیش بە دووسەد دۆلار بوو، ئەمە کارەساتێکی گەورە بوو بەسەر کورد ھات کە وای لێبێ کوردێک قیمەتی بزنێکی نەبێ.

گوڵنار: بە مردنی کام یەک لە مام جەلال و کاک نەوشیران کاریگەرتر بوویت.؟ وە کامیانت پێ خزمەتکارتر بوون.؟

حەسەن زادە: مردنی ھەردووکیانم پێ خەسارێکی گەورە بوو، ئەمن پێم وایە ئیعتیباراتەکە فەرقی ھەیە، لەباری نووسین و مودیرییەتەوە کاک نەوشیروان لە پێشترە، لەباری سیاسەت و دیبلۆماسییەوە بەھیچ جۆرێک کاک نەوشیروان نەیگەیاندۆتە مام جەلال، بۆیە مردنی مام جەلال بەئەسەفترە. وە لە باری پاکی و باشترییەوە نە مام جەلال بە ناپاک دەزانم نە کاک نەوشیروان بە فریشتە دەزانم، ھەردووکیان ئینسانن، ئینسان عەیبیشی دەبێ و حوسنیشی دەبێ.

گوڵنار: تا چەند ئاشنایت بە ئەحمەدی موفتیزادە.؟

حەسەن زادە: ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵی ئاشنابووم بۆ یەکەمجار لەسەقز دواتر لەیەک قافڵەدا چووینەوە سنە، دوو شەو و ڕۆژانیش پێکەوە بووین، پیاوێکی ئازا و خوێندەوار بوو، کوردپەروەر بوو بە شێوەی خۆی، مەسەلەن دەیگوت خودموختاری ھا لە گیرفانما، بەھەڵە چووبوو، پێی وابوو ئەگەر لەگەڵ خومەینی ھاوکاری بکا، ئەولاتر لە خودموختاریی دەداتێ.! کەچی سەری خۆشی تێداچوو، ئەوە ھەڵەکە بوو.

گوڵنار: قسەت لەسەر ئەوانە چییە کە دەڵێن ئەحمەدی موفتیزادە، ڕەنجی کوردی بەبا دا.؟

حەسەن زادە: شتێکی زۆر بێمانا بووە، ئەو وەختەی لە شەقامەکانی مەھاباد خۆپیشاندانیان دەکرد دەیانگوت: دیموکرات و قیادە، ڕەنجی کوردیان بەبا دا. ھێندێ کەس ھەرکات لەگەڵیان نەبی ئاوا شیعاری بێمانات دوا دەخەن، بەڵام ھەرگیز موفتیزادە زەرەری بۆ کورد نەبووە، ئەمن شتێکم لەبیرە و خۆم لەگەڵ ئەو شتانەدا نیم، ئەحمەدی موفتیزادە لەگەڵ شێخ عیزەدینی حوسێنی ڕۆحی ھەردووکیان شاد بێ، ناکۆکییان پێکەوە ھەبوو، لە سەقز ھەموومان لە یەک ماڵ بووین، قسەیان کرد و یەکیان گرت، ئێوارە کە چووینە سەقز بەرەو ئەو ماڵە دەچووین، لاوەکان خۆپیشاندانیان دەکرد، دەیانگوت: شیخ عیزەدین ڕەھبەرە، بۆ کوردستان سەروەرە.! شەوێ لەماڵی ئیمام جومعە میوان بووین، قسەیان لەگەڵ یەک کرد و بڕیاریان دا پێکەوە ھاوکاری بکەن، بەیانی کە بەرەو سنە بەڕێیان کردین شیعارەکە گۆڕابوو و دەیانگوت: شیخ عیزەدین ڕابەرە، موفتیزادە سەروەرە! ئەوە بێ بیروباوەڕییە، بێ مەوقیفییە، ئەوە ھەر ھیچ نیە، بەیەک دانیشتن ئاوا ھەڵوێست بگۆڕی.

گوڵنار: چی شتێک لە کاک ئەحمەد سەرنجی تۆی ڕاکێشابوو، وە چی گلەییەکت لێی ھەبوو.؟

حەسەن زادە: لەو دەورانەی کە شا مابوو، بەڵام خەبات دەکرا دژی شا، زۆر کەس بەیاننامەیان دەردەکرد بەناوی خۆیان نەیاندەنووسی، و ئەگەر بەناوی خۆشیان بیاننووسیایە جێگەیەکیان دەھێشتەوە بۆ حاشالێکردنی، بەڵام موفتیزادە بەناوی خۆی بەیانی دەردەکرد و بەخەتی خۆی دەینووسی و ئیمزاشی دەکرد، ئەوە جورئەتێکی تایبەتیی دەویست. بەڵام بۆخۆم گلەییم لێی ھەبوو، دانیشتبووین لە شەڕی سنەدا، ئێمە لەتەڕەف دیموکرات، ئەو، شێخ عیزەدین، لەگەڵ حیزبەکانی دی دانیشتبووین و ھەیئەتی دەوڵەتیش لەوێ بوون، ڕێک کەوتین ھیچ کەس بە جودا لەگەڵ ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنەکان قسە نەکا، بۆ ئەوەی دەوڵەت نەتوانێ کەلێنمان لەنێودا دروست بکا، لەپڕ تەماشا دەکەین ئەوە کاک ئەحمەدە لەسەر تەلەفزیۆن دەربارەی وەزعەکە قسان دەکا ، بەجۆرێک لە جۆرەکانیش بە تەڕەفداری لە دەوڵەت و ئیقداماتی دەوڵەت، کە ئەوە ناخۆش بوو، چونکە ئەو ئایدۆلۆژییەی ئەو ھەیبوو وای کردبوو زیاد لە ئەندازە باوەڕی بە خومەینی و کۆماری ئیسلامی ھەبێ.

گوڵنار: کەی ئاشنا بووی بە قاسملوو.؟ ئایا قاسملوو کارێزما بوو.؟

حەسەن زادە: یەکەمین جار لە نزیکەوە ساڵی ١٩٧٠ لە بەغدا چاوم پێی کەوت، لەسەر کارێزما ئەمن قسەم ھەیە، لەسەر وشەکە نا، بەڵام لەسەرئەوەی کێ دەبێتە کاریزما بۆچوونێکم ھەیە، پێم وایە کاریزما بۆ ئەو کەسانە جوانە کە بلیمەتییەکیان تێدا نیە، بەڵام لایەنگریان زۆرە وەک خومەینی کە ھونەرێکی عەجایبی نەبوو و ببووە مەرجەعێک، بەڵام بە قاسملوو و نەوشیروان ناڵێم کاریزما، ئەمانە خۆیان ئەو ھەڵکەوتەیی و بلیمەتییەیان ھەیە، پێش ئەوەی لەبەر عومر و لەبەر ڕابردوو ببنە کاریزما بۆ خۆیان شتن، قاسملوو لەو جۆرە کەسانە بوو، سیاسەتمەداری وەک ئەوم لە کورددا ھەرگیز نەدیوە.

گوڵنار: پێتان وایە کە قاسملوو دووربینە، بەڵام دەبینین زۆر بەئاسانی دەکەوێتە داوی دوژمنەکانی.؟

حەسەن زادە: ئەو پرسیارەم سەد جار لەخۆم کردوە و جوابم وەرنەگرتۆتەوە.! وەک کوردەواری دەڵێ: ئەوە نەگبەتیی کوردە، ئەگینا ئەو عەقڵە چۆن دەبێ وا بەھەڵە بچێ، ھەر ئەو پەندەی کە دەڵێن: دەعبای زیرەک بە دەنووک پێوە دەبێ، ئەو لەوانە بوو و ھەموو جارێ لە زمانی باوکیەوە دەیگێڕایەوە کە گوتوویە: ئەگەر عەجەمت دی بیکوژە یان لەبەری ھەڵێ، چون ئەگەر زمانی بتگاتێ فریوت دەدا.

گوڵنار: لە شۆڕشەکانی کوردا ھەمیشە دوو بەرە پێشڕەوایەتییان کردوە، مەلا و شێخەکان لەبەرامبەریشدا چەپەکان، کام یەک لەم دوو بەرەیە زیاتر کۆششی بە کورد کردوە.؟!

حەسەن زادە: پێم وایە ھەرکام لەو دووبەرەیە لە دەورانی خۆیاندا خزمەتی گەورەیان کردوە و جێگای ستایشن. کاری ئەم دووانە تەواوکەری یەکترە و نابێ بەرامبەری یەکتریان دابنێین.

گوڵنار: پەیوەندیت لەگەڵ شیعردا چۆنە.؟ زۆرتر کام شیعرانە دەخوێنیەوە.؟

حەسەن زادە: شیعرم خۆش دەێ، ئەمن زۆرجار گۆشەکەی د.شێرکۆ عەبدوڵڵا لە کوردستانی نوێ دەخوێنمەوە، ئەم دواییانە شتێکی زۆر جوانی نووسیبوو، باسی تەبیعەتی ئەدەبی کوردی دەکا، دەڵێ: سروشتی تایبەتیی ئەدەبی کوردی ئەوەیە (بە پێکەنینێکی قووڵەوە) شیعری کەمە و شاعیری زۆرە.

گوڵنار: تا چەند لەگەڵ ئەوەدای کە گۆڕان سنووری نێوان شێعری کلاسیک و شێعری نوێیە.؟
حەسەن زادە: ئەمن کلاسیکییەکان ھەر تا گۆران ناھێنم، چونکە گۆران ساحێبی ھەردووکیانە، وە داھێنەریش نییە، پێش گۆرانیش شیعری نوێ ھەیە، شێخ حەسیبیش بە شاعیری کلاسیک دادەنێم، ھێمنیش بە شاعیری کلاسیک دادەنێم...لە نێو ئەوانەدا زۆرم پێ جوانە کە مەحوییان بە لووتکە داناوە، بەڕاستی مەحوی لە لوتکەدایە پاشان نالی.

گوڵنار: بەینت لەگەڵ شێوەزاری ھەورامی، مەولەوی و بێسارانی و ئیدی چۆنە.؟

حەسەن زادە: بۆ ھیچ زمان و لەھجەیەک بەپەرۆش نیم، بەقەدەر ئەوەی بۆ ھەورامی بەپەرۆشم، ھەر بۆ ئەوەی لە مەولەوی حاڵی بام.

گوڵنار: دەنگە ئاوریشمییەکەی پەروینی موشیر وەزیریت گوێ لێگرتوە.؟

حەسەن زادە: ئێوە پەروینی نوێتان گوێ لێ بووە، پەروینی کۆن ھەم دەنگی خۆش بوو، ھەمیش جوان بوو، جا شیعرێکی فارسی ھەیە دەڵێ: "روی خوش و آواز خوش دارند ھریک لذتی بنگر کە لذت چون بود محبوب خوش آوازرا" واتە ڕووی خۆش و دەنگی خۆش ھەریەکەی لەزەتێکیان ھەیە، جا ئەگەر ھەردووکیان بێ دەبێ چ لەزەتێکی ھەبێت.

گوڵنار: شێرکۆ بێکەست پێ چۆن بوو.؟

حەسەن زادە: شێرکۆ لە شاعیرە گەورەکانە، لە کوردی ¬زانییشدا لە شاعیرانی سەردەمی خۆی کەم کەس ھەیە ئەوەندە کوردی بزانێ، بەڵام ئەمن لە شێرکۆ لە شتێکی ناڕازی بووم، شێعردرێژی! ئەو شیعرەی جەلالی مەلەک شاتان خوێندۆتەوە (داخوا ئەبێ ئەو ڕۆژە بێ...)، زۆر جار گوتوومە بە بیست مەقالەی پێنج لاپەڕی ناتوانم ئەوە بنووسم، عەبدوڵڵا پەشێو دەیان شیعری ھەیە نیو لاپەڕەیە، بەڵام دەربەندی پەپوولە کتێبێکە.!

گوڵنار: شیعرێکی تری جەلالی مەلەک شا ھەیە دەڵێ: شیعرەکانم بوون بە گوڵ و چەپک چەپک، کچانی ئەم شارە کردیانە نامەی دڵداری، بەڵام تەنها جارێ کچێ نەھات، بڵی جەلال خۆت بۆ ھێندە خەمباری.! ھۆکار چییە وا ئەم شاعیرە ناسکە بەردەوام نییە لە شیعرنووسین.؟

حەسەن زادە: ئاخر ئەو کەنەفتە بۆ ئەوە نابێ کچ حەزی لێ بکەن، (بە پێکەنینەوە) ئەگەر ئەمن کچ بم بۆ حەز لەوەی دەکەم.؟! کاک جەلال چوون بونیەی ھەر زەعیف بوو، پاشانیش دوو گرفتاریی ھەبوو، ھەم ئالوودەی مەشروبات بوو، ھەمیش گۆیا ئالوودەی موخەدەرات بووە بەجارێک تێک شکاوە. بەڵام ئەوەندەی ئاگادار بم ئەو ھەر بەردەوامە و ھەر شێعری باشیش دەڵێ.

گوڵنار: ئێوە بەینتان چ بووە لەگەڵ ئەو شتانە.؟ تا ئێستا کەوتوونەتە داوی دڵداری، یان بەھۆی ئەوەی کە لە حوجرەدا خوێندووتانە تووشی دڵداری نەبوون.؟
حەسەن زادە: تا ئێستا بەلای ھیچیاندا نەچووم، بەڵام بەڕاستی دڵداری ھەر لە مەلایان جوانە، جارێک لێیان پرسیم: دڵداریت کردوە.؟ گوتم: دەتەوێ درۆ بکەم یان بڵێم دڵم نەبووە، ئاخر کەسێک دڵی ھەبێت چۆن دڵداری ناکا، بەڵام گرنگ ئەوەیە دڵداری بەڕاستی دڵداری بێ.! ئەمن قەتم ھەوەس¬بازی نەکردوە، بەڵام دڵداریم کردوە.

گوڵنار: ئێستا کە ئێوە لە شاری کۆیەن و بۆن و بەرامەی مەلای گەورە دێ، ئەزموونتان لەگەڵ مەسعوود موحەممەدی کوڕیدا ھەبووە.؟ ڕوو بە ڕوو بینیوتانە.؟

حەسەن زادە: ھەر بینین نەبووە، لە بینین زیاتر بوو.! جارێکم قسەیەک بیست لەبارەی جەمال عبدولناسر، دەیانگوت سواری چاکە بەس ئەسپەکەی ھیچ نییە، ڕیبەرێکی گەورەیە بەڵام میللەتی عەرەب ئەو میللەتە نییە کە خەڵکی پێ بگەیەنێ، مەسعوود موحەممەدیش ھەر بەو جۆرە بوو، ئەگەر ھی کورد نەبایە لەسەر دەستیان دادەنا، مەسعوود موحەممەد ھەموو شتێکی دەخوێندەوە بەڵام موستەقیل لە ھەموو کەس، تەقلیدی ھیچ کەسی نەدەکرد، دوژمنی ھیچ کەس نەبوو،دەروێشی ھیچ کەسیش نەبوو.

گوڵنار: ڕۆشنبیرانی کورد بەتایبەت ھی ئەم سەردەمە، دواکەوتوویی کورد و نەھامەتیی ھەڵەبجە و شەنگال بەھی ئایین دەزانن، دەڵێن ئیسلام ھۆکاری دواکەوتنی کوردە.؟

حەسەن زادە: بابڵێین ھەتا ڕێبەریی بزووتنەوەی کورد بەدەست مەلایانەوە بوو خەتای ئەوان بوو، ئەدی ئێستا کێ ڕێی لێ گرتوون؟ ئەگەر ڕاست دەکەن بێن کورد لەو میحنەتە نەجات بدەن، ئەتۆ تەماشاکە ئەوەی ئێستا لەدنیا ھەیە، ئیسلام بە ملیۆن ساڵ لە پێش ئەوەوەیە، لەم بەینانەدا حەرەکەتێک دروست بووە لە نێو کورددا، کە دەیانەوێ بگەڕێنەوە بەرەو زەردەشت، بەڵام ئیسلام ھەزار جار لەپێش زەردەشتەوەیە! زەردەشت چی پێیە.؟ لە ھیچ وخۆڕایی بۆ دەیکەیە کورد، پاشان چەند میللەتی لە کورد بەدبەختتر ھەن کە موسڵمان نین، ئەدی ئەوان بەچی وایان لێ ھاتوە.!

گرووپی گوڵنار: Gullnar Group

ڕێکەوتی: ١٧ی مارچی ٢٠١٨
ئامادەکرد و ناردنی:ڕەحمان نەقشی