babaaliماوەیەک پێش ئیستا کاک ئارێز بەهۆی هاورێی خۆشەویستم کاک مادح ئەحمەدی کۆمەڵی پرسیاری سەبارەت بە کونگرەی نەتەوەیی کە بڕیارە بەم زوانە بەرێوە بچێت بۆ ناردم. بڕیار بوو کە وتوێژەکە لە پێشدا لە یەکێک لە گۆڤار یان رۆژنامەکانی باشووری کوردستاندا بڵاو بکرێتەوە.

پاشان هەموو ئەو وتوێژانە کە لەگەڵ خەڵکێکدا سەبارەت بە کونگرەی نەتەوەیی کراون لە کتێبێکدا بڵاو بکرێتەوە.

رۆژی دووشەمە ٣٠-٠٨-٢٠١٣ لە ژمارە ٤٣٤ی رۆژنامەی چاودێر بەشێکی وتوێژەکەی بڵاو کردەوە کە لێرەدا سوپاسی کاک ئارێز و رۆژنامەی چاودێر دەکەم. بەڵام بەو هۆیانە خوارەوە پێم باشبوو هەموو وەڵامەکان یەکجێ بڵاو بکەمەوە.

  1. من لەو ئاستەنگانە کە لەبەردەم گۆڤار ورۆژنامەکاندا هەن ئاگادارم، لەوانەیە رۆژنامەی چاودێر هەم لە رووی قەبارە و هەم لە رووی ناوەرۆکی وتووێژەکەوە بەتەواوی دەستی ئاوەڵا نەبووبێت کە هەمووی بڵاو بکاتەوە.
  2. وەک هەموان ئاگادارن بڕیارە نزیک بە دووحەوتووی دیکە کونگرەکە بەرێوە بچێت. بۆیە پێم باش بوو پێش بەستنی کونگرە هەموو بابەتەکە بڵاو بکرێتەوە.
  3. خۆ ئەگەر بابەتەکە لەو کتێبەشدا کە بڕیارە بڵاو بکریتەوە هەم بەم زوانە نابێت هەم هەمووکەسیش دەستیان بەو کتێبە ڕاناگات.

(عەلی میهرپەروەر)

کونگرەی نەتەوەیی دەتوانێت داهاتوویەک بۆ کورد چی بکات، بۆ نموونە دەتوانێت بڕیار لەسەر دروستبوونی کیان یان دەولەتێکی کوردی بدات؟

     ئەگەر بە مانای راستەقینەکەی لە کونگرەی نەتەوەیی بروانین پێویست دەکات کونگرەی نەتەوەیی بەرزترین دامەزرواەی سیاسی بێت لە ئاستی کوردستاندا کە بتوانیت زەمینە وبەستێنی پێویست وهەروەها هاوئاهەنگی تەواو بۆ بڕیاردان لە سەر چارەنووسی کورد بە گشتیی و هەرکام لە پارچەکانی کوردستان بەتایبەتی ئامادەبکات. بەڵام ئایا ئەو کونگرەیە کە بڕیارە پێک بیت خاوەن وەها پێگەیەک دەبیت؟ بەکردەوە دەسەڵاتی لە چوار چێوەی ئەو سنوورەدا کە بۆی دیاری دەکریت بەرزتر لە دەسەڵاتی پارتە سەرەکیە پێکهێنەرەکانی دەبێت؟ پابەند بوونی پارتە بەشدار بوەکان بە بەرێوەبردنی بڕیارەکانی کونگرە ئەگەر تەنانەت لەگەل سیاسەتی پارتەکەش هاوئاهەنگ نەبێت تاچ ئاستێک دەبێت ؟ ئەگەر پارت یان پارتگەلێک لە بەرانبەر بڕیارەکانی کونگرەدا ملیان بادا چ میکانیزمێک بۆ ملکەچ کردنیان لە ئارادا دەبیت. بە کورتی وەڵامی پرسیارەکەت دەگەرێتەوە بۆ دەسەڵاتی بەکردەوەی کونگرەکە و لەبەرچاو گرتنی هەمووکۆسپەکانی بەردەمی.

ئەگەر پیتوابێت ئەمە لە ئیستادا کارێکی قورسە، ئایا دەتوانێت هێزێکی سەربازی دروستبکات بۆ رووبەروو بوونەوەی مەترسیەکان کە لەسەر کورد هەن؟

   بمانهەوێت ونەمانهەویت کۆڵەکەی سەرەکی و هێزی بزوێنەری ئەو کونگرەیە پارتە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانن. تاچە رادەیەک پارتەکان ئامادەدەبن لە دەسەڵات و بەرژەوەندی تایبەت بە خۆ یان بەقازانجی بەرژەوەندی گسشتیی و نەتەوەیی کەم بکەنەوە و ملکەچی فیدرالیسمێکی راستەقینە لە کونگرەدابن. هەر وەها بە پێی ئەو پێشمەرجانە کە کونگرە دەتوانی بە گوێرەی پێویست و سیاسەتێکی نەتەوەیی پلان بە بردنەپێشی بەرنامەکانی خۆی دابنێت. بۆ نموونە ئەگەر پێویست بکات هێزێکی سەربازی ئامادە وتەیاری هاوبەش بۆ برگری لە بەرژەوەندی کورد پێک بێنێت. لەئیستادا پێشبینی وەها بارودۆخێکی لەو چەشنە ئەستەمە.

بۆ چوونێک هەیە دەڵێت بەبێ دروستکردنی ناسیونالیزمی کوردی، کونگرە چ مانایەکی هەیە ؟

   من وابیر ناکەمەوە بەڵکوو پێم وایە ئەگەر کونگرە لە سەر بناخەیەکی پتەو وقورس و قایم دابمەزرێت ئەوە بۆ خۆی دەتوانێت لە بەرز کردنەوەی هەستی ناسیۆنالیستی کوردیدا کاریگەری هەبێت. ئەو دوانە دەتوانن تەواوکەری یەکتر بن و کاریگەریان لە سەر یەکتر هەبێت. نابێت بە بیانووی ئەوەی کە گوایە هێشتا ناسیۆ نالیزمی کوردی دروست نەبوە واز لە پێکهێانی کونگرەی نەتەوەییەکی راستەقینە بێنین.

تێروانینی ئێوە چیە لەسەر کونگرە و پێتانوایە ئەگەر سەرکەوتوو بێت ئەبێ چبکات؟

لە پێشدا دەبێ بزانین مەبەست لە سەرکەوتن چیە، ئایا خودی پێکهاتنی کونگرە سەرکەوتنە، یان بە سەرکەوتن دادەنرێت؟ دەکرێت بڵێێن سەرکەوتنە لە هەڵگرتنی هەنگاوێکی هاوبەش لە راستای ئامانجی هابەشی کورددا. بەڵام سەرکەوتنی راستەقینەی کونگرە ئەو کاتەیە کە تاچ رادەیەک دەتوانیت ئامانجە دەست نیشانکراوەکانی بە دەست بێنێت. گەورەترین ئەرکی کونگرە پاراستنی هاوئاهەنگی و تەبایی لە نێو پێکهێنەران وکۆڵەکەسەرەکیەکانی کونگرەدایە.

قسە لەوە دەکرێت ئێوە هەست بە مەترسیەکی گەورەدەکەن وەکوو لایەنەکانی رۆژهەڵات لەم کونگرەدا، کە داوای کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری نکرێت لێتان؟

کۆتایی هێنان بەخەباتی چەکداری بە چ مەبەستێک، ئایا هۆکاری ئەوەی کە ئەگەر کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا تائیستا بە ئامانجەکانی خۆی نەگەیشتوە دەگەریتەوە بۆ ناکارایی خەباتی چەکداریی هێزە سیاسیەکانی بەشدار لە بزوووتنەوەی کورد لەو بەشەدا؟ ئایا ئەو هۆکارانە کە کوردی ناچار کرد دەست بۆ چەک بەرێت، لە ئارادا نەماوە؟ ئایا سیاسەتی سەرکوتی سەربازی لە لایەن رێژیمی زاڵ بە سەر رۆژهەڵاتی کوردستاندا وازی لێ هێنراوە و وەلای ناوە یان خستوویەتە ژێر پرسیار و رێگەچارەی ناسەربازی و ئاشتیخوازانەی هەڵبژاردوە؟ ئایا ئەوە گوشارو داخوازی ژێر بەژێری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کونگرەیەک کە هێشتا پێکنەهاتوە بۆسەر هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نیە؟[کە ئەگەری زاڵە] ئەوەی کە ئێوە لە پرسیارەکەتاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەست بە مەترسیەکی گەورە دەکەن، ئەوە دەگەیەنیت کە گوشارێک لە دەرەوەی ئیرادە و ویستی هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادایە بۆ ناچار کردنیان بە وازهێنان لە خەباتی چەکداریی لە رێی کونگرەی نەتەوەیەوە. ئەگەر یەکەم هەنگاوی کونگرە یان یەکێک لە ئامانجەکانی پێکهێنانی کونگرە ئەو ئەرکە بێت، من پیم وایە کونگرە لە یەکەم هەنگاویدا لەجیاتی هەوڵدان بۆ دابینکردنی ئامانجەکانی گەلی کورد بەداخەوە چاوی لە داخوازەکانی دوژمنانی کوردە.[ هیوادارم ئەو بۆ چوونەی من بە راست نەگەرێت] ولەوەها حاڵەتێکدا نەبوونی کونگرەکە قازانجی پترە لە بوونی.

بەڵام ئەگەر روون بێتەوە کە خەباتی چەکداری هۆکارێکە بۆ وەدواکەوتنی دابین بوونی ئامانجەکانی کورد یان خەباتی چەکداریی دژی بەرژەوەندی کوردە لە وەها حاڵەتێکدا راگرتنی کارێکی شیاوە. خەباتی چەکداریی ئەگەر بەلاوازی بەرێوە بچێت و تەنها ببێتە بیانوو یان رەواییدان بە سەرکوتی رێژیمەکانی زاڵ بە سەر کورستاندا نەکردنی باشترە بەڵام ئەگەر هێز یان هێزگەلێکی چەکدار کێشەی قووڵ بۆ دوژمنانی کورد و بۆ دیکتاتۆرەکان ساز بکەن و ناچاریان بکەن مل بۆ داخوازەکانی کورد رابکێشن نەک خراپ نیە بەڵکوو باشیشە.

کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی میوانداری دەکرێت بۆ کونگرە، هەڵوێستی ئێوە چییە؟ ئەم میوانداریە چۆن تێدەگەن؟

ئەگەر ئامادەبوونی ریژیمی کۆماری ئیسلامی لە کونگرەدا بۆ ئەوەیە کە ریژیمیش وەک لایەنیك لە کێشەی کورد خوازیاری گۆرینەوەی بیرورابێت بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوا پێویستە بە ئەرێنی چاو لە ئامادەبوونی ریژیم لە کونگرەدا بکریت [هەر چەند ئەو ئەگەرە زۆر کەمە] بەڵام ئەگەر ئامادە بوونی ئێران بۆ ئەوەیە هەر وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەی پێ کرا، بۆ ئەوەی دەسکەوتی خۆی لەو کونگرەدا بە دەست بێنێت بەو مانایە کە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ هیچ دەسکەوتێک ناچار بکرێن کە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی واز لە خەباتی چەکداری بێنن، یان بە واتایەکی دیکە کونگرە هەر لە سەرەتای چاو هەڵهێنانیەوە یەکەم هەنگاوی لە بەرژەوەندیی ریژیمەکانی زاڵ بە سەر کوردستاندا بیت، پیکنەهاتنی زۆر باشتر لە پێکهاتنیەتی.

بۆچوونێک هەبوو کە پێیوابوو سێ کۆمەڵە – دوو دیموکرات لە رابردوودا هیندە کێشەیان هەبوو چاوەروان نە دەکرا وا بەئاسانی یەکبگرن، هۆکارەکانی ئەو هاوکاریانە چی بوو؟

پێشتر کە باس لە حیزبەسەرەکیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرا دەوترا دیموکرات وکۆمەڵە، ئیستا دەڵێن دیموکراتەکان و کۆمەڵەکان، ئەو دابڕانانە بە بی گەرانەوە بۆسەرچاوە و هۆکاری رەوایی یان نارەوایەکانیان هەر کام لەو بەشانە لەگەل یەکتر کۆمەڵێک کێشەیان هەبوە وزیانێکی گەورەیان بە بزووتنەوەی کورد گەیاند. ئیستا کە بە خۆشیەوە هەموویان وادیارە لەو کونگرەیەکدا کە بڕیارە پێک بێت بەشدار وخاوەن بەشن . بەڵام بەداخەوە ئەوان یەکیان نەگرتوەتەوە بەو مانایە کە بوو بێتنەوە بە دیموکرات و کۆمەڵەکانی جاران بەڵکوو هەر کامیان بە بەشدار بوون لەو کونگرەدا باڵایان بە باڵای یەکتر گرتوە. بە واتایەکی دیکە ئەوان لەو کونگرەدا لە تەنیشت یەکتر دادەنیشن کە لە خۆیدا باشە و بەڵکوو کونگرە ببیتە چەتریک بۆ هاوکاری هاوبەشی ئەوانە لەگەل یەکتر هەرچەند من پێم وایە لەوانەشە پرۆسەی یەکگرتنی ئەو بەشانە لەگەل یەکتریش وەدوا بخات یان پرۆسەکە لە نێو بەرێت. خۆزیا مەرجی ئەندامەتی لە کونگرەدا بۆ ئەو حیزبانە کە لێکدابڕاون ئەوە بوایەت کە پێش هاتنە نێو کونگرە یەکیان بگرتایەت، بەڵام بەداخەوە بە خۆزگەی من نیە.

هەست ناکەن هێزەکانی رۆژهەڵات لە ژێر سایەی کونگریەکدان کە سێ پارچەکەی تری کوردستان ( باکوور، باشوور، رۆژئاوا) یەکیەتی وپارتی و PKK، بەڵام ئێوە لایەنەکان هێزێکی واتان نیە؟

 

من پێم وایە فەلسەفەی پێکهاتنی کونگرەی نەتەوەیی پێویستە ئەوە بیت کە بە سەر یەکخستنی هەموو هێزە پرش وبڵاوەکانی کوردستان لەو دامەزراوەیەدا هێزێکی گەورە تر پێ بێت کە ئەو هێزە یەکگرتوە لە خزمەت بەرژەوەندی گشتیی کوردا بێت. ئەوەی کە ئیستا بە رواڵەت هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی " بالفعل" تواناێەکی کەمتریان بە هەڵسەنگاندن لەگەل پارچەکانی دیکەی کوردستان هەیە، دەگریتەوە بۆ ئەو هەل ومەرجانە کە لە پارچەکانی کوردستاندا لە ئارادا بوون. لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەڵانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ی زاینی [١٣٥٧]ی هەتاویی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چاو هێزەسیاسیەکانی پارچەکانی دیکە لە بارو دۆخێکی یەکجار لەباردا بوون. پارسەنگی دەسەڵات و هێز بە گۆڕانی بارودۆخی سیاسی لە باشوور، باکوور و رۆژئاوا دا ئەوانیش گۆڕانیان بە سەردا دێت. ئەگەر لە دەرەوەی کونگرە ئەو ناهاوسەنگیە لە بەر چاو بگیریت، پێم وانیە باش بێت کە لە نێو خۆ و چوار چێوەی کونگرەدا باس لە باڵادەستی و بندەستی بکرێت. بەڵکوو شایستەیە کە هەرکام لەو هێزانە بە کەسایەتیەکی سەربەخۆ و مافی یەکسانەوە نەخشی خۆیان لە کونگرەدا بەرێوەبەرن. هێزی شاراوە "بالقوە" هێزەکانئ رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ دەستکەمێکی لە وانی دیکە نیە. کونگرە پێویستە بنکەیەک بێت بۆ سوود وەرگرتن لە هێزی نەتەوەیی کورد بەگشتیی نەک جیاوازی دانان و لە بەرانبەر یەکتر داناندا.

ئەگەر یەکێک لە پەیامەکانی کونگرە داوای ئاشتی بکات لەگەل ئێران، ئێوە ئامادەن؟

من پێم وایە کە کونگرە پێویستە پەیامی ئاشتیی هەبێت و داوای ئاشتیی بکات. ئەگەر کونگرە لە پێگە وبارودۆخێکدا بێت کە بتوانێت ئاشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دابین بکات و کۆماری ئیسلامیش بە راستیی ئامادەی چارەسەر کردنی کێشەی کورد لەو بەشە لە کوردستاندا بێت، ئەوا پێویستە هەموو لایەک پێشوازی لێ بکەن. بەڵام ئەگەر یەک لایەنە و بە تەنی رووی لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێت، من وەک خۆ، ئەوە بەمانای پەیامی ئاشتی نابینم بەڵکوو بە پەیامی خۆ بەدەستەوە دان و تەسلیم بوونی دەزانم. ئاشتی بە یەک لایەن ناکریت و پێویستی بە ئامادەبوونی دوولایەنی کێشەکە هەیە. بەڵام ئامادەبوونی کۆماری ئیسلامی بۆ ئاشتی راستەقینە و چارەسەری پرسی کورد لەو هەلومەرجەدا یەکجار زۆر بە دوور دەزانم.

پێتانوایە کونگرە دەتوانێت چی بکات بۆ داهاتووی کوردستان و بەتایبەتی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان؟

کونگرە ئەگەر کونگرەیەکی راستەقینە بێت و سوود لە هێز وتوانا و فاکتەرەکان لە راستای ستراتیژی تەوافوق لە سەر کراودا وەر بگرێت، سەرکەوتنی کونگرە یان کورد لە هەر پار چەیەکی ئەو کوردستانەدا بە قازانجی کوردی پارچەکانی دیکەشە و دەبێتە هێزێکی یارمەتیدەر بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانیان. بە درێژایی مێژوو و ئیستاشی لە گەل بێت دوژمنی سەرەکی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، دووبەرەکی و ئاژاوەی نێو خۆیی کورد بوە. دوژمنەکانیش هەمووکات سوودیان لە و ناکۆکیانە بە قازانجی خۆیان وەر گرتوە. جا ئەگەر کونگرەی نەتەوەیی بتوانێت ببیت بە چەترێک بۆ ئەوەی کوردەکان لە سەر ئاماجە هاوبەشەکان یەک بخات و ناکۆکی لە نێویاندا نەهێڵێت گەورەترین دەسکەوتی دەبێت و کورد لەسەر کەوتنی نیهایی نزیک دەکاتەوە.

پارتی دەڵێت لە حەفتاکانەوە خەریکی کونگرەی نەتەوەیین، یەکیەتی و دیموکرات دەڵێن لە هەشتاکانەوە خەریکین، PKKش دەڵێت لە دەیەی نەوەدەکانەوە خەریکی کونگرەێن، ئەگەر هەموو ئەم هێزانە وا پەرۆشی کونگرەن، بۆ چی تووشی دەیان شەڕی ناو خۆ و کێشە و گرفت بوون؟

هەر وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەم پێ کرد بەڵای سەرەکی کورد دووبەرەکی و لەوەش خراپتر شەڕی نێو خۆیی کورد بوە بۆیە هەر کام لە حیزبەسیاسیەکانی کورد بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی نەتەوەیی لە قۆناخێکدا خوازیاری کۆبوونەوەی هێزەسیاسیەکانی کوردی پارچەکانی کوردستان لە ژێر چەتری دامەزراوەیەکی سیاسیدا بوون، جا بەهەر ناوێک بووبێت. هەر کامەش لەو حیزبانە کە ئێوە باستان کردوون و بە حیزبی دیموکراتیشەوە بەتایبەت ئەو کاتەی دوکتور قاسملوو رێبەری ئەو حزبەی بەدەستەوە بوو، بانگەوازیان بۆ پێکهێنانی وەها دامەزراوەیەک کردوە. بەڵام بە داخەوە بە هۆی جۆراوجۆر و هەلومەرجی تایبەتی لەو بوارەدا سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست نەهات. ئیستا کە وادیارە دەرەتانێکی لەبار هاتبێتە پێش دەبێت بە گەشبینیەوە چاوی لێ بکرێت و هەوڵ بدرێت کە ئەو کونگرەیە لە سەر بنەمای سەربەخۆیی بڕیاردان و میکانیزمێکی گونجاو بە جۆرێک کە بتوانێت وەڵامدەری پێویستیەکانی ئیستای کورد بێت، پێک بێت.

کونگرەی نەتەوەیی لە کورتترین مانادا ( هاوهەڵوێستی نیشتمان- نەتەوەیی – گوتاری یەکگرتوویی کوردە)، بەڵام لە ناو هێزە کوردیەکاندا ئەم پرینسیپانە نابینرێت، کە واتە هەر هەمووی بانگەشەیە بۆ چی، بە ناوی کونگرەی نەتەوەیەوە؟

هەر وەک لە وەڵامی پرسیاری سیهەمدا بە کورتی ئاماژەم پێکرد، نابێت چاوەروان بکرێ کە ئەو پرنسیپانە کە ئێوە ئاماژەتان پێکردوون، لە پێشدا هەموویان مسۆگەر ببن و ئەگەر وەها پرنسیپگەلێک بە دی نەهاتبوون واز لە کونگرەی نەتەوەیی بهێنرێت. بەڵکوو من پێم وایە کە ئەگەر کونگرەی نەتەوەیی پێک بێت دەتوانرێت یارمەتیدەر بێت بۆ جێ کەوتنی ئەو پرنسیپانە. بە کورتی کونگرەی نەتەوەیی و پرنسیپەکان تەواوکەری یەکترن.

کونگرە باس لە ئاشتی دەکات بەڵام باشوور بە خەباتی چەکداری مافەکانی خەڵک بە دەستهاتوون، لە باکوور ئەگەر شتێک کرابێت خەباتی چەکداری کردوویەتی، بۆ چی ئیستا بۆ رۆژهەڵات باکوور داوای ئاشتی دەکرێت، لە کاتێکدا نە ئێران و نە تورکیا ئامادەنین ئاشتی بکەن، بگرە چەندین سەرکردەیان لە پێناو ئاشتی شەهید بوون؟

بەراستی من لەوە تێ ناگەم بۆ چی وڵاتگەلێک کە دەرەتانی هیچ چەشنە خەباتێکی ئاشتیخوازانە بە گەلانی بندەست وخەڵکی وڵاتەکەیان نادەن و داوا ئاشتیخوازانەکانیان بە گوللە وەڵام دەدەنەوە و کاتیک ئەو گەلانە بۆ بەرگری و دیفاع لە خۆ ناچار دەبن دەست بۆ چەک بەرن، یان لە راستیدا شەریان بەسەردا دەسەپێت و بەناچاری شەری چەکداری بەرۆکیان پێ دەگرێت، ئەو کات لە جیاتی مەحکووم کردنی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ئەو ریژیمانە، بزووتنەوە چەکداریەکان لۆمە دەکرێن. وسەرنەکەوتنەکان دەخەنە ئەستۆی شەڕی چەکداری. ئێمە نموونەی ئەو هێزانەمان لەبەر چاوە کە شەری چەکداریان رەد دەکردەوە و تەنانەت بە شێوەی جۆراوجۆریش یارمەتیدەربوون بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵام بە هۆی ئەوەی جیاوازی بیرورایان لەگەل ریژیم بوو، لە هێزە چەکدارەکان خراپتر سەرکوت کران .

بەکورتی ئاشتی بە یەک لایەن ناکرێت، بە داخەوە ریژیمەکانی حاکم بە سەر کوردستاندا ئاشتیان ناویت بەڵکوو خۆ بە دەستەوەدانیان دەوێت وهیچیتر.

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد