b_300_220_16777215_00_images_jnana_hdk.jpgلە ماوەی چەند ڕۆژ و حەوتووی ڕابردوودا بە هۆی هێرشی دڕندانەی چەکدارانی داعش بە هەزاران ژن و منداڵ و پیرو بەساڵاچوو لە ترسی کوشتن و ڕاودوونان و سەربرین و زوڵم و زۆری ئەو چەکدارە تیرۆریستانە،

ناوچە و گوندو ئاوایی و شارو دێی دەڤەری شەنگاڵ یان بەجێ هێست و بە هەزاران کەس لە چیای شەنگاڵ تووشی نەهامەتی جۆراوجۆر و بە تایبەتی برسیەتی و تینوێتی و هەروەها تووشی نەخۆشی بوون و هاوکاتیش بە دەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوو گیانیان لە دەست دا و بە هەزارانیش گیانیان لە مەترسی دابوو.

دوابەدوای بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە دڵتەزێنە کە بە سەر کوردە ئێزدی‌یەکانی و دانیشتووانی ئەو ناوچەیە هات، بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵ درا کە ئەوانەی لە چیای شەنگال کەوتوونە گەمارۆ و هەروەها گیانیان کەوتۆتە مەترسی ڕزگاریان بکەن. هێزی پێشمەرگە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی زلهێز و دەسەڵاتدار هاتنە دەنگ و لەو نێوەشدا خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بە گیانی لە خۆبردوویەوە ئامادەگی خۆیان بۆ هەموو جۆرە هاوکاری‌یەک دەربری و بە کردەوە هاتنە مەیدان.

هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان ئامادەکرد و بەشێکیان چوونە سەنگەری بەرگری و بەشیکیشیان هەروا ئامادەن بۆ بەرەکانی شەر بە دژی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعش. لە نێو بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بە سەدان ژن و منداڵ و بنەماڵەی ئەو حیزبە، لە هەڵمەتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دا سەرباری سەختی ژیانیان دەستیان بە کۆکردنەوەی یارمەتی بریتی‌لە: پووڵی نەقدینە، خواردنی جۆراوجۆر، جل‌وبەرگ و پەتوو و پێخەف و هەروەها کەرەسەی جۆراوجۆر بۆ ئەو کەسانەی کە هاتوونە نزیک شاری کۆیە و هاوکات بە درووست کردنی نان، کولێرە و کولیچە و بە لێنانی چێشتی گەرم و خواردنی جۆراوجۆر و بیسکویت و داو و دەرمان و دەیان شتی لەو بابەتە خۆیان گەیاندە نێو ئاپۆرای بنەماڵەکانی شەنگاڵ و ناوچەکانی دیکەی گەیشتوو بۆ ئەو ناوچەیە. ژنان و بنەماڵەکانی حدک وێرای یارمەتیدان، هاوخەمی و بەپەرۆشی و پشتیوانی خۆیان بۆ ڕزگارکردنی گیانیان لە مەترسی کوشتن و شکاندنی گەمارۆیان و بێزاری خۆیان لە کردەوەی تیرۆریستی داعش دەربری.

هەڵمەتی یارمەتی و پشتیوانی ژنانی دێموکرات نیشانەی هەستی نەتەوەیی و دڵسۆزی بەگەل و نیشتمانە. ئەوان بۆ ڕزگاری گەل و نیشتمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان ساڵە خەبات دەکەن و گەرما و ساردی دەشت و کوێستانەکانی کوردستانیان لە ژێر ڕەهێڵەی بۆمب و تۆپ و خۆمپارە دیتووە و هەموو کات نەهامەتی‌یەکانی گەلی کوردیان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان هەست پێکردووە. ئەوان بەردەوام بۆ نەهێشتنی نەهامەتی و زوڵم و زۆری داگیرکەران خەبات دەکەن و لە پێناو وەدیهێنانی ئازادی و بەختەوەری بۆ گەل، خۆشەویسترین کەسەکانیان، برا ، خوشک ، دایک ، باوک ، کوڕ ، کچ و هاوسەری ژیانیان لە دەست داوە. ئەوان بە لە دەستدانی ئازیزانیان لە خەبات کردن نائومێد نەبوون و بەڵکوو زۆرتر شێلگیر و ڕاوەستاو بوون بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان لە ریزەکانی حدک و یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان دا . هەر ئێستا بە سەدان کەس لەو تێکۆشەرانە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگەی کوردستانیان لەبەر دایەو وێرای تەنگ و چەڵەمەکانی سەر ڕێگای ژیانیان هەروا  درێژە بە خەبات دەدەن و چاوەرێ و ئامادەن لە سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕ بە دژی داعش دا بەشداری بکەن.

ئەوان وێرای سەختی ژیانی خۆیان، وێرای خەمی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەمی خوشک و براکانیان لە باشوور و ڕۆژئاوا و باکوور هەیە و لە خەم و شادی ئەوان دا بەشدارن و خۆیان بە داکۆکیکار و پشتیوانی ئەوان دەزانن.  

ئەوەی خوارەوە کورتە ڕاپۆرتێکی کوردکاناڵە لە سەر هەڵمەتی یارمەتی بنەماڵەکانی حدک بۆ بنەماڵەکانی شەنگال

چەند وێنەیەک لە کاتی هەڵمەتی یارمەتیکردن بە بنەماڵەکانی شەنگال

 

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.