b_300_220_16777215_00_images_ZHINAN_qelai_dmdm.jpgشەهلا دەباغی
خوێندنەوەی سیکۆئانالیزی و دژەکۆلۆنیالیستی
ئەگەر بەناو ئەدەبی کوردی، زارەکی و

نووسرادا، بگەڕێین و هەرچی پەخشان، شێعر، ڕۆمان و چیرۆک، و بابەتگەلی دیکە سەروژێر بکەین، دەبینین "بەیتی قەڵای دمدم" مەزنترین بەیتی تاکوو ئێستا ناسراوی کوردە. قەڵای دمدم ڕەوایەتی نەتەوەیەکی ژێر دەستە کە بۆ سەربەخۆیی و ئازادی خۆی تێدەکۆشێ بەڵام دانیشتوانی قەڵا سەرەڕای بەرخۆدانێکی بێوێنە جێنۆساید دەکرێن و ژنانی قەڵا لە بڵندایی ڕا خۆ فڕێ دەدەنە ناو شێو و دۆڵ.
قەڵای دمدم هاوتا و بگرە مەزنترە لە تراژییدییەکانی یونانی و ئێرانی. ڕەوایەتێکی نەک زەیینی و خەیاڵی کە بگرە پێی لە ڕووداوێکی واقعی و مێژوویی دایە. بەیت/ڕووداوی قەڵای دمدم ڕەوایەتی بناخەییترین هەست و نەستی ئینسانی کوردە بۆ ڕزگاری و ئازادی خۆی. تا ئێستاش هیچ بەیتێک نەیتوانیوە شان لە شانی قەڵای دمدم بدا.
تایبەمەندییەکانی دەقێکی بەرز ئەوانەن:
. دەقی مەزن زۆربەی کات تراژیکە
. ڕەوایەتێکە هەوەڵ و ناوەڕاست و ئاخری هەیە
. زمان قووڵ و ڕەوان و شاعیرانەیە
. دیالۆگ بە هێزە
. ڕەوایەت لە چڕکەدا ئامادەیە
. ڕەوایەت بەشێوەیەکی سروشتی جێی خۆی دەکاتەوە نەک بە شێوەی مەسنووعی
. ڕەوایەت جۆرێک لە ئەرزشی تێدایە
. کارەکتەرەکان زۆرجار ئەزموونی سەخت تێپەڕ دەکەن و یا دەمرن
. کارەکتەرەکان لە ڕەوتی ڕەوایەتدا ئاڵوگۆڕیان بەسەردادێ و زەمەن و شوێن نایانکوژێ
. خوێنەر شوناس یا بەشێک لە خۆی لە کارەکتەرەکاندا دەبینێتەوە
. خوێنەر سیمپاتی لەگەڵ کارەکتەرەکان پەیدا دەکا
. شوێن و لۆکێشن لەناو مێشکدا دەچەسبێ
. ڕەوایەتەکە دڵهەژێن و دڵڕفێنە
. دوای بیستن و خوێندنەوەی لەناو ڕوحتدا دەنگ دەداتەوە
. وە بیر دەکەیەوە بۆ وابوو و چۆن دەکرا وانەبێ.
"بەیتی قەڵای دمدم" وەک دەقێکی زارەکی تەواوی ئەم تایبەتمەندیانەی هەیە. دەقێک کە باسی قەڵمڕەوی دەسەڵاتێکی خۆیی کوردی دەکا. کارەکتەری سەرەکی خانی لەپ زێرینە. پادشایەکی سەخی و واڵاڕەفتار. خەڵکی قەڵا پیاو و ژن و منداڵ ژیانی ئاسایی خۆیان دەکەن بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان دەبێ بڕیاری مان و نەمان بدەن؛ بە کەرامەتەوە بمرن یا بە یەخسیر بگیرێن.
سپای دوژمن دەوری قەڵای داوە. بەهۆی خەیانەت دوژمن دەزانێ سەرچاوەی ئاوکەی کە دێتە ناو قەڵا، لە کوێیە. بەڕەوایەتێک یا دوژمنان زەهری تێدەکەن و یا ناهێڵن ئاوی کانی بگاتە خەڵکی قەڵا. قەڵا لە بەرزاییە. دوای‌ شەڕێکی قارەمانانە و شکانی کورد ژنان لە قەڵاڕا خۆ دەخەنە خوار. دوژمن سەردەکەوێ بەڵام ژانی کوشتاری خەڵکی قەڵای دمدم 400 ساڵە لەبن مێشکمان چڵ دەدا و دەنگی خانی لەپزێڕین لە دەڕەی قاسملوو ڕا بە دەشتی شنۆ و موکریان و بە شاخەکانی باکوور هەتا دەگاتە عفرین و دیسان هەتا دێتەوە جوانڕۆ و هەورامان دەنگ دەداتەوە. ئێستا پرسیار ئەوەیە بۆ ژنانی قەڵا خۆیان هەڵداشت؟ ئایا ژنان تەنیا لە ترسی دەستدرێژی خۆیان هەڵداشت، یا مکانیزم، بیر و هەستی دیکە پاڵنەری ئەم ئەکتە بوو؟ ئەگەر وایە هۆیەکان چی بوون؟
دروست بوونی سابجێکت/بکەر/فاعل لە تیۆرییەکانی سیکۆئانالیزی دا گرینگی تایبەتان هەیە. abjection گرینگی تایبەتی تری بۆ جولییا کریستێڤا هەیە. کریستێڤا لەسەر ئەم باوەڕەیە کە ئابێکشن سەرچاوەیەکی تاریک و ڕەمزاوییە و دەتوانێ دەست بۆ قەتڵ بەرێ. هەستێکی بێزاری و خۆ لە ڕیشە جیاکردنەوە. ئابێکشن لە هەموو کولتوورکانی دنیادا هەیە و کاردانەوەیەکی بەزەبر و زەنگ و نەزمێکی نارسیسیتی یە.
ژن وک بوونەوەرێکی یەکجار هەستیار پێوەندییەکی نە تەنیا فیزیکی و بیۆلۆژیکی لەگەڵ سروشت و دەورووبەری خۆی هەیە بەڵکوو پێوەندییەکی زۆر تایبەتیتری لەگەڵ منداڵ هەیە. دوای ئەوین، ئەوە منداڵە کە ئاڵقەی پێوەندی بەهێزی ژن بە پیاوێکە. تەنانەت پێوەندی دایک و منداڵ تا ئەمڕۆکەش هۆی سەرەکی مانەوەی زۆر پێوەندیترە. منداڵ دەتوانێ ژنێک پێوەند بدا بە داگیرکەری خۆی. لێرەدا هەوەڵین هۆ و پاڵنەری خۆهەڵداشتی ژنانی قەڵای دمدم خۆی دەردەخا. ژنانی قەڵا خۆیان فڕێ دا تا منداڵی داگیرکەر لە داوێنی خۆیاندا پەروەدە نەکەن و شیر نەدەن و لە ڕێگای منداڵەوە نەبنە ئەسیری هەمیشەیی ئەویتر/داگیرکەر. هاوکات داوێنی‌ ئەوان نەبێتە باخێک بۆ چاندنی تۆوی داگیرکەر. ئەوان خۆیان هەڵداشت تا ڕەحمی ژنی کورد نەبێتە زێدانی پەرەسەندنی توخمێ داگیرکەری خۆیان.
خاڵێکی دیکە هەر لەم پێوەندییەدا پچڕانی پێوەندی هەستییە لە ڕێگای منداڵ لەگەڵ داگیرکەری خۆت. کە منداڵ کەوتە مابینان ناچار ڕۆژانە ئەویتر دەبێتە بەشێک لە بوونت. ئەوان خۆیان هەڵداشت تا ئەویتر نەبێتە بەشێک لە جیهانی بوونیان، تا نەبنە دایکی منداڵی داگیرکەری خۆیان. لێرەدا ژنانی قەڵا بە خۆهەڵداشتن ئەکتێکی سیاسی دژی داگیرکەر بە مەرگی خۆیان دەخوڵقێنن. داگیرکەر نە تەنیا دەستی بە داوێنی ژنەکە ڕاناگا کەبگرە لە نەوەهاویشتن لە داوێنی ئەسیردا کە هەمیشە هەستێکی سەرکەوتنی پێ بەخشیوە بێبەش دەکرێ. و بەمجۆرە "گون/testikel"ی داگیرکەر وەک کەرەسەی بەرهەم هێنانی توخم و (penis) وەک کەرەسەی زەبروزەنگ و دەستدرێژی سێکسی داگیرکارانە لەکار دەخسترێ، و ئێگۆ و سێکسوالیتی پیاوی داگیرکەر شکست دێنێ. ئەکتی خۆهەڵداشتن دەتوانێ هەلومەرجێک بخوڵقێنێ کە هەست وەڕگێردرێتە سەر نیشانە/بەیت و ئۆستوورە و جەستەیەکی پڕشوبڵاو دوای خۆهەڵداشتن بکەر/سابجێکتێکی ئۆستوورەیی دروست دەکا.
بەردەوام دەبێ....

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد