b_300_220_16777215_00_images_ZHINAN_shahla_debaghi.jpg3. نان یا ئازادی؟
(خوێندنەوەیەکی دەررونشیکاری دژی کۆلۆنیالیستی)
بەیتەکان جیا لە گێڕانەوە و چێژێکی خەمگینی

ئەدەبی و ڕاگرتنی زمان دوو کاری یەکجار گرینگی دیکەیان لەسەر شانە:
یەکەم، دروستکردنی مێژووی نەتەوەیی، ئەگەر باوەڕمان وابێ کە "ئەدەبیات لە ڕێگای خەیاڵ نەتەوە دروست دەکا"(1)
دووهەم، بەرز ڕاگرتنی هەستی بناخەیی و ئارکایی وەک هەستی غروور، نەترسان لە مەرگ، کەرامەت و ئازادی.
ئەوانەی لە مێژوودا ناویان ماوەتەوە ئەوانە نەبوون کە ژیانێکی ئاسایی بۆ نان ژیاون، بەڵکوو ئەوانە بوون کە مەرگیان بۆ حەقیقەت، کەرامەت و ئازادی هەڵبژاردووە و بوونەتە ئوستوورە. (سپارتاکووس، سوقڕات، کلئۆپاترا)
ئوستوورەکان دەبنە بەشێکی دانەبڕاوی بیر و نەستی تاک و نەتەوە. ئەوانەی بیری ‌ئوستوورەیی فەرامۆش‌ دەکەن لە ڕاستیدا ژیانێک بە بێ ئازادی هەڵدەبژێرن. ڕاستە لە باستانەوە ئازادی لە چوارچێوەی سیاسیەتدا بە دێمۆکڕاسی گرێ دراوە بەڵام ئازادی هەمیشە بەجۆرێک گەڕانەوەیە بۆ فەزیلەتێکی مەزنی بەر لە باستان، واتە ئازادی سروشتی. ئەو کات ئینسان وەک بوونەوەرێکی ئازاد لەناو سروشتدا بەدوای نانی خۆیدا دەگەڕا ڕەنگە پەیداکردنی نان ئامانجی سەرەکی بووبێ بەڵام ئازادی بەشی دانەبڕاوی سرشتی بوو. ئینسان بە بێ ئازادی هیچ نییە. ئازادی‌ خودی نان و کەرامەتە. کە ئازادیت هەبوو نانیشت هەیە، کە ئازادیت نەبوو نانیشت هەبێ بەختەوەر نی. ئازادی هەستی بناخەیی و ئارکاییە.
کاتێک دەوری قەڵا درا و خانی لەپزێڕین و سپای کوردان شکان، ژنانی قەڵا خۆیان هەڵداشت، نەک تەنیا لەترسی هەڕەشەی سێکسوال و گەوەرکردنی منداڵی داگیرکەر لە دامێنی خۆیاندا، بەڵکوو بەخاتری ئەوە ئەوان سروشتیترین بەشی ئینسانی خۆیان واتە ئازادیان لەدەست دەدا.
ئینسانێکی ئەسیر چییە زیاتر لە کەسێک کە لە زێدی خوی هەڵدەقەندرێ و دیبەنە "وڵاتی دەغەریبێ" کە لەوێ هەموو شتێکی لە دەست دەدا؛ زمان و پێوەندییەکانی کۆمەڵایەتی. ئەو ئەسیر و تەبعیدکراوە لە غەریبی و تاراوگەدا نەک ئیتر هەر ئازاد نییە بەڵکوو ناچار دەکرێ زمانی بێگانە فێربێ و لەگەڵ بێگانە هەستێ و دانیشێ و دەستی تێکەڵی بێگانە بکا. ژنانی قەڵای دمدم خۆیان هەڵداشت تا مەرگ لەبەرامبەر تەبعید و تاراوگە و ژێردەستی دا هەڵبژێن. ئەوان ئازادیان پێش نان هەڵبژارد.
دوکتور ڕەهبەر مەحموودزادە لە کتێبی پڕبایەخی خۆیدا، پێکهاتەی بەیتی کوردی، ئاماژە بەوە دەکا کە ئوستوورە لەسەر گێڕانەوەیەکی ناتەواو دامەزراوە و گێڕانەوەکان هەر جارەو تووشی ئاڵۆگۆڕ دەبن. مەحمووزادە بەردەوام دەبێ و دەنووسێ "بەیت ئوستورە نییە، بەڵام [...] تا ڕادەیەک، لەگەڵ ئوستوورە خاوەنی تایبەتمەندی هاوبەشە. سروشتی ناتەواویی گێڕانەوە، لە هێندێک بەیتدا، زۆر و کەم وە بەچاو دەکەوێ و بەم شێوەیە لەم بەیتانەدا، دیاردەی لادان لە مەنتیقی مەجازی دەکەوێتە بەرچاو."(2)
بەیتەکان، وەک ڕەوایەتی ئارکایی و ئوستوورەیی هەموو گەلانی دیکەی دنیا تووشی گۆڕان و ناتەواوی دێن بەڵام چونکە سەروکاریان لەگەڵ بناخەیترین ڕا، نەست و هەستەکانی ئینسانە، بە هەموو کەم و کوڕییەکانیان لەسەر نەستی نەوە لە دوای نەوە کاریگەرییان هەیە و هەنووکە چوارسەد ساڵ دوای شەڕی دمدم و دەسەڵاتی خانی لەپزێڕین و خۆهەڵداشتنی ژنانی قەڵا ئەو پرسیارە لەخۆمان دەکەین ئەگەر ئێمە هەر ئەمڕۆکە بکەوینە دۆخی ئەوان چ هەڵدەبژێرین، نان و ژیانی ژێردەستی یا ئازادی؟
سەید قادر هیدایەتی لە وتاری خۆی لە سەمپۆزیۆمی «پەخشانی کوردی: ڕەوتی گەشە، تایبەتمەندی و کێشەکان» دا باس لەوە دەکا کە بۆ خۆێندنەوەی مێژوو و ڕووداوەکان دوو ڕوانگەمان هەیە:
1. گەشەکردن و تەداوم کە بریتیە لە زنجیرەیەک لە ڕووداوەکان کە بە دوای یەکدا دێن و ڕووداو و کتێبەکان لە دڵی یەکتر دا لە دایک دەبن،
2. کەمینەیەک کە باوەڕییان بە "گسست" و دابڕان هەیە. وەک فۆکۆ و هێگێل و بێنیامین. بۆ وێنە هێگێل پێیوایە هەر تەحەولێک لە دابڕان و گۆسەست دا دروست دەبێ. یا فۆکۆ بۆ تەبینی دابڕان و گۆسەست کەڵک لە وشەی "دگردیسی" وەردەگرێ. دێگەردیسی جۆرێک گۆڕانە کە هێندێک ماک و عەناسوری پێشتر لەگەڵ خۆی دێنێ بەڵام بەگشتی قەوارە و شکڵ و سەروچاوی دیاردەکە دەگۆڕدرێ. فۆکۆ پێیوایە شناخت و مەعرفە بروسکەئاسایە.
هیدایەتی بەردەوام دەبێ و دەڵێ کە بە بازدان دەتوانین خۆمان بە نەتەوەکانی دی بگەێنین و بە بێ "تیۆری دابڕان" ناتوانین هێندێک ڕووداو توجیە بکەین. بۆ وێنە بە بێ تیۆری دابڕان ناتوانین هێندێک ڕۆمان و ڕووداو شی بکەینەوە. هیدایەتی لە باسی خۆیدا سەبارەت بە نەسری کوردی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: "هەر جۆرە باس کردنێک لە نەسری کوردی بە بێ باسکردن لە بەیت و ئەدەبیاتی زارەکی ناقسە." ئینجا هیدایەتی بەیتەکان لەباری ڕاوێژ و لەحن بە چەند جۆر دابەش دەکا:
بەیتی دینی وەک زەمبیل فروش،
بەیتی حەماسی و ئارکایی وەک دمدم،
بەیتی ئاشقانە وەک مەم و زین،
بەیتی شینگێری وەک سەیدەوان
بەیتی گاڵتەوگەپ وەک بەیتی گۆڵەبۆر و پیوازان.
بەیتی قەڵای دمدم لەباری زمان و گێڕانەوە، کێشەی کوردان و سەفەوییەکان، حەشاردانی خانێک لە قەڵا و توڕەبوونی سەفەوییەکان بەوە، چۆنییەتی ژیانی ناو قەڵا، جیاوای ئایینی کورد و سەفەوییەکان و هتد شایانی لێکۆڵینەوەیە. ئەمن لێرەدا تەنیا ویستم ئاماژەیەک بە ئوستوورەیەکی ناتەواوی کوردی بکەم کە چۆن لەسەر هەست و ڕوانگەی ئیمە بۆ جۆری ژیانمان کاریگەرە و ویستم ئەو بەشە بەجەستە بکەمەوە کە هەم لە خودی بەیتەکەدا زۆر کەم ئاماژەی پێکراوە و هەم خوێندنەوەکان تەنیا لە چوارچێوەی "ترس لە دەستدڕێژی داگیرکەرانی سەفەوی بە ژنانی قەڵا"دا قەتیس‌ ماونەتەوە.
خۆێندنەوەی بەیتی کوردی و بەتایبەت قەڵای دمدم تەنیا بە تیۆری دابڕان و دێگەردیسی دەکرێ. بە ڕوانگەی دابڕان دەتوانین بزانین کە ئەم ژنانە خۆیان هەڵداشت تا بە ئازادی بگەن و لە ڕێگای مەرگ بۆ ئازادی بە بێ ئەوە خۆیان بزانن بوونە ئوستوورە و فیگوری ئارکایی، و ئێستا چوارسەو ساڵ دواتر ئێمە دەمانهەوێ بەقەد تاڵە قژێکی ئەوان نەترس بین. هەر بۆیە چوارسەد ساڵ دواتر دەستەیەک پێشمەرگە بە فەرماندەیی مەلا برایم ڕۆستەمی لە شاروێران لە شاخ خۆیان هەڵدەدێرن و دواتر کاوە و سەربەست لە کۆسەڵان بە نارنجۆک خۆیان پڕشوبڵاو دەکەن تا وەک دایکانی مێژوویی خۆیان نەکەونە دەست داگیرکەر. ژنانی قەڵای دمدم ئێمەیان فێری مەرگ لە پێناو ئازادی دا کرد تا وەک پۆلە کۆترێکی باڵدار بەرەو تەشقی ئاسمان بفڕین بەڵام نانی زیندوویی داگیرکەر نەخۆین....
ئەوە كێ بوو لەبەر ژنی گاوانی
ئەو تەگبیرەی دەكرد بۆ خانمەكانی
دەیكوت وەرن ئەمە بچینە سەر قەڵاتی دمدمی
خۆ هەڵدێرین پێنسەد كەوانی
ئەوە لەبەر پۆلە خانمی دە چاو خومارە
ئەوان لە ئەستۆی خۆیان شل دەكردەوە هیزارە
هاواریان دەكرد یا پەروەردگارە
لە قەڵاتی دمدمی خۆیان هەڵداشتە خوارە
بە حوكمی خودای دەبوونەوە پۆلە كۆترێكی باڵدارە(4)
ڕێفێرێنس:
1. ڕۆمان و نەتەوە. د. هاشم ئەحمەدزادە
2. پێکهاتەی بەیت کوردی، د. ڕەهبەر مەحموودزادە.
3. سەید قادر هیدایەتی. سەمپۆزیۆمی پەخشانی کوردی، ڕەوتی گەشە، تایبەتمەندی و کێشەکان، زانکۆی کوردستان، کۆلێژی زمان و وێژەی کوردی. خەزەڵوەری ۱۳۹۷ی هەتاوی. لە تێلێگڕامی ڕاڤە وەرگیراوە.
4. بەیتی دمدم

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
شەهید پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.