ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦ ی هەتاوی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراق

نەورۆز و نەورۆژی کوردەواری. ڕەحمان خالیدنژاد

westa_rahman.jpgنەورۆز رۆژی تەبایی و یەکگرتنەوەیە ، پەیامی هاودەنگی و هاوخەباتیە بۆ نەتەوەی کورد. لە مێژووی ژیانی هەر نەتەوەیەکدا بۆنەو هەڵسوکەوتی زۆر گرینگ هەیە کە بە ڕادەی بۆچوون و هەستی هەڵقوڵیوی ناخی

نەتەوەکانەوە بایەخ و رێزی لێ دەندرێ ، بەڵام نەورۆزی ئێمەی کورد هێمای دووبارە ژیانەوە و نوێ بوونەوەمانە ، هێمای سەرکەوتنی نەسڵەکانی پێشوومانە بە سەر جەهل وتاریکی و زاڵماندا. نەورۆزی ئێمە رۆژی وەبیر هێنەرەوەی چیا و دۆڵ و دەشتەکانی رازاوە بە گوڵاڵەی سوور و هاژەی رووباری خوێنە گەشەکانی ئازادیخوازانمانە بۆ پاراو کردنی دارستانی سەربەستی نەتەوەی کورد .
نەورۆزی ئێمە ، وانەی دیالۆگی قین و توورەیی خاوێنی کەیان لێ زەوت کراوانە لە دژی داگیرکەران ، نەورۆزی ئێمە بزواندنی هەستی مرۆڤە بۆ پەرەپێدانی دژایەتی لە گەڵ چەوسانەوە و زوڵم و ستەمی نەتەوایەتی.
دنیای ئەمرۆ بە چاو پۆشین لە سیاسەتی داگیرکاری و ڕێ خۆشکەری بۆ بەرژەوەندیخوازن ، پەردەی شک و بێ باوەری بە سەر پێشکەوتوویدا کێشاوە ، هەر بۆیە ئێمە رۆڵەکانی کورد لە سووچی لاتەریکەوە سەیری رەورەوەی مێژوومان ناکەین ، مانای پردی دیرۆک و داهاتوومان بە نەورۆزەوە دەبەستینەوە و بۆ بە دەست هێنانی مافی رەوای خۆمان و پێ سەلماندنی بە داگیرکەران رەنگی سووری خوێنی رژاوی رۆڵەکانمان دە ئاگری پیرۆز و بە تینی نەورۆزدا دەبینینەوە .
نەورۆز گەنمی ژیانە ، ئەستێرەی جوانی ئاسمانی کوردەواریە بە دروشاوەیی تیشکی هەڵمەت و قوربانی نەتەوەی کورد ، نەورۆز جەزبەی راکێشانی جۆگەلەی خوێنی سەربەستی دونیای مرۆڤایەتیە و تێکەڵاوی رەنگ و پێست و گشت بوونی وەڵاتی پارچەکراوی کوردستانە ، نەورۆز و کورد دوو وشەی بە خوێن تێک هەڵکێشراون کە بە هەڵمژینی هەوای نیشتیمان و تێکۆشانی راستەقینەی خەباتگێرانی دڵسۆزی بە ئاسمانی ژیانەوە نەخشاوە .
هیوادارم گەری رەشبەڵەکی جێژنی نەورۆزی ئەو ساڵمان مزگێنی دەری ئاشتەوایی و یەک ریزی رۆڵەکانی نەتەوەی کورد بێت لە هەر چوار پارچەی کوردستان .