ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦ ی هەتاوی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراق

پیلانێک لە دژی خوێندنی کوردی لە کەرکوک . رەزا شوان

zmani_kurdi.jpgلە دوای پیلانە سێ قۆڵییەکەی رۆژی (١٦ی/ ئوکتۆبەر/٢٠١٧) دا، کە کەرکوک لە لایەن سوپای عێراقی شیعستان و (الحشد الوحشي) و پاسدارانی ئێرانی سێدارە و میتی

تورکیای زیندانستانەوە،بە تازەترین و قورسترین چەک شاری کەرکوک و خورماتوو و چەندین ناوچەی تری باشووری کوردستانیان داگیرکرد.. لە یەکەم رۆژەوە تا ئەمڕۆش ئەوەی بەعسی شۆڤێنی و داعش پێی نەکرا بە کوردی بکەن، ئەم بەعسییە مەزهەبی و رەگەزپەرستە تازانە، بە شێوەیەکی زۆر دڕاندانە تر و قێزەوەنتر و بێڕەوشتانەتر، بە کوردیان کرد و دەیکەن.. لەم رووەشەوە ناکۆکی و ململانێ و ناتەبایی و دژایەتیکردنی یەکتری و نایەکڕیزی و نایەک وتاری و فرە کوێخایی کوردیان قۆستوونەتەوە.
لە ئەمڕۆدا، کورد لە شاری کەرکوک و خورماتوو و خانەقین، هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و داگیرکەران بە چاوێکی سووک و بێڕێزییەوە لە کورد دەڕوانن، زۆربەی ئەو تاوانە قێزەوەنانەش کە لە شاری خورماتوو دەرهەق بە سڤیلی بێتاوانی کورد ئەنجام دران، لەوانەش دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتی کورد، کە لە لایەن بێڕەوشتانی(الحشد الوحشي التروکماني) یەوە ئەنجام دران، کە هێزێکی رەگەزپەرستی و شیعەپەرستی توندڕەوی رق و کینەپیسی تیرۆریستن، هەرگیز قابیلی بیدەنگی و قبوڵکردن نییە، نابێت لێیان بەسەربچێت. ئەگەر پێشمەرگەی کوردستانبەری لە پەلاماردانەکانی داعش نەگرتایە لەو ناوچانەدا، ئابڕووی ئەم تورکمانانە توندڕەوانە، دەکەوتە ژێردەستی داعشەوە، چونکە ئەو غیرەت و توانایەیان نەبوو، کەبتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن. بە دەیان پێشمەرگەی قارەمانمان لە پێناوی پارستنی خوورماتوودا بەبێ جیاوازیکردن لە نێوان پێکهاتەکاندا، بوونە قوربانی و شەهیدبوون، کەچی ئەم رەگەزپەرستە ناپیاو و نامەردانە، بە ئەوپەڕی نامەردی و بێڕەوشتی و بێ ئەمەکییەوە. تاوان و خراپە بەرانبەر بە کوردی خوورماتوو و کەرکوک دەکەن.. ئەمەش بێڕەوشتی و نامەردی و ناپیاویان دەگەیەنێت، ئەمەیە راستی خەسڵەتی رەسەنی ناڕەسان و نامەردان.
دێینە سەر کرۆکی بابەتەکەمان، کە دەربارەی داڕشتنی پیلانێکی تری داگیرکەرانی کەرکوکی کوردستانییە، بۆ شکستیهێنان و نەهێشتنی خوێندنی کوردی لە قوتابخانەکانی شاری کەرکوک دا، کە بەپێی پیلان و پلانێکی داڕێژراو دەیانەوێت جێبەجێی بکەن.. بە لای منەوە ئەمە پیلانێکی چاوەڕوان کراوبوو.. دووبارەکردنەوەی سیناریۆی هەمان پیلانی بەعسییە شۆڤێنییە رەگەزپەرستەکانە، کە لە ساڵی (١٩٧٣) دا، دژ بە خوێندنی کوردی لە کەرکوک دا جێبەجێیان کرد و، خوێندنیان بە زمانی کوردی لە کەرکوک دا قەدەغەکرد. من وەکو مامۆستایەکی شایەتحاڵ ( مامۆستا بووم لە کەرکوک) ئاگاداری چۆنییەتی بە عەرەبکردنی خوێندنی کوردی بووم لە کەرکوک، بە کورتی دەیگێڕمەوە:
لە ساڵی (١٩٧٢)وە وە، بەعسییەکان لە شاری کەرکوک دا، کە پۆستی پارێزگار و بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردە و زۆربەی بەڕێوەبەرێتی و فەرمانگاکانی پارێزگای کەرکوکیان قورخکردبوون و، لە لایەن بەعسییەکانەوە بەڕێوە دەبران.. بە پێی پیلانێکی داڕێژراوی هەنگا و بە هەنگاو، کوتنە پڕوپاگەندە و دژایەتیکردنی پرۆسەی خوێندنی کوردی لە کەرکوک.. ئەوەیان بڵاوکردەوە کە خوێندنی کوردی هیچ داهاتووی نییە و، خوێندن لە زانکۆکان دا بە زمانی عەرەبییە.. زمانی عەرەبی زمانی قورئانە.. لەم جۆرە پڕوپاگەندانەیان بڵاودەکردەوە.. قوتابخانە کوردییەکانیش کێشەی زۆری کەمی ژمارەی مامۆستای کوردییان هەبوون، بەڵام بەعسییەکان مامۆستای کوردیان لە کەرکوک دا دانەدەمەزراند.. مامۆستایانی عەرەبیان لە باشوور و لە ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ کەرکوک هێنا و دەیانخستنە قوتابخانە کوردییەکانەوە.. ئایا مامۆستای عەرب چۆن دەتوانێت وانەکان بە کوردی بڵێتەوە؟! بێجگە لەوەی جێگری بەڕێوەبەری زۆربەی قوتابخانە کوردییەکان درانە عەرەب، کە زیاتر لە بەڕێوەبەرە کوردە قسە و دەستی دەڕۆیی و دەیخوڕی، لە ساڵی (١٩٧٤)بەدواوە (خوێندنی کوردی لە کەرکوک نەما) ئەوەشیان کرد بە مەرج دەبوایە بەڕێوەبەر و جێگریبەڕێوەبەری قوتابخانەکانی کەرکوک بەعسێ بوونایە.. هەندێ مامۆستای کورد و تورکمان کە وەکو بەڕێوەبەر مانەوە، ئەوانە ببوون بە بەعسی، ئێمە لە نێوان خۆمان دا دەمان وت:" ئەوانە حەپە سەوزەکەیان قووت داوە ـ واتە بوونە بە بەعسی). لە ساڵی (١٩٧٣) دالە ئەنجامی ئەو پڕوپاگەندانەی بەعسییەکان کە لە کەرکوک دا بڵاویان کردەوە، وایان کرد کە هەندێ لە دایک و باوکانی کورد منداڵەکانیان لە خوێندنی کوردییەوە بگوێزنەوە بۆ خوێندنی عەرەبی.. کە لە دایک و باوکێکی کوردم دەپرسێ بۆ منداڵەکەت دەگۆازیتەوە بۆ خوێندنی عەرەبی؟ لە وەڵام دا دەیوت: بۆ ئەم پرسیارە لە کاربەدەست و لە بەرپرسە حیزبییە کوردییەکان لەم شارەدا ناکەیت.. کە ئەوان هەر لە سەرتاوە منداڵەکانیان خستنە خوێندنی عەرەبییەوە؟ قسەکەشەیان راست بوو.
بێجگە لەو هۆیانە، هۆی تریش هەبوون وەکو: کەمی ژمارەی قوتابخانە کوردییەکان، کەمی پەرتوک و دابین نەکردنی پیداویستییە پێویستییەکانی سەرکەوتنی خوێندنی کوردی لە کەرکوک.. وەرنەگرتنی قوتابییە کوردەکانی کەرکوک لە زانکۆکان دا.
بەعسییەکان ئەوەیان دەوت کە باوک و دایکی منداڵە کوردەکان خۆیان داوایان کردووەکە قوتابخانەکانیان لە خوێندنی کوردییەوە بکرێن بە عەرەبی. بەڵام لە راستیدا ئەمە راست نەبوو.. دوا قوتابخانە کە لە کۆتایی ساڵی (١٩٧٣) دا، لە کەرکوک دا کرا بە عەرەبی قوتابخانەی (مەشخەڵ) بوو لە کەرکوک کە من مامۆستای زمانی کوردی بووم لەو قوتابخانەیەدا، باوک و دایکی هیچ قوتابییەکمان منداڵەکانیان نەگواستەوە بۆ خوێندنی عەرەبی و کەسیشیان نەهاتن، کە بڵێن دەمانەوێت خوێندن لەم قوتابخانەیەدا بکرێت بە عەرەبی، کەچی پەروەردەی کەرکوک نووسراوێکی فەرمییان ئاراستەی قوتابخانەکەمان کرد کە تێدا نووسرابوو، لەسەر داخوازی هەموو باوکان و دایکانی قوتابییەکانی قوتابخانەی مەشخەڵ، لە بەرواری ئەم نووسراوەوە، لەم قوتابخانەیەدا خوێندن بە عەرەبی دەبێت و ناوی قوتابخانەکەش دەگۆڕین.. ئەوەبوو لە سەرەتای ساڵی (١٩٧٤) ەوە،بە تۆبزی خوێندنی کوردی لە کەرکوک دا نەما، ناوی هەموو قوتابخانە کوردییەکانیانیش، ناوی عەرەبیان لێنان.
بەعسییە شیعە رەگەزپەرست و مەزهەبپەرستەکانیش، وا خەریکن هەمان سیناریۆ و پیلانی رژێمی لە ناوچووی بەعس دووبارە دەکەنەوە، دووبارە پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاودەکەنەوە کە خوێندن بە کوردی هيچ داهاتوویەکی نییە.. هانی هەندێ لە دایک و باوکانی کوردییان داوە، کە داواکاری بنووسن و بە فەرمی داوابکەن کە منداڵەکانیان بگوازنەوە بۆ خوێندنی عەرەبی.. بە نیازیش هەموو رێوشوێنێک بگرنە بەر و هەموو کۆسپێک بخەنە رێی خوێندنی کوردی تا شکستی پێبهێنن و بە تەواویش خوێندنی کوردی لە کەروک دا نەهێڵن و دووبارەش ناوی قوتابخانەکانیش دەگۆڕن.. ئاشکراشە لە پرۆگرامەکانی خوێندنی عەرەبی دا، هیچ تایبەتمەندییەکی کوردییان تێدا نییە. بەڵکو بریتییە لە پرۆگرامێکی رەگەزپەرستی و ئاینیی شیعە مەزهەبه کۆنەپەرست. بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی کەرکوکیش بە دەستی تورکمانەوەیە، ئەوانیش زۆر دژایەتی خوێندنی کوردی دەکەن. بەشێکی شكستی خوێندنی کوردی لە کەرکوک دا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەزارەتی پەروەردەی کوردستان وەکو پێویست ئاوڕیان لە خوێندنی کوردی لە کەرکوک نەدایەوە، ململانێ و ناکۆکی و نەسازانی پارتە کوردییەکانیش لە کەرکوک دا هۆکارێکی ترە.. هەموو قوتابخانە کوردییەکانیش کێشەی کەمی مامۆستا و کتێب و تەختەی دانیشتن و نەبوونی قوتابخانەی تازەیان و پێویستیەکانی خوێندنیان هەیە.. کردنەوەی قوتابخانە ئەهلییەکانی" کـتاب" و "قلـم"لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکوک کە خوێندن تێیاندا بە زمانی عەرەبییە، بە داخیشەوە لە (سەدا نەوەتی) ئەو مامۆستایانەش کە لە قوتابخانەکانی کتاب و قلم وانە دەڵێنەوە کوردن.. مەبەستیش لە کردنەوەی ئەم قوتابخانانە بە عەرەبی لە نێو گەڕەکە کوردییەکان شاری کەرکوک دژایەتیکردن و تەنگپێهەڵچنینی خوێندنی کوردییە لە کەرکوک دا.
ئەمەش یەکەمین کاری گڵاوی بەعسییە مەزهەبی و رەگەزپەرستە تازەکانی ئەمڕۆی عێراق نابێت لە کەرکوک دا لە دژی گەلی کوردمان.. بەڵکو من پێشبینی تاوان و پیلانی قێزەوەنتریان لێدەکەم، چونکە ئەمانە بڕوایان بە دیموکراتی و ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی و مافی گەلان و مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان و ئاشتی نییە.. ئەوەتا بەئاشکرا نەوتی کەرکوک بە تاڵ دەنێرن بۆ ئێران.. چونکە عێراق بۆ بە بەشێک لە ئێران و لە تاران،. ئێران عیراق بەڕێوەدەبات پلانی بۆ دادەنێت و رێنمایی سەرکردەکانی دەکات. کە چی بکەن و چی نەکەن ئێرانە (الحشد الوحشي ) بە ڕێوەدەبات و ئاراستەیان دەکات.
بێگومان زمان ناسنامە و گرنگترین کۆڵەکەی نەتەوەییە، کاڵبوونەوەی زمان لە لای تاک، کاڵبوونەوەی هەستی نەتەوایەتی و کزبوونی سۆز و هاوبەستەبوون بۆ گەل و نیشتمان.. زیاتر لە سەد ساڵە داگیرکەرانی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە گڵاوەیان، دژایەتی زمان و کەلتووری کوردییان کردووە و تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. بە تۆبزی و زۆرداری دەیانەوێت زمان و کولتوورێکی رەگەزپەرستی و مەزهەبی بەسەر گەلەکەمان دا بسەپێنن، کە لە لای ئێمە نامۆن و پێمان هەرس ناکرێن. داگیرکەرانی کوردستان مەبەستیان ئەوەیە خۆشەویستی زمانی کوردی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە لای منداڵانی کوردمان کاڵبکەنەوە، لە کورد و کوردستان هەڵیان بگەڕێننەوە.. ئەمەش پیسترین شێوازی بە عەرەب کردنە. ئەوەی ئەمڕۆ لە سیمای شاری کەرکوک و خورماتوو بە دیدەکرێن، بریتین لە دروشمی رەگەزپەرستی و مەزهەبپەرستی عەرەب و تورکانە شیعە توندڕەوەکان.. ئەو دروشمانەن کە زیاتر لە (١٤٠٠)پێش ئێستا بەرزیان کردنەوە، تا ئەمڕۆش دەستیان لە خوێنڕشتن هەڵنەگرتووە.
بە داخەوە پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردمان، کە جار وبار بۆ موزایدەی سیاسی و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان کەرکوکیان کردبوو بە ( قودس ) و بە ( دڵی کوردستان) کەچی ئەم پاڵەوانانەی بەردەم مایکەکان و نێو سەتەلایتەکان، لە سلێمانی و هەولێر دا پاڵیان لێداونەتەوە، دەستە چەورەکانیان بە یەکتری دا دەسڕن ویەکتری تاوانباردەکەن، کە لە راستیدا هەردوو لایان تاوانبارن، باجی نابەڵەدی و هیچ لەباری و دۆڕاندنیان، خەڵکی کەرکوک و خانەقین و خورماتوو و شوێنەکانی تری گەرمیان دەدەنەوە. لە ئەمڕۆدا ـ ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرام کراوە ـ رۆژ نییە سوکایەتی بە کەرکوک و بە کەرکوکییەکان نەکرێت. تا ئێستا زیاتر لە سەد و پەنجا هەزار ئاوارەی کەرکوک و خۆرماتوو لە بارودۆخێکی خەراپ دا، لەژێر چادردا دەژین و منداڵەکانیان لەخوێندن دابڕاون.. لە ترسی جەجەویدە عەرەبە شیعە رەگەزپەرستەکان و حەشدی وەحشی بێڕەوشتی تورکمانی لە خورماتوو ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی هەزاران ساڵەی باوباپیرانیان.. بەرپرسانی کورد هەر وەکو ـ نە بایان دیبێت نە باران ـ ئاوڕ لە کەرکوک و لە کەرکوکییەکان نادەنەوە و هێچ لایەکیان خۆیان بە خاوەنی کەرکوک نازانن.. تا ئەمڕۆش هیچ پەند و وانەیەکیان لە شکستییەکانی گەلەکەمان وەرنەگرتوون.. گەر کەسی نەشیاو لە شوێنی شیاودا دەسەڵاتداربێت لە حکومەتی کوردستان دا، گەر کەس نەبێت و رەجەب سەرپاڵەمان بێت.. لەمەش خراپترمان بەسەردێت.. تا کەی کورسی و پۆست پەرستی و خۆپەرستی؟ تاکەی بنەماڵەیی و فرە کوێخایی؟خزم خزمێنە؟ تاکەی مەحسووبییەت و مەنسووبیەت؟ تاکەی باڵ باڵێنە؟ تا کەی دزی و گەندەڵی؟ تاکەی حیزبایەتی نەک کوردایەتی؟ تاکەی ناوچەگەری نەک کوردستان پەروەری؟ تاکەی خەڵکی داماوی گەلەکەمان گورگان خوارد دەکەن؟ تاکەی بێ ئاو و بێ کارەبایی و بێ خزمەتگوزارییان دەکەن؟ تاکەی بە نەبوونی و برسێتی و کوێرەوەری و هەناسەسەردی بژین؟ تاکەی موزایدەکردن بە کەرکوک و بە ناوچە داگیرکراوەکانی تری باشووری کوردستانەوە دەکەن؟ تاکەی بە دەیان کۆبوونەوە و سەردان لە دوای سەردانی بێ ئەنجامی یەکتری؟ تا کەی گوێ بە خواست و گلەیی و ناڕەزاییەکانی رەش و رووتی گەلەکەمان نادەن؟ تاکەی دەکەونە داوی داگیرکەرانی کوردستان و زوو تێدەکەون و لەخشتەدەبرێن؟ تاکەی خۆڵ لە چاوی گەلەکەمان دەکەن؟ تاکەی بە خۆتانا ناچنەوە و دان بە راستییەکاندا نانێن؟ تاکەی دەست لە کورسییەکانتان هەڵناگرن و دەسەڵات قورخ دەکەن؟ ئەی تاکەی موزایەدە لەسەر کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان دەکەن؟؟ تا کەی خۆتان گیل دەکەن و نازانن کە جامی تووڕەیی و بێزاری گەلەکەمان پڕبووە و لێی دەڕژێت؟ تاکەی و.. تاکەی؟؟