mengor.jpgهەر کەس و لایەنێك لە ژێر هەر پاساو و هەرناوێکدابێت و، بەچاوی سووك سەیری ڕابردوو و مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێگەی " هۆزە مەنگورەکان " لە نێو

جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردیدا بکات و، بە بەکار هێنانی کۆمەڵێك دەستەواژەی سواو ناشیاو هەوڵبدەن زیان بە گەورەی و دینەمۆی شۆڕشگێربوونیان بگەیەنن و لە حیزب دووریان بخەنەوە، توشی هەڵەی گەورەی خۆیان بوونە و زانیارەکانیان زۆر دوورن لە ڕاستیەوە. زارو زمان بۆ ئەوە نیە کە هەرچی پێتخۆش بێت و دڵت ئارەزووی بکا، بێ ئەوەی شارەزای تەواوی هەڵسوکەوتی کانتۆنی هۆزە مەنگورەکان بی، دەست بە حیکایەت گێڕانەوە بکەی و تەڕو وشکی پێکەوە بسووتێنی و جاش و باش و خراپ و چاك لێك جیانەکەیەوە! کاك عەلی لەسەر ئەو بێڕێزیەی بە بنەماڵەی شەهیدانی مەنگوڕ و کادر و پێشمەرگەکانی دێمۆکرات و هێزەکانی تری کوردستانی کردوە، دەبێت داوایی لێبووردن بکا، دەنا پاکانە حیسابەکەی لە لای هۆزەمەنگوڕەکان و تێکۆشەرانی مەنگور دەمێنێتەوە و شتێك نیە لە بیر بکرێت.
من نایشارمەوە ژمارەیەکێ زۆر لە ناوچەکانی مەنگوڕایەتی چەکی جاشایەتی و نیشتیمان فڕۆشیان لە شانکردوە و دژی شۆڕشی خەڵکی کوردستان لە سەنگەری دوژمندا جێگایانگرتووە. بەڵام جاشایەتی دیاردەیەکی گشتگیر و هەر مەنگور چەکداری ڕێژیم نین و بگرە لە زۆربەی شار و ناوچەکاندا خەڵکی خۆفرۆش هەیە و دژی جووڵانەوەی کورد لە ڕێزی حکوومەتی ناوەندیدان.
دەستەواژەکانی وەك جاش مەنگورەکان یان جاش ئاغا مەنگورەکان کە لە ئەدەبیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتشدا بەداخەوە ڕەنگیداوەتەوە، کارێکی نائاقڵانیە و لە گەڵ ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکانی مەنگوڕایەتیدا ناتەبا و شتێکی نامۆ و دیاردەیەکی ناشرین و بێزراوە و هیوادارم حیزبەکانیش خۆیان لە وشەی ناشیاو بە دژی هۆزە کان بەدوور بگرن. ئەگەر بێت و ئەو دەستەواژە سوا و بێڕێزیانە بەردەوامیان هەبێ و خەڵکانێک هەوڵبدەن لەو ڕێگایەوە ناکۆکی دروست بکەن، بەتەواوی گوومانم لە کوردبووونیان دەبێت هەر وەك کاک عەلی کردویەتی. پێدەچێت کاك عەلی غەرەزێکی تری لە بەرانبەر مەنگوڕەکاندا لە دڵدابێت و ئەمڕۆ لە هەندەرانەوە بۆ ناوزڕاندنی هۆزەمەنگوڕەکان کار بکات و هەموومان بەجاش دابنێت و، لە سەرچاوەیەکەوە ڕاسپێردرابێت هەتا ناکۆکی و ناتەبای لە نێوان هۆزەمەنگورەکان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستاندا دروست بکا.
مەنگورەکان نەکەس لە خۆیان بەکوردتر دەزانن و نەخۆشمان پێ لە خەڵکی تر کوردترە. من ناڵێم لە ناوچەی مەنگوڕایەتی کەسی خراپ و خۆفرۆشی تێدا نیە و بەڵکوو ژمارەیەك لە خەڵکی ساویلکە بە هۆکاری جیا جیا چەکی ڕێژیمیان کردۆتە شان، هەر وەك لە زۆر بەی شار و ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتدا وەك دیاردەیەکی ناشیرین، جاشایەتی هەیە و زیانی زۆریشیان بەخەڵك و شۆڕش گەیاندوە.
باکەس ئەو دێرە وەك دیفاعکردن حیساب نەکات، چ جاشێکی کانتۆنی مەنورڕایەتی ٤٢ پێشمەرگەی شەهیدکردوە، دەبێت کاک عەلی وڵامی بۆ ئەوە هەبێ مادام بۆتە کۆگای زانیاری بڵاوکردنەوە لە سەر هۆزی مەنگوڕ. پێك هاتەی کۆمەڵایەتی ناوچەی مەنگوڕایەتی لە پەیوەندی لە گەڵ هاوکاری و یارمەتیدانی شۆڕشی کوردستان لە هیچ چەشنە پشتیووانیەك دریغیان نەکردوە، کە بەو شێوەیە باس بکرێن و تەڕ و وشك پێکەوە بسووتێت. ناوچەکانی مەنگوڕایەتیش وەك زۆر بەی شار و ناوچەکانی تری کوردستان، ژمارەیەکیان بەداخەوە بە هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکان، چەکیان بەدژی شۆڕشی خەڵکی کوردستان هەڵگرتووە و سەنگەری دوژمنیان هەڵبژارد کە جێگای نەفرەتن. بەڵام خۆ هۆزە مەنگورەکان هەر هەموویان بە لای ڕێژیمدا نەکەوتوون و وەختێك دەگوترێت جاش مەنگورەکان. مانای گشتی دەگەیەنێت و یانی لەوێ هەموویان پشتیان لە خەباتی نەتەوەکەیانکردوە و دژی شۆڕشن. ئەو لێکدانەوە و خوێندنەوەیە لە سەر مەنگوڕەکان و چاو پۆشین لێیان و دووبارەبوونەوەی ، بەدڵنیایەوە نیشانەی هەڵەیەکی گەورەی دەرونی و بیرکردنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کەس و لایەنەکە دەگەیەنێت لە کوردستاندا. کەسێك خۆی بە مرۆڤی سیاسی و ڕۆژنامەنووس پێناسەبکا و، بەڵام نەزانێت دەبێت بە چ شێوە ئەدەبیات و وشە گەلێک پێناسەی چاکە و خراپەی گروپێكی دیاریکراوی کوردستان بکا، چۆن شانازی بە وشیاری سیاسی خۆیەوە دەکا! کاتێك ئەو دەستەواژە لە ئەدەبیاتی سیاسی و میدیای هێزەکوردیەکاندا بەردەوام دووپات و چەند پاتە دەکرێتەوە و جارێك هەوڵنەدرا زاراوەی تر بکرێتە جێگرەوەی و هەر وەك هەمیشە بگووترێت: جاش ئاغا مەنگورەکان و یان جاشە مەنگورەکان، بەو مانایە کە لە نێو هۆزە مەنگورەکاندا خەڵکی تێکۆشەر و خەباتگێر بەدیناکرێ و هەموویان کەوتوونەتە بەرەی خۆفرۆشی و خەیانەتی سیاسی و نیستیمانیەوە! ناوچەکانی مەنگوڕایەتی بەهۆزەکانیەوە بە درێژایی مێژوو ڕۆڵی دیار و بەرچاویان لە قۆناخە جۆر بەجۆرەکانی شۆڕشدا هەبووە و زۆرینەی رەهایی خەڵکی ئەو ناوچانە لایەنگر و پشتیووان و پێشمەرگەی بەتایبەت حیزبی دێمۆکرات بوون و زۆربەشیان لە ئاستی ڕێبەریدا ڕۆڵی دیار و کارگەریان هەبوو ەو هەیە. بەهەزاران کادرو پێشمەرگەی قارەمان و فەرمەندەی ئازا و چاونەترسی لە پێناوی ئامانجی ڕزگاری نەتەوەیدا شەهید بوونە.
شەهیدان خدرە سوور و هەمزە بێهنام لە دیارترینی فەرمەندەرەکانی حیزبن. لە ژێر رووناکای ئەو دەستەواژەش کە بۆ نیشتیمان فرۆشەکان بەکاردێت لە جێگای خۆیدا نیە و کاتێك ئێمە بڵێن جاشەکانی لاجان یان ئەوەتا جاشەکانی سندووس و شاروێران. یانی ئەو ناوچانە هەر هەموویان پیاوی ڕێژیمن. بۆ نموونە وەختێك دەڵێین جاش ئا‌غا مەنگووڕ یان جاشە مەنگووڕەکان، زۆرتر ئەو مانایە دەبەخشێت کە لەو ناوچانەدا کەسی شۆڕشگێر و نەتەوەیی تێدا بەدی ناکرێت.
هەرێمی مەنگووڕایەتی کەسایەتی زۆر دیار و گەورەی سیاسی و نەتەوەیی و دژبەری ڕێژیمەکانی ئیران و قێراقی لێ هەڵکەوتووە و ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە. ئەگەر چاو بە مێژووی سیاسی و خەباتی رزگاریخوازی کوردستاندا بگێڕین و سەیری پێك هاتەی هێزە سیاسی و خەباتکارەکانی رۆژهەڵات بکەین، ئەوکات باشتر نێوەڕۆکی قسەکانم دەردەکەوێت. من هەرگیز لە گەڵ زمانی زبرو توندو تیژی و زمانی ناەشیاری دانیم و دایم هەوڵمداوە بە رێزەوە باس لە کەسایەتی و دیاردە کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان بکەم و بە شانازی نازانم حەیبە و کەموکورتیەکانمان بشارمەوە. بەڵام ئەوەش هەرگیز ناچێتە خانەی هەقوێژی کە بێڕێزی بە مێژووی سیاسی و ژینگەی پاك و بێگەردی هۆزگەلێکەوە بکەی کە چەخماخەی شۆڕشە نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو دەڤەرەدا سەری هەڵداوەتەوە و هەردەم مەکۆی خەبات و تێکۆشان بەدژی ستەمکارانی نەتەوەکان بووە. ڕۆڵەکانی لە نێو شۆڕشدا هەمیشە پێشەنگ و ئازاو قارەمانانە خەباتیانکردوە و بەسەرشۆڕی کوردایەتی و حیزبایەتیمان نەکردوە. کە ئەوەش نیشانەی وشیاری سیاسی و نەتەوەیی ناوچەکانی مەنگورایەتی و خەڵكە ئازا و تێکۆشەرەکەی دەگەیەنێت.
محەممەد سلێمانی
05.01.2018

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

سەرۆک کۆماری کوردستان شەهید پێشەوا قازی محەممەد

حەوتوویەک