10_xakelewe.jpgبنەماڵەی خۆشەویست و سەربەرزی شەهیدان!
کادر و پێشمەرگە خۆشەویستەکان!
بەشدارانی بەرێز!

 ئەمڕۆ وێرای بنەماڵەی شەهیدان لەو ڕێورەسمەدا لە دەوری یەک کۆبووینەتەوە تا دەست لە سەر سینگ و سەر لە پێناو لە بەرانبەر رووحی بێخەوش و خۆنەویستی شەهیدانی بە ئاوات نەگەیشتوو بە تایبەت ڕووحی پێشەوا قازی محەممەدی نەمر و یارانی ڕاوەستین و، یاد لە سەڕوەری و لە خۆبوردووییان بکەینەوە و وەفا بە عەهد بکەین و لە سەر خۆمان بیکەینە فەرز و واجب؛ هەمیشە و هەموو ساڵێ لە 10ی خاکەلێوە کە بە ڕۆژی شەهیدان ناودێر کراوە، بە دەسکە گوڵی وەفا و پێزانین سەردانی بنەماڵە و گڵکۆی پیرۆزی شەهیدان لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایەدا سەریان نابێتەوە و چووبنە خەوی ئەبەدییەوە بکەین و پەیمان لە گەڵ بنەماڵەی شەهیدان و لە گەڵ ئەو باوەڕەی سەری بەرزیان بۆ دانا و بە تایبەت لە گەڵ ڕووحی شەهیدانی ئەم دواییانەمان نوێ بکەینەوە و بڵێین:

شەهیدانی ڕووسووری کوردستان! دڵنیاتان دەکەین خەباتی پێشمەرگە و هاوسەنگەرەکانت بە گوڕ بەردەوامە و ئاوات و ئارەزوو و ئەو خەونە زێڕینانەی بۆ ڕزگاریی کوردستانی نامراد دەتاندی و هەوڵتان دەدا و لە پێناویشیدا سەری سەربەرزتان دانا، درێژەی هەیە. مەشغەڵی داگیرساو بە خۆێنی ئێوە ناکەوێتە عەرز تا ئەو ڕۆژەی پێشمەرگە و منداڵە خۆشی نەدیوەکانتان بە بزەی ڕەزا مزگێنیی سەرکەوتن بە ڕووحی پاکتان دەگەیەنن. ئێوە سەروەران، لاپەڕەکانی مێژووی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتتان بە خوێنی خۆتان نووسیووە و سەنەدی ڕەوایی و بوونی گەلێکی خاوەن شوناس و پێناسەی خۆی مۆر کردووە و بۆ ئەبەد چەسپاندووە. ئێوە فێری نەوەی نوێتان کرد، کە بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوا و ئینسانیی گەلەکەمان سەر لە ڕێدا بن و لەمەرگ نەترسێن بۆ ژیان، و لە بەرانبەر دەستی باڵای ناعەداڵەتیی سەرەرۆیاندا سەر دانانەوێنین و بێدەنگ نەبین و سەرمان و ڕووحمان بەرز و قایم ڕاگرین. لە پێشەوای ڕێبەر و گەورە پیاوی کورد و هاورێیانی فێری جوانمێری و نەتەوەخۆشەویستی و خاک خۆشەویستی بین و چۆن بۆ گەل بژین و چۆن ئەگەر پێویست بوو بۆ گەلیش بمرین و سەر دانێن، ئەوە رەوشت و کردەوەی جوانمێرانەی ڕێبەران و پێشەنگانی بزووتنەوە بووە. لە نێو گەلی کورد و ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا ئەو نۆرمە پر بەهایانە بوون بە عورف و نەریتێکی باو و خۆنەویست، نەریتێک کە دوژمن لێی تۆقیوە. مەرگ ناخۆشە بەڵام لە پێناو ئاسوودەیی و بەختەوەریی گەلێکی مەینەت چێشتوو و نامراددا ئەو هۆنراوە پر مانایە دێنێتەوە بیر کە لە سەر گلکۆی پیرۆزی قاسملوی نەمردا نووسراوە: مەرگێک بۆ نیشتمان بێ سەد ژیانی بە قوربان بێ، ئاواش نەبا هەر دەمردم کەسیش یادی نەدەکردم…

arm_pdk.jpgکاتێک بە هۆی ڕێژیمی سەڵتەنەتییەوە لە10ی خاکەلێوەدا پێشەوای سەرکۆمار و یارانی لە دار دران تا بە خەیاڵ کێشەی نەتەوەیەک لە کوردستان بنبڕ بکەن و داوا ئینسانی و داخوازییەکانی پێشەوا و گەلی کورد و ئەو نۆڕمە پڕ بایەخانەی لە چاڵ بخەن، نەیانزانی مەرگی پێشەوا بۆ گەلی کورد، ئەگەر کۆستێک و خەمێک و خەسار و لە دەستچوونێکی گەورە بوو، بەڵام پێچەوانەی نەترەی لەش بووو، هێز و زیندووبوونەوەیەکی دووبارەی کورد بوو. بۆ گەلی کورد زەنگی وریایی و وشیاربوونەوە بوو کە دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگی نەتەوەکەی باش بناسێ. لەو کات 71 ساڵ تێ دەپەرێ، گەلی کورد نە تەنیا لە داوای مافە ئینسانییەکانی پاشەکشەی نەکردوە بەڵکوو بۆ وەدیهێنانیان سوورتر و پێداگرتر و لە خۆبوردووتر کردوە و نموونەکەشی لەو بوارەدا بە هەزاران شەهیدی پێشمەرگە، بە هەزاران شەهیدی بێدیفاع، بە هەزاران لاوی گوللەباران کراو، کە لە پێناوی ئەو مافانەدا بوونەتە قوربانی و لە داهاتووشدا ئەم قوربانیدانە تا گەیشتن بە ویستەکانی گەلی کورد هەر بەر دەوام دەبێ.

 

بەشدارانی بەرێزی10ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان!

ئێمە لە کاتێکدا یادی شەهیدانی هەمیشە زیندووی گەلەکەمان لەو ڕۆژەدا دەکەینەوە کە حیزبی دێموکرات ساتێک وچانی نەداوە و لەو بوارەدا مێژوویەکی درێژ لە خەبات و بەرخۆدانی هەیە، لە هەموو شێوە و ڕەهەندەکانی خەبات کەلکی وەرگرتووە، بۆ ئەوەی ڕێگای گەیشتن و سەرکەوتنی گەلەکەمان بە ئاوات و ئامانجەدێرینەکانی نیزیکتر بکاتەوە و ڕووحی چاوەڕوان و نەسرەوتووی شەهیدانیش ئارام کاتەوە. مخابن ڕێژیمە سەرەڕۆکان وەڵامیان بە داخوازییەکان هەر سەرکوت و گرتن و بێسەروشوێن کردن وزیندانی و ئەشکەنجە و ئێعدام و سێدارە و تیڕۆڕ بە هۆی سیخوڕانییەوە بووە و، ئەو کردەوانەش نە تەنیا وڕەی خەباتگێڕانی دانەبەزاندوە و بە وڕەتر ڕەوتی بەربەرەکانییان درێژە داوە. ئێمە پشت قایم بە هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بەڵێنی مانەوە لە مەیدانی دیفاع لە گەڵ و بەربەرەکانی و سەربەرز ڕاوەستان، بە بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان بە گشتی دەدەین، پەیمانی وەفاداری و ئەمەگناسی خۆمان لە گەڵ قازی محەممەد، سەرکۆمار و هاوڕێیانی کە جوانمێرانە و ئازایانە چوونە بن داری ئێعدام نوێ دەکەینەوە و دووبارە و هەمیشە تێ هەڵدەچینەوە.

 

هاوڕێیانی خۆشەویست!

کۆماری ئیسلامی نەتەوەیەک بە ناوی کورد ناناسێ و نیزیک بە 40 ساڵە بە ئاشکرا کێشە و داخوازە ڕەواکانی گەلی کورد و کەمە نەتەوە و کەمە ئایینییەکانی دیکەی ژێر پێ خستووە و سیاسەتی هەلاواردنی دژ بەوان گرتۆتە بەر. هەروەها نە تەنیا ئاور لە ویستی گەلێکی خاوەن مێژوو و شوناسی نەتەوەیی ناداتەوە، بەڵکوو بە شێوە و ڕێگەی جۆراوجۆر ئینکاری هۆوییەتی کردوە و بێ حورمەتی بە داخوازییەکانی کردوە و، زوڵم و ستەمی پێ ڕەوا بینیوە، وەک بێگانە و هاونیشتمانییەکی کەم بایەخ سەیری کردوە، بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵاتی نەگریسیان فەرهەنگی ناحەز و دزێوی پەروەردەی سیخوڕ و کورد بە کورد بە کوشتدانی کردۆتە باو و، فەزای کوردستانی ژەهراوی و تەماوی کردوە و دەرەتانی نەفەسکێشانی بە ئاسوودەی ژیانی لە خەڵک بریوە و ڕەوایی بە دیاردە وێرانکەر و دزێوەکانی وەک مووخەدەرات و فەحشا داوە و زیندانی لەمێرمنداڵان و ڕووناکبیران و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد ئاخنیوە و نایەکسانی و ناعەداڵەتیی کۆمەڵایەتی کردۆتە پیشە و، هەر تاوناتاوێک بە وەپاڵنانی کردەوەیەکی ناحەز لاوێکی زیندانی کورد دەکاتە قوربانی. بەڵام بە خۆشییەوە سەرەڕای تەنگەبەرکردنی مەیدانی چالاکی و بڕەوپێدانی ئەو هەموو دیاردە نەخوازراو و دزێوانە و زەخت و فشارهێنانی لە ڕادەبەدەر، خەڵک بە پشتبەستن بە حیزب و هێزی پێشمەرگەی پارێزەر گەرموگورتر بۆ کێشە نەتەوایەتییەکانیان هاتوونە مەیدان، لەکار و چالاکییەکانیاندا بەردەوامن و نەوەستاون و گەلەکەیان لە بیر نەچۆتەوە و دەرفەتەکان بە قازانج و بەرژەوەندیی گەلی کورد دەقۆزنەوە. لە هەلەکان کەڵک وەردەگرن و بە ئامادەیی دێنە مەیدان. بۆ وێنە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدەربرینی بوێرانە و بێ وێنەی خەڵک لە مانگی بەفرانباری ڕابردوو کە پایەکانی ڕێژیمی وەلەرزە خست و دەسەڵاتدارانی لە بنەڕەت‌ڕا تووشی وەحشەت و دەستەوەستان کرد. چاوەڕوانین لە داهاتوویەکی نیزیکدا جمووجۆڵەکان ببووژێنەوە و لە نیهایەتدا خەونی تێکەوەپێچانی تۆماری تەمەنی ئەم ڕێژیمە بێتە دی.

لەم ڕۆژەدا واتە ڕۆژی 10ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، سڵاو دەنێرین بۆ سەرجەم شەهیدانی کوردستان و جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، لە بەرانبەر بنەماڵەی سەربەرز و ڕووسووری شەهیدان، لە بەرانبەر دوانەفەس و بزەی شەهید، لە بەرانبەر گلکۆی بە قسڵ ڕازاوەی شەهیدان، هەروەها لە بەرانبەر قورس و قایم ڕاوەستان و بەردەوامیی خەبات و چالاکیی پێشمەرگەکانی کوردستان و پارێزەرانی کوردستان سەری نەوازش دادەنوێنین و پێیان دەڵێن: بەڵێن بێ و دڵنیا بن ڕێگاکەتان درێژە دەدەین تا سەرکەوتن. سەری ڕێز و گەورەیی دادەنوێنین لە بەرانبەر کەسوکاری شەهیدان و منداڵە هەناسەساردەکانی شەهیدان، لە بەرانبەر خەونە وەدینەهاتووەکانیان لە بەرانبەر شاخ و دۆڵ و هەر شوێنێک کە پێشمەرگە لێی وچانی دابێ و لێی تێپەریبێ و حەسابێتەوە یا بە گوللەی دوژمن جەستەی پیرۆزی پێکرابێ و خوێنی بە ناحەق ڕژابێ و، یا لە بەرانبەر سەری بەرزی شۆڕەلاوێکی کورد بە ناحەق گوللەباران و ئێعدام کرابێ.

 

سلاو لە گیانی پاکی ڕێبەران و سەروەرانی شەهید قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی !

سڵاو لە گشت شەهیدانی ڕێگای ئازادی و رزگاری!

سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی!

 10ی خاکەلێوەی1395

کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی

شەهید پێشەوا قازی محەممەد

شەهید پێشەوا قازی محەممەد
سەرۆک کۆماری کوردستان شەهید پێشەوا قازی محەممەد