ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦ ی هەتاوی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراق

نەورۆزی ٢٧١٥ . جەماڵ عەڵیاڵی

jemal_aliali.jpgڕۆداوەکانی ئەو چەند ڕۆژە زۆر بە ئاشکرایی دەری دەخەن کە داگیرکەرانی کوردستان و نەیارانی چ دەخوازن. تەقینەوەی حەسەکە و بانە ، سەربڕینی سێ پێشمەرگە، بەندیکردنی خەباتکارنی مەدەنی،

بەردەوامی داعەش لە سەر هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا، بردنی تێکۆشەرانی کورد بەرەو پەتی سێدارە، جێگیرکردنی حەشدی شەعبی لە باشوور و هەڕەشە و گوڕەشەی زیاتر لەو شێوازە، لە خۆیدا بە ڕاشکاوی دەڵێت کە داگیرکەران و نەیارانی کورد چیان لە نەتەوەی کورد دەوێت. لە لایەکیترەوە ئەوەشی ئاشکراتر سەلماند کە داعەش هەر ئێستا ئامرازێکیتری داگیرکەران و نەیارانی کورد و کوردستانیانە. حەشدی شەعبی بۆیە نەهاتووە کە دژی داعەش، یارمەتی حکومەتی هەرێم کە پارێزگایەکی هاوبەشی تورک و ئێرانیە بدات، حەشدی شەعبی بۆیە هاتووە کە لە ئەگەری سەرنەکەوتنی داعەش لە مەبەستەکەیدا، جێگەی ئەو بگرێتەوە.
لەو ناوەدا بانگەشەی ئەوە دەکرێ کە پ ک ک واز لە شەڕی چەکداری بێنێت، من ناچمە سەر ئەوە کە هەواڵەکە بە ئەنقەست دەگۆڕدرێ بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بە باشی دەرنەکەون و کۆمەڵانی خەڵک لە تاریکیدا بمێننەوە بەڵام بۆچوونی خۆم لە چەند دێڕدا بەو شێوەیە باس دەکەم.
کاتێک کە داگیرکەر و نەیارانی کوردستان بە ئاشکرایی مەبەستی خۆیان لە هەمبەر نەتەوەی کورد دەردەبڕن، ئیتر چ جێگەیەک بۆ شک و گومان نامێنێتەوە. هەر بەو هۆیەوە ئەگەر پ ک ک کۆنگرەی خۆی ببستێ لە کۆتاییی شڕۆڤەی مژارەکەدا، دەگاتە بەو ئامانجە کە ساویلکەیی و چەوتە بیرییە ئەگەر لە دۆخی هەنووکەییدا باس لە چەکدانان بکرێ. لە دۆخی هەنووکەییدا کە هیچ بەشێکی کوردستان نە تەنیا رزگار نەبووە بەڵکوو لە جاران زیاتر مەترسی لە سەرە و بەو پێوەرە کە جگە لە خۆت کەس پشتت ناخورێنێ و بە هانات نایە، چۆن دەکرێ بیر لە چەکدانان بکرێ؟ چەکێک کە جگە لە خۆ پاراستن ئەویش جار جار، هەرگیز بۆ هیچ مەبەستێکیتر بەکار نەهێندراوە!
ئەو چەند دێرەی سەرەوە گوزارە لە ئاڵۆزی زیاتری دۆخەکە دەدەن. دۆخی ئاڵۆز، کارامەیی و وردبینی زیاتری گەرەکە، ئەوەش کاتێک لە مڕۆڤەکاندا بەدی دەکرێ کە یەکەم، ڕاستییەکان هەر وەکی خۆیان هەن ببینن، دووهەم، بیری بەرزەفڕی و ئێگۆئیسمی گڵاو وەلانێن و "شتە" سەرەکییەکان بخەنە بەر چاو. مخابن، ڕووداوەکانی ئەو چەند ساڵانەی دوایی ئەوە دەردەخات کە ئەوە کارامەییە لە سەرجەمی سازەکانی سیاسی کوردستاندا نیە. ڕاستە کە هۆکارێکی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە "هەر پێکهاتەیەکی سیاسی لە هەر کام لە پارچەکان، هەر سیاسەتێکی هەبێ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەکەوێتە خزمەتی یەک لە داگیرکەران". ڕاستە کە نەتەوەی کورد چ دۆستێکی بە ئەمەگی نیە کە بە هانایەوە بێت. بەڵام ئەوە گشتی ڕاستییەکان نیە. ڕەنگە بەشێک لە ڕاستییەکان بگڕێتەوە سەر شانی تاک و کەسایەتییەکان، بە تایبەت سیاسەتوانانی کورد.
هەر ئێستا خەڵکانێکی زۆر هەیە کە لەو دۆخە ماندوون و هەست بەوە دەکەن کە پێویستی بە هەنگاوی جیدی هەیە، هەر ئەو خەڵکانە کە لە بێ هەڵوێستی سازەکانی سیاسی وەڕەزن. ئەوە دەبیتە بە هۆکارێک بۆ پێکهاتنی بیرۆکەی نۆێ و ڕەنگە بەو پێوەرە، زیاتر گونجاو دەگەڵ دۆخی هەنووکەیی. یەک لەو بیرۆکانە دەتوانێ پێکهاتنی هێڵێکی چەپ و تووندڕەو لەخۆوە بگرێتەوە. ئەەی کە تا ئێستا سازەکانی کورد جگە لە خۆپاراستنی زۆر جار بە "مسە مس" و جگە لە بانگەشە بۆ خەباتی مەدەنی بە دەلیلی "صلح طلبی" کە خۆی لە ڕاستیدا "تسلیم طلبی"یە کە لە لایەن داگیرکەرانەوە رەواجی پێدراوە، چ سیاسەتێکی ڕوونیان نەبووە یەک لە هۆکارەکانی پەروەردەبوونی بیرۆکەی چەپ لە بزاوی رزگاریخوازی کوردستانە. بە ڕای نووسەر، ئەو سناریۆیە دەتوانێ ئاڵۆزی دۆخەکە زیاتر بکات بەڵام شەرت نیە، بەو هۆیەوە کە هاوکێشەکانی سیاسی بەردەوام لە گۆڕانکاریدان و لەو ناوەدا ڕەنگە هەڵکەوێ (هەروەکی لە سەرەتای ١٩٩٠ هەڵکەوت و لە کیس چوو) و سازەکانی سیاسی لە دەرفەت کەلک وەرگرن. بە هیوای ڕۆژانی خۆش و بە ئاواتی پێکەنینی مناڵانی کوردستان ساڵی تازەتان پیرۆز.
جەماڵی عەڵیاڵی