ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦ ی هەتاوی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراق

بنەمای فیکری ڕێژیمی ئێران لەسەر سڕینەوەی نەتەوەیی و تیڕۆری سیاسی دامەزراوە! محەممەد سلێمانی

mohammad_suleimani.jpgحکوومەتی ئاخوندی ئێران بنەمای فیکری لەسەر سڕینەوەی سیاسی و نەتەوەیی دامەزراوەو و ، کەوابوو سپای پاسدارانیش یەکێکە لە جوومگە سەرەکیەکانی

باڵی سەربازی ئێران کە داڕیژەری زۆربەی تیرۆرە نێوو دەوڵەتیەکانبووە و دەبوو دەمێك بوایە ناوی خرابایە ناو لیستی تێرۆرەوە. بەدوایی بڵاو بوونەوەی هەواڵی تایبەت بە سپای پاسدارانی ئێران کە لە وێدا ئاماژە بەوەدراوە کە دوور نیە ئەمریکا سپای پاسداران بخاتە نێو لیستی تیرۆرەوە کە ئەو بڕیارەش هیچ لە بەرژەوەندی هەژەموونی دەسەڵاتی تاراندا نابێت لە ئاستی ناوچەکەدا. چوونکی ئەو کات جوڵە و کردارەکانیان لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوەدا دەخرێتە ژێر چاوەدێریەوە و وەك ڕابردوو دەستیان ئاواڵە نابێت هەرشوێنێك کەیفیان لێبێت بۆی بچن. ڕێژیمی تاران بەو هەواڵە گەلێك توڕە و هەراسان خۆیان دەرخست و هەتا زۆر بەئاشکرایی هەڕەشەی بەئامانجگرتنی پێگە و شوێنە ستڕاتیژیەکانی ئیدارەی کۆشکی سپی لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە ئامانج بگرن. بەکورتی هێرش دەکەنە سەر نفوزو قەڵەمڕەوی ئەمریکا کە لە دوورووبەریاندا بەدەرەجەی یەك حزوریان هەیە و زۆر لێیان دوور مەودانین. بەڵام باوەڕناکڕێت ئێران دەست بۆ کردارێکی هاوشێوە ببات، ئەگەر ئەو بڕیارەش جێ بەجێ بکەن، ئیدی دەبێت دوا قسەمان لەسەر شێوەی داڕشتنەوە و دیاریکردنی سنوورە بە زۆر بەسەریەك لێکێندراوەکانی ئێراندا بکەین و سنووری هەرێمی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەست نیشانبکرێ. لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا کە دوورنیە بۆ گەلانی ئێرانیش بێتە پێشەوە و ڕێژیمی ئاخوندیش لە ساڵنامەی کۆتایی تەمەنی هەتادێت نزیك تر دەبێتەوە و ڕیبەڕایەتی سیاسی کوردیش لازمە بۆ قۆناخێكی گرینگ و هەستیاری مێژووی خۆی ڕێکبخات و، کاتێك ئێران بەدژی بەرژەوەندییەکانی کۆشکی سپی دەست بەرێت بۆ هێزی سەربازی ، وەك کاربەدەستە پلە بەرزە نیزامیەکان ئیدیعای بۆ دەکەن، ئەوکات گۆڕانکاری گەورە روودەدات لە بەرژەوەندی پرسی سیاسی و نەتەوەی کورددا. ئیدارەی ئۆباما دەرفەتی زۆر باشی بۆ ئێران ڕێکخست هەتا خۆی لە گەڵ دۆخی ناوچە و نێونەتەوەییدا بگوونجێنێت، کەچی ڕێژیمی تاران ڕێك بە پێچەوانە خەیاڵی ستڕاتیژی سیاسی و ئەمنی خۆیان پەرەپێدەدەن کە ئەوەش بەهیچ جۆرێك لە گەڵ رەوتی سیاسەتی نوێی "ترامپ" دا ناگونجێت. واشنگتۆن بەدوای بەدیلێکدا دەگەڕێت کە حکوومەتی ناوەندی ئیران لە بنەڕەتدا لە سەر ڕێگایخۆی لابدات. هەربۆیەش هەر بەرکەوتنێك و لیکترازانێکی فیزیکی ئەگەر بێت و روبدات وەك لە ئاستی بەرزی سەربازی ئێراندا باسدەکرێت، حکوومەتێك بەناوی دەسەڵاتی ئاخوندەکان بوونی نەمێنێت و دەروخێت. ئەزموونی ئەو چەند دەیەی حوکمڕانی تاران ئەو ڕاستیەی بۆ هەموو لایەك سەلماندوە هەر کاتێك هەڕەشەو مەترسیەکان بۆ سەر حکوومەت و نیزامی ئاخوندی ئێران هەست بەجدیبوونیان بکرێت، بەخێرایی بەسیاسەت و گۆتارەکانیاندا دەچنەوە و لایەنی لاڵانەوە و پاڕانەوە پەیڕەو دەکەن و هەڵسوکەوت و تێڕوانینە سیاسی و دیپلۆماسیەکانیان دەگۆڕن و بەشێوەیەکی تر روخساری خۆیان بۆ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەردەخەنەوە. پاش قەیرانەکانی سووریە و سەر‌هەڵدانی داعش و بەودوایانەش لێك نزیك بۆ نەوەی تاران و ئانکارا، ئیدی سەبری بۆ ترامپ نەهێشتوە و لە گەڵ هاوپەیمانەکانی بەتەواوی سیرەیان خستۆتە سەر جموجۆڵە کانی ئەو دوو وڵاتەوە. زۆر دەمێکە کوناحی ناسەقامگیری سیاسی و ئاسایشی ناوچەکە خراوەتە پاڵ ئێران کە ڕاستەوخۆ حوکمی چوار پایتەختی ناوچەکە دەکات و بە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هانیان دەدات. حکوومەتی ئاخوندی لە ئێستادا بەکردەوە ڕێبەری هاوپەیمانەتیەکی بەهێز دەکات لە سەر ئاستی ناوچەکە دا و بە ئاشکراش لەو شوێنانە سەر بەرز دەکاتەوە کە ئەمریکا بەناو لێی حاکمە! ڕێژیمی ئێران بەو کردەوانەی هەوڵدەدات پەیامێك بگەیەنێتە "ترامپ" کە ئێمەیش وێرایی ئێوە دەسەڵات و هێزمان هەیە و ناکرێت حیساب بۆ دەسەڵاتی تاران نەکرێ. باش بوون و پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی لە گەڵ درواسێکانیدا بۆ ڕۆژئاوا و هاوپیمانەکانی بەتەواوی جێگای گومان و قسە لەسەرکردنن و هیچ کام لە دۆستە نزیکەکانی ئەمریکا لەو بارەوە بێ ئاگای هەلومەرجەکەنین و بە وشیاریەوە چاوەدێری وەزحەکە دەکەن. ئێران وەك وڵاتێکی فرەنەتەوەیی، کیشەی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی نیشتیمانی گەروەی هەیە و پەرە ستاندنی ئالٶزییەکانی لە گەڵ ئەمریکا و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بارگرژی زۆرتر بۆ حکوومەتی ئاخوندی دروستدەکات. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرفەتێك دەگەڕێن هەتا لە دژی ڕێژیمی ئێران ڕاپەڕن و کۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو نیزامە بهێنرێت لە کوردستاندا. وشیاری سیاسی و نەتەوەیی ئەو بەشەی کوردستان هێندەی تر کاربەدەستانی ورد و درشتی حکوومەتی ئاخوندی نیگەران و هەراسانکردوە. ڕەدکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە لایەن ترامپەوە، هێمایەکن بۆ دەست پێکردنی ریزە بڕیارێك کە گەمارۆ قورستر لە خۆی دەگرێت بەرانبەر بە تاران. پاش راگەیاندنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان ، ڕێژیمی ئاخوندی ئێران دژایەتی کردنیخۆی بۆ بڕیاری گەلی کورد دەربڕی و خۆی هاویشتە باوەشی دەوڵەتی ئانکارا بۆ ئەو مەبەستە و لە نێوان ئە ودوو وڵاتەدا لەماوەیەکی زۆر کوردتدا چەند سەردانێکی ئاست بەرز روویاندا و لە ئاکامدا ڕێککەوتنی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی لێکەوتەوە. تاران و ئانکارا وەك دوو وڵاتی درواسێ کێشەی سیاسی کوردیان هەیە و لە نێوخۆشیاندا پەیوەندیەکی خۆش و دۆستانەی مێژوویان بەیەکەوە نەبووە و بەردەوام هەڕەشەبوونە بۆ سەر ئامانج و هەژەموونی یەکدی. بەڵام ئەمرۆ پرسی کورد هەموویان لێك نزیك کردۆتەوە وجارێ وەك چوار برای شیر خۆیان پێشاندەدەن و بوونەتە ئەکتەریکی باشی چیرۆکەکانی ( شەعەبانی). بەشێك لە وڵاتانی گرینگی ناوچەکەش حکوومەتی تاران بە هۆکاری کێشە و مل ملانەی سیاسی و تایفی و مەزهبی دەناسن و تاران بۆیە ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبات هەتا گەمارۆ و فشارە سیاسیەکان لە سەر خۆیان کەمتر بکەنەوە. هەڵبژاردنی تاکتیکێکی لەوجۆرە کە بنەمای دیالۆگی بنیاتنەرانەی نەبێت، خێر بەخاوەن ماڵ ناگەیەنێت. گەشەستاندنی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و بازرگانیەکانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ رووسیەدا، گەمارۆ و گەلە کۆمەی چوار برای شیری( ئێران و تورکیە و عێراق و سووریە) کردۆتە بڵقی سەر ئاو و لە ئاست ئیرادەی گەلی باشووردا ناچاران بە سیاسەتەکانیاندا بچنەوە و، چوونکی لانیکەم ئێران و تورکیە دووچاری قەیرانی گەورەی ئابووری نێوخۆیدەکاتەوە. هەرێمی کوردستان ئێستا بۆ روسیە و ئەمریکا و زۆر وڵاتی تر بۆتە سەرچاوەیەکی بەهێزی " وزە" و هەر لەسەر ئەساسی ئەو پێوەرەشە، سیاسەتە تەقلیدی و سووننەتیەکانی وڵاتانی زلهێزی لەبارەی گەلی کورد گۆڕی و ئیدی ئەو جار کوردستانیش بەهۆی هەبوونی سەرچاویی زۆری وزە، گرینگی "ژیپلۆتیکی" سیاسی خۆی هەیە و هەر ئەوەشە پەیوەندی مسکۆ و هەوڵێری پێك گرێداوە. کوردستانی سەربەخۆ بۆتە ئەمری واقع و ناکرێ وڵاتانی درواسێ سیاسەتی ئینکار و گەماروی بەدژی بەکار بێهێنن و لە وڕێگایەوە هیچ دەسکەوتێکیان نابێت. کاتێك وڵاتانی ئێران و تورکیە و سوریە و عێراق لە هەمبەر پرسی سیاسی کورد دا یەكدەگرن و ناکۆکیەکانیان بەلاوە دەنێن، گەلی کورد لە ساڵانی ڕابردوو زیاتر کۆدەنگی و هاوپشتی خۆی پاراستووە و لە بەرانبەر دوژمنە هاوبەشەکانیاندا. ڕیفراندۆمی هەڕیمی کوردستان و ئاکامەکەی هەموو کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستانی یەکخست و بە تێکڕایی هاتنە سەر شەقام.
محەممەد سلێمانی