kamal_hassanpour.jpgمایکڵ ماکۆسفی و: کەماڵ حەسەن پوور        
پەرەئەستاندنی دەسەڵاتی جوگرافیای سیاسیی ئێران بەرچاوترین و مەترسیدارترین ڕووداوی ئەم سەدەیە لە خۆرهەڵاتی ناوینە.

بەڵام لە کاتێکدا کە ستراتێژیی نوێی ئەمنیەتی نەتەوەیی بەرێوەبەرایەتیی ترامپ بە دروستی ئێران وەک یەکێک لە هەڕەشە گرینگەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمنیەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستنیشان دەکا، ستراتێژییەکی بەکردەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتی پەرەئەستێنی ناوچەیی ئێران دیاریی ناکا.

سەرۆک کۆمار ترامپ دەبوو لاسایی سەرۆککۆمار ڕەیگان بکاتەوە کە ستراتێژییەکی هەڵمەتبەرانەی بۆ بنکۆڵکردنی یەکیەتیی سۆڤیەت گرتە پێش کە پشتیوانیکردن لە گشت سەرهەڵدانە دژە کۆمۆنیستییەکان لە سەرتاسەری جیهانی لەخۆ گرتبوو. ئەمڕۆ، ئامریکا دەبێ پشتگیریی لەم هێزە نێوخۆییانە بکا کە هەوڵ بۆ سەربەخۆیی دەدەن و دژی دەسەڵاتی ئێرانن.

بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی ستراتێژیکی ئێران پێویستی بە حوزوری بەردەوامی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و یارمەتیی سەربازیی بۆ هێزە ناوچەییەکان لە سورییە و عێراق هەیە. ئەمە هەروەها دەخوازێ کە یارمەتیی زۆرتر بە هاوپەیمانەکانمان لە ناوچە، وەک ئیسڕائیل و ئۆردۆن بکەین، کە دەبێ پێش بە هەوڵە تیکدەرانەکانی ئێران و بەکرێگیراوانی بگرن. بەڵام ئەم هەڵوێستە بەرگرییکەرانە تەنانەت بۆ پێشگرتن بە ئێران بەس نییە، جا چ بگا بەوەی کە ڕیبازەکەی پێ بگۆڕێ.

ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستە ئیعتراف بەو ڕاستییە لەبارەی سووریە، عێراق، لوبنان و یەمەن بکا: ئەمانە وڵاتانێکی ناسەرکەوتوو و دەستکردن کە لە ژێر دەسەڵاتی ئێران دان. ئێران کەڵکی خراپی لە تێکڕمانی خەلافەتی داعش بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆی لەم وڵاتانە وەرگرتوە.

ساختاری سیاسی هەنووکەیی خۆرهەڵاتی ناوین لە خزمەت بەرژەوەندی ئێران دایە و کاتی کۆتاییپێهێنانی هاتوە.

بەردەوامیی سووریە، عێراق، لوبنان و یەمەن بە شێوەی ئێستا ناسرووشتییە و لەخزمەت بەرژەوەندییەکانی ئێران دایە. هیچ شتێکی پیرۆز لە بارەی سنووری ئەم وڵاتانە بوونی نیە کە وێدەچێ لەلایەن نەخشەکێشێکی سەرخۆش و چاوبەستراوەوە کێشرابنەوە. بێگومان، داعش و ئێران هەر ئێستا بە پاشگوێخستنی ئەم سنوورانە بێ مانایی و ناسەردەمیانەبوونی ئەوانیان نیشان داوە.

سووریە، عێراق، لوبنان و یەمەن دەوڵەت_ نەتەوە نین بەم شێوەیە کە ئەمریکییەکان لێی تێدەگەن، بەڵکوو وڵاتانی دەستکردی دوای شەڕی جیهانین، کە زۆرتر لە پاشماوەکانی ئیمپراتوریی عوسمانی وەک ئەزمونێکی شکستخواردووی مەزن لە لایەن ڕێبەرانی نێونەتەوەییەوە، پێکهاتوون. ئەم چوار وڵاتە بە کەلێنە قووڵە ئێتنیکی و تایفییەکانیانەوە یا لەلایەن حکومەتە سەرەڕۆکانەوە پارێزراون یا بە هۆی خوێنڕێژیی تایفی.

بێگومان، خاڵی لاوازی سەرەکیی ستراتێژی ناوچەیی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی دڕندەی ئێران کە خاوەنی کەلێنی قووڵی ئێتنیکی و تایفییە. ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێ کەڵک لەم لاوازییە بە پشتیوانیکردن لەم هێزانە لە سووریە، عێراق، لوبنان و یەمەن وەرگرێ کە دژی نفوزی ئێرانن و داوای سەربەخۆیی زیاتر و جیابوونەوە لە پێتەختەکانیان دەکەن.

ئاکامەکە دەتوانێ ببێتە هۆی گۆڕینی ئەم دەوڵەتە فەشەلانە بۆ سیستەمی کۆنفێدراڵی یا وڵاتی نوێ کە سنوورەکانیان سرووشتی‌تر ڕەنگدانەوەی هێڵە تایفییەکان بێ.

هەر چەشنە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان و سنوورەکان گەلێک ئاڵۆزە، و ویلایەتە یەکگرتووەکان ناتوانێ ئاکامەکەی دیاری بکا. بەڵام ئێمە دەتوانین کاریگەریمان لەسەریان هەبێ. پێویستە ئێمە هەرکام لەم وڵاتانە لە ڕوانگەی تایبەتمەندی و مێژوویان بخەینە ژێر لێکۆڵینەوەی چڕ و پڕ و پێش بڕیاردان لەبارەی سیاسەتێک لە نزیکەوە لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکانمان ڕاوێژ بکەین.

ئەمە نموونەی هەندێک ئاکامی سیاسین کە لەوانەیە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێیان بگا:

_ ئێمە لەوانەیە دەستبەرداری دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ عێراق بین و بڕیاری پشتیوانی و یارمەتی بەهێزی سەربازیی بۆ دەوڵەتی کوردی لە عێراق بدەین، کاتێک کە ئەوان یەک بگرن و چاکسازیی لە دەوڵەتداریی خۆیاندا بکەن. ئێمە دەتوانین پشتگیریی لە فێدێڕالیزم بۆ باقی عێراق بکەین.

_ بۆ سورییە، ئێمە دەتوانین داوای کونفێدڕاڵی لە سەر بنەمای ئەتنیکی یا وڵاتی جیاواز کە لەگەڵ یەکتر هاوسەنگ بن بکەین. عەلەوییەکان کە ئێران پشتگیرییان دەکا بە درێژایی کەنار دەریا، کوردەکان لە باکووری خۆرهەڵات و، سووننییە عەڕەبەکان لە ناوەندی وڵات. ئێمە هەروەها دەتوانین دژەشیعە نەبوونی خۆمان بە باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئازەربایجان، وڵاتێکی شیعەی سێکولار کە هاوسنووری ئێرانە و داوای پەیوەندیی نزیکتر لە گەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکا نیشان بدەین.

سوودێکی چاوەڕوانکراوی ئەم هەڵوێستە ئەمەیە کە گرژییەکان لە نێوخۆی ئێران، کە خاوەنی حەشیمەتێکی بەرچاوی کورد و ئازەرییە، پەرە دەستێنن و بەم شێوەیە ڕێژیمی ڕادیکاڵی تاران لاواز دەبێ.

هەندێک کەس لەوانەیە دەلیل بێننەوە کە ئەم هەڵوێستە ناعەمەلی، تێکدەری سەقامگیری و دابینکەری دەرفەتی نوێ بۆ ئێرانە.

ڕەنگبێ وا بێ، بەڵام ئاراستەی هەنووکەیی ناوچەکە مەترسیدارترە. ئەرکەکە کەوتۆتە سەر شانی ویلایەتە یەکگرتووەکان تا سیاسەتی خۆی بۆ نەهێشتنی سنوورەکان و بەرپەرچدانەوەی شەڕەنگێزیی ئێران بگونجێنێ.

ئێران بە دەستکەوتەکانی تائێستای ڕازی نییە، ئەمە بۆتە هۆی هاندانی ڕێژیمە تووندڕەوەکەی تا بە تەمای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی ناوچە و لەنێوبردنی ئیسڕائیل بێ. بە دامەزراندنی پێگە و ناوەندی بەرهەمهێنانی مووشەک لە سووریە کە دەبێتە هۆی کرانەوەی بەرەی دووهەم لە باکووری ئیسڕائیل، شەڕی نێوان ئێران و ئیسڕائیل هەر دێت و نزیکتر دەبێتەوە.

جگە لەمە، ئامریکا دەبێ سەرنج بداتە سەر بەرنامەی گەشەپێدانی مووشەکی بالیستیکی هەڵگری چەکی ناوکیی کە دەتوانێ لە کۆتاییدا بگاتە خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکان.

وڵاتانی دەستکرد بە سەرکەوتوویی ڕێژەیی لە ڕابردوودا جیابوونەوە و لێکهەڵوەشانیان بە خۆیەوە دیتووە، بۆ وێنە یەکیەتیی سۆڤیەت، یوگوسلاوی و چێکوسلۆڤاکیا، کە دوای شەڕی دووهەمی جیهانیی پێكهاتبوون. بۆسنیا و هەرزێگۆڤینا توانیویانە وەک سیستەمێکی کۆنفێدڕال سەرکەوتوو بن.

سەرۆک کۆمار ترامپ دەبێ هەڵوێستێکی هێرشبەرانە بەرامبەر بە ئێران بگرێتە بەر. پێکهاتەی سیاسی هەنووکەیی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە بەرژەوەندیی ئێرانە و کاتی ئەوە هاتووە کە کۆتایی پێبێ.

( لە ژمارەی ٧١٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)