پوور ئەستی، ئەو ژنەی سنوورەکانی کار و ژیانی بەزاند. حەمەرەسووڵ کەریمی

poor_asti4.jpgزۆرن ئەو ژنانەی کە بۆ ژیان دەست و پەنجە لەگەڵ کارە قورسەکان نەرم دەکەن و هاوکاری دابین کردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەی خۆیانن، ژنانی کورد لە مێژ ساڵە کاری قورسی

جۆراجۆر لە ماڵ و لە دەرەوە لە موچەومەزرا و کێڵگە و هەوار دا دەکەن و پیشەی جۆراوجۆری سووک و قورس بەرێوە دەبەن، بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەم نووسینەیە کاری ژنێکە کە لە هەموو وەرزەکانی ساڵ دا بێ پشوودان ئەسپی ژیانی خۆی لینگدا بۆ ئەوەی بگاتە لووتکەی ژیانێکی سەربەست ، بۆ ئەوەی ژیانی خۆی و منداڵەکانی بە ئارەقە و شەونخوونی خۆی دابین بکات.
ئەستی قادرزادە خەڵکی دەرماناوێی ناوچەی هۆملی سەردەشت بوو، ئەو بە هۆی مێردکردن و پێکهێنانی ژیانی خێزانداری لە شاری سەردەشت دەژیا. هەر لە منداڵی‌یەوە لە شەقام و لە شوێنە گشتی‌یەکانی شاردا چاوم پێدەکەوت، پوور ئەستی وێرای چەند منداڵێکی لە خانوویەکی قوڕین دا ژیانی بە سەر دەبرد، لەگەڵ مێردەکەی نەدەژیا و هۆکاری جیابوونەوەکەیان هەرچی بێ پەیوەندی بەو نووسینەوە نییە و تەنیا ئەوەی دەزانم کە بۆ بژیوی ژیانی چ ڕێگایەک سەخت و دژوار بوو، ئەوی هەڵدەبژارد و هیچ لە کێشە و کەند و کۆسپەکانی سەر ڕێگای کاسبی‌یەکەی نەدەترسا .
هەر لە تەمەنی مێرمنداڵی‌یەوە، لەگەڵ عەلی کەریمیان کوری پوور ئەستی دۆست و هاوقوتابی بووین، بۆیە بەشێکی بەرچاو لە ژیانی ڕۆژانەی منداڵیم لەگەڵ عەلی و چەند هاوڕێیەک تێپەر دەکرد و تا رادەیەک لە ژیانی ماڵی پوور ئەستی ئاگادار بووم ، بە هەوڵ و هیممەتی خۆی لە سەر ڕێگای مارەغانی و ڕێک لە نزیک کانی فەقێ‌یان خانوویەکی بە درووست کردن دابوو و لەوێ لەگەڵ منداڵەکانی دەژیا.


پوور ئەستی بۆ بژیوی ژیانی خۆی و منداڵەکانی کاری قورسی بەرێوە دەبرد، هاتووچۆی سنووری نێوان گەرمێن و کوێستانی دەکرد و شارەکانی قەڵادزێ و ناوچەی پشدەر و بیتوێن و ناوچەکانی دیکەی وەک سولێمانی دەگەرا و بە خۆی و بە وەڵاغ و بارەکەیەوە هەمیشە پێشەنگی کاروانچی و هاو قەتاری‌یەکانی بوو.
ئەوەی پوور ئەستی لە هەموو لایەک جیا دەکردەوە دەست پاکی و ئەمینداری و دڵسۆزی بە گەل و نیشتمان و پێشمەرگە بوو، بە هۆی ئەوە کە کاری کەسابەتی هێنان و بردنی شتوومەکی ئێرانی و عێراقی دەکرد زۆرجار لە بازارەکانی سەر سنوور کاری کەسابەتی خۆی دەکرد و بە ئاڵوێرکردنی شتوومەکەکانی بژیوی ژیانی خۆی و منداڵەکانی دابین دەکرد.


لە کاتی هاتن بۆ دیوی سنوور و بازارەکانی دەوری سنوور، دایک و باوکی پێشمەرگەکانی دێموکرات و بە تایبەت شاری سەردەشت، پێداویستی‌یەکانی کوڕ و کچەکانیان کە لە بنکە و بارەگاکانی دەوروبەری سنوور بوون تەحویلی پوور ئەستی دەدا و ئەویش بە ئەمانەتەوە شتەکانی دەگەیاندن و هەموو کات گیرفان و باخەڵی کەواکەی پڕ بوون لە نامەی جۆراوجۆری بنەماڵەکان و تەنانەت نامەی هەندێک ئەندامی تەشکیلاتی نێوخۆی وڵاتیشی لە نیو بارەکانی دا بوو. پوور ئەستی جل‌وبەرگی پیاوانەی دەپۆشی و جاروبار کەوای ژنانەی لەگەڵ پانتۆڵی پیاوان دەپۆشی، هەڵبەت وەک کورد دەڵێ پانتۆڵی بە سەر لیباسی ژنانەکەی خۆی هەڵدەکێشا و لەو حاڵەتەدا جل‌وبەرگەکانی ژنانەی دادەپۆشی و دەبوو بە پێشەنگی کاروانچی‌یەکان و هەر شوێنێک جێگای مەترسی بایە ئەوە پوور ئەستی دەبوو بە چاو ساخ و پێشرەوی هەموو کاراوانچی‌یەکان.
ژنێکی ئاماڵ ئەسمەر، دەم و چاوی خەمی ڕۆژگاریان لێ نیشت بوو، دەسرەی لە سەری دەبەست و خۆی گورج و گۆڵ دەکرد. ئەو کاتانەی کە وەڵات سارد بوو و لەگەڵ عەلی لە ماڵی پوور ئەستی دەبووین، ئەوە پوور ئەستی بە بیورێکی چەند کیلوێی قورس دەکەوتە گیانی لیژنە دارەکەی و لە چاو ترووکانێک دا داری کورەی بۆ حەوتوویەک لە تەنیشت دیواری ماڵی هەڵدەچنین. لە کاتی وردکردنی دارەکان دا و لەگەڵ وەشانی هەر بیورێک نرکەی چەند ماڵ ئەولاتر دەرۆیشت. لە کاتی بەفر ماڵینی سەربان و ڕێگا خاوێن کردنەوەی زستاندا ئەوەی بۆی گرینگ نەبوو ساردی و سەرما و زوخمی دەرەوە بوو ، لە چەند خولەکێک دا ڕیگا و بانی ماڵی خۆی و جیرانەکانی خاوێن دەکردەوە و کوڕەی دارانی نوێڵ نوێل گرفەی دەهات، لە کاتی بێکاری دا خەریکی درووست کردنی کەرەسەکانی ژیانی خۆی دەبوو، باگردێن، بێڵ، وەروەرەی بەفر ماڵین، پێژە، دەسکە پێمەرە و دەسکەبیور و پاچ، سواخی دیوار و گڵەبان و زۆر کاری دیکەی هەر بۆ خۆی دەکردن.


لە کاسبی و هاتووچۆ دا ژنێکی دەستپاک و سادق و راستگۆ بوو، لە خەمی دەوروبەری خۆی دابوو، ژنێکی بە ڕووحم و هەست و سۆز بوو، کورد و نیشتمانپەروەر بوو، ژنێکی قسەخۆش و تێکەڵ و کۆمەڵایەتی بوو، بە کوردیەکی پاراو و ڕەسەن قسەی دەکرد، لەگەڵ منداڵ و ژن و پیاو، لەگەڵ وەرزێر و کاسبکار، لەگەڵ کوێخا و گەورەپیاوان، لەگەڵ کوێخا ژن و ژنان و کچان، لەگەڵ پێشمەرگەی کوردستان، لەگەڵ مامۆستا ، حاجی ، شێخ ، مەلا ، سۆفی و دەروێش و بە گشتی لەگەڵ هەموو توێژەکانی کۆمەڵ دەحاوایەوە و بە زمانی هەمووان دەدوا. لە کاتی چوون بۆ کاروان و لە گەڕانەوەدا مێوژ و گوێز، دانەوێلە بۆ زستان، مریشک و قەل و قاز، شتی دەستچن و شتوومەکی دیکەی لە گوندنشینەکان دەکڕی و بۆ منداڵەکانی دێناوە، لە یەک قسەدا ژیانی خۆی بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانی تەرخان کردبوو، تا بڵێی چاونەترس و قسە لەڕوو و بوێر بوو، شەوی ئەنگوستە چاوی دەکرد ڕۆژ و شاخە بەرزەکانی وەک پێدەشتەکان دەبڕی، شارەزای هەموو کوێرە ڕێ و کانی و دارستان و لێرەوارەکانی ناوچە بوو، بە هۆی شەڕی ئێران و عێراق و بوونی دەیان مەیدانی مین کە هیچ کەس زاتی ئەوەی نەبوو بە ڕۆژیش پێیدا بڕوا، ئەوە پوور ئەستی ڕێچکەیەکی بۆ کار و پیشەی خۆی درووست دەکرد و دەبوو بە چاو ساخ و پێشەنگی هەموو لایەک ، لە گەڕانەوەدا بەرەو ماڵ، لە سەر ڕێگای خۆی بنەدار، کۆلکەدار، تەڕک و هەرچی بۆ سووتەمەنی زستان بەکەڵک هاتبایە بە ڕادەیەکی کەم لە نێوباری وەڵاغەکەی دەخست و تا کاتی سەرما و سۆڵە دادەهات لە حەوشەی ماڵەکەی لە سەریەکی هەڵدەچنین.


پوور ئەستی لە هەموو کارێک دا وەستا بوو، لە دار برین، لە بارلێنان، لە بەخێوکردنی ئاژەڵ و وەڵاغ ، لە ڕۆیشتن و حاوانەوە و خۆ دەرباز کردن لە ڕێگا سەخت و دژوار و کەمینی سەرباز و عەسکەری سەر سنوور و زۆر کاری دیکە دا نموونە بوو، زۆرجار لەگەڵ ڕەفیقە کاراوانچی‌یەکانی کە هەموویان پیاو بوون، دەکەوتە قسەکردن و لە کاتی پشوو و چا خواردنەوە و ئیسراحەت دا وێرای ئەوان قسەی خۆی لە سەر کارەکانی گشتی هەبوو، هیچ کام لە هاوقەتاری‌یەکانی نەیان دەوێرا زۆرەبانی لەگەڵ بگرن، دەستەکانی پوور ئەستی خارابوون، هێزێکی تایبەتی لە قۆڵ و مەچەکی دا کۆببۆوە، بە دەستە قەڵشیوەکانی هەموو جۆرە کارێکی دەکرد، لەگەڵ ئەوەدا بە تەمەن بوو، قالب سووک و هەڵسوور و بە جووڵە بوو، ڕاوەستانی نەبوو، وەلاغەکەی زۆر خۆشدەویست، بەردەوام کورتانی چاک، بەرچاوکەی بە قیمەت، سەرپاڵۆی گوڵینگەدار و قەیاسەی هەمەدانی و گوریسی دەستچنی باش و ئاوسار و ڕەشمەی دەستی وەستاکاری باشی بۆ وەڵاغەکەی دابین دەکرد.
پوور ئەستی وەڵاغەکەی لە لای باشترین ناڵبەندی شاری سەردەشت و لە لای ناڵبەندە بە نیوبانگەکانی گوندەکان ناڵ دەکرد و ئەوەندەی لە خەمی وەڵاغەکەی دابوو، کەمتر لە خەمی ئیسراحەتی خۆی دابوو، بە دەگمەن وەڵاغی دەگۆڕی، هەرکات وەڵاغی گۆریبا ، بێ ئەملاوئەولا نەیدەهێشت لە گۆڕێنەوەی وەڵاغەکاندا زەرەر بکا، مەبەستی زەرەری ماددی نەبوو بەڵکوو هەوڵی دەدا وەڵاغێک بەکاتە هاوسەفەری کاروانەکانی خۆی ، کە لە وەڵاغەکەی پێشتری بە هێزتر و کەم ساڵتر بێ و لە کاتی گۆڕینەوەشدا هەوڵی دەدا هەموو کەلوپەلەکانی وەڵاغەکەی دیکەی لە بەرامبەرەکەی وەر بگرێتەوە بۆ هاوسەفەرە نوێ‌یەکەی.


پێدەشت و کێو و بەرزایی، لێرەوار و دوند و چیا بەرزەکان، ڕووبار و چوومە خورێنەکان، باران و تەرزە و بەفر و شەختە، گەرما و سەرمای وەرزەکان، ڕۆیشتن و شەونەخوونی و لە کەمین کەوتن و بە مەیدانی مین دا ڕۆیشتن و تەنانەت تانە و تەشەری کۆمەڵگا هیچیان نەبوونە کۆسپی سەر ڕێگای کار و ژیانی پوور ئەستی. ئەو بەوە دڵخۆش بوو کە توانیویەتی کاسبی‌یەکی سەربەرزانە و شەرەفەتمەندانە بۆ خۆی دابین بکا و بۆ خۆی رەئیس و بەرێوەبەری کارە قورسەکانی خۆی بێ، زۆرجار بەیانیان زوو بە وەڵاغە کەفەڵ پان و بە هێزەکەی ، نەرمە غارێکی بە راستە شەقامی شاردا دەکرد و جوانی بە شار دەبەخشی و زەرق و بەرقی شار و دووکان و ترۆمبیلەکانی لەبەر حیلەی وەلاغەکەی دەمراند و دواتر لە قاوەخانەی کاک عەزیز لە تەنیشت کۆڵانی ئاسنگەران، لەگەڵ هاوقەتاری و دۆستەکانی یەکتریان دەگرتەوە و هاوکات لەگەڵ چا خواردنەوە، بەرنامەی سەفەری داهاتوویان دادەڕشت.


دوای ئەوە بوومە پێشمەرگە، زیاتر ئاشنا بە کاری سنوورەکانی دەستکردی نێوان شاری سەردەشت ، قەڵادزێ ، سولێمانی ، بانە و ڕەبەت و پیرانشار بووم، لە زۆربەی ئەو سنوورانە بنکەمان هەبوون ، لە تەنیشت ئەو بنکانە کاسبکارانی هەر دوو دیوی گەرمێن و کوێستان دوکان و بازاری بە نایلۆن سازکراویان دانابوو، وەڵاغدارەکان وەک پیشەی خۆیان باریان دێنا و دەبرد و لەو کاتانەدا پوور ئەستیم زیاتر دەدیت، هەر کات سەفەری لای بنکەکانی ئێمەی دەکرد، سەردانی باوکمی دەکرد و ئاگاداری دەکردەوە کە وێدەچێ حەمەی پێشمەرگە ببینێ ، بۆیە هەر کاتێک پوور ئەستیم دەدیت دەمزانی دیاری و پێداویستی و نامە و پووڵی بۆ هێناوم، پوور ئەستی بۆ من ببوو بە پەیک و نامەبەر و زۆرجار نامە و شتوومەکی بنەماڵەکانی دیکەشی تەحویلی من دەدا ، بە راستی پێشمەرگەی خۆشدەویست، زۆرجار دایک و بابی پێشمەرگەکانی ناوچەکانی دیکەی لەگەڵ خۆی دێنا و ڕێگای بنکەی پێ نیشان دەدان و دەیگەیاندنە لای کوڕ و کچ و نەوەکانیان کە پێشمەرگە بوون. لەوە دڵنیام کە هەموو ئەوانەی کە پوور ئەستی خزمەتی کردوون، بۆ نەمان و کۆچی دوایی پوور ئەستی بە پەرۆشن.


دوای چەند ساڵ عەلی کەریمیان کوڕی پوور ئەستی بوو بە پێشمەرگە و ئەوجاریش لەگەڵ عەلی یەکترمان گرتەوە، ئەو لە کۆمیسیۆنی کۆمەلایەتی و ئاسایشگا و کۆڕی هونەری حیزب و منیش لە هێزی مینەشەم (زمزیران) پێشمەرگە بووم. مانگەکانی ئاخیری پاییز و زستانان وەرزی حەسانەوەی پێشمەرگە بوو، لەگەڵ عەلی هاتووچۆمان بۆ لای یەکتر هەبوو، عەلی کوڕێکی دەست ڕەنگین بوو، وێرای درووست کردنی کەل و پەلی جۆراوجۆر لە دار و تەنەکە، زۆرجاریش بە شمشاڵ و فلووت و تەپەڵ شەوانی پێشمەرگایەتی بۆ دەڕازاندینەوە. دوای ئەوە عەلی بوو بە پێشمەرگە، ئەوجار پوور ئەستی زیاتر هاتووچۆی بۆ لای بنکە و بارەگاکانی حیزب هەبوو، ئەو وێرای عەلی برازاکەشی (حەسەن کوێخا سمایلی ) لە ریزی حیزبدا خزمەتی دەکرد و زۆر جار میوانی بنەماڵەی کاک حەسەن دەبوو، دوای چەند ساڵ پێشمەرگایەتی عەلی ڕێگای هەندەرانی گرتەبەر و لە کانادا گیرسایەوە و ئێستا لەوێ ژیان تێپەر دەکا. بە دڵنیایەوە، عەلی لە ژێر کاریگەری و هەستی نیشتمانپەروەری پوورە ئەستی دا ڕێگای پێشمەرگایەتی هەڵبژارد و ژیانی ئاسوودەی شاری بە پێشمەرگایەتی گۆڕیەوە.


b_525_290_16777215_00_images_ZHINAN_poor_asti3.jpgپوور ئەستی بە هەوڵ و هیممەت و پشوو درێژی و کاری سەخت و بەردەوامی خۆی منداڵەکانی لە خەم رەخساندن، بەڵام بۆ خۆی بەردەوام بۆ ئیدارەی ژیانی خۆی تا کاتێک نەخۆشی و بە ساڵاچوویی بڕستی لێبڕی هەروا لە سەرپێ و هەڵسوور و گورج و گۆڵ بوو. ژیانی پوور ئەستی پڕ بوو لە دژواری و نەهامەتی و سەختی، بەڵام هەرکات پرسیارت لێ دەکرد وەزعت چۆنە؟ بە زمانێکی شیرین و بە بزەوە دەیگووت : شای بە سەپانی خۆم ناگرم، تا هێزم لە قۆڵ و باسک و ئەژنۆ دابێ، نان لە زاری ئەژدیهای دەردێنم. ئەو ئیرادەیە ، ئەو ئیمان بەخۆبوونەی پوور ئەستی، وایکردبوو کە هەموو کەس ئەو ژنەی خۆش بووێ، بە راستی مرۆڤی ئاوا هەڵسوور و بێ زەڕ و بێ ئیدیعا لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەگمەنن ، پوورە ئەستیش لە هەمووان لە پێشتر و دەگمەن‌تربوو، زۆرجار یارمەتی کەسانی دەستکورت و هەژاری دەدا ، خەڵکی گوندەکانی بە باشی دەناسی و هەموو لایەکی خۆشدەویست و لەسەریەک هەموو هەوڵەکانی لە پێناو ژیانێکی سادە و ساکاردا بوو ، زوڵمی لە کەس قەبووڵ نەدەکرد و بۆ خۆشی زوڵمی لە کەس نەدەکرد.


ئەو ژن بوو! بەڵام لە تانە و تەشەری هیچ کەس نەدەترسا.

ئەو ژن بوو! بەڵام شەقی لە خشڵ و زێر و جوانی دونیا هەڵدا بۆ ئەوەی منداڵەکانی چاو لە دەست نەبن.

ئەو ژن بوو! بەڵام هەموو کارەکانی، کاری پیاوانە بوون.

پوور ئەستی لەوە نەدەترسا کە کۆمەڵگا چی پێ دەڵێ؟ بەڵکوو ئەو تەنیا لەوە دەترسا ڕۆژێک دەست بۆ کەسانێک درێژ بکا، کە هیچ هەستی ئینسانیان لە رووح و جەستە دا نەبێ، ئەو سەری بۆ هیچ کەس و دەوڵەت و ئیدارەیەک نەوی نەکرد، بەڵکوو ئەوەندە سەربەرز ژیا کە هەموو لایەک دەبێ لێی فێری ژیانی سەربەرزانە ببن و نەترسی و بوێری و دەستپاکی ئەو بکەنە وانەی لێ فێر بوونی خۆیان و منداڵەکانیان.


پوور ئەستی دوای ساڵانێک کاری قورس و تاقەت پڕوکێن، بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی کۆچی دوایی کرد. قورسایی ژیان ئەو ژنە راوەستاوەی نەچەماند، بەڵام پیری و نەخۆشی هێز و گوڕ و تینی لێ ستاند، سرووشتی ژیان لە دایکبوون و مردنە، بەڵام چۆن دەژی و چۆن دەمری زۆر شەرتە و پوور ئەستی سەربەرزانە ژیا و لووتکە و بەرزایی و گەورەیی بە نسیبی خۆی کرد و میداڵی سەربەخۆیی ژیانی لە ملی کرد، خۆزگە پەیکەرێک لە باڵای نەچەماوەی پوور ئەستی ساز دەکرا ، بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەک ببێتە نموونەی کار و ژیان و هەڵسووران.


دەزانم کە زۆر لایەنی شاراوەی ژیانی پوور ئەستی هەبوون کە هیچ کەس هەستی پێ نەکرد و ڕەنگ بێ منیش هەستم پێ نەکرد بێ. بەڵام بێ‌شک پوور ئەستیش وەک مرۆڤەکان دڵی هەبوو، هەستی هەبوو، خەون و ئارەزوو و ئاواتی هەبوو، هەر بۆیەش بۆ وەدیهاتنی خەونەکانی نێو دڵ و هەست و رووحی هەوڵی بێ‌وچانی داوە، وەک زۆربەی خەڵک تووشی کەوتن بووە، تووشی نەخۆشی و گیروگرفتی تایبەت بە خۆی بووە و تەنانەت ئەو کاتانەی تەنیا بووە بۆ ژیانی خۆی ناراحەت و پەشێو و دڵ بە خەمیش بووە، بەڵام لە دەرەوەی بازنەی بنەماڵەدا وەسەر خۆی نەهێناوە، ئەو لە خۆشی و ناخۆشی‌یەکانی ژیانی کۆمەڵگاش دا بەشدار بووە ، بەڵام ئەو لە نێو کۆڕی هاوسەفەر و هاوقەتاری‌یەکانی دا باسی لە خەمەکانی نەدەکرد بەڵکوو باسی لە داهاتووی ئەو چەند ڕۆژە دەکردەوە کە بە یەکەوەن. پوور ئەستی لە ژیاندا تووشی کەوتن بووە بەڵام بە هیممەت و ئیرادەوە هەستاوەتەوە سەر پێ و لە کەوتن و لە زەرەر نەترساوە و ئەوەی بۆ ئەو گرینگ بووە ساخی و سەلامەتی منداڵەکانی ، کار و کاسبی‌یەکەی و وەڵاغەکەی بووە و بێ پشوودان هەنگاوی بۆ ژیان هەڵێناوەتەوە.
سڵاو لە ڕووحی پاکی پوور ئەستی و هەموو ئەوانەی وەک پوور ئەستی بە سەربەرزی ژیان و بە سەربەرزی مردن.
حەمەڕەسووڵ کەریمی
٠١ ـ ١١ ـ ٢٠١٧

.......................................................................

من ئەو کەسەم، هەموو ڕۆژێ، هەی ژین، هەی ژین
ژیانی ئەمڕۆم ئەفرۆشم بۆ کڕینی نانی سبەی
ئەمڕۆش دیسان هاتوومە دەر، هەی ژین هەی ژین
ژیانی ئەمڕۆم بفرۆشم، بۆ کڕینی نانی سبەی
لێم ناکڕێ خاوەنی نان، لێم ناکڕێ
هەنایەکم پەنگاوەتە بین و گەروو
ئەی داد هەی داد، هەی داد هەی دا
لەم بازاڕە بێڕوحمە دا، ژیان هەرزانترە لە نان