ئارشیوی ڕۆژنامەی کوردستان

وێنەگای شیمیایی سەردەشت

 وێنەگای شەهیدانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لە ڕیکەوتی ٧ ی پووشپەری ١٣٦٦ ی هەتاوی بە دەستی رژێمی بەعسی عێراق

ژن، پێوەندییە کۆمەڵایەتی‌یەکان و رەنگدانەوەکانی. ئاره‌ش لورستانی

arash_lorestani.jpgلە دنیای ئەمڕۆدا هەموو کۆمەڵگاکان ــ بە دێموکراتیک و نادێمۆکراتیکەوە ــ ئازادی، خۆشبژیوی‌و یەکسانی وەک دروشمی سەرەکی و ئامانجی ستراتێژیکی خۆیان دەناسێنن، بەڵام راستییەکان و ئامارەکان پێچەوانەی ئەوەمان ‌پێ‌نیشان دەدەن.

راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە جیهان و لە ساڵی ٢٠١٣دا، ئەمساڵی بە یەکێک لە خراپترین ساڵەکان ناوبردوە کە بەهۆی هێندێک لە دڵتەزێنترین جینایەتەکان هەرگیز لەبیر ناچێتەوە. ئەوە لە حالێک‌دایە کە زۆربەی هەرە زۆری دەوڵەتەکان جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤیان پەسند کردوە کە بناغە و بنەماکەی بریتییە لە ئازادی و یەکسانیی مافەکانی هەموو مرۆڤەکانە لە رۆژی لە دیکبوونیانەوە. ئەگەر چاوێک بە رێکەوتننامە پەسندکراوەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە پێوەندیی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ‌دا بخشێنین، دەبینین پارێزگاری کردن لە مافی ئەو گرووپە لە مرۆڤەکان کە بە گوێرەی ئامارەکان خەسارگەڵگرترن، زیاتری پێ‌ لەسەر داگیراوەتەوە‌و وەک تەبسەرەو پەیماننامەی دیاریکراو تۆمار کراون. گەورەرترین گرووپ کە زیاتر لە نیوەی حەشیمەتی جیهان پێک دێنن، بەڵام زیاترین پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤیان لەبارەدا تۆمارکراوە، ژنانن. بارودۆخی ژنان لە حکوومەتە نادێموکراتیکەکانی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر خراپتر و نالەبارترە و لە زۆربەی کاتەکان‌دا حکوومەت هەڵاواردنێکی سیستماتیک بەرامبەر بە ژنان پێڕەو دەکا.

گرنگترین بوارەکانی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ئێران بریتین لە دەسەڵاتی خۆیان، مافی خاوەندارێتی و یەکسانی کە هەرکام لەم خاڵانە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی‌دا بەسەر چەند لق و بەش‌دا دابەش دەبن.

سەرەتایی‌ترین پێداویستیی هەر مرۆڤێک هەبوونی دەسەڵاتی خۆیەتی، بەڵام لە ئێران‌دا منداڵانی کچ یان کوڕ بەرامبەر بە دەسەڵاتی خۆیان، دوو جۆرە هەڵسەکەوتی جیاوازیان لەگەڵ دەکرێ. ئەگەرچی کچان زووتر لە کوڕان دەگەنە تەمەنی بلوغ و دەبێ ئامادەیی تەواویان هەبێ بۆ پێ‌نانە نێو تەمەنی بلووغەوە، بەجۆرێک کە بە دەسەڵاتی تەواو و بێ ترسەوە بە بەراورد لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان لە وڵاتانی دێمۆکراتیک‌دا چاکە و خراپە لێک جیا بکەنەوە و ئەو رێگە راستە هەڵبژێرن کە سڵامەت و بەختەوەریی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان دابین دەکا، بەڵام بە پێچەوانەوە لە ئێران زۆربەی بنەماڵەکان بە شێوەی نەریتی و تەنانەت بەهۆی ترس لە پێکهاتە‌شکێنیی کۆمەڵایەتی، کچەکەیان وەک بوونەوەرێکی ملکەچ و گوێ لەمست پەروەردە دەکەن (واتە ملکەچی بنەماڵە و بەهاکانی کۆمەڵگای نەریتی) و، کوڕەکان ئەوەندەی دەکرێ زووتر دەنێردرێنە نێو کۆمەڵگا بۆ ئەوەی بتوانن لە کەمترین ماوەدا سەربەخۆیی و کەسایەتیی کۆمەڵایەتی وەدەست بێنن. بەمجۆرە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک زیان بە هەستی بوونی دەسەڵات و خاوەندارێتی و یەکسانیی کچان لە بەرامبەر کوڕان‌دا دەگەیەنن و بوار بۆ نەهادینەکردنی هەڵاواردنەکانی دواتر خۆش دەکەن. رەوتی دۆزینەوەی دۆست و هاوڕێ و گۆڕینەوەی زانیاری و ئەزموونەکان لە نێوان کچان و تەنانەت لەگەڵ کوڕانیش دواتر دەبێتە قوربانیی هەڵاواردن و، بەها کۆمەڵایەتییەکان لە بەرتەسک کردنەوەی پێوەندییەکانی کچان لە چوارچێوەیەکی تەسک و دیاریکراودا پێناسە دەکرێن. لەم حاڵەتەدا کچ وەک مرۆڤێک کە کەوتبێتە دۆخی بەرگری کردن لە خۆیەوە، تووشی قەیرانی شوناس و کەسایەتی دەبێتەوە و ئەگەر لە داهاتوودا بتوانێ هەلومەرج و ژینگەی خۆی بگۆڕێ، بە ناچاری لە بەرامبەر لۆژیکی کۆمەڵگای نەریتی دەوەستێتەوە و ئەم بەرەوڕووبوونەوەیە لەوانەیە تێچووی قورسی بەسەردا بسەپێنێ. هەڵاواردن و خەوشدارکرنی دەسەڵات، خاوەندارێتی و یەکسانیی ژن لە قۆناغی پێوەندی گرتن بە رەگەزی بەرامبەردا و تەنانەت لە کاتی زەماوەنددا، ژن دەکاتە بوونەوەرێکی زۆر هەستیار یان دزەهەڵنەگر (نفوذ ناپذیر)، بەجۆرێک کە لە پێوەندی کردن بە رەگەزی بەرامبەر یان شووکردن‌دا چەند جار تووشی شکست دەبێ و، بە پێی روانگەی بە ئامراز زانین یان تەنانەت هێندێک جار بە کاڵا زانینی پیاوان بەرامبەر بە ژنان، ژن قورسترین تێچوو و هەزینە دەدا و، لە دەستپێکردنەوەی دووبارەی پێوەندییەکی دیکەدا ناچار دەبێ بەربژێری زۆر خوارتر و قەیراناوی‌تر هەڵبژێرێ.

شوێنی پەروەردە لە سەرەتاییەوە هەتا زانکۆ و تەنانەت دامەزراوە تایبەتەکان، راگەیەنەکان و ئامرازەکانی پەروەردەیی و پێوەندییە گشتییەکان لە ئێران، بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان فەرهەنگ و کولتووری حکوومەتی بە ژنان بناسێنن و حکوومەت دەیهەوێ ژن لە کۆمەڵگادا بە شێوازی دڵخوازی سیستمی حاکم هەڵسوکەوت بکا، بەجۆرێک کە بە تەواوی ملکەچی خواست و ویستەکانی حکوومەت بێ. بەڵام ئامار و ئەزموون نیشانی‌داوە کە شوێنە پەروەدەییەکان، بە تایبەت زانکۆ، سەرەڕای هەوڵ و پلانەکانی حکوومەت، بەردەوام یەکێک لە گرنگترین و چالاکترین ناوەندەکانی گەشەی وشیاری و ئاگایی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا بە تایبەت ژنان بوونە و ئەم هێزە خوێندەوارانە، پتانسیەلێکی بەهێزن کە بەردەوام لە بەرامبەر پاوانخوازی و سەرکوتی سیستمی حاکم‌دا دەوەستنەوە. بۆ وێنە گەڵاڵەی جیاکردنەوەی رەگەزیی زانکۆکان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ رووخاندن و خەوشدارکردنی پێوەندییە کۆمەڵایەتی و زانستییەکانی توێژی لاو داڕێژا یەکێکە لە هەوڵەکانی حکوومەت لەم پێوەندییەدا.

لە کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا پلاندانان و بە رەسمی ناسینی دەسەڵات و خاوەندارێتی و یەکسانی بۆ ژنان، زەنگی مەترسی و هەڕەشەیەکە کە دەبێتە هۆی ئازادبوونی وزەی ئەرێنی و بنیاتنەری نیوەی کۆمەڵگا، واتە ژنان و، لە ئاکامدا ژنان دەتوانن لە کەمترین ماوەدا ویست و ئامانجەکانی خۆیان بە کۆمەڵگا و بە تایبەت بە پیاوان بناسێنن و، خولێکی نوێ لە رکەبەرایەتی و گەشەی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵگای ئێران بەرەو ئەو رێڕەوە دەبا کە وڵاتانی سێکۆلار بڕیویانە.

راگەیەنەکان بەهێزترین ئامرازی پێوەندیی گشتین لە هەزارەی سێهەم‌دا کە بەردەوام بە بۆمبارانی زانیارییەکان لە هەوڵی راکێشان و کارتێکەری لەسەر بیر و زەینی بەردەنگەکانیان‌دان. هەربۆیە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدا بە قورسترین تێچووی ئابووری کۆمەڵگای ئێران، بە تایبەت ژنان، بکاتە بەردەنگی راگەیەنەکانی و پێش بە دزەی زانیارییەکانی هێزی دژبەری سیستمی حاکم و، تەنانەت پێش بە بڵاوبوونەوەی بڵاوکراوە جیهانییەکان لە نێوخۆی ئێران‌دا بگرێ‌و، هەڵومەرجەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکا. بەڵام خەڵکی ئێران‌و بە تایبەت ژنان نیشانیان‌داوە کە لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن بۆ ئاگاداربوون لە مافەکانیان و بردنەسەری ئاستی ئاگایی و وشیاری کۆمەڵگاکەیان و دەیسەلمێنن کە جیهان بە هیچ شێوەیەک دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی بە رەوا نازانێ. ئەوەی روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە کۆمەڵگا تەنیا ئەوکاتە بە دێمۆکراسی دەگا کە دەسەڵات و خاوەندارێتی و یەکسانی بۆ هەموو ئینسانەکان دابین بکرێ و بێگومان ژنیش کە نیوەی زیاتری کۆمەڵگا پێک دێنێ، هەتا مافە ئینسانییەکانی خۆی وەدەست‌نەهێنێ، بە دێمۆکراسی و داهاتوویەکی گەش ناگا. 

وه‌رگێران بۆ کوردی: مه‌سعوود ره‌واندوست

لە‌ ژماره‌ ٦٢٧ ی رۆژنامه‌ی "کوردستان"دا بڵاو بۆته‌وه‌